Home بیروڕالە کۆلۆسیۆمی ڕۆمەوە بۆ یاریگاکانی ئەمڕۆ: ئایا ئێمە هێشتا کۆیلەین

لە کۆلۆسیۆمی ڕۆمەوە بۆ یاریگاکانی ئەمڕۆ: ئایا ئێمە هێشتا کۆیلەین

by admin
0 کۆمێنتەکان 19 بینینەکان

دلێر محەمەد تاهیر:
بەپێی ئامارەکانی فیفا، تێچووی ساڵانەی پیشەسازیی تۆپی پێ لە جیهاندا نزیکەی ٦٠٠ ملیار دۆلارە. بۆ ئەوەی قەبارەی ئەم ژمارەیە تێبگەیت، بەسە بزانیت کە ئەم بڕە پارەیە لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانەی وڵاتانی سویسرا، ئەرجەنتین، تایلەند و نەرویج زیاترە.
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)، بۆ کۆتاییهێنان بە برسێتی لە جیهاندا، پێویست بە تەرخانکردنی ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ ملیار دۆلار هەیە، هەروەها بۆ بنەبڕکردنی نەخۆشییە کوشندەکانیش تەنها ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ ملیار دۆلار بەسە.
ئێستا با لە خۆمان بپرسین: ئێمە ڕۆژانە و شەوانە خەریکی چین؟ سەیری چی دەکەین؟
پێشتر تۆپی پێم بە “گلادێتۆر”ەکان بەراورد کردبوو؛ ئەو کەرنەڤاڵەی لە سەردەمی ڕۆمەکاندا نەریتێکی ڕۆژانەی خەڵک بوو. لەو گۆڕەپانانەدا، هەزاران کەس کۆدەبوونەوە تا چێژ لە خوێنڕشتنی کۆیلەکان ببینن، کە ناچار دەکران تا مەرگ زۆرانبازی بکەن، یان بە درندەکان بدرێن.
جیهانی نوێی لیبرالیزم بە هەمان شێوەیە؛ ملیۆنان مرۆڤی برسی، نەخۆش و داماوی کردووەتە بینەری یاریی تۆپی پێ. ئەگەر ئەو بودجەیەی بۆ تۆپی پێ تەرخان دەکرێت، بۆ ڕزگارکردنی ژیانی ملیۆنان مرۆڤ بەکاربێت، ئایا جیهان لە شوێنێکی باشتر نابێت؟ ئەمە ئەبسوڕترین چالاکیی مرۆڤە لەم سەدەیەدا، کە منیش خۆم بەدەر نیم لێی.
دڵنیام ڕۆژگارێک دێت، نەوەکانی داهاتوو بە گاڵتەجاڕییەوە دەڕواننە عەقڵی ئێمە، کە چۆن نەمانتوانیوە کێشە چارەسەرنەکراوەکانی سەر ئەم گۆی زەوییە بەو سامانە زەبەلاحە چارەسەر بکەین کە تەنها بۆ سەرقاڵکردن و “ئۆپێۆم”کردنی مرۆڤ بەکارمان هێناوە. تۆپی پێ کلتوور و زانست نییە، تەنها سەرقاڵکردنی مرۆڤە بە شتێکەوە کە هیچ بەرهەمێکی نییە، جگە لە چێژێکی کاتی وەک دانس و خواردنەوەیەک. کەی جیهان لەم ئەحمەقییە ڕزگاری دەبێت؟
هەژماری داتاکان ترسناکترن: ڕۆژانە نزیکەی ٤٠٠ هەزار یاریی تۆپی پێ لە جیهاندا ئەنجام دەدرێت (بە لەبەرچاوگرتنی هەموو تیپە پیشەییەکان). ئەگەر هەر یارییەک بە تێکڕا تەنها ٢٠٠٠ کەس بیبینن، ئەوا ڕۆژانە ٨٠ ملیۆن کەس سەرقاڵی ئەم تۆپەن.

لێدوانێک بەجێ بهێلە