Home بیروڕاسەردانەکەی باراك و چەكی میلیشیاکان!

سەردانەکەی باراك و چەكی میلیشیاکان!

by admin
0 کۆمێنتەکان 11 بینینەکان

موحسین کەریم:   
رۆژانی ١٥ و ١٦ ئەم مانگە، تۆم باراک، نێردەی ترامپ بۆ کاروباروی عێراق و سوریا، سەردانی بەغدا و هەولێری کرد و چاوی بە بەرپرسانی عێراق و هەرێم کەوت. ئەگەرچی سەردانەکەی تۆم باراك کۆمەڵێك بابەتی سیاسی و ئابورییشی لەخۆگرتبوو، بەڵام مەسەلەیەکی زۆر گرنگ پرسی ئەمنی و جێگیری سیاسی بوو لە قۆناغی دوای جەنگی ٤٠ رۆژەی ئەمریکاو ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران و کاریگەری و لێکەوتەکانی لەئاستی ناوچەکەو عێراق، کە ناوچەیەکی نفوزی بەهێزی سیاسی و ئەمنی ئێرانە.
بێگومان یەکێك لە بابەتەکان، چ لەگەڵ بەرپرسانی بەغداو چ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم لە هەردوو حزبی یەکێتی و پارتی، پرسی ئابوری و گرێدانەوەی زیاتری ئابوری عێراق و کوردستان بوو بە ئەمریکاوە، لەبواری ووزەو بەرهەمهێنانی نەوت و رەخساندنی دەرفەتی زیاتر و گونجاو بۆ کۆمپانیا ئەمریکیەکان بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و کوردستاندا. ئەمەش بەبێ دابینکردنی دۆخێکی ئەمنی گونجاو و جۆرێك لە جێگیری سیاسی لەڕوانگەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاوە مەیسەر نابێ. بەڵام لەلایەکی دیکەوە دابینکردنی ئەو دۆخە ئەمنی و جێگیریە سیاسیە بەبێ کورتکردنەوەی دەستی ئێران لە عێراق و کوردستاندا لەتوانادا نابێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ئەمریکا وەکو بەشێك لە ستراتیژی سیاسی خۆی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا وەکو هێزیكی نەیاری ناوچەیی ئەمریکاو پێگەی ئێران لەچوارچێوەی ململانێ جەمسەرە جیهانیەکاندا، پێویستی بەوە هەیە لەپاڵ فشارەکانی دیکەیدا لە پرۆسەی ئاگربەست و دانوسان لەگەڵیدا، نفوزی ئێران لە عێراقدا تا ئەو ئەندازەیەی بۆی دەکرێ، کەم بکاتەوە یان سفر بکاتەوە!
ئەمریکا بۆ بەجێگەیاندنی دەرکێشانی عێراق لەژێر هەژمونی ئێراندا ساڵانێکە بەشێوازی جۆراوجۆر فشار لە حکومەتەکانی عێراق دەکات و بگرە هاوشانی ئێران هەوڵیداوە کە پۆستی سەرەك وەزیرانی عێراق بەبێ رەزامەندی ئەو یەکلانەبێتەوە. پێبەپێی لاوازبوونی نفوزی سیاسی– جەماوەری ئێران لە عێراقدا، بەتایبەتی لەناو هاوڵاتیانی سەر بە مەزهەبی شێعەدا، زەمینەی کاریگەربوونی ئەم سیاسەتەی ئەمریکا زیاتر بووە. لەدوای روداوەکانی سوریا و لاوازبوونی دەروی ناوچەیی ئێران و دواتر توندبونەوەی ململانێکان و گەیشتنی بەشەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بەئێران، ئەمریکا هەست بەوە دەکات کە دەرفەتێکی باشتری دەست کەوتوە بۆ سفرکردنەوەی رۆڵی ئێران لە عێراقدا. تەنانەت رێگریکردن لە کاندیدبوونی مالکی بۆ پۆستی سەرەك وەزیران بەڵگەیەکی بەهێزبوونی نەخشی ئەمریکایە لە دۆخی سیاسی عێراقدا. ئەمریکا، ئەگەر لە پرۆسەی ئاگربەست و رێکەوتن لەگەڵ ئێراندا بە ئامانجی دڵخوازی بگات، ئەوکات حکومەتی عێراق و گروپە سیاسیە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانیش دەکەونە ناو ئەو فەزای رێکەوتنەوە. بەڵام تا ئەوکاتەی ئەوە روودەدات، یاخود بەپێچەوانەوە ئەگەر دەورەیەکی دیکەی کێشمەکێش لەنیوان ئەمریکا و ئێراندا دەست پێبکاتەوە، ئەمریکا بەردەوام دەبێ لەسەر فشارەکانی بۆسەر حکومەت و هێزە سیاسیەکانی عێراق!
لەسەر بنەمای ئەم سیاسەتەیە بەرامبەر بە ئێران، کە ئەمریکا پێداگری لەسەر داماڵینی چەك لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەکات بۆ ئەو مەبەستەش تۆم باراكی رەوانەی بەغدا کردوە. دەستەواژەی کۆنترۆڵکردنی چەك لە دەستی دەوڵەتی فیدراڵدا، لەئێستادا بیانوویەکی یاساییە بۆ چەککردنی هەموو ئەو گروپ و میلیشیا چەکدارانەی لە بازنەی سیاسەتی ئێراندا دەسوڕێنەوە. ئەوەی چەندە ئەم هەنگاوە قابیلی جێبەجێبوونە، مسۆگەر نیەو پرۆسەیەکی ئاڵۆزو سەختە. ئەمریکا ناتوانێ لەرێگای سەرۆك وەزیرانێکەوە کە پشتیوانەیەکی سیاسی- سەربازی و جەماوەری لە پشت نیە و هەر دەبێ لەلایەن رەوت و گروپە شێعەکانی سەر بە ئێرانەوە کاندید و رەزامەندی لەسەر بدرێ، تەنها بە فشاری ئابوری و سیاسی حکومەتی عێراق ناچار بکات کە ئەو گرێ ئاڵۆزو خەتەرناکەی بۆ بکەنەوە!
فاکتەرێکی دیکەی فشار بۆ سەر حکومەتەکەی زەیدی، لەئێستادا دەکرێ لەڕوانگەی ئەمریکاوە هەرێمی کوردستان بێت. ئەمریکا، لەڕیگای نفوزی خۆی بەسەر هەردوو حزبی دەسەڵاتداری کوردایەتی؛ یەکێتی و پارتیدا، کە لەسایەی سیاسەتە جەنگخوازەکانی ئەمریکاوە لەعێراق و ناوچەکەدا دەستیان لە دەسەڵاتی کوردستان و شەراکەت لە حکومەتی ناوەندا گیربووە، هەوڵ دەدات کاریگەری نفوزی ئێران کەم بکاتەوە، لەکاتێکدا دوای روداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ و فراوانبوونەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند بەسەر هەرێمدا، هەرێمی کوردستانیش زیاتر دەکەوتە ژێر هەژمونی ئێرانەوە!
کۆبونەوەی تۆم باراك لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، لەکاتێکدا کە سەرانی ئەو دوو حزبە لەناو بنبەستێکی کوشندەدا گیریان خواردوە و هوشداری پێدانیان بۆ کاراکردنی پەرلەمان و دروستکردنی حکومەت و پەلەکردن لە رێکخستنی هێزە چەکدارەکانی ئەو دوو حزبە لەناو بەدەنەیەکی سەربازی یەکگرتوودا، ئاماژەیە بۆئەوەی کە هێشتا ئەمریکا پێویستی بە یەکێتی و پارتی و حکومەتی هەرێم و هێزی چەکداری ئەوان هەیە. کاتێک تۆم باراك پێداگری لەسەر ئیدەی” چەك تەنها لەدەستی حکومەتی فیدراڵدا بێت” و لەدەرەوەی یاساو دەوڵەت هیچ هیزیكی چەکدار نەبێ، بەڵام پاکانە بۆ پێشمەرگەو هێزە چەکدارەکانی پارتی و یەکێتی دەکات، گوایە لەچوارچێوەی دەستوردان، نیشانەی ئەوەیە کە پرسی چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا چەکدارەکان لەئێستادا بۆ ئەمریکا تەنها ئەوانەیە کە لەسەر ئێران هەژمار دەکرێن! هەرکاتێك ئەمریکا بتوانێ حکومەتی عێراق لە ئێران دوور بخاتەوەو بیکیشێتە ژێر هەژمونی خۆیەوە، ئەوسا چارەنوسی هێزە چەکدارەکانی پارتی و یەکێتی لە هێزەکانی هەسەدە باشتر نابێت!

لێدوانێک بەجێ بهێلە