ئەمساڵَیش 17-7-2026 وەك ساڵانی رابردوو, لە یادی 24 ساڵەی دەست بەكاربوونی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا ICC كۆمەڵێك چالاكی جۆراو جۆرمان ئەنجامدا لە شارەكانی هەڵەبجە, چەمچەماڵ , كەركووك, هەولێر, سلێمانی و رزگاری و … .
لە چالاكییەكاندا بەیاننامەی تۆڕی KONCICC خوێنرایەوە , سەردانی نووسینگەی پەرلەمانی عێراق كرا, داواكاری بە ئەندام بووونی عێراق لەو دادگایە كرا.
هەروەها پشتگیری لەو هەڵمەتە جیهانییە كرا بۆ بەخشینی نۆبڵی ئاشتی بە ICC كرا, كە ئێستا لە بەردەم هەڕەشەی تووندایە.
ئەم دادگایە تاكە زەمانەتە بۆ رێگری لە جینۆسایدیدكردنی گەلەكەمان لە ئایندە, لە كۆی چالاكییەكاندا سوپاسی ICC و OPCW كرا, تایبەت بەو هەموو خزمەتەی پێشكەش مرۆڤایەتیان كرد لە بەرەو رووبونەوەی چەكی كیمیای و جینۆساید, كە ئێمەی خەڵكی كوردستان قوربانی یەكەمی ئەو تاوانەین لە جیهاندا.
لە یادی 28 ساڵەی رۆژی دادپەروەری تاوانكاری جیهانیدا
یاداوەری, راستی, دادپەروەری
پەیماننامەی ڕۆما كە 27 ساڵ لەمەوپێش و لە 17-7-1998 بریاری لەسەر دراوە, تا ئێستا چەندین جار هەمواركراوەتەوە و 24ساڵ لەمەوپێش و لە یەكی یۆلی 2002 ەوە دەستی بەكار كردووەو 124 دەوڵەت پەسندی پەیمانامەكە و دادگاكەیان كردووەو هەنووكە ئەندامن تیایدا.
عێراق لە رێكەوتی 15-2-2005 بەو ڕێككەوتنەوە پەیوەست بووە، بەڵام بێ هیچ ڕوونكردنەوەیەك دوای دوو هەفتە پاشەكشەی لێكردووە.
24 ساڵە ئەم دادگایە بەهەموو كەموكوڕیەكان و ئەو رەخنانەی لێی گرتراوە بۆتە بەربەستێك تا رادەیەك هەستپێكراو لەبەردەم ئەنجامدانی تاوانە زەقەكان و تا رادەیەك كەمكردنەوەیان, لەم پێناوەدا ئێمە زیاتر لە 21 ساڵە بێ پسانەوە كار بۆ بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی دەكەین.
لە یادی 28 ساڵەی بڕیاری پێكهێنانی دادگاكەو 24 ساڵەی دەست بەكار بوونی و رۆژی دادپەروەری تاوانكاری جیهانی, وەك گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە, لە هەموو گەلانی دیكە زیاتر پێویستمان بە دادگایەكی جیهانی وا هەیە بۆ ئەوەی رێگری بكات لە تراژیدییەكانی رابردوو و هەڕەشەی دوژمنكارانەی دەرەكی, بۆیە داواكارین:
– عێراق پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات و بە زووترین كات پەیوەست بوونی خۆی بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی رابگەیەنێت, بۆ ئەوەی دڵنەواییمان بداتێ عێراقی ئەمڕۆ و ئایندە جیایە لە عێراقی تاوان و جینۆسایدی پێشوو, بۆ ئەم مەبەستە پێویستە پەرلەمانی عێراق بە رۆڵی خۆی هەڵبستێت و فشار بكات بۆ ئەندامبوونی عێراق لەم دادگایە.
– حكومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق فشار بخەنە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان 258 تۆمەتباری ئەنفال دادگایی بكرێن, ئەوانەشی ناویان لە لیستەكەدا نییە و بەشداری تاوانیان كردووە زیاد بكرێن.
– حكومەتی عێراقی هەموو ئەوانەی وەك تۆمەتبار ناویان لە كەیسەكانی جینۆسایدی خەڵكی كوردستان و عێراق هاتووە دادگایی بكات, لیستەكانیان رێك بخاتەوە بەناوی چواری و ناوی دایك و بیداتە پۆلیسی ئەنتەرپول.
– حكومەتی عێراقی قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیانی رژێمی پێشوو بكاتەوە بێ جیاوازی, لە داوای لێبوردن كردن لێیان و قەرەبووی مادی بێجیاوازی.
– حكومەتی عێراقی پێشوازی لە هیچ كەسێك نەكات لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە داواكراو بێت, یان گومان لێكراوبێت بەو تاوانانەی لە تایبەتمەندی دادگای ناوبراوە.
– پەلە بكرێت لە هێنانەوەی روفاتی قوربانیانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و پشكنینیان بۆ بكرێت بۆ ناسینەوەیان, بۆ ئەم مەبەستە پەلە بكرێت لە هێنانەوە روفاتەكانی پزیشكی دادوەری .
– دادگاییكردنی حەجاج هەنگاوێكی گەورە بوو بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانیان, دەبێت ببێتە دەستپێكی دادگاییكردنی سەرجەم تۆمەتبارانی تاوانبارانی پرۆسەی ئەنفال و كەیسەكانی دی بێجیاوازی.
تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی
Kurdish organizations Network coalition for the International Criminal court (KONCICC)
17-7-2026






