Home بیروڕاپەکەکەو چارەنوسێکی تراژیدی!

پەکەکەو چارەنوسێکی تراژیدی!

by admin
0 کۆمێنتەکان 7 بینینەکان

موحسین کەریم!
دوای ڕاگەیاندنەکەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا بەوەی ئۆجەڵان بێتە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت، کە لەلایەن ئۆردوگانیشەوە پشتیوانی لێکرا و بانگەوازی ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە, سەرەنجام ئەو پرۆسەیەی کە دەوڵەتی تورکیا بە “تورکیای بێ تیرۆر” و ئۆجەلان و پەکەکەش بەناوی” ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیك” ناوی دەبەن، بەوە گەیشت کە رۆژی ٥ی ئەم مانگە، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بە پرۆژەیەکی ١٢ خاڵی لەژێرناونیشانی:” پرۆژە یاسای بەهێزکردنی هاوپشتی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵگا”! پێشکەشی پەرلەمان بکرێت. بڕیارە سبەینێ ١٠ی ئابی ٢٠٢٦ لە کۆبونەوەی ئاسایی پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت!
خاڵە سەرەکیەکانی پرۆژەکە تەرخانە بۆ چەکدانانی پەکەکەو هەموو ئەو رێکخراوەو پێکهاتەو گروپانەی کە پێوەی پەیوەستن و کۆتاییهاتن بە هەڵسوڕانی سیاسی و چەکداری پەکەکە و پێکهاتەو درێژکراوەکانی لەژێر چاودێری و پەسەندکردنی دامەزراوە ئەمنیەکانی تورکیادا. چەکەکان دەبێ ڕادەستی لیژنە ئەمنیەکانی دەوڵەتی تورکیا بکرێ کە لە کوردستانی عێراق جێگیر دەبن بۆ ئەو مەبەستە!
بەرامبەر بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و ڕادەستکردنی چەک و پەسەندکردنی لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی تورکیاوە، چارەنوسی دەستگیرکراوان و زیندانە سیاسیەکانی پەکەکە، ئەوانەی کە تاوانی کوشتنیان ئەنجام نەداوە یان سزای هەتاهەتایی نەدراون، لەناو پرۆسەیەکی ٥- تا ١٠ ساڵی تاقیکردنەوەدا گوزەر دەکات کە لەژێر چاودێری دەزگای “میت” دا دەبن و ئەگەر لەوماوەیەدا هیچ تاوانێك نەکەن، سزاکەیان لەسەر هەڵدەگیرێت! هەروەها دوای بڵاوکردنەوەی بڕیاری پەیوەندیدار لە گۆڤاری فەرمیدا، ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە یاساکە سوودمەند بن دەبێت لە ماوەی ٦ مانگدا داواکاریی نووسراو پێشکەش دەکەن. لێرەدا تەنانەت چارەنوسی چەکدارانی پەکەکە دیار نیە کە ئایا دەتوانن بچنەوە ناو تورکیاو ژیانی ئاسایی و مەدەنی دەست پێبکەنەوە!؟ ئایا دەتوانن چالاکی سیاسی بکەن!؟ وەکو ڕاگەیەنراوە ئۆجەلان و نزیکەی ٢٠٠ سەرکردەی پەکەکە ناتوانن لەو یاسایە سوود وەربگرن!
ئەگەرچی ئەم پرۆسەیە، لەلایەن ئۆجەلان و پەکەکەوە ناوی لێنراوە “پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیك” بەڵام لەڕاستیدا پرۆسەی کۆتاییهێنانە بە هەڵسوڕانی سیاسی- چەکداری پەکەکەو رزگاربوونی دەوڵەتی تورکیایە لە سەریەشەیەکی سیاسی- ئەمنی- ئابوری کە پەکەکە بۆی دروست کردوە. هەڵپەی باخچەلی نەتەوەپەرست و شۆڤێنی و ئۆردوگانی فاشیست و دژە ئازادی و سەرکوتگەری هەرجۆرە دەنگێکی نەیاری سیاسی خۆی و دەسەڵاتەکەی، بۆ رێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلان لە زیندانەوە، بۆئەوە نیە کە کۆمەڵگای تورکیا بەرەو دیموکراسی بەرن و دامێنی ئازادیە سیاسیەکان فراوان و مافی هاوڵاتی یەکسان بۆ هاوڵاتی کوردزمان دەستبەربکەن، بەڵکو لەژێر کاریگەری دۆخی سیاسی و ئەمنی سەربازی ناوچەکەدا، دەیەوێ لە سازدانەوەی هاوکێشە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەکانی ناوچەکەدا وەکو یاریزانێکی هەرێمی خاوەن بڕیار جێگابگرێت! ئەوەش بەبێ چارەسەری پرسی پەکەکە لەتوانادا نابێت، چونکە کەیسی پەکەکە دەتوانرێ وەکو کارتێکی فشار لەلایەن دەوڵەتە نەیارەکانی تورکیاوە بەکاربهێنیرێ و یاریەکەی لێ تێک بدەن!
لەڕاستیدا ئەم پرۆسەی بەناو ئاشتیە، پرۆسەی کۆتاییهێنانە بە بوونی سیاسی- چەکداری و خۆڕادەستکردنی پەکەکەیە، هەر بەو مانایەش لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ناوی لێنراوە پرۆسەی” تورکیای بێ تیرۆر”! چونکە بەپێی ئەزمونە مێژووییەکان، پرۆسەی رێکەوتنی زۆریك لە گروپە چەکدارەکان لەگەڵ دەوڵەتەکانیاندا، بەوجۆرە بەڕێوە نەچووە. بۆنمونە ریکەوتنی نێوان بزوتنەوەی( فارك) ی چەپگەرای کۆلۆمبیا و دەوڵەت ساڵی ٢٠١٦، رێکەوتنی بزوتنەوەی مائۆیستی نیپاڵ و حکومەتی نیپاڵ ساڵی ٢٠٠٦ ، رێکەوتنی نێوان بزوتنەوەی ئیسلامی فلیپین و حکومەتی ئەو ولاتە ساڵی ٢٠١٤..تاد، دوای ئەوەی ئاگربەست ڕاگەیەنراوە، چەکەکان ڕادەستی نەتەوە یەکگرتوەکان کراوەو پرۆسەکە لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکاندا چووەتە پێشەوەو ئاکامەکەشی بە بەشداری ئەو هێزانە گەیشتوە لە ژیانی سیاسی ئەو ووڵاتانەدا و بەدەستهێنانی کۆمەڵێك ماف و دەستکەوتی سیاسی بووە بۆ خەڵکی ئەو ناوچانەش. تەنانەت رێکەوتنی نێوان رژێمی بەعس و بزوتنەوەی بارزانی ساڵی ١٩٧٠ نمونەیەکی رێکەوتنی سیاسی نێوان دەوڵەت و بزوتنەوەیەکی چەکداری نەیاری بوو! بەڵام ئەم بەناو رێکەوتنەی نێوان دەوڵەتی تورکیا و ئۆجەلان- پەکەکە لەژێر چاودێری هیچ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتیدا بەڕێوە ناچێت و دەبێ چەکەکانیان ڕادەستی دەزگا ئەمنیەکانی تورکیا بکەن. نەك هەر ئەوەندە بەڵکو سەرکردەکانیشیان ناتوانن بچنەوە تورکیاو و ئەندامانی پەکەکە، ئەوانەی دەتوانن بگەڕێنەوە مافی چالاکی سیاسیان پێنادرێ و لەژێر چاودێری میتی تورکیدا دەبن و لێبوردنێکی گشتیش بۆ زیندانیەکان و بۆ چەکدارەکانی پەکەکە دەرناکرێ، تەتانەت وەکو ئەو لیبوردنە گشتیەی رژێمی بەعس دەریکرد بۆ چەکدارەکانی بزوتنەوەی بارزانی و بگرە زۆریك لە بەرپرسەکانیان لە دوای شکستی بزوتنەوەکەشدا لە ساڵی ١٩٧٥دا!
بەوجۆرە ئەوەی لەنێوان تورکیا و ئۆجەلان- پەکەکەدا رودەدات، نەك رێکەوتن نیە لەنێوان دوو لایەندا کە دوای ساڵانێکی زۆر لە شەڕ و کوشتار و وێرانکاری بەو ئاکەمە گەیشتوون دەستبەرداری جەنگ بن و رێكەوتنی سیاسی بکەن! لەم پرۆسەیەدا دەوڵەتی تورکیا هەموو شتێکی دەست دەکەوێ، بەڵام پەکەکە و خودی ئۆجەلان نەك هیچیان دەست ناکەوێ، بەڵکو وەکو لایەنێکی تیرۆریست لەروانگەی دەوڵەتی تورکیاوە کۆتاییان پێدێت! ئەو هەزاران قوربانیەی لەناو ریزەکانی پەکەکەداو گوایە بۆ رزگاری کورد کرانە قوربانی و ئەو هەموو زیندانی و وێرانکاریەی روبەروی خەڵکی تورکیاو خەڵکی کوردی تورکیا بوەوە، هەمووی لەچوارچێوەی کۆتایی تیرۆردا دەچیتە ناو مێژووی سیاسی تورکیاوە! بێگومان خەڵکی کوردستانی تورکیاش نەك هیچی بەنسیب نەبوو، بەڵکو چەوساندنەوەی نەتەوایەتی و کێشەی کورد لە تورکیا بەشێوازی دیکە بەردەوام و درێژەی دەبێت!

لێدوانێک بەجێ بهێلە