نووسینی: عەبدوڵا مەحمود 
لەسەر داوای ترەمپ، عەلی زەیدی سەردانی کۆشکی سپی و دۆنالد ترمپ و بەشێک لە گەورە بەرپرسانی ئەمریکای کرد. ئامانج لە بانگهێشتکردنی زەیدی بۆ کۆشکی سپی، دەکرێت وەکو هەوڵێکی ئیدارەی ئەمریکا بۆ هاوسەنگ راگرتن و دوبارە چاوخشاندنەوە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا، لێک بدرێتەوە.
ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣دا، لەچوارچێوەی ستراتیجیەتێکی تایبەتدا، کە ئامانج لێی ئارایشدانەوەی دنیای دوای جەنگی سارد بوو، توانی رژێمی بەعس بروخێنێت، بەڵام لەجێگای ئەوەی بتوانێت دنیا بە خواستی خۆی سازبداتەوە و عێراق بخاتە ژێر هەژموون و چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، لەلایەکەوە لەگەڵ ناکامی لە ئامانجە ستراتیجیەکانی لە ئاستی ناوچەکەو دنیاو لەلایەکی تریشەوە لەعێراقدا نەک هەر ناکام مایەوە، بەڵکو ژینگەی خوڵقاند بۆ باڵادەستی ئیران بەسەر عێراقدا. لەوکاتەوە تا ئێستا عێراق بۆتە یەکێک لە گۆرەپان و ململانێی نیوان ئەمریکا و ئێران و باڵادەستی ئیران بەسەریدا.
بۆیە ئامانجی ئەمریکا لەپەیوەندی لەگەڵ عێراق و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەر کابینەیەکدا، لەپیش هەموو شتێکدا، راستکردنەوەی باڵانس و هەوڵێکە بۆ قەرەبووی ئەو شکست و ناکامیەی لە عێراقدا رووبەرووی بۆتەوە. ئەمریکا بە کەڵک وەرگرتن لە ئامادەیی سەربازی و هەواڵگری دەستێوەردانی بەردەوامی سیاسی خۆی لەعێراقدا، دەیەوێت رۆڵ و باڵادەستی ئێران لە عێراقدا لاواز بکات. ئێرانیش بە هەژموون و باڵادەستی سیاسی بەسەر حکومەتەکانی عێراق و دەستوەردانی لە وڵاتانی ناوچەکدا، دەیەوێت بەوێنەی بلۆکێک رووبەرووی سیاسەت و نەخشەکانی ئەمریکا بێتەوە. ئەم ململانێیەی نیوان ئەمریکا و ئێران، بەتایبەتی لە عێراقدا بەجێگایەک گەیشتووە، کە ئاساییبوونەوەی پەیوەندی نیوان ئەمریکا و عێراق، تا رادەیەکی زۆر گرێی بە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئیرانەوە خواردووە. لە ماوەی دوو دەهەی رابردوودا، ئەمریکا ناکام ماوەتەوە لەوەی بتوانێت بەو ئامانجەی بگات و رۆڵی ئیران و باڵادەستییە سیاسییەکەی بەسەر عێراقدا، لاواز و کەنار بخات.
بوونی عەلی زەیدی بە سەرۆک وەزیرانی عێراق و پشتیوانی ئەمریکا بۆی، درێژکراوەی پشتیوانی ئەمریکایە لە کازمی و سودانی و بەهەمان ئامانجی پێشووی کە هەوڵە بۆ لاوازکردنی پیگە و باڵادەستی ئیران بەسەر عێراقدا.
عەلی زەیدی کە بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و بە پشتیوانی راستەوخۆی ئیران لە چوارچیوەی هەماهەنگی” هیزە شیعیەکانی” عێراق، پۆستی سەرۆک وەزیرانی پێدراوە، ناچارە هەوڵی راگرتنی باڵانس لە نێوان ئیران و ئەمریکا بدات. عەلی زەیدی لەلایەکەوە ئەولادی ناتەبایی هیزە سیاسی و بەتایبەتی شیعەی سیاسی عێراق و لەلایەکی ترەوە داشی دامەی نێوان ململانێی نێوان ئەمریکا و ئیرانە، دەیەوێت بە نیشاندانی جیاوازی لە کابینەکانی پێش خۆی، دەورەیەکی تازە لە عێراقدا دەست پێبکات. دەورەیەک کە لەپێش هەموو شتێکدا، دەیەوێت دەسەڵاتی شکستخواردووی دوو دەهەی رابردووی شیعەی سیاسی، دابپۆشێت، کە راستەوخۆ خزمەت بە سیاسەتی ئیران دەکات.
دەستبردنی بۆ دۆسیەی تاڵانی و دزی و گەندەڵی و لێپرسینەوەی لەبەشێک لە بەرپرسە حكومیەکان و دەستگیر کردنیان، یەکێک لەو هەنگاوانەیە کە لە رێگایەوە دەیەوێت نارەزایەتی قوڵی جەماوەری بەدژی تاڵانی و دزی زیاتر لەدوو دەهەی رابردوو، ئیحتیوا بکات و خۆڵ بکاتە چاوی جەماوەری نارازی عێراق و بزوتنەوەی دژ بە دزی و گەندەڵی. هاوکات بە بەدەستەوەگرتنی دۆسیەی داماڵینی چەک لەدەستی هێزە میلیشیاییەکان و کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەتدا، کە ویست و گوشاری ئەمریکای لە پشتە، دەتوانێت تا ڕادەیەک گوشارەکانی ئەمریکا لەسەر عێراقدا کەم بکاتەوە، کە ئامانجێکی تری عەلی زەیدییە. دیارە ئەمریکاش لە هەنگاوێکی ئاوا کەڵک وەردەگرێت و تیچووەکەی لەسەر ئەمریکا کەم دەکەوێت، بەبەراورد بە هێرش و جەنگ بۆسەر هێزە چەکدارەکانی عێراق.
بانگهشتکردنی زەیدی لەلایەن ترمپەوە، بە پلەی یەکەم بۆ پشتیوانیەتی لەم هەنگاوەو هاوکات دەرگا خستنە سەر پشتە بۆ سود وەرگرتن لە وزەو سامانی عێراق و خستنە گەری وەبەرهێنانی کۆمپانیاکان. لەوەش زیاتر کردنەوەی دەروازەی نوێ بۆ گواستنەوەی وزە و نەوت، بەتایبەتی کە گەروی هۆرمز، لەدۆخی ئیستادا نائارام و پڕ کێشەیە. ڕێکەوتن بۆ نۆژەنکردنەوەی بۆری عێراق- سوریا، وەکو ڕێرەوێکی نەوت و گواستنەوەی وزە، لە جێگای گەروی هۆرمز، لەو چوارچێوەیەدایە.
دەتوانین بڵێین، چ عەلی زەیدی لە پەیوەندی و سەردانی بۆ ئەمریکا بەدوای بەرژەوەندییەکی تایبەتی و چ ئەمریکا بەدەرگا خستنە سەرپشت بۆ عەلی زەیدی بەدوای ئامانجی تایبەتی خۆیەتی و هەردوو لاشیان پێویستیان بەو پەیوەندییە هەیە.
بۆ عەلی زەیدی رزگارکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی عێراق و بەتایبەت شیعەی سیاسی لە نارەزایەتی و جەماوەری ناوخۆیی و نیگەرانی ناوچەیی و جیهانی، و کەمکردنەوەو دوورخستنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا لەسەر عێراق، ئەو ئامانجانەن لەچوارچیوەی بەرژەوەندیەکانیدا. بۆ ئەمریکاش سنوردارکردن و لاوازکردنی هیزە میلیشییایەکان و کەڵک وەرگرتن لە وزە و نەوتی عێراق و کردنەوەی دەروازەی نوێی گواستنەوەی وزە، ئامانجێکی گرنگ لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی ئێستایدا پێک دەهێنێ.
دیارە نە ئەمریکا دەتوانێت عێراق بەئاسانی و بەتەواوەتی لە ژێر هەژموونی ئیران دەربهێنت و نە ئیرانیش دەتوانێت تاسەر هیز و لایەنی باڵادەست و بریار بەدەست لە عێراقدا بێت، بۆیە عێراق وەکو گۆرەپانێکی مەیدانی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئیران دەمێنێتەوە. ئاساییبوونەوەی پەیوەندی عیراق و ئەمریکاش، بەبێ ئاسایی بوونەوەی و ڕیکەوتنی نیوان ئەمریکا و ئیران، یەکجار سەخت و پڕ گرفت و کیشەیە.
لە ململانێی نێوان ئەمریکاو ئیراندا چ لە ئاستی عێراق و چ لەناوچەکەدا، ئەوە چینی کرێکار و جەماوەری بەشمەینەتن کە باجەکەی دەدەن. بۆیە ئەرکێکی چینی کریکار لە عێراق و ناوچەکەدا ئەوەیە کە خوازیاری کۆتاییهێنان بە دەستیوەردان و ملهوری و ئەمریکا و چوونەدەرەوەی هیزەکانی بێت، لەگەڵ دەستهەڵگرتنی جمهوری کۆنەپەرستی ئیران لە دەستوەردان لە دۆخی سیاسی عێراقدا.
کۆتایی تەموزی ٢٠٢٦
