عامر سابیر: 
لە کوردستاندا دامەزراوەی ڤیم (ڤیم فاوندەیشن) کە لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە لە سلێمانی دامەزراوە، ڕێکخراوێکە بە خۆی ئەڵێ ناحکومی و سەربەخۆ! بەڵام ئەم ڕێکخراوە بەهرەمەندە لە پشتیوانی ملیاردێرەکانی زۆنی سەوز، لەپێشیانەوە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی. هەر سەفیر و باڵوێز و میوانێکی بیانی بچێتە سلێمانی، ئەبێت ببرێتە ئەم (ڤیم فاوندەیشن)ە. بافڵ لە سەردانێکیدا بۆ ئەم ڕێکخراوە، وتی “کاک قوباد ئەڵێ کە لە حکومەت تەواو بووم دێم لێرە کارئەکەم”.
هەروەک چۆن لە ئەمریکا و ئەوروپا، لە کاتێکدا کێشەی سەرەکی چینی کرێکار و خەڵکی ئەو وڵاتانە بریتییە لە فراوانی قڵشتی چینایەتی و نایەکسانی ئابووری و کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان و فراوانکردنەوەی هەژاری، بەڵام فاشیزم بەیارمەتی بلوێنێرەکان، ئەیانەوێ زهنی کۆمەڵگا بەلاڕێدا بەرن و کۆکچکردوان بە سەرچاوەی هەموو کێشەکان وەسف ئەکەن.
بەهەمانجۆر لە کوردستانیشدا لە کاتێکدا کێشەی سەرەکی چینی کرێکار و کۆمەڵگای کوردستان قڵشتی فراوانی چینایەتی و نایەکسانی ئابووری و سەپاندنی هەژاری و تاڵانی سەروەتی کۆمەڵگایە لەلایەن دوو بنەماڵەوە، کەچی ئەم (ڤیم فاوندەیشن)ە چەواشەکاری ئەکات و ئەیەوێت ژمارەی هاوڵاتیانی (عەرەب زمان) و کڕینی شوقە و گوایە گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان، بکاتە کێشەی سەرەکی خەڵکی کوردستان و لەم ڕێگەیەشەوە ئەیانەوێ تاڵانی و قاچاغی نەوت و بوونە بلوێنێری خۆیانی پێ پەردەپۆش بکەن.
لە ١٤ی جوڵای ٢٠٢٦دا دامەزراوەی ڤیم لە سلێمانی، دیبەیتێکی بۆ ئەبوبەکر هەڵەدنی و یاسین مەحمود ڕەشید ڕێکخست بە ناونیشانی (کوردستان لەبەردەم گۆڕانی دیمۆگرافیدا). ئەمانە لە تێری قسە ئەکەن و لە وشکی ئەخەون. ئەبوبەکر کە کۆنە ئەندامی پەرلەمانی سەر بە یەکگرتووی ئیسلامییە، وە ئیستا گوایە چاودێری سیاسییە، مووچەی مانگانەی خانەنشینێکەی دەیان هێندەی موچەی کارگوزارێکە. هەروەها (مەلا سامانی)ش بەخۆی ئەڵێ بەرهەمهێن و بۆتە سەرمایەدار و پارەی تاڵانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ئەچەرخێنێ.
لە کوردستاندا کە دەسەڵاتی تاڵانچی و جوت بنەماڵە و شەریکەکانیان، ژیانی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کردووە بە دۆزەخ و خزمەتگوزاری گشتیان لە خاڵی سفر نزیککردۆتەوە و مووچەی خەڵک ئەبڕن و ئەیدزن و کردوویانە بە وەرزی و بێکاری و هەژارییەکی بێوێنەیان خوڵقاندووە. ئەگەر پرسیار لە هەر کاسب و دوکاندار و خاوەن عارەبانەیەک بکەی، ئەڵێن ئەو جوڵە کەمەی کە لە بازاڕدا هەیە، هی ئەو (عەرەب)انەیە کە لە کوردستاندان.
ئەبوبەکر و مەلا سامان، قسەیەکیان لە سەر قڵشتی چینایەتی و تاڵانی و هەژاری و بێکاری نەبوو، کەچی لە هەردوولاوە فاشیزمیان پەخش ئەکردەوە و سەرچاوەی هەموو کێشەی خەڵک و کۆمەڵگای کوردستانیان بە بوونی عەرەب و کڕینی شەقە پاساوئەدا.
ئەمانە قسەیەکیان لەسەر بێهیوایی و بێکاری و کۆچی بەلێشاوی گەنجانی کوردستان نەبوو! وە ئەمەیان بە گۆڕینی دیمۆگرافی لە کۆمەڵگای کوردستان وەسف نەکرد! کەچی خەفەتباری ئەوە بوون کە ژمارەی دانیشتوانی کورد لە کوردستان لەکەمبوونەوەدایە و بۆ ئەمەش ئەبوبەکر هەڵەدنی پێشنیاری نەوەخستنەوەی زیاتری کرد لە ڕێگەی پەرەدانی زیاتر بە هێنانی چوارژن! وە مەلا سامانیش بۆ خۆجووتکردنی لەگەڵ ئەم پێشنیارە دژی ئینسانی و دژە ژنەدا، وتی بۆ زانیاریتان من خۆم دوو ژنم هەیە و هەشت نەوەم خستۆتەوە!
قسەکانی هەڵەدنی لە مینبەری دەسەڵاتداران و ملیاردێرەکانی کوردستانەوە، شەپۆلێکی گەورەی لە ڕەگەزپەرستی و گەشانەوەی فاشیزمی لە کۆمەڵگای کوردستاندا بەدوای خۆیدا هێنا. هەندێک کەس لە تۆڕەکۆمەلایەتییەکاندا وێنەی پرۆفایلی خۆیان کرد بە وێنەی هەڵەدنی، تەنانەت هەندێ کە شاعیری دەربارن کە مووچەی قەبە لە دەسەڵاتداران وەرئەگرێ و شانازی بە بڵاوبوونەوەی وێنەی خۆی لەگەل سەرۆکی حکومەتە بەسەرچووەکەی ئیستادا (مەسرور بارزانی) ئەکات، وێنەی هەڵەدنی بڵاوکردەوە و داوای لێبووردنی لێکرد لەوەی لە رابردوودا هەڵە لێی تێگەیشتبوو. هەندێ شاعیری دەربار لە ژێر بیانووی دژایەتی کۆنەپەرستی ئیسلامدا، کەوتۆتە باوەشێنکردنی فاشیزمی ئەو کوردایەتییەی مووچەی قەبەی بۆ دابینکردووە و لە گوڵ کاڵتری پێ نەوتووە، کەچی لە زاری نووسەرێکی ترەوە سوکایەتی بە هەموو عەرەب کرد و کەوتبووە گەشانەوە و جوڵاندنی هەستی نەتەوەپەرستی و فاشیزمی کوردایەتی.
لە کاتێکدا دەسەڵاتداران فاشیزم و کوردایەتییەکەیان باوەشێن ئەکەن لە کوردستاندا، کە بۆ ئەوەی قڵشتی چینایەتی لەبیری خەڵک ببەنەوە. هەر خۆیان برای گیانی بەگیانین لەگەل گەندەڵکاران و تالانچیانی شوێنەکانی تری عێراقدا. هەر خۆیان بە لێشاو و بە دۆنم زەوی شارەکانی کوردستان و خانوو ئەبەخشنە دۆستە تالانچییەکانیان لە شوێنەکانی تری عێراق. تالانچیان خۆیان دۆستی گیانی بەگیانی ڕژێمی فاشیستی تورکیان و عەقدی پەنجا ساڵییان لەگەڵ بەستوون و بوونەتە چاوساغ و پێشلەشکریان. هەر خۆیان لە شارەکانی کوردستاندا پرسەی تاوانبارانی وەک (قاسم سولێمانی و حەسەن روحانی و خامنەیی) گەرم ڕائەگرن، هەر خۆیان ئاڵا و وێنەی سەرۆکە فاشیتەکەی تورکیا (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان)یان لەسەر قەڵای هەولێر بە بیانووی پووچی پرۆتۆکۆڵی نێودەوڵەتی بە گەورەیی دانا و ستایشیان کرد.
کرێکاران و زەحمەتکێشان لە هەرکوێی دنیا بن، یەکچارەنووسیان هەیە. سەرمایەدارانیش لەهەر کوێی دنیا بن، بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە. کێشەی سەرەکی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان؛ قڵشتی چینایەتی و نایەکسانی ئابووریە، گرانی و سەپاندنی دەیان جۆر باجە، بێکاری و کۆچی گەنجانە، نەبوونی خزمەتگوزارییە، نەبوونی ئاو و کارەبا و بەنزین و نەوتە، نەبوونی یاسا کارێکی پێشکەوتووخوازانەیە، نەبوونی مووچە و ستەمکاری و سەرکوتی سیاسییە، تاڵانی و ملهوڕی دەسەڵاتدارانە، نەک هەبوونی عەرەب و کڕینی شوقە.
٣٠/٧/٢٠٢٦
