بەهار عەلی، هەڵسوڕاوی ژنان و سەرۆکی رێکخراوی “ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی”، دوای ئەوەی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بە دەنگی بەرز بەرگری لە مافەکانی ژنان کرد، بە سکاڵای چەند مەلایەك لەلایەن دادگای كەتنی هەولێر یاداشتێك ئاراستەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان کرا بۆ دەستگیرکردنی. ئەم هەنگاوە هەوڵێکی ڕوونە بۆ دەمکوتکردنی دەنگی ژنان، بۆ دژ بە هەر رەخنەیەك لە فرەژنی، لە پیاوسالاری، بۆ دژ بە هەر دەنگێکی بەرگریکار لەمافەکانی ژنان.
لە رۆژی ١٥/٧/٢٠٢٦، بەهار عەلی لەبەردەم دادگا ئامادە بوو و دوای لێکۆڵینەوە بەکەفالە ئازاد کرا. ئەم بڕیارە بووە هۆی ناڕەزایەتی فراوان لە ژنان، پیاوان و رێکخراوە یەکسانیخواز و ئازادیخوازان لەسەر ئاستی جیهان، کە دەنگیان بەرز کردەوە بۆ دژایەتی ئەم دەستگیرکردنە و بە دژی هەوڵی دەمکوتکردنی دەنگی هەڵسوڕاوانی ژنان.
تاوانی بەهار عەلی ئەوەیە کە دەڵێت ژن کەرامەتی هەیە و نابێت بە کۆیلەی پیاوسالاری بکرێت، دەڵێت ژنان نابێت فرەژنی قبوڵ بکەن، دەڵێت ژنان دەبێت لە توندوتیژی، سوکایەتی، تەشهیر و دەستدرێژی پارێزراو بن. ئەو تاوانبار نییە تاوانبار ئەوانەن کە دەنگی ژنان دەمکوت دەکەن و سوکایەتی بە بنەمای کۆمەڵگا دەکەن.
بەهار عەلی یەکێکە لەو هەڵسوڕاوانەی لە کاتی هێرشەکانی داعش بەرگری لە ژنان و منداڵانی ئێزیدی کرد. داعش گرووپێکی تاوانبار و توندرەوە کە بە شێوەیەکی بێڕەحمانە دەستدرێژی، کوشتاروفرۆستن بەجەستەی کچان و بردن بۆ کۆیلەی جنسی کردووە. بەهار عەلی دەیان کەمپین و هەوڵی بێوچانی داوە بۆ پاراستن و داکۆکی لە ژنان و کچەکان. ئەم کارە تاوان نییە، ئەوە ئازایەتی خەباتی ئەوە بۆ بەرگری لە مافەکانی ژنان.
بەهار عەلی بەردەوام کار دەکات بۆ دۆسیەکانی ژنان، بۆ دۆزینەوەی کچە بێخێزانەکان. تاوانی بەهار عەلی ئەوەیە کە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بەرز کردەوە لە اتی بزوتنەوەی ژینا ئەمینی بۆ ئازادی ژنان لە کوردستان و ئێران.
دۆخی ژنان لە کوردستان لە ماوەیەکی درێژدا لەژێر سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکی پیاوسالار، سوکایەتی، توندوتیژی خێزانی، کوشتنی ژنان ، دەسدرێژی سێکسی، تەشهیر و دەمکوتکردنی دەنگی سیاسی بووە. دەسەڵات لە کوردستان بە شێوەیەکی سیستەماتیك دەنگی ژنان سەرکوتدەکەن، هڵسوڕاوان دەستگیردەکەن، دۆسیەکانی توندوتیژی خیزانی دەمکوت دەکەن، بکوژانی ژنان بە سزای گونجاو ناگیرێت و پاساوی بۆ دەهێننەوە، بەڵام هڵسوڕاوانی ژنان راپێچی دادگا و دەستگیر دەکەن. ئەمە سیستەمێکی دژ بە ژنانە، نەک یاسایەکی دادپەروەرانە.
لە ڕووانگەی بەرگری لە مافەکانی ژنان و ئازادی بیرۆڕاو رەخنە دەربڕینەوە، ئێمە دەڵێین: هیچ شتێك موقەدەس نییە، مرۆڤ نەبێت. مافەکانی مرۆڤ، مافەکانی ژنان، مافەکانی ئازادی، ئەوانەن کە دەبێت پارێزراو بن، نە دەمکوتکردن. هەر سیستەم و دەسەڵاتێك کە خۆی بە موقەدەس دەزانێت و مرۆڤ دەمکوت دەکات، سیستەمێکی دژایەتییە.
بەرگری لە مافەکانی ژنان تاوان نییە، بەرگری لە مافەکانی ژنان بنەمای ئازادی، بنەمای کۆمەڵایەتی دادپەروەرانەیە. ئازادی ژنان پێوەری ئازادی کۆمەڵگایە. ئەو کەسە تاوانبارە کە دەنگی ژنان دەمکوتدەکات، نە ئەوانەی بەدەنگی بەرز داکۆکی لەمافەکانی ژنان دەکەن.
شەرم بۆ دەسەڵاتی سیاسی هەرێم کە لەبری دەستگیرکردنی مەلاو بەکرێگیراوەکان، دەست درێژ دەکاتە سەر ژنان و هەڵسوڕاوانی ئازادیخواز. ئەم هەنگاوە هەوڵێکی ڕوونە بۆ دەمکوتکردنی دەنگی ژنان، بۆ دژ بە هەر رەخنەیەک، بۆ دژ بە هەر خەباتێک بۆ یەکسانی و ئازادی. دەسەڵات دەبێت بزانێت دەمکوتکردنی دەنگی ژنان دەمکوتکردنی کۆمەڵگایە، و هیچ دەسەڵاتێك ناتوانێت دژ بە خەباتی ژنان بۆ مافەکانیان بۆ ئازادی تاسەر بڕوات.
ئێمە لە رێکخراوی ژنانی کوردو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بەتەواوی توانا و بەڕوونی لەپال بەهار عەلی راوەستاوین. هەر هەوڵێك بۆ داسەپاندنی زۆرەملێی یاسا بەدژی دەنگی ژنان و دژ بە ئازادی بیرۆڕا، بەدژی مافەکانی ژنان دەزانین. هەر هەوڵێك بەئاراستەی دژایەتی مافەکانی ژنان لەگەڵ ناڕەزایەتی و رقی توندی ئێمە ئازادێخوازان رووبەڕوو دەبێتەوەو ئامادەشین وەك هەمیشە بۆ راکێشانی پشتیوانی رێکخراوەکانی ژنان و هەڵسوڕاوانی داکۆکیکار لەمافەکانی ژنان و ئازادیخوازان لەسەراسەری جیهان دژ بەهەر هەنگاوێك ببینەوە کە بەرامبەر بە هەڵسوڕاوانی ژنان لە کوردستان دەکرێت.
پێویستە حوکمی دادگای کەتنی هەولێر لەڕای گشتی کوردستان و جیهاندا لەقاو بدرێ و ڕێگا نەدرێت دەستی کۆنەپەرستان و دەسەڵاتداران بۆ سەر ماف و ئازادیەکانی ژنان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی ژنان درێژ بێت
ڕێکخراوی ژنانی کوردو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٢٠/٧/٢٠٢٦
بەهار عەلی تاوانبار نییە، تاوانبار سیستەمی دەمکوتکردنی دەنگی ژنانە!
8
