ڕێبوار ئەحمەد: 
-٢-
حیکمەت و ناوەندگەرایی
تەنها پۆینتێکی سیاسی کە لە دوتوێی ئەم هێرشانەدا بۆ سەر حیکمەت هێنراوەتە گۆڕێ و شایانی وەڵامدانەوەیە، ئەوەیە کە دەڵێن حیکمەت لەسەر کاغەز لایەنگری مافی جیابوونەوەیە بۆ خەڵکی کوردستان، بەڵام لە واقیعدا ناوەندگەرایە؛ واتە دەیەوێ دەوڵەتی مەرکەزی دەسەڵاتی تەواوی هەبێت بەسەر هەموو وڵاتدا. بە مانایەکی تر، دژی فیدراڵیزم و خودموختاریی نەتەوەییە. دیارە باسی ئەوەی حیکمەت تەنها لەسەر کاغەز مافی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ کوردستان بە فەرمی دەناسێت ــ واتە لە کردەوەدا ئەمەی قبووڵ نییە ــ درۆ و تەنها پڕوپاگەندەیەکی چەواشەکارانەیە. چونکە یەکەم، ئەمە قسەیەک نیە کە حیکمەت سەرپێیی یان وەکو موجامەلە فریوکارانەکانی بۆرژوازی لە بۆنەیەکدا دەری بڕیبێت، بەڵکو مافی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ چارەسەری کێشەی کورد، بە ڕوونی و بەبێ هیچ ئەملاوئەولایەک لە بەرنامەی (دنیایەکی باشتر)دا ــ کە گرنگترین بەڵگەنامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارییە ــ جێگیر کراوە.
دووەم، حیکمەت و حیزبەکەی لە کوردستانی عێراقدا بەکردەوە، نەک بە قسە، چوونە پای خەبات و پراتیکی سیاسی بۆ جیابوونەوەی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ. لە ئاستی سیاسی و جەماوەریدا هێزیان بۆ جێبەجێکردنی ئەم خواستە هەڵخڕاند و لەگەڵ ئەحزابی ناسیۆنالیستی دەسەڵاتداری کورد و ڕژێمە سەرکوتگەرەکاندا کەوتنە کێشمەکێشی توندەوە و قوربانییان بۆی دا؛ تا ئەو ڕادەیەی کە ئەم پڕۆژەیەی حیکمەت کرایە بەهانە و پاساوێک بۆ هێرشی چەکدارانە بۆ سەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و کوشتاری کۆمۆنیستەکان لە ١٤ی تەممووزی ٢٠٠٠ لە سلێمانی. باسی ئەوەی حیکمەت تەنها لەسەر کاغەز دان بە مافی جیابوونەوەدا دەنێت، جگە لە درۆ و چەواشەکاری هیچی تر نییە.
بەڵام ئەوە زۆر ڕاستە کە حیکمەت ڕاشکاوانە دژی فیدراڵیزم و خودموختاریی قەومییە. ئەو پێداگری لەوە دەکات کە خەڵکی کوردستان دو هەڵبژاردەیان لەبەردمە یان جیاببنەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ دابمەزرێنن، یان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکپارچەی غەیرەقەومی و غەیرەدینیدا، بە مافی تەواو و یەکسان لەگەڵ باقی هاووڵاتیاندا بمێننەوە. حیکمەت دژی ئەوەیە لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتدا، ئەو سەرزەمینەی هاووڵاتیان لەسەری دەژین، بەش بەش بکرێت بەسەر قەوم و مەزهەبەکاندا و سنوور لە نێوانیاندا بکێشرێت و بەم جۆرەش دیوارێکی دەرونی و کۆمەڵاتی لە نێوانیان دروست بکرێت. بەڵێ کۆمۆنیزم دژی ئەوەیە ناسنامەی قەومی بکرێتە بنەما بۆ بەشداری لە سیاسەت و حوکمڕانی، دژی ئەوەیە هەر ناوچە، دەشت، دۆڵ، گرد، شاخ و تەپەیەک مۆر و ناسنامەیەکی قەومی بەسەردا داببڕێت و لەسەر ئەم بنەمایەش دابەش بکرێت، پاشان ئەم خەڵکە دابەشکراوە ڕاپێچ بکرێن بۆ ناو شەڕ و کێشمەکێشێکی ئەبەدی لەسەر بەشکردنی خاک، خۆڵ، نەوت، ئاو، کانزا، دەشت و دۆڵ. فیدرالیزمی قەومی کە بەڕواڵەت وەکو سیستەمیک بۆ سەقامگیری و یەکگرتویی نیشان دەدرێت، لە ڕاستیدا بۆمبێکی تەوقیتکراوە کە هەمو ساتێک مەترسی تەقینەوەی هەیە. جیاکاری لە نێوان هاوڵاتیان قوڵدەکاتەوە و سنور و قەوارەی یاساییان پێدەبەخشێت. ئینتیمای قەومی دەخاتە جێگای ئینتمای هاوڵاتی، هەر لە بنەڕەتەوە چەمکی هاوڵاتی بوون وەلا دەنێ و ناسنامەی قەومی دەخاتە جێگای. لە سایەی ئەم سیستەمەدا ماف و ئەرکەکان لەسەر بنەما و ناسنامەی نەتەوەیی دیاری دەکرێن، ئەمەش وا دەکات هاوڵاتیان وەکو پێکهاتەی جیاواز و ناکۆک سەیر بکرێن نەک هاوڵاتی هاوچارەنوس و یەکسان لەبەردەم یاسادا.
بۆ ئەوەی دیدێکی ڕونمان هەبێت لەسەر ئەوەی فیدرالیزم چ دۆخێک دروست دەکات، دەبێ وەکو گریمانەیە بیهێننە بەرچاو؛ ئێستا کە بابەتی ئەم کەمپینە ئێران و کوردستانی ئێرانە، ئەگەر بڕیار بێت کورد خاوەنی فیدراڵیزم یان خودموختاری بێت لە چوارچێوەی ئێراندا، کەواتە دەبێ دان بەوەشدا بنێت کە تورک، عەرەب، بەلووچ، لوڕ و… هتد هەمان مافیان هەبێت؛ واتە هەر یەک لەم نەتەوانە داوای بەشە خودموختار یان فیدراڵیزمی قەومیی خۆیان بکەن. لەو کاتەدا چ گێژاو و ئاشووبێک بەرپا دەبێت و کام پێوەر دەتوانێ بەجۆرێک کە هەمووان ڕازی بکات، ببێتە بنەما بۆ دابەشکاریی ئێران بە خاک و خۆڵ و نەوت و کانزا و ئاوەوە لە نێوان ئەم هەموو نەتەوەیەدا؟! ئەمە تەنها دەتوانێ پڕۆژەیەک بێت بۆ نوقمکردنی کۆمەڵگا لەناو شەڕ و ئاشووبێکدا کە هیچ کات کۆتایی نایەت و هیچ پێوەرێک نییە کە دڵی ئەم هەموو خەڵکە بەش بەش کراوە ڕازی بکات.
نموونەی هەرە زیندووی ئەم فیدراڵیزمە، عێراقی ئێستایە کە بەکردەوە دابەش کراوە بەسەر کورد، شیعە و سوننەدا. ئەوە نزیکەی چارەکە سەدەیەک تێپەڕ دەبێت، تاقە یەک ڕۆژ نییە “نوێنەرانی” ئەم سێ پێکهاتە بە فەرمی ناسراوە، لەسەر هەموو شتێک شەڕ و دەعوایان نەبێت بۆ زیادکردنی بەشی خۆیان و کەمکردنەوەی بەشی لایەنی بەرامبەر. باجی هەموو ئەم شەڕ و کێشمەکێشە کۆنەپەرستانەیەش جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەیداتەوە، کە لە قاڵبی تاڵانکردنی مووچە، بێکاری، بێخزمەتگوزاری و بێدەرەتانیی و سەد و یەک شێوەی تردا خۆی دەنوێنێ و خەڵکیش نازانێ یەخەی کێ بگرێت. هەموو ئەمانە لە پێناو فیدراڵیزمێکدا کە جگە لە نەهامەتی، بە ئەندازەی نوکە دەرزییەک خێری بۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش نەبووە و هەرگیزیش نایبێت. بەڵێ، حیکمەت و کۆمۆنیزمەکەی سەرسەختانە دژی ئەم پڕۆژە کۆنەپەرستانەیەیە.
جیابونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ مافە، بەڵام فیدرالیزم ماف نیە. خەڵکی کوردستان مافی ئەوەیان هەیە یەکلایەنە بڕیار لەسەر جیابونەوە و دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆ بدەن، بەڵام مافی ئەوەیان نیە یەکلایەنە بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتی وەکو ئێران یان عێراق یان هەرکام لەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دەبەش کراوە، خاوەن فیدراڵیزم یان خودموختاری قەومی بن. خەڵکی هەریەک لەم وڵاتانە لە ئاستی سەراسەریدا مافی ئەوەیان نیە کۆسپ و ڕێگری بۆ جیابونەوەی خەڵکی کوردستان دروست بکەن و لەدژی ڕاوەستن، چونکە ئەوە مەسەلەیەکی تایبەت و پەیوەستە بە خودی خەڵکی کوردستان. بەڵام مافی خۆیانە دژی ئەو فیدراڵیزمە قەومیە بن کە ناسیۆنالیستە کوردەکان مەبەستیانە، واتە هەم حوکمڕانی کوردستان بۆ خۆیان بێت و هەم لە دەوڵەتی مەرکەزیش شەریک بن. فیدراڵیزم شەراکەتە، شەراکەتی فیدراڵی پەیوەستە بە خەڵکی هەمو عێراق یان ئێران یان تورکیا و سوریاوە. بۆیە ئەو خەڵکە مافی ئەوەیان هەیە دژی شەراکەتی فیدراڵی بوەستن و قبوڵی نەکەن. مافی ئەوەیان هەیە بڵێن بەم جۆرە شەراکەتە ڕازی نابین. خەڵکی کوردستان مافی ئەوەی نیە بڵێ ئیلاوبیلا دەبێ شەریک بین و شەراکەتەکەشمان لەسەر بنەمای فیدرالیزمی قەومی بێت. چونکە شەراکەت لە کۆتاییدا مەسەلەیەکە لە نێوان دو یان چەند لایەکدا، هەرلایەکیش مافی ئەوەی هەیە ئەم شەراکەتە قبوڵ بکات یان نەکات، بە تایبەت کە ئاشکرایە ئەم شەراکەتە لەسەر بنەمایەکی قەومی دوبەرەکی و ئاشوب دەخاتە نێوان دانیشتوانەوە. ئەگەر لینین مافی جیابونەوەی بە مافی تەڵاق چواندوە، حیکمەت بە دروستی فیدراڵیزمی بە دوژنە چواندوە.
درێژەی هەیە…
حوزەیرنی ٢٠٢٦
