Home بیروڕاعەلی زەیدی و پرسی گەندەڵی!

عەلی زەیدی و پرسی گەندەڵی!

by admin
0 کۆمێنتەکان 7 بینینەکان

موحسین کەریم:   
ماوەیەکە باسوخواسی میدیا عێراقیەکان و بگرە هەرێمی کوردستانیش بەشێوەیەکی فراوان سەرنجی خستۆتەسەر ئەو کەمپین(حەملە)یەی کە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەناوی بنەبڕکردنی گەندەڵیەوە دەستی پێکردوەو تائێستا دەیان بەرپرسی سیاسی و ئەندام پەرلەمان و بەرپرسی حکومی گرتۆتەوە. بۆئەوەی بە دروستی ئامانجی ئەم حەملەیە بزانین، پیویستە ئاماژە بەچەند خاڵێك بکەین و لەکۆتایشدا ئاماژەیەك بۆ لێکەوتەکان و ئاکامەکانی دەکەین؛
١/ بەبڕوای من یەکێك لە مەسەلە سەرەکیەکانی ئەم کەمپینە ئەوەیە کە حکومەتەکەی زەیدی پێویستی بەوەیە پشتیوانەیەکی جەماوەری و شەعبی بۆ خۆی پەیدا بکات لەرێگای پرسێکی گرنگی سیاسی- ئابوریەوە کە بەتەواوی خەڵکی زەحمەتکێش و کەمدەرامەتی عێراقی ناڕەحەت و نیگەران کردوە. نارەزایەتی دژی تاڵانکردنی داهاتی خەڵكی عێراق و ڕاگرتنی ئەو خەڵکە لە هەژاری و برسێتی و بێبەشکردنی لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاریە گشتیەکانی وەکو ئاو وکارەبا و رێگاوبان و تەندروستی و … تاد. لەناو خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و کەمدەرامەتی عێراقدا شەپۆل دەدات و دەیانجار دژی ئەو دۆخە نارەزایەتی جەماوەری سەری هەڵداوە کە زۆربەی کات لەلایەن دەسەڵات و میلیشیا دەسەڵاتدارەکانەوە سەرکوتکراوە. دەیەوێ بە خەڵکی عێراق بڵێ کەمن وەکو سەرۆك وەزیرەکانی پێش خۆم نیم و گوایە پارەی دزراوی خەڵک دەگێڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت و لەبەرژەوەندی خەڵك بەکاری دەهێنێ!
٢/ ئەم پشتیوانیە جەماوەریەش بۆئەوەیە کە دواتر تابتوانێ ئەجندای سەرەکی سیاسی- ئابوری خۆی جێبەجێ بکات، کە لەئێستادا بەهیچ شێوەیەك بۆی مومکین نابێت. ئەویش ئەوەیە کە حکومەتی عەلی زەیدی دەیەوێ رێگریەکانی بەردەم ئابوری بازاڕ بەتەواوی لە عێراقدا هەڵگرێت و نەیهێڵێت. واتە وەکو رایانگەیاندوە دەبێ کۆتایی بە عەقڵیەتی سۆشیالیستی بهێنن، وەکو ئاماژەیەك بۆ ئەو خزمەتگوزاریە گشتیانەی خەڵك لە دەوڵەتەوە وەری دەگرن و داماڵینی دەوڵەت لەهەرجۆرە بەرپرسیارێتیەك بەرامبەر بە ژیان و گوزەران و سەلامەتی تەندروستی و تاد. خەڵك. بەدەستەوەگرتنی کەیسێکی زۆر گرنگ و هەوڵدان بۆ خۆجووتکردن لەگەڵ خواستێکی یەجگار گرنگی خەڵکی عێراق و کوردستان، ئەو دەرمانە ئارامکەرەوەوەیە کە حکومەتەکەی زەیدی دەیەوێ بیدات بە هاوڵاتیانی عێراق تا کاتێك دەست دەکات بە جێبەجێکردنی سیاسەتی تایبەتیکردنی تەواوەتی ئابوری عێراق، ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان دەستبەجێ نەتەقنەوەو ماوەیەك لەسەر بنەمای چاندنی وەهمێك بەرامبەر بە حکومەت، ئەو نارەزایەتیانە دوور بکەونەوە. واتە حکومەت پیویستی بەوەیە جۆرێك لە جێگیری سیاسی بەدەستهێنابێت و نارەزایەتیەکانی دژ بە حکومەتی تاڕادەیەك خاوو هێمن کردبێتەوە، کاتێك دەست دەبات بۆ ئەو هەنگاوانە..
٣/ جێخستنی ئابوری بازاڕ نەهێشتنی بەرپرسیارێتی دەوڵەت بەرامبەر بە ژیان و خزمەتگوزاریەکانی هاوڵاتیان، بەشێکە لە سیاسەتی ئابوری ئەمریکا و سندوقی قەرزی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی کە هەموویان لەلایەن ئەمریکاوە خاوەندارێتی دەکرێن. ئەوەش کاتێك گرنبگی پەیدادەکات کە ئەمریکا دەیەوێ ئابوری عێراق بە ئابوری ئەمریکا ببەستێتەوە. لە سەردانەکەی دوایی تۆم باراك بۆ عێراق و کۆبونەوە لەگەڵ عەلی زەیدی، بەڕوونی ئەوەی پێڕاگەیاندوە کە دەبێ حکومەتەکەی زەمینەکانی هاتنی سەرمایەی ئەمریکی و وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە کەرتە ئابوریە هەستیارەکانی عێراقدا مسۆگەر بکات. ئەوە مەرجێكی ئەمریکایە بۆ پشتیوانی لە حکومەتەکەی زەیدی و شلکردنەوەی فشارە ئابوریەکانی لەسەر عێراق و ئاسانکاری لە گەڕاندنەوەی داهاتی نەوتی فرۆشراوی عێراق لە بانکی فیدراڵی ئەمریکاوە. بەستنەوەی ئابوری عێراق بە ئەمریکاوە، وابەستەیی ئابوری عێراق بە ئێرانەوە کۆتایی پێدەهێنێت و کۆنترۆڵی تەواوی ئەمریکا بەسەر جموجوڵی دۆلار لە عێراقدا مسۆگەر دەکات و دەستی ئێران لە گەیشتنی دۆلاری عێراق کۆتا دەکات!
٤/ بێگومان هاتنی سەرمایەی ئەمریکی و گرێدانەوەی ئابوری عێراق بە ئەمریکاوە، پێویستی بە جێگیری سیاسی و ئەمنی لە عێراقدا و کەمکردنەوە یان نەهێشتنی هەژمونی سیاسی- چەکداری ئێران هەیە بەسەر عێراقدا. مەسەلەی داماڵینی چەکی میلیشیاکان کە حکومەتی زەیدی وەکو بەرنامەی دووەمی حکومەتەکەی بانگەشەی دەکات، وە قۆرخکردنی چەك تەنها لەدەستی دەوڵەتدا، بەپلەی سەرەکی رووی لە چەکی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانە. واتە دوو بەرنامەی سەرەکی حکومەتەکەی زەیدی ، دژایەتی گەندەڵی و داماڵینی چەکی میلیشیاکانی سەر بەئێران، هەردوکیان بەپلەی سەرەکی رووی لەوەیە کە پێداویستیەکانی بەستنەوەی ئابوری عێراق بە ئەمریکاوە دەستبەربکات.
ئەگەر دژایەتیکردنی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکاران و گێڕانەوەی پارەو سامانە دزراوەکان بەڕوواڵەت وەڵامدانەوە بێت بە خواستێکی خەڵکی عێراق و بەمەبەستی پەیداکردنی شەعبیەت بۆ حکومەتی زەیدەی، ئەوا پرسی چەکداماڵینی میلیشیاکانی سەر بەئێرانیش بە هۆکارێكێ دیکەوە جێبەجێ دەکرێت، ئەویش ئەوەیە کە بەپێی رێکەوتنامەی نێوان عێراق و ئەمریکا( و هاوپەیمانەکانی)، رۆژی ٣٠ی ئەیلولی ئەمساڵ بڕیارە هێزەکانیان لە عێراق بکشێنەوە و ئیتر هیچ بیانوویەك بۆ ئەو میلیشیایانە نامێنێتەوە کە بەناوی دژایەتیکردنی داگیرکاریەوە پێداگری لەسەر بوونی چەکداری خۆیان دەکەن. عەلی زەیدی رۆژی ٣٠ی ئەیلولی ئەمساڵی دیاریکردوە وەکو دوا مۆڵەت بۆ ڕادەستکردنی چەکی میلیشیاکان بە دەوڵەت!
هەڵبەتە جێبەجێکردنی ئەم پرسە هەستیارە، واتە داماڵینی چەکی گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران کارێکی ئاسان نیە. لەلایەکەوە بەشێکی زۆری ئەم گروپانە بەشی سەرەکی و کاریگەری حەشدی شەعبی پێکدەهێنن، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەکو دامەرزاوەیەکی سەربازی بەرەسمی ناسراوەو بودجە و مووچەی چەکدارەکانی لەلایەن حکومەتەوە خەرج دەکرێ! بێجگە لەوە، بەشێکی ئەو گروپانە باڵی چەکداری حزب و رێکخراوە سیاسیە شێعیەکانی ناو( چوارچێوەی هەماهەنگی) ین کە دەسەڵاتی تەواویان بەسەر عێراق و حکومەت و خودی عەلی زەیدیدا هەیە. بۆیە بەبێ پشتیوانیەکی شەعبی کە فشار بخاتە سەر سەرانی ئەو میلیشیایانە بۆ قبوڵکردنی ئەو بڕیارە، کارێکی سەخت دەبێت و ئەگەری روودانی شەڕ و پێکدادانی چەکداری هەیە. بۆیە پرسی شەڕی دژی گەندەڵی ئەو خێرەشی تێدایە بۆ حکومەت کە بەرگری سەرانی میلیشیاکان بەرامبەر بەخواستی دەوڵەت لاواز بکات و ناچار بە پاشەکشەیان بکات.

لە کۆتاییدا؛
ئەم حەملەیە لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران لە دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتیدایە. ئەمریکا ئەیەوێ لەم دۆخەدا گۆڵێك لە ئێران بکات و هەژمونی خۆی بەسەر دۆخی سیاسی عێراقدا زاڵ بکات و ئێران دووربخاتەوە. ئەگەر ئەمەش بۆی مەیسەر نەبێ، لانی کەم هەژموونی ئێران و کاریگەری میلیشیا سیاسی و گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران لە نائارامکردنی دۆخی سیاسی و ئەمنی بە زیانی ئەمریکا تائەوپەڕی کەم بکاتەوە.
هۆکاری ئەوەشی کە لایەن و کوتلەکانی سەر بە ئێران پشتگیری ئەم کەمپینە دەکەن ئەوەیە کە بە ئەگەرێكی زۆرەوە خۆیان لەم کەمپینە پارێزراودەبن و ڕێکارەکان تەنها بەرپرسە بچووکەکانی ناو لایەنە شیعییەکان یان گروپە سوننەکان بگرێتەوە، بەڵام سەرکردە گەورە و سەرەکییەکانی گەندەڵی پارێزراو دەبن و بەجۆرێکی دیکە درێژە بە بوونی خۆیان لەناو بەدەنەی تازەی دەوڵەت و حکومەتی داهاتووی عێراقدا دەدەن. لەلایەکی دیکەشەوە، هەوڵی ئەمریکا بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی بەسەر دۆخی سیاسی عێراق و دوورخستنەوەی نفوزی ئێران، لەبەر رۆشنایی ئەو دۆخە تازەیەی دوای شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیل دژ بە ئێران لە ناوچەکەدا هاتۆتە ئاراوە، جدی تر و لێبڕاوانەتر بووە و کارتی داهاتی فرۆشی نەوتی عێراق کە دەرژێتە ناو خەزێنەی بانکی فیدراڵی ئەمریکاوە، وەکو چەکێکی فشار لەم پرۆسەیەدا بەکاردەهێنرێت. ئەوەش فشارێکی گەورە لەسەر ئابوری عێراق دروست دەکات کە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیشی ناچارکردوە لەوبارەوە نەرمی بنوێنن و خۆیان بەجۆرێك لەگەڵ ئەم داوایەی ئەمریکادا، بە بڕێك خۆپارێزیەوە بگونجێنن!
هەڵبەتە جێبەجێبوون یان نەبوونی ئەم دوو پرسە، واتە بەردەوامبوونی حەملەی دژی گەندەلی و داماڵینی چەکی میلیشیاکان، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دۆخی ململانێێ نیوان ئەمریکا و ئێرانەوە. ئەگەر ئەمریکا بتوانێت لە پرۆسەی دانوساندانەدا ئێران ڕازی بکات بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەیەک کە رووی ئەمریکاو ترامپ سپی بکاتەوە، لەڕێگای پێدانی هەندێک ئاسانکاری ئابووری و لادانی گەمارۆ لەسەر نەوتی ئێران. ئەوا بەشێوەیەک میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێرانیش چەکەکانیان دادەنێن و تێکەڵی جەستەی حکومەت دەبنەوە. لەبەرامبەردا ئەمریکا پێگەیەکی ئابووری و سیاسی لە عێراقدا دەستدەکەوێت و ژینگەیەکی ئەمنی بۆ کۆمپانیا ئەمریکیەکان دابین دەکات. بەڵام ئەگەر ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران ئاڕاستەی دەستپێکردنەوەی بارگرژی و شەڕ بەخۆوە بگرێتەوە، کە هەڵسوکەوتەکانی رژێمی ئێران و هەڕەشەکانی ترامپ لە پەراوێزی کۆبونەوەی ناتۆ لە تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەست، ئاماژەیەکی لەوجۆرە نیشاندەدەن، ئەوا چارەنوسی بەناو چاکسازیەکانی عەلی زەیدیش وەکو ئەوانەی پێش خۆی دەبێت!
لەلایەکی دیکەوە پشتیوانی موقتەدا سەدر لەم حەملەیە و بانگەوازی لایەنگرانی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ پشتیوانی لەم هەنگاوەی عەلی زەیدی، بێجگە لەوەی پاکانەکردنی خودی موقتەدا سەدر و هێزە میلیشیاکەی و بەرپرسەکانیەتی لەناو پەرلەمان و حکومەتدا لەو تاڵانیەی کە لە ساڵانی ڕابردودا کردویانە، هاوکات وەکو فشارێکی بەرەی شێعەی وەکو خۆیان دەڵێن (نیشتمانی) دژ بەئێران، کە زیاتر لەپاڵ ئەمریکاو ووڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانی ئەمریکا خۆی دەبینێتەوە، لەسەر لایەنەکانی دەسەڵاتداری ناو حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی عێراقی سەر بە ئێران بەڕێوە دەبرێت.
ئەوەی جێگای سەرنجە، دەسەلاتدارانی پارتی ویەکێتی، کە لەدوای ساڵی ١٩٩٢ ەوە، سەرانیان و دەوڵەمەندان و خاوەن کۆمپانیاکانی نزیك لە خۆیان، سەدان ملیار دۆلاریان بۆخۆیان و مناڵ و نەوەکانیان پاشەکەوتکردوە، پیرۆزبایی لەم حەملەیەی زەیدی دەکەن! پێدەچێت لێبوردنی ئەمریکا لەم قۆناغەدا، دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی لەهەرجۆرە لێپێچینەوەیەك دەرباز کردبێت، چونکە هێشتا بەجۆرێك پیویستی پێیانە بۆ دابینکردنی ئارامی لە عێراق و سوریادا و عەلی زەیدیش بڕیاری لێبوردنەکە جێبەجێ بکات!
سەرەنجام، لەم دەرفەتەی هاتۆتەپیشەوە و خودی دەسەڵاتدارانی تاڵانچی و گەندەڵ دان بەوەدا دەنێن کە بە چ تاوانێکیان بەرامبەر بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی عێراقیان کردوەو چۆن قووتی مناڵانی ئەوانیان دزیوە، کە بێگومان سەرانی دەسەڵاتداری کودستانیش لەو تاوانە بەرامبەر بە خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان بێبەرین نین، بۆیە دەبێ خەڵکی عێراق و کوردستان رێگانەدەن ئەم دۆخە بەئاسانی بەسەریاندا تێبپەڕێت و کۆمەڵێك بکرێنە قوربانی و ئەوانی دیکە وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچن. ئەو ئەوهەوالانەی لەلایەن بەرپرسانی پێشوتری عێراقەوە سەبارەت بە ڕادەی ئەو پارەو داهاتەی خەڵک کە تاڵانکراوە، بڵاودەبێتەوە، بەڕوونی ئەوە نیشان دەدات کە ئەم دەسەڵاتدارانەی عێراق و کوردستان کە بە دەستگرتنی ئەمریکا کورسی دەسەڵاتیان پێبەخشرا، تا چ ئەندازەیەك دوژمنی خەڵکن، چ تاوانێکیان بەرامبەر بە خەڵکی عێراق و کوردستان ئەنجامداوە، لەکاتێکدا ئەوان بۆ نانی شەو موحتاجن و بێبەشن لەهەرجۆرە خزمەتگوزاری و خۆشیەکی ژیان!
کەواتە ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان و عێراق ئەمە بکەنە دەرفەت بۆئەوەی سەراپای بەرپرسانی حکومەتی بۆرژوازی عێراق و کوردستان و بەرپرسانی میلیشیایی و حزبە چەکدارەکان لە عێراق وکوردستان، کە هەریەکەیان دەستیان بەسەر چەندین چاڵە نەوت و کۆمپانیای بازرگانی و قاچاخچێتیدا گرتوە، بخەنە ژێر مەنگەنەی لێپیچینەوەو ئاشکراکردنی سامانەکانیان و دەستگرتن بەسەریدا. دەبێ رێژەی پارەو مومتەلەکانی تاڵانکراو بەشێوەیەکی شەفاف بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت و بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی عێراق وکوردستان و دابینکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان خەرج بکرێت. دەبێ سەرانی گەندەڵ و تاڵانچی روبەرووی سزای یاسایی بکرێنەوە.
بەڵام یەك ڕاستی لێرەدا خۆی بەرجەستە دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئەم حەملەیە زۆر بەئاسانی دەکرێتە بابەتی رێکەوتن و سازشی ژێربەژێر و تەنها بۆماوەیەك وەکو کەمپینێکی چەواشەکاری بەکاردەهێنرێت، ئەگەر بێتو جەماوەری فراوانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و کەمدەرامەت لە عێراق کوردستان پێنەنێنە مەیدانەوە. گومان لەوەدا نیە کە سەراپای سیستەمی سیاسی عێراق و کوردستان لەسەر بنەمای بەشبەشێنەی سیاسی- تائیفی- قەومی دامەزراوە کە گەندەڵی و تاڵانکردن بەشێکی بنەڕەتی پێناسە و جەوهەری دەسەڵاتەکەیە، بۆیە شەڕی تەواوەتی لەگەڵ گەندەڵی و تاڵانکاری، سەرەنجام بەناچاری دەبێ بەرەو هەڵتەکاندنی بنەماکانی ئەم سیستەمە سیاسیە مۆزایکی و بەشبەشێنە تائیفی و فیدراڵیە نەتەوەییە بڕوات. ئەم شەڕە عەلی زەیدی و ئەمریکا نایکەن، ئەوان ئەجندای سیاسی خۆیان هەیە. ئەم شەڕە دەبێ خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەت و بێبەشکراوی عێراق وکوردستان دەبێ بیکەن. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ بزوتنەوەیەکی گشتی فراوانی جەماوەری بەڕێبخرێ و رێگا نەدات یەك بەرپرسی گەندەڵ و دزو تاڵانچی لەو لێپێچینەوەیە رزگاری ببێت.
٧ی تەمووزی ٢٠٢٦

لێدوانێک بەجێ بهێلە