Home بیروڕالە ١٨یەمین ساڵیادی تیرۆری سۆرانی مامە حەمەدا: تیرۆر، لوتکەی مایەپووچیی دەسەڵاتی سەرکوتگەرە

لە ١٨یەمین ساڵیادی تیرۆری سۆرانی مامە حەمەدا: تیرۆر، لوتکەی مایەپووچیی دەسەڵاتی سەرکوتگەرە

by admin
0 کۆمێنتەکان 9 بینینەکان

بەکر عوسمان:  
لە یادی سۆرانی مامەحەمەدا، یادەوەریی ڕۆژنامەنووسێکی بوێر بەرز ڕادەگرین، هاوشانی بەرزڕاگرتنی ناوی ڕۆژنامەنووسە بوێرەکەمان. لە پشتی خەرمانی تاوانەکانی تیرۆر و سەرکوتی دەسەڵاتەوە ڕاستییەک هەیە، کە حزبەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی، خۆیان داهێنەر و سەرچاوەی ئەم سیستمە گەندەڵ و نادادپەروەرەن. ڕاستییەک دەیسەلمێنێت ئەم دەسەڵاتە خۆی ئەندازیاری نادادپەروەری و دروستکەری ئەم سیستمە گەندەڵەیە. ساڵانێکە دەیانەوێت بە زەبری سەرکوت و بێدەنگکردن ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان بشارنەوە.
تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە، تاوانێکە دژ بە مافی سەرەتایی کۆمەڵگەی کوردستان، تاوانێکە دژ بە مافی قسەکردن، مافی ڕەخنەگرتن و مافی زانینی ڕاستی. ئەو تاوانە گەورەترین بەڵگەی مایەپووچیی سیاسی و ئەخلاقیی ئەو هێز و حزبانەیە کە لە پشتی سیاسەتی سەرکوت، تیرۆر و تۆقاندن و خۆسەپاندنەوە وەستاون.
کاتێک دەسەڵاتێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەخنە، ناڕەزایەتی، نووسین و قسەکردن، پەنا بۆ فیشەک و زیندان و سەرکوت دەبات، ئەوە نیشانەی هێزی ئەو نییە، بەڵکو لوتکەی لاوازی، شڵەژان و ترسیەتی لە ڕاستی و ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان. تیرۆری دەنگە ئازادەکان، دانپێدانانێکی ئاشکرایە بەوەی کە دەسەڵاتی کوردی و حزبەکانی، هیچ پڕۆژەیەکیان لە هەگبەدا نییە بۆ قایلکردنی کۆمەڵگەی کوردستان. بۆیە دەیانەوێت بە زمانی چەک و سەرکوت مانەوەی خۆیان بسەپێنن. ئەم ڕەفتارە، لە ڕاستیدا خاڵی کۆتایی شەرعییەتی جەماوەری و سیاسیی ئەم حوکمڕانییەیە. مێژوو سەلماندوویەتی بیروباوەڕ و ماف بە گوللە کۆتاییان نایەت، بەڵکو زیاتر بڵاودەبنەوە و لە هۆشی کۆمەڵگادا ڕیشە دادەکوتێ.
پەیامی سۆران، هاوارێک بوو بۆ ئازادی و دادپەروەری و شەفافییەت. بانگەوازێک بوو بۆ دژایەتی گەندەڵی و پاوانکاری. ئەم پەیامە هێشتا زیندووە، چونکە هۆکارەکانی بوونی هێشتا لە کۆمەڵگادا هەن.
ڕێگای ئێمە، بەردەوامی خەباتی دەنگە ئازادەکانە. درێژەدان بە خەبات لە پێناو ژیانێکی باشتر، مافە سەرەتاییەکان و ئازادییە گشتییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردستانە. خەباتی ئێمە بۆ ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی بەردەوامە و لەگەڵ پەیامی سۆرانەکان هەمیشە زایەڵەی دێت. بەرگریکردن لە پەیام و کاروانی سۆرانی مامە حەمە و هاوڕێکانی، شیوەنکردن نییە بۆ ڕابردوو، بەڵکو بەردەوامبوونی خەباتە لە پێناو داهاتوودا.
ئەمڕۆ، دوای تێپەڕبوونی ١٨ ساڵ بەسەر ئەم تاوانەدا، بکوژان و بڕیاردەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە لە هیچ دادگایەک ڕووبەڕووی سزا و یاسا نەبوونەتەوە. ئەم دەربازبوونە لە سزا، پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی سیستمی دادوەری و سیاسییەوە. بەڵام دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە ئەم دۆسییەیە بە کراوەیی دەمێنێتەوە و هەرگیز داناخرێت، تا ئەو کاتەی تیرۆریستان و ئەوانەی لە پشتی تیرۆرەکەوە وەستاون بە سزای عادلانی خۆیان دەگەن و لە دادگایەکی بێلایەندا حوکم دەدرێن.
سۆرانی مامە حەمە تیرۆر کرا بۆ ئەوەی دەنگی ڕاستی بێدەنگ بکرێت، بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی و ئازادییەکانی خەڵک بمرێنرێن و ئازادییەکان سنووردار بکرێن. بەڵام تیرۆر نەیتوانی پەیامەکەی بکوژێت. ئەمڕۆ ناوی سۆران و سەردەشت و کاوە و ویداد بووەتە هێمای ڕاستگۆیی، ئازادی و ئازایەتی. بەڵام ناوی ئەوانەی فەرمانی تیرۆریان دا و پشتیوانییان لێکرد، لە لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوودا تۆمار بووە.
پەیامی سۆران هێشتا زیندووە، چونکە خەبات بۆ ماف، ژیان و ئازادی لە کوردستان هێشتا کۆتایی نەهاتووە. ئەوە ئەرکی هەموومانە بە یەکگرتوویی و ئیرادە، بەرگری لەو بەهایانە بکەین و درێژە بە خەباتێک بدەین کە ئامانجی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد، دادپەروەر و شایستەی مرۆڤە. کۆمەڵگایەک کە هیچ دەنگێکی ئازاد، بە هۆی بیر و باوەڕی سیاسی، جارێکی تر نەبێتە ئامانجی تیرۆر و سەرکوت.

بەرز و بەڕێز بێت یادی هەمیشە زیندوو و خەباتی نەپساوەی سۆرانی مامە حەمە
سەرشۆڕی و نەمان بۆ تیرۆریستان و دەسەڵاتی سەرکوتگەر

2026-07-20

لێدوانێک بەجێ بهێلە