Home بیروڕائێران.. براوە و دۆڕاوی پێشهاتە سیاسییەکان

ئێران.. براوە و دۆڕاوی پێشهاتە سیاسییەکان

چاوخشاندنێک بە لێکگەیشتنی سەرەتایی نێوان ئەمریکا و رژێمی ئێران سەبارەت بە شەڕ

by admin
0 کۆمێنتەکان 7 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی:
پێشەکی: لێکگەیشتنی سەرەتایی نێوان ئەمریکا و رژێمی ئێران، نەک وەک کۆتایی قەیرانێک، لە یەکەم خولی یاری تۆپی پێ دەچێت کە هێشتا ئەنجامی کۆتایی روون نییە و پێشوەختە داوەری لەسەر بکرێت. لێکگەیشتنەکە لەلایەن هەر دوو لایەنەوە واژۆ کراوە، بەڵام لێکەوتە سیاسی و ستراتیژییەکانی هێشتا بە ناڕوونی ماونەتەوە. هەندێک تەنها چاویان لە ئەنجامە سەرەتاییەکانی ئەم قۆناغەیە، هەندێکیتریش ئاسۆی دوورتر و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی لەبەرچاو دەگرن. بۆیە جێی خۆیەتی چاوێکی وردتر بکریت لە ئاسۆی ئەم پێشهاتەیە، بەبێ گوێدانە بانگەشەی سیاسی و هات و هاوارکردن.
براوەی راستەقینە یان دۆڕاوی لێکگەیشتنەکە
لە دواهەڵسەنگاندنەکاندا، نابێ لە نێو زلهێزە دەرەکییەکان یان لە نێو دەسەڵاتدارانی رژێمدا، بە دوای براوە یان دۆڕاوی راستەقینەی ئەم لێکگەیشتنە بگەڕێین. بەڵکو پێویستە چارەنووسی خەڵک و بەرخۆدانی ئێران لەبەرچاو بگرین. واتا هێزێک کە نە هیوای خۆی لەسەر سیاسەتی “سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت” هەڵچنیوە و نە چارەسەری “شەڕی دەرەکی”ی بە وەڵامی کێشەکانی ئێران لە ماوەی ساڵانی رابردوودا زانیوە. ئەم بزووتنەوەیە هەمیشە خۆی وەک لایەنی سەرەکی لە هاوکێشەکەدا خستووەتە روو و پێی وایە چارەنووسی ئێران، تەنیا لە لایەن خەڵک و موقاومەتی رێکخراوی ئەوانەوە دیاری دەکرێت.
بەدیلی راستەقینە
لە بەرامبەردا، دۆڕاوی ئەم پێشهاتەیە ئەوانەن کە هەموو سەرمایەی سیاسی خۆیان لەسەر یەکێک لە دوو بژاردەی “سازان” یان “جەنگی دەرەکی” هەڵچنیبوو کە لە پێش هەموواندا، پاشماوەکانی دیکتاتۆریی پێشوو و شاپەرستەکان بوو کە ساڵانێکە چاوەڕێی گۆڕانکارییەکی دەرەکین بۆ گەڕانەوە بۆ دەسەڵات. لێدوانی جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە یەکێک لە دوایین چاوپێکەوتنەکانیدا کە دەڵێت: “ترامپ هەرگیز نەیگوت ئامانجەکەی، هێنانە سەر دەسەڵاتی (رەزا پەهلەوی)یە، وەک رێبەری نوێی ئێران” نیشانەی روون و ئاشکرای کۆتایی هاتنی ئەو وەهمە بوو بۆ زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی. ئەم وتەیە، لە کردەوەدا، بە شێوەیەکی جددی، تەحەدای هیوای ئەو کەسانەی کرد کە لە دەستێوەردانی دەرەکیدا بەدوای داهاتووی خۆیاندا دەگەڕان.
هیوابەستن بە شەڕی دەرەکی
هەمووان لە یادیانە کە (رەزا پەهلەوی) و لایەنگرانی، درێژەدان بە شەڕ و زیادبوونی گوشاری زلهێزەکانی دەرەکی بۆ سەر رژێمی ئێرانیان بە دەرفەتێک بۆ بەدیهێنانی خواستە سیاسییەکانی خۆیان دەزانی. پێیان وابوو بە درێژەدان بە (شەڕی دەرەکی) رێگا بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی خۆش دەکرێت و بەرهەمی راپەڕین و خەبات و قوربانیدانی خەڵکی ئێران بە سوودی ئەوان تەواو دەبێت. لە ساڵانی پێشووشدا و لە کاتی سیاسەتی سازان لەگەڵ حکومەتی ئایینیدا، دۆسیەی دیکتاتۆریی پێشوو، بە کردەوە، بە بێدەنگی مابووەوە کە بە بڕوای زۆر کەس، سوودی سیاسی هێنایە ئاڕاوە، هەم بۆ رژێمی مەزهەبی و هەم بۆ پاشماوەکانی دیکتاتۆریی پێشوو.
لەم کاتانەدا هەوڵ دەدرا یان دەدرێت بۆ ئەوەی ئەڵتەرناتیڤی ساختەی ئەوان، جێگە و پێگەی “ئەڵتەرناتیڤی دێموکراتیکی خەڵکی ئێران” بگرێتەوە. کە ئەمەش لە روانگەی لایەنگرانی موقاومەتی خەڵکی ئێرانەوە، نەک هەر بە هیچ نەگەیشت، بەڵکو شکستی هێنا. هۆکاری ئەم شکستەش، نەبوونی پێگەی کۆمەڵایەتی ئەم شاپەرستانەیە لە نێو خەڵکی ئێراندا. بابەتێک کە بە بڕوای نووسەر، لە داهاتوودا زیاتر لە هەموو کاتێک، مێژوو حوکمی خۆی لەسەر دەدات.
رژێمی ئێران هۆکاری شەڕخوازی
ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر، ئەم راستییە روون بووەتەوە کە بۆچی رژێمی ئێران ئاگری شەڕ و قەیرانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵگیرساند و لە کۆتاییدا کێ سوودی لەم پرۆسەیە وەرگرت و کێ زیانی بەرکەوت. ئەزمونی مێژوویی دەریخستووە کە زۆرێک لە پێشهاتە گەورەکان بە هەنگاوی حکومەتە دەسەڵاتخوازەکان دەستیان پێکردووە، بەڵام زۆرجار لەلایەن (گەلان) و (هێزە جەماوەری)یەکانەوە کۆتاییان پێهێنراوە. رەنگە حکومەتە دەسەڵاتخوازەکان بتوانن بۆ ماوەیەک رێڕەوی پێشهاتەکان گەورەکان بقۆزنەوە لە بەرژەوەندی خۆیاندا و بیگۆڕن یان کات بکڕن بۆ خۆیان، بەڵام لە کۆتاییدا ناتوانن بەرەنگاری ئیرادەی گشتی خەڵک ببنەوە.
دۆڕاوی ستراتیژییانەی جەنگی دەرەکی
لەم روانگەیەوە، رێبەری بەرخۆدانی ئێران، بەڕێز (مەسعوود رەجەوی)، هەر لە سەرەتای شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، رژێمی ویلایەتی فەقیهی بە “دۆڕاوی ستراتیژیکی شەڕ” وەسف کرد. ئەم هەڵسەنگاندنە لە روانگەی لایەنگرانی بەرخۆدانەوە، لە رووی بنەمای پێناسەکردنی پێکهاتەی رژێمی ئێران و هاوکێشە ناوچەییەکانەوە بوو و ئێستا بە روونی دەرکەوتووە. رژێمی ئێران کە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی تەشەنەپێدانی قەیرانەکان، پشتی بە سەرچاوەی دارایی و پشتیوانی دەرەکی بەستبوو، هەر زوو رووبەڕووی دەرئەنجامەکانی هەمان سیاسەت بووەوە. زیادبوونی فشارە ناوخۆییەکان، بڵاوبوونەوەی ناڕەزایی کۆمەڵایەتی و چڕبوونەوەی گۆشەگیریی سیاسی، لەو ئەنجامانە بوون کە وردە وردە کاریگەرییان لەسەر دروستکرد.
بەرخۆدانی خەڵکی ئێران
لەم رووەوە بەرخۆدانی ئێران پێی وایە بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و درێژەدان بە چالاکییە رێکخراوەکان و پتەوکردنی پێکهاتەکانی بەرخۆدان، رێبازی پێشهاتەکانی داهاتوو دیاری دەکەن. لەم روانگەیەوە، پێشکەوتنی ستراتیژی (ناوەندەکانی شۆڕش) و چالاکییەکانی (ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران) نیشانەی چوونە ناو قۆناغێکی نوێی پێشهاتە سیاسییەکانن. قۆناغێک کە دەتوانێت زیاتر لە هەموو فاکتەری دەرەکی، کاریگەری لەسەر داهاتووی ئێران هەبێت.
سەرکەوتنی کۆتایی خەڵکی ئێران
بەرخۆدانی خەڵکی ئێران چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە گۆڕانکاریی سیاسی لە ئێراندا، بە شەڕی دەرەکی یان بە سازان لەگەڵ حکوومەت نایەتی دی. بەڵکو تەنیا لە رێگەی خەڵک و بەرخۆدانی سازماندراوی ئەوانەوە مەیسەر دەبێت. ئەم بۆچوونە ئێستا زیاتر لە جاران، لە کەش و هەوای سیاسی و میدیایی جیهاندا دەرکەوتووە و رەنگدانەوەی هەبووە. ئەزمونی شکستی سیاسەتی سازان و شکستی ستراتیژی پشتبەستن بە شەڕی دەرەکی، وایکردووە زۆر کەس بگەنە ئەو ئەنجامەی کە چارەسەری بەردەوام بۆ داهاتووی ئێران، دەبێت دواجار لە ناو کۆمەڵگەی ئێرانەوە سەرهەڵبدات و بە پشت بەستن بە ئیرادەی خەڵکی ئێران دەکەوێتە روو.
***

لێدوانێک بەجێ بهێلە