Home بیروڕابنبەستی مۆدێلی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان: چەقبەستوویی سیاسی و دەرهاویشتەکانی لە سایەی گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا!

بنبەستی مۆدێلی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان: چەقبەستوویی سیاسی و دەرهاویشتەکانی لە سایەی گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا!

by admin
0 کۆمێنتەکان 7 بینینەکان

توانا محەمەد نوری:   

ئەگەر لە کوردستان بژیت، پێویست ناکات من زۆر باسی ژیانی تۆ بکەم. مووچەت نییە، گرانی و بێکاری تەنگی پێهەڵچنیویت، نەخۆشخانەکانیش بوونەتە شوێنی بازرگانی و خزمەتگوزارییەکانیش هەر نین. کاتێک من لێت دەپرسم “بۆچی دۆخەکە وایە؟”، وەڵامە ئامادەکراوەکە ئەوەیە کە پێت دەڵێن: “پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پارە و دەسەڵات ڕێکنەکوتوون”. بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوە نییە کە ئەوان تەنیا کێشەی بڕیار یان ڕێککەوتنیان هەبێت، بەڵکو ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەوان وەک چینی باڵادەست، ئەم وڵاتەیان کردووە بە موڵکی تایبەتی چەند کۆمپانیا و بنەماڵەیەک. کێشەکە ئەوە نییە کە دامەزراوەی بێلایەنمان نییە، چونکە لە سیستمێکی ئاوادا هیچ دەزگایەک بێلایەن نابێت؛ هەموو شتێک بۆ ئەوە دروست کراوە کە سامانی من و تۆ و زۆرینەی خەڵک بدزن و بیخەنە گیرفانی کەمینەیەکی دەستڕۆیشتووەوە.
ئەم دوو حزبە ئەگەرچی لە میدیاوە وەک دوو نەیار دەردەکەون، بەڵام لەڕاستیدا دوو باڵی یەک چینی سەرمایەدارن؛ هەردووکیان ئەندامی یەک خێزانن، ئەویش خێزانی ‘کوردایەتی’یە. پارتی دەڵێت چونکە هێزی هەیە دەبێت پشکی شێری هەبێت، یەکێتیش دەڵێت ئێمە لە “تاڵانییەکەدا” هاوبەشین. ململانێی ئەوان لەسەر مافی خەڵک و دیموکراسی یان یاسا وە یا دابینکردنی باشتری خزمەتگوزاری گشتی نییە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کێ زیاتر ڕەنجی خەڵک و داهاتی نەوت بۆ خۆی بەرێت. هیچ یاسایەک ناتوانێت سنووریان بۆ دیاری بکات، چونکە یاساکان خۆیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ئەو هێزە چەکدارانە نووسراونەتەوە کە پاسەوانیی سەرمایەی بنەماڵەکان دەکەن. کاتێکیش متمانە لەنێوانیاندا نامێنێت، تەنیا متمانەی دوو کەس نییە، بەڵکو پێکدادانی بەرژەوەندیی دوو جەمسەری سەرمایەدارییە کە گەیشتوونەتە بنبەست.
کێشەیەکی تر کە ڕەگەکەی بۆ ئابووری دەگەڕێتەوە، ئەوەیە کە بەرژەوەندییەکانی ئەم دوو حزبە لەگەڵ هێزە دەرەکییەکاندا تێکەڵ بووە. پارتی لەگەڵ تورکیا و یەکێتی لەگەڵ ئێران؛ ئەمە تەنیا پەیوەندییەکی سیاسی نییە، بەڵکو شەراکەتێکی ئابوورییە بۆئەوەی سامانی کوردستان وەک کەرەستەیەکی خاو و هەرزان بڕوات بۆ بازاڕەکانی ئەوان. ئەگەرچی وادەردەکەوێ کە ئەم هێزانە خۆیان خاوەن بڕیارن و بە سەربەخۆیی دەجوڵێنەوە، بەڵام بڕیارەکانیان بە جۆرێک داڕشتووە کە لە خزمەت پاراستنی ئەو قازانج و سەرمایە گەورەیەدا بێت کە لەم پەیوەندییانەوە دەستیان دەکەوێت. لە بەرامبەردا، ئەو دەوڵەتانە هاوکارییان دەکەن بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات. بۆیە کاتێک لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشن، بەرژەوەندیی کرێکار و فەرمانبەری کوردستان لەوێ نییە، بەڵکو تەنیا ئەجێندای ئەو سەرمایەدارە گەورانە لەوێیە کە بڕیار لەسەر چارەنووسی خەڵک دەدەن.
ئەم چەقبەستووییە لە کاتێکدایە کە ناوچەکەمان گۆڕانکاری گەورەی تێدا ڕوو دەدات. شەڕی ئێران کە لە سەرەتای ٢٠٢٦ هەڵگیرسا، هەموو هاوکێشەکانی گۆڕی. ئێران کە پێشتر پاڵپشتی گەورەی یەکێتی بوو، ئێستا خۆی لەژێر فشاردایە، ئەمەش یەکێتی خستووەتە دۆخێکی خراپەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، گۆڕانی ئیدارەی ئەمریکا و کێشەکانی سووریا، ترس و دڵەڕاوکێی لای حزبەکان دروستکردووە سەبارەت بە پاشەڕۆژیان. لەم چوارچێوەیەدا، هاوپەیمانییەکەی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ زیاتر لە تاکتیکێکی تاقیکراوە دەچێت نەک پڕۆژەیەکی جەوهەری بۆ گۆڕینی ژیانی خەڵک؛ ئامانجی یەکێتی لەم هەنگاوە تەنها فشار خستنە سەر پارتییە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین ئیمتیاز. ئەزموونی ٢٠١٨ش ئەوەی سەلماند کە ژمارەی کورسییەکان نەبوونە هۆکاری گۆڕینی بنەڕەتیی هاوسەنگیی هێز، بەڵکو دواجار ڕێككەوتنی سیاسی و دابەشکردنی دەستکەوتەکان کۆتایی بە ململانێکان هێنا.
لەم مۆدێلەدا، حکومەت تەنیا بووەتە پاسەوانێکی چەکدار بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی کۆمپانیا حزبییەکان. دەڵێن پشتمان بە نەوت بەستووە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە هەموو ژێرخانێکی بەرهەمهێنانیان کوشتووە تاوەکو خەڵک بەردەوام موحتاجی ئەو “پارە نیوەچڵە” بن کە حکومەت دەیدات بە ناوی مووچە. ئەمە ئابوورییەکی مشەخۆرە؛ کە بەشی شێر بەر کۆمپانیای بەرپرسەکان کەوتوەو خەریکی هەڵلوشینی داهاتی گشتین.
بەهۆی ئەمەوە، بێئومێدییەکی قووڵ کۆمەڵگەی گرتووەتەوە. خەڵک دەزانن کە هەڵبژاردن و ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان نەیتوانیوە هیچ بگۆڕێت. هۆکارەکە ئەوەیە کە سیستمەکە بە جۆرێک دیزاین کراوە هەر کەسێک بچێتە ناو “کایە سیاسییەکە” یان دەبێت ببێتە بەشێک لە بازاڕی سەرمایەداریی حزبی، یانیش پەراوێز دەخرێت. ئۆپۆزسیۆنەکانیش چونکە نەیانتوانی (یان نەیانویست) ململانێکە لە کێشەی “خراپ بەڕێوەبردن”ەوە بگۆڕن بۆ ململانێی “چینایەتی”، شکستیان هێنا. بۆیە گەنجان یان ناڕەزایەتییەکی پەرتەوازە دەکەن، یانیش وڵات جێدەهێڵن، چونکە هەست دەکەن لەم سیستمەدا ئەوان تەنیا ئامرازێکن بۆ دەوڵەمەندکردنی چەند خێزانێک.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم بێهیواییانەشدا، خەڵک بێدەنگ نەبووە و تەسلیم نەبووە. هەرکاتێک مامۆستا و کرێکار و گەنجەکان بۆ داواکارییەکانیان ڕژاونەتە سەر شەقام، دەسەڵات لە جیاتی چارەسەر، بە زەبری هێز و گرتن و سەرکوت وەڵامی داونەتەوە. دیارە گرتنی چالاکوانان و خنکاندنی ئازادییەکان نیشانەی هێزی دەسەڵات نییە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە ئەم چینە حوکمڕانە چەندە لە هەستانەوەی خەڵک دەترسن. ئەوان باش دەزانن کە ئەگەر ئازادییەکی ڕاستەقینە هەبێت، خەڵک هەرگیز ڕێگە نادات ئەم تاڵانییە بەردەوام بێت، بۆیە تەنها ڕێگەیەک کە بۆ مانەوەیان مابێتەوە، بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکانە. بەڵام مێژوو پێمان دەڵێت کە هیچ سەرکوتێک ناتوانێت بۆ هەمیشە ڕێگری لە تەقینەوەی تووڕەیی زۆرینەی چەوساوە بکات.
لەلایەکی ترەوە، ململانێی هەولێر و بەغداش لەسەر پرسی “نەتەوەیی” نییە، بەڵکو ململانێی دوو گرووپی سەرمایەدارییە لەسەر ئەوەی کێ دەست بەسەر داهاتی ناوخۆ و بیرە نەوتەکاندا بگرێت. بەغدا بە ناوی یاسا و دادگاوە فشار دەکات، بەڵام مەبەستی ڕاستەقینەی ئەوەیە کە سەرمایەداریی ناوەندی زاڵ بکات بەسەر سەرمایەداریی ناوچەییدا. هەرێم نەیتوانیوە شوناسێکی بەهێزی هەبێت، چونکە ئەم قەوارەیە لەجیاتی ئەوەی هی “خەڵک” بێت، کراوە بە “قەڵای بنەماڵەکان”، بۆیە کاتێک حزبەکان لاواز دەبن، هەموو قەوارەکەش لەبەردەم بەغدا لاواز دەبێت، چونکە خەڵک ئامادە نییە بەرگری لە سیستمێک بکات کە دەیچەوسێنێتەوە.
بەڵام ئەوەی زۆرترین ئازاری خەڵک دەدات، ئەو نایەکسانییە تۆقێنەرەیە کە وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە. وڵات بووە بە دوو جیهانی جیاواز: جیهانێکی کەمینە کە لەناو باڵەخانە بەرزەکان و پڕۆژە نیشتەجێبوونە گرانبەهاکاندا دەژین و هەموو داهاتی وڵاتیان لایە، لە بەرامبەریشدا جیهانی زۆرینە کە بۆ نان و کار دەجەنگن. ئەم جیاکارییە “هەرێم”ی لای خەڵک کردووە بە “زیندان”. یاسا تەنیا بۆ ئەوانەیە کە پشتبەستوو نین بە حزب، ئەگینا دەستڕۆیشتووەکان لە سەرووی هەموو لێپرسینەوەیەکن. ئەمە بنبەستی ڕاستەقینەیە؛ چونکە ئەو چینەی سوودمەندە لەم دۆخە، هەرگیز ڕێگە نادات هیچ چاکسازییەک بکرێت، چونکە چاکسازی واتە کۆتاییهاتنی ئیمتیازە بێشوومارەکانی ئەوان.
گەندەڵی لێرەدا ڕووداوێکی لابەلا نییە، بەڵکو “بزوێنەری” سەرەکیی ئەم سیستمەیە. ئەگەر گەندەڵی و دابەشکردنی پارە بەسەر دڵسۆزانی حزبدا نەمێنێت، سیستمەکە هەرەس دەهێنێت. هەرێمی کوردستان لەبەردەم داڕمانێکی گەورەدایە، چونکە ئەم مۆدێلە ئیتر هیچی تێدا نەماوە بیدات بە خەڵک جگە لە فشار و بێئومێدی. دۆخەکە گەیشتووەتە شوێنێک کە چیتر “ڕێککەوتنی سیاسی” نێوان حزبەکان چارەسەر نییە، چونکە ئەو ڕێککەوتنانە تەنیا بۆ دابەشکردنی دووبارەی ئەو کێکەیە کە لە بنەڕەتدا هی خەڵکە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم بنبەستە، کێشەکە تەنیا لە “دەموچاوەکان”دا نییە، بەڵکو لەو سیستمە چەوسێنەرەدایە کە ڕێگە دەدات کەمینەیەکی سەرمایەدار، ڕەنج و سامانی هەمووان بۆ خۆیان مۆنۆپۆڵ بکەن. چارەسەری ڕاستەقینە تەنیا کاتێک دێت کە ئەم “خاوەندارێتییە تایبەتە” لەسەر نەوت، زەوی، و کارگەکان کۆتایی پێ بهێنرێت. دەبێت سامانی وڵات لە دەستی بنەماڵەکان دەربهێنرێت و بکرێتە “خاوەندارێتیی گشتی” کە خەڵک خۆیان لەرێگەی ئەنجومەن و شوراکانیانەوە بەڕێوەی بەرن. تا ئەوکاتەی ئامرازەکانی ژیان لە دەستی چەند کەسێکدایە، هەڵبژاردن و یاسا تەنیا ماسکێکن. دەرچە تەنیا یەک شتە: دروستبوونی هۆشیاریی لەلایەن هەموو ئەو مامۆستا، کرێکار، فەرمانبەر و گەنجە بێکارانەی کە دەچەوسێنرێنەوە، تاوەکو پێکەوە سیستمێک بنیاد بنێن کە تێیدا “کار و ژیان” مافێکی سروشتی بێت، نەک خێرێک کە حزب بە خەڵکی بکات.

٥ی تەمموزی ٢٠٢٦

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە