موحسین کەریم: 
سەردانەکەی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ تاران، ڕاستەوخۆ دوای گەڕانەوەی لە ئەمریکا، روداوێکی سادە و ئاسایی نیە، بەڵکو دوو پەیامی سیاسی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتوە. یەکەمیان ئەوەیە کە هێشتا دۆخی سیاسی عێراق و شێوازی حوکمرانی و دامێنی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق لەناو ئەڵقەی کاریگەری و هەژمونی ڕاستەوخۆی هەریەکە لە ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئێراندایە. هێشتا عێراق نە وەکو دەوڵەت و نە وەکو دەسەڵاتێکی سیاسی، نەیتوانیوە لەژێر هەژمونی و کۆنترۆڵی سیاسی ئەو دوو دەوڵەتەدا دەربچێت و بەپێی چەمکە سیاسیە بۆرژواییەکان وەکو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری هەڵسوکەوت بکات لە پەیوەندیە سیاسی و ئابوری و دیپلۆماسی و ئەمنیەکاندا لەگەڵ ئەو دوو دەوڵەتەدا! بۆیە بەناچاری بڕیارە سیاسیەکانی دەبێت هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندیەکانی ئەو دوو دەوڵەتەدا ڕابگرێت! مەسەلەی دوەمیش ئەوەیە کە لەم دۆخەی شەڕی نێوان ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، هەر بەپێی ئەو پێگە تایبەتەی کە عێراق لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا هەیەتی، دۆخێکی هەستیاری بۆ دروستکردوەو ڕاستەوخۆ کاریگەری جەنگەکە و لێکەوتەکانی لەهەموو بارێکەوە بەسەریدا دەشکێتەوە. عێراق هیچ بژاردەیەکی نیە کە لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا بێلایەنی سیاسی هەڵبژێرێت، وەکو عەلی زەیدی ڕایدەگەیەنێ کە گوایە عێراق نابێتە بەشێك لە ململانێ و جەنگی نێوان ئەمریکاو ئێران و سیاسەتی بێلایەنی پەیڕەو دەکەن!
بەپێچەوانەی سوریا و یەمەن و لوبنانەوە، کە هیچکام لە ئەمریکاو ئێران، وەکو دوو دەوڵەتی خاوەن هەژمونی سیاسی روبەرووی یەك نەوەستابوون، لە عێراقی دوای ٢٠٠٣ و روخانی سەدام، عێراق ڕاستەوخۆ بووە ئەو ناوچەی لێکەوتنەی کە دەورو نەخش و هەژموونی هەریەکە لە ئەمریکاو ئێران تێدا روبەرووی یەکتر بونەتەوە. ئەمەش وایکردوە کە بەردەوام پرسی دەسەلات و حکومەت لەناو ئەڵقەی ململانێ و رێکەوتنی ناڕاستەوخۆی ئەو دوو دەولەتەدا یەکلایی بێتەوە. تەنانەت وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی لەلایەن خودی عەلی زەیدیەوە بەبێ ئەوجۆرە لە رێکەوتن مومکین نەبوو. بۆیە عەلی زەیدی و حکومەتەکەی هیچ بوارێکیان بۆ مانۆڕی سیاسی لەدەرەوەی ئەو چوارچێوەیەدا نیە!
عەلی زەیدی لەوە تێدەگات کە کاتێك سەردانی ئەمریکا دەکات بەمەبەستی دەستەبەرکردنی پشتیوانی ئەمریکا بۆ حکومەتەکەی ، دەبێ ئیمتیازاتی سیاسی و ئابوری بە ئەمریکا بدات. دەبێ هەوڵ بدات هەرچی زیاتر عێراق لە ئەمریکا نزیك و لە ئێران دووربخاتەوە. ئەمریکا دەتوانێ لەرێگای کۆنترۆڵکردنی داهاتی فرۆشی نەوتی عێراقەوە، گرفتی جدی بۆ حکومەتی زەیدی پێکبهێنێت. دەبێ زەیدی دەرگای عێراق بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکیەکان لە بواری نەوت و گاز و ژێرخانی ئابوری عێراقدا بکاتەوە. دەشزانێ کارێکی لەو جۆرە بەبێ دابینکردنی هەلومەرجێکی ئارامی ئەمنی و سیاسی بۆ بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی ئەمریکا لە عێراقدا مەیسەر نابێت. کارێکی لەوجۆرەش بەبێ رەزامەندی ناڕاستەوخۆی ئێران لەتوانادا نیە.
ئێران لەڕێگای هەژمونی سیاسی و چەکداری بەسەر لایەن و گروپە شێعەکاندا، چ ئەوانەی وەکو رێکخراوو حزبی سیاسی خۆیان دەناسێنن و کۆنترۆڵی دەسەڵاتی سیاسی عێراقیان بەدەستەوەیە و چ ئەوانەی کە گروپی چەکدارین، دەتوانێت دۆخی ئەمنی و سیاسی عێراق بشێوێنێ و دۆخێکی نالەبار بۆ بەرژەوەندی ئەمریکاو کۆمپانیاکانی دروستبکات. تەتانەت لە ئەگەری توندبوونەوەی زیاتری شەڕی نێوان ئەمریکاو ئێراندا کە ئایندەی مانەوەی رژێمی ئێران بخاتە مەترسیەوە، دوور نیە عێراق ببێتە مەیدانێکی جەنگەکەو تەنانەت حکومەت و عەلی زەیدیش لەبەریەك هەڵوەشێننەوە. ئەمریکا ئەم تایبەتمەندیەی دەسەڵات و حکومەتی عێراق و ئاستی تواناییەکانی لە مامەڵە لەگەڵ ئێران و نفوزی ئێراندا لەبەرچاوگرتوەو عەلی زەیدی لەئێستادا دەرفەتی مانۆری سیاسی پێدراوە لەناو چوارچێوەی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێراندا.
بەوجۆرە سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆتاران، ڕاستەوخۆ دوای گەڕانەوەی لە ئەمریکا و بینینی ترامپ و وەزیری جەنگەکەی، بۆدڵنیاکردنەوەی تارانە کە خۆی و حکومەتەکەی لەناو ئەو ئەڵقەیەدا دەجوڵێینەوە کە بۆیان دیاریکراوە. بۆئەوەیە بە تاران بڵێت کە پەیوەندیەکەمان لەگەڵ ئەمریکادا تەنها پەیوەندی ئابوری و وەبەرهێنانە بەرامبەر بە کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازی ئەمریکا لە عێراقدا کە خواستێکی ئێرانیشە. هاوکات ئەو پەیوەندیە لەسەر حسابی زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیە ئابوری- سیاسی و ئەمنیەکانی ئێوە نیە و بەهیچ جۆرێك عێراق نابێتە سەکۆیەكی ئەمریکی- ئیسرائیلی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. ئێرانیش لەوە دەگات کە حکومەتی زەیدی، هەروەکو چۆن ناتوانێ بکەوێتە بەرامبەر ئەوەوە، بەوجۆرەش ناتوانێ روبەرووی فشارە ئابوریەکانی ئەمریکا ببێتەوە، بۆیە دەرفەتی پێداوەو ئامۆژگاریکراوە کە لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوکەوت بکات! لەکۆتاییدا، سەردانەکەی زەیدی لەم دۆخەدا بۆ ئێران بۆ پێشکەشکردنی ئەستۆپاکی خۆیەتی بەرامبەر بە ئێران کە لەپشتی ئەوەوە خەریکی کارێکی دیکە نیە، تا یاریەکەی لێ تێك نەدات!
عەلی زەیدی لەنێوان واشنتۆن و تاران دا!
7
