Home بیروڕاملیاردێرەکانی ئوسترالیا کۆمەکی مادی و مەعنەوی گەورە ئەکەن بە حیزبە فاشیستەکەی ئوسترالیا

ملیاردێرەکانی ئوسترالیا کۆمەکی مادی و مەعنەوی گەورە ئەکەن بە حیزبە فاشیستەکەی ئوسترالیا

by admin
0 کۆمێنتەکان 15 بینینەکان

عامر سابیر:   

لە ئێستادا ژمارەی ملیاردێرەکانی (بلوێنێرەکانی) ئوسترالیا ١٧٨ کەسە، کە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا ١٧ بلوێنێری تر زیاد بوو بۆ لیستەکە لە ئوسترالیا.
ملیاردێرەکانی ئوسترالیا پەرە بە فاشیزم ئەدەن و کۆمەکی مادی گەورە بە حیزبە فاشیستەکەی ئوسترالیا (وەن نەیشن) ئەکەن و لەهەمانکاتدا ڕێکخراوێکی تری کۆنەپەرست و ئەو پەڕی ڕاست دروست ئەکەن (ئەدڤانس) کە سیاسەتی حیزبە فاشیستەکە دادەڕێژی. هەروەک چۆن لە ئەمریکا حیزبی کۆمارییەکان بەسەرۆکایەتی (ترامپ)ی فاشی لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا، ڕێکخراوی (پرۆجێکت ٢٥) یان هەبوو کە ڕاسترین و دژە کرێکاریترین و فاشیترین سیاسەتیان دادەڕشت و (رامپ)یش جێبەجێی کرد و جێبەجێی دەکات. لە ئوسترالیاش حیزبە فاشیستەکە (وەن نەیشن) ڕێکخراوی (ئەدڤانس)یان بۆ دروست کردووە کە بە پارەی زۆری بلوێنێرەکان لە دژی بەرەی چەپی کۆمەڵگا ژەهر ئەڕێژێ و درۆ بڵاوئەکاتەوە و دژ بە کۆچبەران قسە ئەکەن و بە سەرچاوەی هەموو کێشەکانی کۆمەڵگا وەسفیان ئەکەن.

دەوڵەمەنترین کەس لە ئوسترالیادا ژنێکە بەناوی (جینا ڕاینهارت) کە خاوەنی ٣١ بلیۆن دۆلارە. کە لە باوکییەوە کانەکانی (خەڵوز و لیسیەم و نیکڵ و خۆڵی دەگمەن)ی بۆمابۆوە و ئێستاش پەرەی پیداوە و گەورەی کردووە و هەموو سەروەتی وڵات کە لەژێر خاکدایە بە هی کۆمپانیاکانی خۆی ئەزانێ. وە چەندین کێڵگەی ماڵات و کشتوکاڵیی زۆر گەورە و قەبەی هەیە لە ئوسترالیادا، سەرەڕای ئەوەی هەروەک بلوێنێرەکانی ئەمریکا بۆ ڕەواییدان بە یاسا و سیاسەتە دژی کرێکاری و دژە ئینسانێکانی، خاوەن ماسمیدیایە، تا بەشی ناهوشیاری چینی کرێکار لەخشتەبەرن و شوێنیان بکەون و شەڕی هاوچینەکانیان پێ بکەن.

تا ئێستا زیاتر لە ١٤ ئەندام پەرلەمانی کۆن و نوێی حیزبە ڕاستەکانی باڵی بۆرژوازی لە ئوسترالیا (حیزبی لیبراڵ و حیزبی ناشناڵ) پەیوەستبوونە بە حیزبی (وەن نەیشن)ەوە و بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆیان کاندید ئەکەن. تەنها لە ٩ مانگی ڕابردوودا شەعبییەتی وەن نەیشن ٥٠٠٪ چۆتە سەرەوە و لە ئێستادا لەو ڕاپرسیانەی کە بڵاوئەبێتەوە حیزبی وەن نەیشن و سەرۆکە ژنەکەی (پۆڵین هانسن) لە هاوشانی حیزبە تەقلیدییەکانی بۆرژوازییەوەن (لەیبەر و لیبراڵ). پارەی زۆری (جینا ڕاینهارت) و ملیاردێرەکان وەک ماشێنێکی گەورە لە پشتیوانی ئەم حیزبە فاشیستەدا هەفتانە لە ڕێگەی زیرەکی دەستکردەوە زیاتر لە ٥٠٠ درۆ و پڕوپاگەندە و چەواشەکردنی ڕاستیییەکان بڵاودەکەنەوە، بۆ پشتیوانی حیزبی (وەن نەشین). هەر بۆیە لە ئێستادا کە (وەن نەیشن) تەنها ٦ ئەندام پەرلەمانی هەیە لە هەردوو پەرلەمانەکەی ئوسترالیادا (ئەنجوومەنی نوێنەران و سەنێت)، بەڵام پشتیوانی و پارە و پڕوپاگەندەی بلوێنێرەکان وایکردووە کە ئیحتیمالی زۆرە هەڵبژاردنی داهاتوو بەرێتەروە.

پۆڵین هانسن (کە سەناتۆرە) و سەرۆکی حیزبە فاشیستەکەیە، لە ساڵێکدا موچەکەی ٣٤٠ هەزار دۆلارە. بلوێنێرەکەی ئوسترالیا (جینا ڕاینهارت) تەنها لە دوو کاتژمێر و بیست خولەکدا، پارەی ساڵێکی هانسۆن داهاتێتی (پاسیڤ ئینکەم). بێگومان لەم هاوکێشەیەدا، ئەوە (جینا) و هاوڕێ بلوێنێرەکانێتی کە هانسۆن وەک مقاشی دەستیان بەکارئەهێنن تا هەموو حکومەت بۆ مەرامە دژی کرێکاری و دژە ئینسانێکانیان بەکاربهێنن، تا سەرمایەی خۆیان زیاتر و زیاتر کەڵەکە بکەن و هەموو یاساکان لەبەرژەوەندی خۆیان بگۆڕن و کۆمەڵگا زیاتر بدۆشن و کرێکاران هەژارتر بکەن. بۆ ئەمەش درۆ ئەکەن و کۆچبەران نەک خۆیان و سیستەمەکەیان بە سەرچاوەی نەهامەتییەکانی ئەمڕۆ و داهاتووی کۆمەڵگا ئەناسێنن.
مانگی ڕابردوو شێوازی دەنگدانی ئەندام پەرلەمانەکانی ئوسترالیا لەسەر سیاسەتە جیاجیاکان بڵاوکرایەوە، دەرکەوتووە کە هانسۆن بەردەوام هەمووکات لە دژی ئەو یاسایانە دەنگی داوە کە بۆ بەرژەوەندی و پاراستنی مافی کرێکاران بووە. ئێستاش هاتووە بە خەڵکی هەژارکراوی ئوسترالیا ئەڵی من ژیانتان باش ئەکەم، چونکە سەرچاوەی کێشەکان کۆچبەرانە!

لە ١٨/٦/٢٠٢٦دا لە کۆبوونەوەی (کوینزلاند بوش سەمەت) لە شارۆچکەی (تاونسڤیڵ) دەوڵەمەنترین کەسی ئوسترالیا (جینا راینهارت) باسی ئەوەی کرد کە (ئیلان ماسک) لە ئەمریکا لە ٢٠٢٥دا مشارێکی زنجیری پیشاندا بۆ بڕینی یاسا و ڕێسا بەربەستەکان (ڕیگولەیشن)، وتی “بەڵام ئێمە لە ئوسترالیا پێویستمان بە شتێکی گەورەترە، پێویستمان بە بلدۆزەرە، تا ڕیگولەیشنەکانی پێ لادەین”. بۆ ئەم مەبەستەش لە کۆبوونەوەکەدا بانگی (پۆلین هانسن) کە سەرۆکی حیزبە فاشیستەکەی ئوسترالیایە (وەن نەیشن) کرد بۆ سەر ستەیج و لەعابەیەکی بلدۆزەری گەورەی دایە دەستی و خۆشی وەک بلدۆزەر دەستی بە نەڕین کرد و داواشی لە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کرد کە وەک بلدۆزەر بنەڕێنن.

لە سیستەمی سەرمایەدارییدا کە بلوێنێرەکان سەرەڕای ئەو هەموو پارە و سەروەتەی هەیانە، هێشتا تێرناخۆن و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی هەموو حکومەت ئەکەن و زیاتر لە هەوڵدان کرێکاران (بێ ماف)تر بکەن و هەموو خزمەتگوزارییەکان کەمکەنەوە و بیانبڕن و هەژاری زیاتر بخوڵقێنن و سەرمایەی زیاتر کەڵەکە بکەن. لەم بەربەریەتەی سەرمایەدا، وەڵام تەنها سۆشیالیزمە، وەڵام یەکگرتوویی چینی کرێکار و بەرەنگاربوونەوە و بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتییە، وەڵام هەڵوەشانەوەی ئەم سیستەمە سەرەوخوارەیە و پێویستە کۆمەڵگا لەسەر قاچەکانی خۆی دابنرێتەوە.

٢٨/٦/٢٠٢٦

لێدوانێک بەجێ بهێلە