Home بیروڕائەو دیوەکەی کەمپینی زەیدی لە دژی گەندەڵی

ئەو دیوەکەی کەمپینی زەیدی لە دژی گەندەڵی

by admin
0 کۆمێنتەکان 4 بینینەکان

ڕێبوار ئەحمەد: 
لەماوەکانی ڕابردودا عەلی زەیدی وەکو قارەمانی دژی گەندەڵی هاتە مەیدانی سیاسەتەوە، کەمپینێکی بچوک بەڵام هەرایەکی گەورەی بەرپاکرد، گوایە ڕیشەی گەندەڵی دەردەهێنێ و بەزەبری چەک داهاتی بەتاڵانبراوی ئەم کۆمەڵگایە دەگێڕێتەوە بۆ خەڵک. بێگومان سەرچاوەی هەموو داهاتی سەرمایەداران تاڵانکردنی هێزی کارە، بەڵام مەبەستی ئەم کەمپینە ئەو داهاتەیە کە هەتا بە قانونی بورژوازیش بە تاڵان هەژمار دەکرێت. ئەوەی جێگای داخە ئەم کەمپینە خۆشباوەڕیەکی یەکجار زۆری لەناو خەڵکدا دروستکرد، تەنانەت پشتیوانی زۆر لایەنی سیاسی بەدەست هێنا. خۆشباوەڕی تەنانەت گەیشتە ئەو ئاستەی کە ئەم قارەمانە دەیەوێ و دەتوانێ ئەو ترلیۆنەها دۆلارەی بە تاڵان براوە لە تاڵانچیان وەربگرێتەوە، بەمەش کەمێک باری شانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و مەینەتیە بێسنورەکانیان کەم دەبێتەوە.
هەر لەسەرەتاوە ئەم کارەی زەیدی هیچ گومانێکی هەڵنەدەگرت، ئەمە تەنها خۆراکی پڕوپاگەندەیەک بوو بۆ بەرگرتن لە توڕەیی و نائومێدی خەڵک بەرامبەر ئەم سیستەمە تا سەرمۆخ کۆنەپەرست و گەندەڵ و ستەمکارە و کابینە یەک لەدوای یەکەکانی. توڕەیی و نائومێدی خەک بە جێگایەک گەیشتبوو کە دەبوایە ئارام بکرێتەوە. زەیدی هات و دەستی خستە سەر یەکێک لە زەقترین و ڕیسواترین لایەنە قەبیحەکانی ئەم سیستەمە کە توڕەیی خەڵکی بە لوتکە گەیاندوە، ئەویش گەندەڵیە. وای نیشاندا کە بەر بەم ئۆقیانوسە لە تاڵانوبڕۆ دەگرێت. ئێستا کە ماوەیەک بەسەر ئەم کەمپینەدا تێپەڕیوە و خاوبوەتەوە و دەکرێت بڵێین بەرەوکۆتایی دەڕوات، زۆر ئاشکرایە کە زەیدی ڕێک پێچەوانەی ئەوکارەی کرد کە پڕوپاگەندەی بۆ دەکرد. ئەوەی زەیدی کردی بەقوربانیکردنی کۆمەڵێک فەریکە گەندەڵی زۆر بچکۆلە بوو بۆ ڕوسپیکردنی گەندەڵکارە زەبەلاحەکان. کۆمەڵێک ئەندام پەرلەمان و بەرپرسانی پلە دوەم و سێیەم و خوارتری دەسەڵاتی کرد بە قوربانی، بۆئەوەی خەڵکی وا بزانن گەندەڵکار و تاڵانچیە زل و زەبەلاحەکان لە پرۆسەی پشکنینی گەندەڵی بێبەری دەرچون. واتە ئێستا دەبێ خەڵک لۆمەی خۆیان بکەن کە بارزانیەکان و تالەبانیەکان و مالکیەکان و عەبادیەکان و عەلاویەکان و حەکیمەکان و ئەوانی تریان بە دز و گەندەڵی زەبەلاح زانیوە؟! چونکە ئەوەتا کەمپینی لێپرسینەوە بەرپاکراو لێکۆڵینەوە ئەنجام درا و کەس بەوانی نەوت پشتی چاوتان برۆیە؟ لەکاتێکدا کە ڕون و ئاشکرا ئەمانە و ئەمسالەکانیان هەموو داهاتی ژێر زەوی و سەرزەوی و ئاسمانی ئەم کۆمەڵگایەیان بەتاڵان بردوە.
داهاتی نەوت و گومرک و سەکتەرەکانی دیکە بەجێگای خۆی، هیچ کۆمپانیا و پرۆژەیەکی وەبەرهێنان و خانوبەرەو کارگە و نەخۆشخانەی تایبەت و بازرگانی نیە کە ئەگەر ڕاستەوخۆ هی ئەم زاتانە و حزبەکانیان نەبێت، لانی کەم ٥٠%ی هی ئەوانە. بەم دواییانە تەنانەت پرۆژەی ڕوناکی و ئاوی ماڵان و سوتەمەنی و هەژماری من و هەموو شتێکیان لە خزمەتگوزاریەوە گۆڕی بۆ بیزنس و تاڵانی ڕاستەوخۆ بۆ خۆیان. کەچی وەکو فەزل و خزمەت بە خەڵکی دەفرۆشنەوە. دیارە ئەمانە بە گەندەڵی هەژمار ناکەن.
ئەوە بە گەندەڵی هەژمار ناکەن کە بەبێ خستنەڕوی تەندەر بۆ هەرزانترین نرخ، یەک کیلۆمەتری ڕێگاوبان بە نرخی دەبەرابەر لەسەر حکومەت دەدەن بە کۆمپانیاکانی خۆیان. ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و خۆراک و دەرمان و بیمەی تەندروستی و پەروەردە و خویندن ..و..هەموو ئەوانی تر هەر بەهەمان شێوە. ئاخر کەمپینی گەندەڵی ئەگەر دەست بۆ دزە زەبەلاحەکان و کازمی و سودانی و وەزیرەکان و سەرۆک کۆمارەکان کە غەرقی دۆلارن، نەبات، چۆن دەکرێت ناوی دژە گەندەڵی لێبنرێت؟! لەم کەمپینەدا کە گوایە زەیدی کون بە کون بە دوای ملیۆنە دینار و دۆلاردا دەگەڕی، ئەی بۆ بەدوای ملیارەها و تەنانەت دەیان و سەدان ملیار و بگرە ترلیۆنە دۆلارەکاندا ناگەرێ کە دروست ئەم تاڵانیەیە خەڵکی نوقمی نەهامەتی کردوە. گەندەڵە گەورەکان ئەوانەن کە بە ملیار دۆلاریان تاڵان کردوە. ئایا هیچ گومان لەوە هەیە کە تالەبانی و بارزانیەکان، مالکی و عەبادیەکان، عەلاوی و حەکیمەکان، کازمی و سودانی و سەرۆک کۆمارەکان، هیچ کامیان تەنانەت بە نۆرمی تاڵانگەرانەی بورژوازیەش نەبونەتە خاوەن ئەو هەموو سەدان ملیار و بگرە ترلیۆنە دۆلارانە؟!
هەموو ئەوانەش بەجیگای خۆی، بەڵام سودی ئەو چەند قەترە دۆلار و دینارەی لە گەندەڵکارە بچوکەکان وەرگیراوەتەوە بۆ خەڵک چی بوو؟! ئەگەر گێڕانەوەی پارەی دزراو نەکاتە هیچ زیادکردنێکی کرێی کرێکار و موچەی فەرمانبەر و بیمەکان و خزمەتگوزاریەکان و باشکردنی ژیانی خەڵک، سودی چیە؟! ئەگەر زەیدی نەتوانێت لەم ڕوانەوە هیچ باشبونێک لە ژیانی خەڵک پێکبهینێت، کە پێکی نەهێناوە، کەوایە ئەمە هیچ نیە جگە لە هەوڵی گەوجاندن. داهاتەکە تەنها لە نێوان تاڵانچیەکاندا دەستاودەست دەکات.
لەڕاستیدا لەپاڵ ئەم فڕوفیشاڵەوە، کابینەکەی زەیدی کارنامەیەکی سەرەکی تری بۆ دانراوە. زەیدی بریارە ببیتە قارەمانی بەرەوپێشبردنی سیاسەتێکی نیولیبراڵیزم. ئەوەی لەپشتی کەمپینە فریودەرانەکەی ئلە دژی گەندەڵی خۆی مەڵاسداوە، جگە لە خۆڵ کردنە چاوی خەڵک و پاکانە بۆ گەندەڵە زەبەلاحەکان دەکات، زەمینەسازیە بۆ دەرکێشانی شانی دەوڵەت لەژێر هەر جۆرە بەرپرسیارێتیەک بەرامبەر ژیان و گوزەران و چارەنوسی خەڵک. ئەمەیە کارنامەی سەرەکی کابینەکەی زەیدی. ئەو دەیان گریبەستەی کە لەپاڵ ئەم کەمپینە فریودەرەانەوە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکیەکان ئیمزای کردوە، بنەمای تاڵانوبڕۆیەکی زۆر گەورەی کۆمپانیاکانە بۆ قازانجی سەرمایەکانیان لەسەر حیسابی نەهەماتی و نەگبەتی لەڕادەبەدری خەڵکی عیراق. ئەمە سیاسەتێکە دەیەوێ هەموو بوونونەبوونی خەڵک بسپیرێت بە بازاڕی چاوچنۆکی سەرمایە. لەسایەی ئەم دۆخەدا خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دەبێ چەند هێندەی ڕابردوو ڕابکەن و عارەق بڕێژن، بۆئەوەی فریای دانی خەرجی خۆراک و کارەبا و ئاو و سوتەمەنی و پیداویستیە هەرە سەرەتاییەکانی ژیان و ئەو هەموو باجە بکەون کە دەوڵەت سەپاندویەتی بەسەریاندا. ئەگەر ئەندامێکی خێزانەکەشیان نەخۆش کەوت، دەبێ ئەو سەرپەنایەی بە ساڵەها ڕەنج و میحنەت پەیدایان کردوە، بفرۆشن و بیخەنە دەستی نەخۆشخانە تایبەتەکانی ئەم گەندەڵە زەبەلاحانەوە. ئەگەر وا نەکەن تەنانەت ناتوانن تەرمی نەخۆشە مردوەکانیشیان وەرگرنەوە.
بەڕاستی ئەمە نمایشێکی زۆر فریوکارانەیە کە هەموو گەندەڵە دەسەڵاتدارە گەورەکان لەڕێگای کابینەکەی عەلی زەیدیەوە بەڕێوەی دەبەن. لەپاڵ هەراوهوریای دژی گەندەڵیەوە، خەریکە خەڵکی عێراق بۆ ناو ڕەوەندێک ڕاپێچ دەکرێن، کە ژیانیان زۆر دژوارتر و کارەساتبارتر دەکات و لە بێدەرەتانی و نەهامەتیدا نوقمیان دەکات. دزە بچووکەکان بۆیە دەگرن تا دزە زەبەلاحەکان پارێزراوبن و کاری خۆیان بکەن. بەڵام پڕۆژەی سەرەکی ئەم کابینەیە کە خەریەکە لەبەرچاوی خەڵک شیرینی دەکەن، ئەوەیە کە دەوڵەت خۆی لە هەرجۆرە بەرپرسیارێتیەک بدزێتەوە کە لە ڕابردودا بەرامبەر خەڵک هەیبووە. ئیتر خەڵک خۆی بەرپرسیارە لە هەموشتێکی خۆی، دەوڵەت دەوڵەتی کۆمپانیاکانە و تەنها لە بیری ڕەخساندنی دەرفەتی گەورەترە بۆ کەڵەکەی سەرمایە و قازانجی ئەوان لەسەر حیسابی بێدەرەتانی زیاتر بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش. یەک زەڕە ژیان و گوزەران و تەندروستی خەڵکی بۆ گرنگ نیە. وابڕوات دەستگرتن بەسەر لاشەی مردوەکان، لەبەر ئەوەی کەسوکار قەرزی نەخۆشخانە تایبەتەکانی خودی دەسەڵاتدارانیان پی نادرێتەوە، لە حاڵەتەوە دەبێت بە دیاردە.
راگرتن و ناکامکردنەوەی ئەم ڕەوەندە زاڵمانەیەی سەرمایە، ڕاپێچکردنی گەندەڵە زەبەلاحەکان بۆ لێپرسینەوە، ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی و گێڕانەوەی تریلیۆنها دۆلاری دزراو و بەومەرجەش کە بکرێتە خەرجی ژیان و گوزەران و تەندروستی و خزمەتگوزاریەکی تەسەل بۆ کرێکار و فەرمانبەر و جەماوەری زەحمەتکێش، نە تەنیا خەباتێکی فراوانی جەماوەری و لێبڕاو، بەڵکو شۆڕشێکی پێویستە. مەیدانی نەبەردی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش بەڕێخستنی ئەو خەبات و شۆڕشەیە، نەک فریوخواردن بە قارەماننمایی عەلی زەیدی و ئەمسالەکانی کە هیچ نیین جگە لە کارمەندێکی سیستەمی تا سەرمۆخ گەندەڵی سەرمایەداری.

کۆتایی تەموزی ٢٠٢٦

لێدوانێک بەجێ بهێلە