بڕیار بوو ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٤-٧-٢٠٢٦، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەگەری لەلایەن کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاریەوە ئەنجام بدرێت، سەبارەت بە دۆسیەی گەندەڵی لە عێراق و دەستگیرکردنی کۆمەڵێک بەرپرس و داواکردنی گواستنەوەی ئەم هەڵمەتە بۆ کوردستان و لێپێچینەوە لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش. بەڵام هەمان ڕۆژ ئاسایشی سلێمانی، بەهادینی حاجی بەکری دارتاش، (ناسراو بە ڕێبوار عارف)، بەرپرسی کوردستانی کۆنگرەی ناوبراویان فڕاند و دەستگیریان کرد. هاوکاتیش هەموو ناوچەی دەوروبەری باخی گشتییان بە ئاسایش بە جلوبەرگی ڕەسمی و مەدەنییەوە گەمارۆ دا و هەر کەسێک لەو ناوەوە تێدەپەڕی ئاگاداریان دەکرد کە “ئەگەر بۆ کۆبوونەوە جەماوەریەکە هاتوون ئەم ناو جێبهێڵن، ئەگینا دەستگیریان دەکەن”. شایانی وتنە کە لەم هەڵمەتە سەرکوتگەرانەیەدا هێزەکانی ئاسایش دەوروبەری نوسینگەی ڕادیۆی حیزبیان گرتبوو بۆ چاودێریکردنی هاوڕێیان لەپەیوەند بەو چالاکیەوە و لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە سەردانی نوسینگەکەیان دەکرد. بەمجۆرەش دوای ئەوەی چالاکیەکەیان قەدەغە کرد، سەرلەئێوارە هاوڕێ ڕێبوار عارف ئازاد کرا.
ئەم هەنگاوە سەرکوتگەری و دژە ئازادیانەی دەسەڵات و هێزەکانی ئاسایشی یەکێتی لە کاتێکدایە و بەرامبەر بە مەسەلەیەکی گرنگی ئەوتۆیە کە دۆسیەی گەندەڵییە و خواستێکی جەماوەری فراوان هەیە بۆ داوای ئاشکراکردن و هەڵدانەوەی پەڕاوی گەندەڵی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و دەستگرتن بەسەر ئەو سەروەت و سامانەی ساڵانێکە بە تاڵانی دەبەن. گەندەڵی تا سەرمۆخ سیستمی بەڕێوەبردن و دارایی کوردستانی داڕزاندووە و بەرپرسانی وردودرشتی حیزبی و حکومی لە حیزبە میلیشیا دەسەڵاتدارەکانی کوردستانی کردووە بە ملیاردێر و لە ژیانی فیرعەونئاسا بەهرەمەندی کردوون. کەچی باجەکەشی بۆ سەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکیش نوقم بوونیان بووە لە هەژاری و بێدەرەتانی و داڕمانی هەلومەرجی ژیان و پێداویستیە خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و پەروەردەییەکانیان.
جەماوەری بێبەش مافی خۆیانە داوای لێپرسینەوە لە هەر بەرپرسێک بکەن کە تێوەگلابێ لە گەندەڵی و بەهەدەربردنی پارە و سەروەتی کۆمەڵگەی کوردستان، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە هەڵمەتێکی بەوجۆرە لە عێراقدا هەیە، هەرچەندە ئەم هەڵمەتەی زەیدی بەشێوەیەکی سنورداریشە و هێشتا دز و تاڵانچی و جەردە گەورەکان لە شوێنی خۆیانن. بەرپرسانی حیزبی و حکومی لە هەرێمی کوردستان نابێ لە هەڵمەتێک بۆ پەردەهەڵماڵین لە گەندەڵیەکانیان دەرباز بن و لەم پێناوەشدا پێویستە جوڵانەوەیەکی جەماوەری بێتە مەیدان بۆ فشارهێنان و ئاشکراکردنی سەروەتە دزراوەکانی کوردستان و دەستبەسەرکردنیان و گێڕانەوەی بۆ بژێوی و دابینکردنی خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان.
دیارە دەسەڵات لە هەرجۆرە جموجۆڵێکی جەماوەری بۆ ئاشکراکردنی دۆسیەی گەندەڵکارانی کوردستان وەڕسە و بەهەر شێوەیەک بێ دەیەوێ بەریپێبگرێ. ئەمەش نیشانەیەکی ڕوون و ئاشکرایە کە دەسەڵاتدارانی کوردستان، هەرچەند بەڕووکەش و ڕواڵەتی پشتگیری خۆیان بۆ هەڵمەتە سنوردارەکەی حکومەتی زەیدی دەردەبڕن، بەرامبەر بە هاتنەمەیدانی بزووتنەوەیەکی جەماوەری لە کوردستاندا کە لێپێچینەوە لە بەرپرسان و گەندەڵیەکانیان بکات، تاکە وەڵامیان سەرکوت و بەرتەسککردنەوەی ئازادی هەڵسوڕان و دەربڕینە.
ئەم مامەڵەیەی دەسەڵاتداران و هێزەکانی ئاسایش لەلایەن ئێمە و جەماوەری ناڕازی و خەڵکی ئازادیخوازە بە توندی ڕەتکراوە و مەحکومە و ڕایدەگەیەنین کە سەرکوت و پێشێلکردنی ئازادی هەڵسوڕانی جەماوەری تا سەر ناتوانێ بەر بە هاتنەمەیدانی خەڵکی کرێکار و بێبەش و ناڕازی بگرێت.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٥ ی تەموزی ٢٠٢٦
ئاسایش بەر بە چالاکی دژ بە گەندەڵیش دەگرن!
8
