نووسینی: ئاکام جەلال:
قورسترین گورز کە بەر جەستەی ئایین و ئەخلاقی کۆمەڵگە دەکەوێت، لەلایەن بێدینەکانەوە نایەت، بەڵکو لەلایەن ئەو کەسانەوە دێت کە خۆیان کردووەتە دەرگاوانی بەهەشت و نوێنەری خودا لەسەر زەوی. ئەو کەسانەی کە مینبەری مزگەوتەکانیان کردووەتە پەیژەیەک بۆ سەرکەوتن بەرەو کورسییەکانی دەسەڵات، تا لە سێبەری دروشمە ئایینییەکاندا، سامانی گشتی قۆرخ بکەن و ئارەزووە نەگریسەکانی خۆیان تێر بکەن.
کەیسی د. عەبدوللەتیف سەلەفی، تەنها کەیسی کەوتن و ئابڕووچوونی تاکەکەسێک نییە، بەڵکو کەوتنی ماسکی ئەو دووڕووییەیە کە ساڵانێکە بە ناوی “سەلەفییەت” و “گوێڕایەڵی بۆ وەلی ئەمر” بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا سەپێندراوە.
پۆست و پارە لەژێر عەبای ئاییندا
پێش ئەوەی باس لە کەوتنی ئەخلاقی بکەین، دەبێت سەیری ئەو بازرگانییە سیاسییە بکەین کە ئەم جۆرە کەسایەتییانە دەیکەن. کەسێک کە بانگەشەی زوهد و دوورکەوتنەوە لە دنیاداری دەکات، چۆن دەبێتە بەشێک لە گەمەی دەسەڵاتێکی گەندەڵ؟
عەبدوللەتیف بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەی خۆی، یاری بە هەردوو پەتی حیزبە دەسەڵاتدارەکان دەکات. لە لایەکەوە مەسعود بارزانی دەکاتە “وەلی ئەمری مسوڵمانان” بۆ ئەوەی پشتیوانیی پارتی مسۆگەر بکات، و لە لایەکی تریشەوە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لەسەر یەک مێز نان دەخوات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە زۆنی سەوز. بەرهەمی ئەم ئایینفرۆشییەش ڕوونە: قۆرخکردنی داهات و پارەی مزگەوتی بەهەشت، دانانی برایەکی بە ڕاگری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە سلێمانی، و ناردنی برایەکی تری بۆ سەر کورسیی پەرلەمانی عێراق. ئەمە ئایین نییە، ئەمە دابەشکردنی غەنیمەت و تاڵانییە بە ناوی خوداوە.
گۆڕینی زانکۆ بۆ مەکۆی ڕاوکردن
هەموو ئەو قۆرخکارییە دارایی و حیزبییە لە لایەک، و ئەو تۆمەتە قورس و ئابڕووبەرانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی بوونەتەوە لە لایەکی تر. بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکان و ئامادەیی ١٠ خوێندکاری کچ بۆ شایەتیدان لەبەردەم لیژنەی لێکۆڵینەوەی زانکۆی سلێمانی، زەنگێکی مەترسیدارە.
ئەگەر ئەم تۆمەتانە ڕاست بن (کە بەپێی قسەی خوێندکاران و بەڵگەکان وێنەکە زۆر ڕەشە)، ئەوا مامەڵەکردن بە نمرە و فرۆشتنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە بۆ هەڵخەڵەتاندن و ڕاوکردنی کچە خوێندکارەکان، گەورەترین خیانەتە لە پیرۆزیی زانکۆ، لە متمانەی خێزانەکان و لەو پەروەردە ئایینییەی کە ناوبراو بانگەشەی بۆ دەکات. دروستکردنی کەشتییەک لە “خوێندکارە کچەکانی” و هەتککردنی کەرامەتیان، تاوانێکە نابێت بە هیچ پاڕانەوە و قەڵغانێکی حیزبی دابپۆشرێت.
ئەگەر شەرم هەبووایە، مینبەرەکەی جێدەهێشت!
لێرەدا دەگەینە خاڵی جیاکەرەوەی نێوان مرۆڤێک کە کەمێک هەستی بەرپرسیارێتی و شەرمی ماوە، لەگەڵ کەسێک کە لەسەر بێباکی و بێشەرمی پەروەردە بووە.
با بەراوردێکی بچووک بکەین؛ لە وڵاتی فینلەندا، گۆرانیبێژێکی زۆر بەناوبانگ بە ناوی لاوری تەهکا (Lauri Tähkä)، کاتێک ڕووبەڕووی تۆمەتێکی سێکسی بووەوە و لە دادگا بڕیاری لەسەر درا، دەستبەجێ وازی لە پیشەکەی هێنا و بەتەواوی لە چاوی خەڵک و ژیانی گشتی ون بوو. ئەو پیاوە، کە نە بانگەشەی ئایینداریی دەکرد و نە نوێنەری خودا بوو، لە ئاستی ئابڕووچوونەکەیدا شەرمی کرد و سزای کۆمەڵایەتیی خۆی قبوڵ کرد.
بەڵام با سەیری عەبدوللەتیف بکەین! ئەگەر ئەم پیاوە زەڕەیەک شەرم و حەیای هەبووایە، یان بەڕاستی بڕوای بەو ئایەتانە هەبووایە کە بەسەر خەڵکیدا دەیخوێنێتەوە، لەگەڵ یەکەم چرکەی بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکان و ڕاگەیاندنی ئامادەیی ئەو کچانە بۆ شایەتیدان، دەبوایە خۆی لە ماڵەوە حەشار بدایە. دەبوایە لە شەرماندا وازی لە مینبەر، وانەگوتنەوە و دەسەڵات بهێنایە تا بێتاوانیی خۆی دەسەلمێنێت.
بەڵام ئەو بێباکە! نەک هەر وازی نەهێناوە، بەڵکو هێشتا بە دەنگی بەرز قسە دەکات و ئەوانەی ڕەخنەی لێ دەگرن بە “پیلانگێڕ” ناودەبات. بۆچی؟ چونکە ئەو دەزانێت لە پشتەوە پشتی بە هێزێکی ڕاستەقینە نەبەستووە کە “ئەخلاق”ە، بەڵکو پشتی بە دەسەڵاتە سیاسییە گەندەڵەکە بەستووە. ئەو دەزانێت کە چەپڵەلێدەرە بێمێشکەکانی هێشتا بە “وەلی”ی دەزانن و بەرگری لێ دەکەن، هەرچەندە تاوانەکانی ڕوون بن.
لە کۆتاییدا ئەگەر کۆمەڵگەی ئێمە و سیستەمی دادوەریمان کەمێک ویژدانی مابێت، نابێت ڕێگە بدات ئەم کەیسە لە ژوورە تاریکەکانی حیزبدا دابخرێت. کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگە تێبگات کە ڕیشی درێژ، دەنگی بەرز و نزیکبوونەوە لە دەسەڵات، نیشانەی پاکی نین؛ بەڵکو زۆرجار پەردەیەکن بۆ شاردنەوەی دزێوترین ڕەفتارەکان. کاتی پاککردنەوەی مینبەر و زانکۆکانە لەو بازرگانانەی کە هەم دین و هەم ئابڕووی خەڵکیان خستووەتە مەزادەوە.
