ڕێبوار ئەحمەد: 
-بەشێ سێهەم-
فیدراڵیزم پڕۆژەیەکی کۆنەپەرستانە و دژی کرێکارییە
بەڵام با بزانین هونەری ئەم دابەشکاری و دەستەبەندیی کردنەی دانیستوان و خاک و خۆڵ و دەشت و دۆڵ لە چیدایە و چ ئاسەوارێکی دەبێت لەسەر ژیان و چارەنووسی خەڵک، بە دیاریکراوی لەسەر خەڵکی کوردستان و “کرێکاری کورد”. لە پێشدا دەبێ ئەوە ڕوون بێت کە ئەمە هەڵاواردن و جیاکارییەکی قووڵ لەسەر بنەمای ناسنامەیەکی ساختە دەخاتە نێو دانیشتووانەوە. ئیتر کەس ناوی هاووڵاتی نییە، هەموو هاووڵاتییەک مۆرێکی قەومی دراوە لە نێوچەوانی؛ هەرکەس یان کوردە، یا فارس، یان عەرەب، تورک، بەلووچ و… هتد. بەشەکەشی بەپێی ئەو دابەشکاری و پێوانەیە دیاری دەکرێت کە کراوە بە بنەما. بەم پێیەش ئەوەی بە کەمایەتی دانراوە، مافی کەمتری هەیە لەوەی بە زۆرایەتی دانراوە. بەم جۆرە هەر لەسەرەتاوە بەشێک لە هاووڵاتیان لەسەر ئەو بناغە ڕاسیستییەی بە کەمایەتی دانراون، مافیان کەمترە لەوانەی بە زۆربە یان زۆرایەتی هەژمارکراون. لە سیستەمێکی وادا، هیچ کات هاووڵاتییەکی سەر بە نەتەوەی کەمینە، مافی یەکسانی نابێت لەگەڵ هاووڵاتییەکی سەر بە نەتەوەی زۆرینە. بۆ نموونە سەرۆکی دەوڵەت دەبێ هەمیشە لە زۆرینە بێت، جێگرەکەی لەو نەتەوەیە بێت کە بە پلەی دووەم دێت و بەم جۆرە بەرەوخوارەوە هەموو پۆست و دەسەڵاتەکان لەسەر ئەم بنەما قەومیە دابەش دەکرێن؛ دروست وەکو ئەوەی ئێستا لە عێراقدا بەکردەوە دەیبینین. لەسەر بنەمای ئەو ناسنامە پوچ و داتاشراوە قەومی و دینیانە گوایە: رەئیسی دەسەڵات بەدەست نوێنەری شیعەیە و رەئیسی پەرلەمان سونەیە و سەرۆکۆماری تەشریفات کە مایەی گاڵتەجاڕی خەڵکی کوردستانە بەڵام خاوەن قاسەیەک لە پارەیە، کوردە و “کەمایەتی”یەکانی تریش لەبەرماوەی ئەمانەیان پیدەدرێت. هیچیشیان بای سەلکەتورێک بایەخیان نیە لە دەستەبەرکردنی مافەکانی ئەو خەڵکەی بەسەر ئەم پێکهاتانەدا دابەشکراون. ئەم نموونەیە تەنها وێنەیەکە بۆ نیشاندانی دابەشکارییەکی دەسەڵات کە لە بنەڕەتدا بۆرژوازیی کورد خەونی پێوە دەبینێ، بەڵام لەم ئاستەدا بەرتەسک نامێنێتەوە و باڵ دەکێشێ بەسەر هەموو بوارێی ژیانی خەڵکدا.
بنەمای ئەم تەرحە هیچ پەیوەندییەکی بە بەختەوەری، ماف و خۆشگوزەرانیی “تاکی کورد” و بەتایبەتیش کرێکاری کوردەوە نییە. فیدرالیزم ڕێگاچارەیەک نیە بۆ چارەسەری کێشەی کورد و ستەمی میللی، بەڵکو پرۆژەیەکە بۆ ئەوەی بورژوازی کورد لە قاڵبی ئەحزابی ناسیۆنالیستی کورددا بە ناو و نوێنەرایەتی ئەو خەڵکەی ناسنامەی قەومی کوردیان بەسەردا دابڕاوە، لەسەرەوەی ئیرادە و دەخاڵەتی خودی ئەو خەڵکەوە، لە دەسەڵات و قازانجی سەرمایە بەشیان هەبێت. لە ڕاستیدا فۆرشتنی مافی خەڵکی کوردستانە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوس، بە بەشی بورژوازی کورد لە دەسەڵات. بۆ ئەوەی هەم لە خێروبێری ناوەنددا شەریك بێت، هەم وەکو چینی سەرمایەداری کورد مافی چەوسانەوە و مژینی خوێنی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان بۆ خۆی بێت؛ دروست وەکو وتراوە “ئەوەی خۆم بۆ خۆم و لەوەی تۆش دەخۆم”! لێرەدا بەش و بەرژەوەندیی بۆرژوازیی کورد ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام دەستکەوتی “کرێکاری کورد” لەم دابەشکارییەدا چییە؟! سەرۆک کۆماری تەشریفاتی و جێگری سەرۆک پەرلەمان و جێگری سەرۆک وەزیران و ئەو پۆستانەی تر کە بەناوی بەشی خەڵکی کوردستانەوە دراون بە تالەبانی و بارزانیەکان، چ خێر وبێرێکیان بۆ خەڵکی کوردستان هەبوە؟ بە دیاریکراوی و لەسەر ئەرزی واقع کریکار و فەرمانبەری “کورد” لەم دابەشکاریەدا چیان پی بڕاوە؟ نەک هەر هیچ! بەڵکو دووجار چەوسانەوە، چەوسانەوەی دوقات. “کرێکاری کورد” دەبێ لەسەر بنەمای ناسنامەی ساختەی قەومی، لە پشتی بورژوازی خۆییو بەرامبەر هاوچینە “فارس، بەلووچ، عەرەب و تورک”ەکانیان ڕابوەستێت و ڕیزی خەباتی چینایەتیی خۆی لە پێناو ژیاندا تێکبدات، بۆ ئەوەی بۆرژوازیی کورد بە ناوی خەڵکی کوردەوە لە دەسەڵات و داهاتی سەرمایە شەریك بێت.
ئەگەر مەسەلەکە باسی ئەوەیە کە کرێکار و خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی بە زمانی کوردی بخوێنێ، بنووسێ، قسە بکات و بتوانێ بۆ هەموو پۆستێک خۆی کاندید بکات و گۆرانی و “ئەی ڕەقیب” بڵێت ــ وەکو ئەم کەمپینەی لە دژی حیکمەت بەرپای کردووە،دەماری ملی خۆیان دەرپەڕاندوە و بە حەماسەوەهاوار دەکەن “کورد خاک، سنوور، نەوت، مەعادن، مێژوو، کلتوور، شاخ، ژن، کۆڵبەر و قەبرسانی خۆی هەیە” ــ ئەوە یەکەم، ئەمانە هیچ پارووە نانێکیاننەخستوەتە سەر سفرەی کرێکار و خەڵکی بێدەرەتانی کوردستان، لە سیایەی فیدرالیزمدا نە خاک و نە نەوتو مەعادن و نە ئەوانی تر هیچ خێر و بیرێکیان بۆ خەڵک نەبوە و تاقە دانەیەک لەو هەموو دەردەیان دەرمان نەکردوە کە جەماوەری بێدەرەتانی کورستان بەدەستیەوە دەناڵن. لەوەش زیاتر خەڵکی کوردستانی عێراق لە سایەی حکومەتی فیدرالی کوردیدا نەوتی خۆیان بە دوقاتی ئەو نرخە دەکڕن کە بە خەڵکی تر دەفرۆشرێت، بە تایبەت “نەوتی خۆمانە” ڕێک بۆیان بوەتە مایەی نەگبەتی و بێدەرەتانی، باشترە دەرگای ئەم باسانە هەر نەکەنەوە. دووەم، ئەم خەڵکە چ لە حاڵەتی جیابوونەوە و چ لە حاڵەتی مانەوە لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزیدا ــ بەو مەرجەی وەکو هاووڵاتیی پلە یەک و یەکسان لەگەڵ باقی دانیشتووان هەژمار بکرێن ــ هەموو مافەکانی مسۆگەر و دەستەبەر دەبێت. ئەوەی کە جیاوازی هەیە، تەنها فەراهەم نەبوونی “ئەوەی خۆم بۆ خۆم و لەوەی تۆش دەخۆم”ە بۆ بۆرژوازیی کورد. دروست هەر ئەمەشە کە ناسیۆنالیستە کوردەکان وەکو نوێنەری چینی بۆرژوازیی کورد سنگی بۆ دادەدڕن. ئەم بۆرژوازییە کوردییە کە لە هیچ کات و هەلومەرجێکدا ڕازی نییە بۆ ساتێکیش دەست لە مژینی خوێنی “کرێکاری کورد”شل بکات، بەڵام داوا لە “کرێکاری کورد” دەکات بەرژەوەندیی چینایەتیی خۆی وەلابنێ و بیر لە ستەم و چەوسانەوەی چینایەتی نەکاتەوە، گوێ بەوە نەدات کە بورژوازی کورد خوێنی دەمژێت، بەناوی بەرژەوەندیی درۆزنانەی هەموو کوردەوە، دژی هاوچینەکانی تری خۆی و لە پشتی بۆرژوازیی چەوسێنەری کوردەوە ڕابوەستێت.
لە ڕاستیدا فیدراڵیزم و خودموختاری، جگە لەوەی تەرح و پڕۆژەیەکی تا سەرمۆخ کۆنەپەرستانەیە، جگە لەوەی پلانی بەرپاکردنی ئاشووب، شەڕ و بێنەوبەرەی نەبڕاوەی قەومییە کە ژیان و چارەنووسی هەموو خەڵک دەهاڕێت، جگە لەوەی پڕۆژەیەکە بۆ هەڵاواردن و دووبەرەکی لە نێوان دانیشتوواندا، لە هەمان کاتدا پڕۆژەیەکە بۆ چەوسانەوەی دووقاتی “کرێکاری کورد”؛ جارێک بەدەست بۆرژوازیی ناوەندی و جارێکی تر بەدەست بۆرژوازیی خۆماڵیی کوردەوە. بۆ “کرێکاری کورد” تەنها دەستکەوتی ئەوەیە ئەمسالی مەسروور و بافڵەکان بەشێک لەو داهاتە بە تاڵان بەرن کە دوای چەوسانەوە لە دەستی بۆرژوازیی مەرکەزی بە “کرێکاری کورد” بڕاوە. دروست وەکو ئەوەی ئیستا لە کوردستانی عێراق دەیبینیین.
دۆخی ئێستای کوردستانی عێراق باشترین، ئاشکراترین و ڕوونترین ئەلگۆی فیدراڵیزمی قەومییە کە دەبێ هەموو خەڵکی پارچەکانی تری کوردستان بەم پڕۆژە و سیستەمە ئاشنا بکات. نابێ ڕەخنەی چەواشەکارانەی ناسیۆنالیستە کوردەکانی پارچەکانی تری کوردستان لەم دەسەڵاتە کوردییە ــ بەناوی ئەوەی ئەمانە “دووکانن نەک حکومەتی کوردی” یان ئەمانە کەمکارن، بەپێی پیویستیان کردوە، تەنانەت دز و تاڵانگەرن… هتد ــ خۆڵ بکاتە چاوی خەڵک؛ گوایە بۆرژوازییەکی خۆماڵی، نیشتمانی و خەمخۆری هەموو میللەت بونی هەیە و ئەزموونێکی جیاواز و باشتر لەمانە بەدیاری بۆ خەڵک دەهێنێت. ئەمە درۆیەکی شاخدارە؛ بۆرژوازیی باش و خەمخۆری هەموو میلەت تەنها ئەفسانەیە و بوونی نییە. هەر بۆیە هەموو ئەوانەی پەیمانی ئەوە دەدەن کە لە سبەینێدا بۆرژوازییەکی باشتر لەمە دەبن، هەموو ئەوانەی کە بۆ چاوبەستی خەڵک وای نیشاندەدەن کە ئەوانیش لەم دەسەڵاتە کوردیەی کوردستانی عێراق ڕەخنەیان هەیە و ناڕازین، بەڵام بە کردەوە هەر ئێستا لە پشتی ئەم حکومەتە فیدراڵە قەومییە کۆنەپەرست، چەوسێنەر، پیاوسالار و ستەمکارەی کوردستانی عێراقەوە ڕاوەستاون و هێزی لێ وەردەگرن، پاساو بۆ چەپەڵکاری و چاوچنۆکی و خوێنمژیان دەهێننەوە، وە بەتایبەت بە هەر ڕەخنەیەکی چینایەتی، سۆسیالیستی، کرێکاری و ئازادیخوازانە لەم حکومەتە، ناڕەحەت، هەراسان و توڕە دەبن.
درێژەی هەیە…
حوزەیرنی ٢٠٢٦
