عەبدولڕەحمان گەورکی: 
“کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران
پیر پیر بوه و
بەڵام ورەی ئێمه هەر گەرمه..
کۆماری سێدارەی ئیسلامی خوار خوار بوەتەوه و
بەڵام ئێمه تازه وا خەریکین له ملەی بەرز
دەست بۆ خۆر بەرین و دایبگرینه سەر ئەرز”
ئەمانە بەشێکن لە کۆمەڵە شیعرێکی شاعێری بەناوبانگی کورد (شێرکۆ بێ کەس) کە پێدەچێت بۆ ئەمڕۆ نووسرابێت. رژێمی ئێران لە لاوازترین خاڵی خۆیدایە و خەڵکی ئێران لە سەروبەندی سەرکەوتندان. بە واتایەکیتر، خەڵکی ئێران خۆری سەرکەوتن دەهێنێتە سەر زەوی!
رەوتی بێ مشتومڕی کۆمەڵگا
خەڵک بەسەر دیکتاتۆرییەتدا سەردەکەون. ئەم دەستەواژەیە لە هەموو جیهاندا سەلمێنراوە. دیکتاتۆرییەتەکان تەمەنیان کورتە. ئەگەر خەڵک هەستن دیکتاتۆرییەتەکان دەڕووخێن. تاکە کارێک کە دیکتاتۆرییەکان دەتوانن بیکەن، کەمێک تەمەنیان درێژ بکەنەوە، یان بە واتایەکیتر، کاتی رووخانیان دوا بخەن.
سەبارەت بە ئێران
کوڕەکەی خامنەیی کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەک هاوبەشی باوکی بووە لە کۆمەڵکوژییەکاندا، ئەمڕۆ میراتبەری وێرانەکانی ویلایەتی فەقیهییە “بەڵام حکومەتێکی بەپەلەی پێکهاتووە و بەدڵنیاییەوە لە ناوچوون و رووخانی بە ناوچاوانییەوە هەڵکەندراوە. ئەمە دوا وێستگەی رژێمە. ئەم رستانەمان لە دوایین وتارەکەی خانمی (مریەم رەجەوی) لە پاریس بیستووە لە رۆژی 30 جۆزەردانی ئەمساڵ کە ئەم راستییانەی پێوە دیارە:
– دیکتاتۆرییەت لە ئێران بەرەو کۆتایی دەڕوات و چارەنووسی هەر رووخانە.
– خەڵکی ئێران لە سەروبەندی سەرکەوتندایە بەسەر دیکتاتۆرییەتدا. ئێستا هەزاران ناوەندی شۆڕش لە سەرانسەری ئێراندا بڵاوبوونەتەوە.
– دیکتاتۆرییەتی ئایینی لە لاوازترین خاڵی خۆیدایە و هەنگاوەکانی رژێم لە دژی خەڵک کاتییە. بە تایبەت (شەڕ) کە رژێمە دیکتاتۆرەکان لە ئێران دەیانەوێت وەک قەڵغانێک لە دژی خەڵک بە کاری بهێنن.
– دۆخەکە ناگەڕێتەوە بۆ رابردوو. بەتایبەتی بەرەو دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی کە خەڵکی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩دا رووخاندیان.
ئازادی و ئاشتی
خانمی (مریەم رەجەوی) وتی کە “نزیکەی ٥ دەیەیە بەرخۆدانی ئێران خوازیاری ئازادی و ئاشتییە”. هەروەها گوتی: “هیچ کاتێک جگە لە پاشماوەکانی رژێمی ئێستاکە و رژێمی پاشایەتی، هیچ کەسێک لە ئێران خوازیاری شەڕ نەبووە و نییە. هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی و هاندانی شەڕ و دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە بەشێکن لە ستراتیژیی دیکتاتۆریی ئایینی بۆ مانەوەی و دەستبەرداری نابێت. جەنگ قەڵغانی ئەم رژێمەیە لە دژی راپەڕینی جەماوەری، و ئاشتی و ئاگربەست “ژەهر”ن بۆ دیکتاتۆرییەت. ئەم قسانە، خاوەن پێشینەن و دەرئەنجامی خەباتی دەیان ساڵەیە لە دژی دیکتاتۆرییەت و راستییەکەی سەلمێنراوە.
کۆتر لە مار لەدایک نابێت
بەرخۆدانی ئێران چەندین جار رایگەیاندووە کە “مار کۆتر هەڵنایەنێت”. ئەم دەستەواژەیە بەو مانایەیە کە چاوەڕێبوون هەڵەیە کە مارێك بێت و کۆتری لێ بکەوێتەوە. سیاسەتی “سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی ئایینی” شکست و شەرمەزارییەکی گەورەیە بە ناوچاوانی سازشکارانەوە کە خەڵکی ئێران هەرگیز لە خاوەنانی ئەم سیاسەتە خۆش نابێت. سەری ماری ویلایەت دەبێ پان بکرێتەوە. ئەم پانکردنەوەش شێوازی تایبەتی خۆی هەیە. بە واتایەکیتر، چارەسەری کێشەکە بە شەڕی دەرەکی ناکرێت. هەروەک چۆن چارەسەری کێشەی ئێران بۆ سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت نەکراوە و ناکرێت. هەربۆیە دەبێت پشتیوانی بکرێت لە خەڵک و بەرخۆدانی ئێران و دان بە مافی موقاومەتیاندا بنرێت. رەتکردنەوەی سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت و رەتکردنەوەی شەڕی دەرەکی لەگەڵ رژێم، دوو بنەمای بنەڕەتین لە رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆری ئایینیدا.
درز و بۆشاییەکی کوشندە
کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر دوای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئەمریکا و رژێمی ئێران، کوڕەکەی خامنەیی ئاڵای دژایەتیکردنی بۆ هەڵکرد و رایگەیاند، “لە بنەڕەتدا بۆچوونێکی جیاوازم هەبوو”، ئەمەش نیشانی دەدات کە درزێکی کوشندە هەیە لە لوتکەی رژێمی ویلایەتی فەقیهیدا. سەرکەوتنی خەڵکی ئێران لە درێژەی “ناسەقامگیربوون و لەرزۆکبوونی رژێم”دایە. چونکە شەڕی سەرەکی، لە نێوان خەڵکی ئێران و ئەم رژێمە لەسەرە مەرگەدایە.
ترس لە سەرکەوتنی گەل
رژێمی دیکتاتۆریی ئێران و پاشماوەکانی دیکتاتۆری پێشوو، لە سەرکەوتنی خەڵکی ئێران تۆقاون. هەوڵەکانی رژێم بۆ رێگریکردن لە خۆپیشاندانی گەورەی ئێرانی ئازاد لە پاریس لە 30ی جۆزەردانی ئەمساڵ، بەرهەمی ترسی رژێمی ئێرانە لەم چارەنووسەی. بەگوێرەی دادگای کارگێڕیی پاریس، پاشماوەکانی دیکتاتۆریی پاشایەتی، هەڕەشەی بۆمبنانەوە خۆپیشاندانەکەیان کردووە و بزووتنەوەی شاپەرستەکان “داوای لە لایەنگرانی خۆی کردووە رێگری بکەن لە رێپێوانەکە”. گومان هەڵناگرێت کە پاشماوەکانی دیکتاتۆری پاشایەتی، هاوبەش و ئامرازی رژێمی مەزهەبیی ئێرانن لە دژی خەڵک و بەرخۆدانی ئێران. ئەوان خەڵک و بەرخۆدانی ئێران بە جیددیترین هەڕەشە بۆ سەر بوون و مانەوەی خۆیان دەزانن.
لەبیر ناکرێ کە خومەینی، میراتبەری دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی، لە 4ی پووشپەڕی ساڵی 1980دا وتبووی “ترسی ئەو لە ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت و ئەوانیتر نییە، بەڵکو ترسی لە موجاهیدینە کە لە تارانن”. هەربۆیە “فەرمانی قەتڵوعامکردنی هەموو موجاهیدینی دا کە سوور بوون لە هەڵوێستی خۆیان”. بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی دیکتاتۆری، دەبێ بگوترێ کە موقاومەتی خەڵکی ئێران لەو باوەڕەدایە کە “ئێرانێکی ئاشتیخواز و نائەتۆمی، تەنیا بە رووخاندنی رژێم و لەسەر دەستی خەڵک و موقاومەتی رێکخراوی ئەوانەوە مومکین دەبێت، سەروەریی گەل و پاراستنی یەکپارچەیی ئێران، پێکەوەژیان و ئاشتی لەگەڵ دراوسێکان و وڵاتانی ناوچەکە، هەموو ئەمانە بەندن بە دامەزراندنی کۆمارێکی دیموکراتیک”ەوە.
دژە دیکتاتۆرییەت لە ئێران
موقاومەتی خەڵکی ئێران کە خاوەن ئەزموونی ٦١ ساڵەیە لە بەرەنگاربوونەوەی دوو دیکتاتۆریەتدا، دژە دیکتاتۆرییەتە لە ئێراندا. تاکە بەدیلێکی دیموکراتیکە بۆ دیکتاتۆرییەت. هێزی راستەقینەی گۆڕانکاری دەبێ لە بەرخۆدانی ئێراندا ببینرێت. بەرخۆدانێک کە رەگ و ریشەی لە راستییەکانی سەر شەقام و شارەکانی ئێراندایە و لە ناو زیندانەکانی رژیمی مەزهەبی دەسەڵاتدارەوە تا ئەودیوی سنوورەکانی ئێران درێژ بووەتەوە. ئێرانێک کە لە “کۆماری دێموکراتیک”دا کورتکراوەتەوە و حکوومەتێکی ئینتیقالیە بە سەرۆکایەتی خانمی (مریەم رەجەوی) بۆ ماوەی شەش مانگ.
خانمی مریەم رەجەوی کە ئیعتباری خۆی لە نێو زیندانەکان و لە بەرەکانی بەرئەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت و لە هەموو بەشەکانی ئێرانی داگیرکراودا وەردەگرێت، لە وتارەکەی ئەمدواییەیدا رایگەیاند کە “بەڵین و پابەندیی من، پەیمانێکی نەپساوەیە بۆ ئازادی هەموو خەڵکی ئێران، لە هەموو نەتەوە و ئایدۆلۆژیایەک، لە هەموو بیروباوەڕێک و ئاڕاستەیەک و لە هەموو ئایین و بیر و باوەڕێک. پەیمانی من، بەرگریکردنە لە ئازادی و شەرەف و سەربەخۆیی ئێران لە بەرامبەر هەمەجۆر دیکتاتۆرییەت و وابەستەییەدا”.
***
ئێران.. دژە دیکتاتۆرییەت!
ئاوڕدانەوەیەک لە دوایین هەڵوێستەکانی بەرخۆدانی ئێران
8
