Home بیروڕاهێرشەکانتان بۆ سەر حیکمەت، بەڵگەی لەسەرحەقبوونی ئەوە!

هێرشەکانتان بۆ سەر حیکمەت، بەڵگەی لەسەرحەقبوونی ئەوە!

by admin
0 کۆمێنتەکان 17 بینینەکان

ڕێبوار ئەحمەد: 

-١-
ئەم ماوانە لە سۆسیال میدیاوە هێرشێکی بەرفراوانی پڕ لە جنێو بۆ سەر مەنسوور حیکمەت وەڕێخراوە؛ هێرشێک کە بێبەرییە لە هەر پرەنسیپێکی سیاسی و ئەخلاقی و پڕاوپڕە لە جوێن. خودی ئەمە بەڵگەی لاوازی و لە خوارەوەبوونی ئەم هێرشانە و خاوەنەکانیەتی. ئەوان ئەگەر ڕەخنەی سیاسی و فکریی بەڵگەداریان هەبووایە، پەنایان نەدەبردە بەر جنێو. بەڵام چونکە هەگبەکانیان خاڵییە لە هەر جۆرە بەهایەکی فکری و سیاسی، ناچارن ڕق و کینەی کۆنەپەرستانەی خۆیان بە جنێودان خاڵی بکەنەوە. خودی ئەم هەراسانییەی بزووتنەوەی کۆنەپەرستانەی کوردایەتی لە حیکمەت، بەبێ هیچ ئەملاوئەولایەک، بەڵگەی لەسەرحەق بونی ئەوە. هەمیشە ڕێبەران و بیرمەندە گەورە شۆڕشگێڕەکان دەبنە چقڵی چاوی کۆنەپەرستان. چارەکە سەدەیەک دوای مردنی، هێشتا لە هەموو بەڕەوڕووبوونەوەیەکی سیاسی و جەدەلیی بزووتنەوەکاندا، ناوی حیکمەت و تێزەکانی بە فراوانی ئامادە و مەیداندارن؛ ئەمە بەڵگەی گەورەیی ئەوە.
دیارە مرۆڤ دەبێ لەم جنێوفرۆشانە تێبگات و بزانێ کە بەڕاستی ئەم ڕق و کینەیە بنەما و هۆکاری هەیە. بەدەر لە بێپرەنسیپی، ئەوان حەقیانە نەفرەت لە بیرمەندێکی بەرجەستەی مارکسیستی بکەن کە خاوەن ڕەخنەیەکی زۆر قووڵە لە سەرمایەداری و بزووتنەوە بۆرژوازییەکان. هەموو ئەم هێرشکەرانە سەرچاوە دەبەنەوە سەر بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی و نەریتی کوردایەتی، چونکە حیکمەت لە دوو ئاراستەدا ئەم بزووتنەوە و نەریتەی بە قووڵی داوەتە بەر ڕەخنە؛ تا ئەو ڕادەیەی کە لە جیهانی هاوچەرخدا هیچ کەس بە ئەندازەی ئەو بە قووڵی ڕەخنەی لەم نەریتە نەگرتووە.
ئاراستەی یەکەم، خستنەڕووی ڕادیکاڵترین و قووڵترین ڕێگاچارەیە بۆ مەسەلەی کورد. حیکمەت کێشەی کوردی بە کێشەیەکی سیاسیی گەورەی ناوچەکە دەزانی کە پێویستی بە چارەسەری بنەڕەتی و دەستبەجێ هەیە. ئەو بە قووڵی لە دەرد و میحنەتەکانی ئەو دەیان ملیۆن خەڵکە تێگەیشت کە بەهۆی کوردبوونیانەوە تووشی دڕندانەترین ستەم و چەوسانەوە ببوون. ئەوەی ئەو بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە پێداگریی لەسەر کردووە، هیچ ڕابەر و کەسایەتییەکی بزووتنەوەی کوردایەتی بەو ڕاشکاوی و جەسارەتەوە پێداگریی لێ نەکردووە. لە بەرنامەی (دنیایەکی باشتر)دا پێداگری لە خەبات دژی ستەمی نەتەوەیی لەسەر خەڵکی کوردزمان دەکات و ڕێگاچارەکەی بەوە دەستنیشان دەکات کە ئەم خەڵکە دەبێ بە تەواوی ئازاد و سەرفراز بکرێن و لە ڕیفراندۆمێکی ئازاددا خۆیان بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە ئایا دەیانەوێ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیدا بمێننەوە بەو مەرجەی دوور لە هەرجۆرە هەڵاواردنێک، لەگەڵ هەموو هاووڵاتیانی تردا مافی بە تەواوی یەکسانیان هەبێت، یان جیاببنەوە و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دابمەزرێنن.
لەوەش زیاتر، بە دیاریکراوی لەسەر چارەسەری مەسەلەی کورد لە عێراق و بەتایبەتی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و هاتنەدەرەوەی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی بەعس، لە کاتێکدا کە ئەوپەڕی بوێریی ڕابەرانی کوردایەتی بە هەزار ئەگەر و بەڵامەوە، دوای سوێندخواردن بەسەر یەکپارچەییی خاکی عێراق، تەنها بەشی ئەوەی دەکرد کە فیدراڵیزم وەکو باشترین ڕێگا بۆ چارەسەری کێشەی کورد نیشان بدەن، حیکمەت بەرگرییەکی جەسوورانە و ڕاشکاوانەی لە جیابوونەوەی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ کرد. ئەو کات هەموو ڕابەران و کەسایەتی و ڕۆشنبیرانی کوردایەتی واقیان لەم لێبڕاوی و بوێرییە وڕما! سەریان سوڕما کە چۆنە “کابرایەکی فارسی ئێرانی” بەرگری لە ڕێگاچارەیەک دەکات بۆ کێشەی کورد، کە تا ئێستا هیچ ڕابەرێکی کوردایەتی بوێریی ئەوەی نەبووە و بە قازانجی بزووتنەوەی کوردایەتی نەزانیوە بەرگریی لێ بکات.
وەکو پێشبینی دەکرا، ڕابەرانی کوردایەتی نەک پێشوازییان لەم ڕێگاچارەیە نەکرد و پێی دڵخۆش نەبوون، تەنانەت دژایەتیشیان کرد. لەلایەک گوایە ئەمە ڕێگاچارەیەکی واقیعی نییە و لەلایەکی ترەوە لێکدانەوەیەکی پیلانگێڕانەیان بۆی کرد. لە ڕاستیشدا هۆی دژایەتیی ئەوان ئەوە بوو کە ئەم ڕێگاچارەیە فەزا و دەرفەتی ساتوسەودای ئەوانی لەگەڵ ڕژێمی بەعس تێکدەدا. ئەمە ڕێگاچارەیەک بوو بەڕەی لەژێر پێی حیزبەکانی کوردایەتی دەردەهێنا، بۆیە لە دژی وەستان. لە سکاڵانامەیەکی حیزبەکەی تاڵەبانیدا دژی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق ــ کە بە پێشنیاری حیکمەت پێداگری لەسەر جیابوونەوەی کوردستان و دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆ دەکرد ــ ئەم حیزبە تاوانبار کراوە بەوەی کە بەم پێداگرییە ئاسایشی نەتەوەی کوردی خستووەتە مەترسییەوە!
هەڵبەت ئەوان حەقیانە ڕق و کینەیەکی زۆریان هەبێت بەرامبەر ئەم بیرمەندە مارکسیستە گەورەیە، چونکە حیکمەت ئەم ڕێگاچارە بنەڕەتییەی بۆ کێشەی کوردی خستبووە چوارچێوەیەکەوە کە خەڵکی کوردستان مافی ئەوەیان هەبێت هەم لە ستەمی نەتەوەیی و هەم هاوکات لە کۆیلایەتی، هەژاری و نەداریش ڕزگاریان بێت. ئەمەش بواری لەو ئاسۆیە تەنگ دەکردەوە کە بۆرژوازیی کورد و بەتایبەتی حیزبەکانی تاڵەبانی و بارزانی و ئەم دوو بنەماڵەیە گرتبوویانە بەر بۆ سەپاندنی ئەو نەهامەتییەی ئەمڕۆ بەسەر خەڵکی کوردستانیان هێناوە. ئەو دەیوت حیزبەکانی کوردایەتی مەسەلەی نەتەوەیی و ستەمکێشیی خەڵکی کوردیان بەدەستەوە گرتووە بۆ ئەوەی خۆیان بکەن بە وەکیل و نوێنەری خەڵکی کوردستان و لە دابەشکردنی دەسەڵات، داهات و قازانجی سەرمایەدا لەگەڵ بۆرژوازیی عەرەب شەریک بنەوە. ئەوەی لە فۆرمی فیدراڵیدا ناوی نراوە بەشی کورد، بەشێکە کە تەنها دەدرێت بە بۆرژوازیی کورد و حیزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی. دروست وەکو ئەوەی ئێستا دەیبینین؛ ئەوان بەم بەشە لە داهات و دەسەڵات کە بەناوی خەڵکی کوردستانەوە پێی گەیشتوون، بەهەشتێکیان بۆ خۆیان و چینی بۆرژوازیی کورد و دۆزەخ و مەملەکەتی بێدەرەتانیشیان بۆ خەڵکی کوردستان بەرپاکردووە.
ئاراستەی دووەم، ڕەخنەیەکی قووڵە لە ناسیۆنالیزم و نەتەوەپەرستیی کوردایەتی. هەڵبەت ئەو ئەم ڕەخنەیەی بەتایبەتی ئاراستەی نەریتی کوردایەتی نەکردووە، هەرچەندە لە زۆر جێگادا ڕەخنەی ڕاشکاو و تایبەتیشی لێ گرتووە، بەڵام ئەو لە ئاستێکی گشتیتردا ڕەخنەی لە ناسیۆنالیزم و نەتەوەپەرستی گرت. وتی: “ناسیۆنالیزم مایەی شەرمەزارییە بۆ بەشەر”. ئەمە ڕەخنەیەکی زۆر قووڵ، پڕمانا، بەهێز و بێوێنەیە لە هەموو ئەو نەریتانەی کە شانازی بە ناسنامەی نەتەوەییەوە دەکەن و لەسەر ئەم بنەمایە جیاوازی و هەڵاواردن دەخەنە نێوان مرۆڤەکانەوە. زۆرێک لە سەرکردە و ڕۆشنبیرانی کورد ڕێک لەم دەربڕینەی حیکمەت هەراسان بوون.
لە ڕوانگەی حیکمەتەوە ئینسان بنەمایە، مرۆڤایەتی دەبێ پێوەر بێت بۆ هەڵسەنگاندنی هەر بزووتنەوە، بیروبۆچوون و نەریتێک. ئەو نەریتەی لەسەر بنەمای نەتەوەیی جیاوازی دەخاتە نێوان ئینسانەکانەوە، بەشێکیان بە لەپێشتر، باڵاتر یان نزیکتر دادەنێت، مایەی شەرمەزارییە. ناسیۆنالیزم ناکۆکە لەگەڵ ئینسانیەت؛ ئەگەر ئینسان بنەما بێت، ئیتر ئەوە هیچ گرنگییەکی نییە کە ئەو بەشەرانە بە چ زمانێک گفتوگۆ دەکەن، لەسەر کام پارچە زەوی لەدایکبوون و کلتوور و فەرهەنگیان چییە. بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی بۆگەنی ناسیۆنالیزم و نەتەوەپەرستی بەباشی درک بکرێت، باشترە سەرنجێک لەو ناسیۆنالیزمە بدەین کە ستەمی لە خەڵکی کوردستان کردووە.
ڕژێمی بەعس و حیزبی بەعس ناسیۆنالیستێکی عەرەبی بوون. دروشمەکەیان ئەوە بوو کە “نەتەوەی عەرەب یەکە، خاوەن پەیامێکی نەمرە”، ئەو ڕژێمە عەرەبی لە سەرووی هەموو مرۆڤێکەوە دادەنا. هاووڵاتییەکی عەرەبی فەلەستینی، میسری یان ئەردەنی سەد جار بۆی لەپێشتر بوو لە هاووڵاتییەکی کوردی عێراقی. نەک تەنها ئەمە، بەڵکو لەو ڕووەوە کە کوردبوون ناکۆک بوو بە پەیام و ڕێبازە ناسیۆنالیستییەکەی، ڕێگای بەخۆی دەدا لە پێناو عەرەبچێتی (عروبە)دا پەنا بۆ ئاگر، ئاسن، پاکتاوی قەومی، دەربەدەرکردن و تەعریب ببات. دەبێ لە ڕوانگەی ئەم جیهانبینییەوە بڕوانرێتە هەموو ناسیۆنالیزمێک. هیچ ڕەوتێکی ناسیۆنالیستیی مرۆڤدۆست و پێشکەوتووانە بوونی نییە. مرۆڤایەتی و نەتەوەپەرستی دوو جەمسەری بە تەواوی ناکۆکن و هەرگیز بەیەک ناگەن.
بزووتنەوەی کوردایەتی کە لەسەر بنەمای قەومپەرستی شێوەی گرتووە و “ئەی ڕەقیب” سروودەکەیەتی، بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرست و دواکەوتووانەیە. نەک هەر لە ڕووی نەتەوەپەرستییەوە، بەڵکو لە هەموو بوارێکی سیاسی،کۆمەڵایەتی، مەدەنی، فکری و کلتووریدا نوقمی کۆنەپەرستییە. وەکو بزووتنەوەی بۆرژوازیی کورد، دژی ئازادی و پێشکەوتنخوازییە، دژەکرێکار و دژەژنە… سادەترین ڕێگا بۆ درککردن بەم ڕاستییە، خوێندنەوەی داستانی کارکرد و یاداشتی ڕابەران و ڕۆشنبیرانی خودی ئەو بزووتنەوەیەیە، کە بە ڕوونی کۆنەپەرستیی ئەو بزووتنەوەیە لە هەموو بوارێکدا نیشان دەدەن. بەڵام وەکو نموونە لە ڕووی ئاوێتەبوون بە هەمان دید و بۆچوونی ناسیۆنالیستیی بەعس، دەکرێت چاو لەو لۆژیکە بکەین کە دەیەوێ بۆ تۆڵەی ئەنفال، بەنداوی دەربەندیخان بتەقێنێتەوە تا بەهۆیەوە سەدان هەزار منداڵ، پیر، ژن و پیاوی عەرەب بخنکێن؛ تەنانەت ئەوەشی بۆ گرنگ نییە کە بەشێک لەم سەدان هەزارە کوردیش بن، دەڵێ ئەو کوردانەش فیدای خنکانی عەرەب بن! وەکو ئەوەی بە خنکانی منداڵ و گەورەی بەعقوبە و بەغدا تۆڵە لە سەدام و ڕژێمەکەی بکاتەوە. بۆ تۆڵەیەکی جەبانانە و کوێرانەی بەم جۆرە، ماف بە خۆی دەدات بۆ بڕیاردان لەسەر مەرگی دەیان هەزار هاووڵاتیی هاوزمانی خۆیشی. یان پێی وایە ئەگەر لە ڕۆژانی سەرەتای ڕووخانی بەعسدا بتوانیبایە بە شەوێک ٥٠٠ عەرەب لە کەرکووک سەربڕێت، تۆڵەی ئەنفالی دەکردەوە و کۆتایی بە تەعریب دەهێنا. ئەمە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ هۆلاکۆ و سەدام، و مایەی شەرمەزارییە بۆ هەر کەسێک کە شانازی بە ناسنامەی کوردایەتییەوە دەکات.

دریژەی هەیە…
حوزەیرانی ٢٠٢٦

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە