Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانیگەندەلی سیستەمە بە ئامرازی گەندەڵ جەنگی گۆڕینی ناکرێت!

گەندەلی سیستەمە بە ئامرازی گەندەڵ جەنگی گۆڕینی ناکرێت!

by admin
0 کۆمێنتەکان 7 بینینەکان

ئەوەی تائێستە لە پرۆسەی ئەم دادگای کردنەدا دەستی بۆ نەبراوە و نیگەرانیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، دەستگیرنەکردنی بەرپرس و گەندەلکارە گەورە حیزبی حکومیە کانی هەرێمی کوردستانە!

لەباتی پێشەکی
 
چوارچێوەیەک کە لەبەردەستاندایە کۆبەندیەکە لە ناوەڕۆکی قسەوباسەکانی کۆنفراسی ( دژی گەندەلی) كە لە شاری سلیمانی یەکی ….  کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری بانگەوازی بۆکرد و بەڕێوەی برد، کە دەیان هەلسوراو کەسایەتی و نووێنەرانی حیزب و ڕێکخراوەکانی تێدا بەشداربوو، دواتر لە هەنگاوێکی تری هاوبەشدا بە بەشداری نووێنەرانی زۆربەی زۆری ئەو حیزبە سیاسیانەی کە بانگێشت کرابوون، سەرلەنوێ ناوەڕۆکی باسەکە خرایەوە بەر باس و لێدوان و پاشان بەم شێوەیە دواین نسخەی دەستکاری کراوی ئاراستەی گشتی باسەکان رۆشنترو شەفافتر کرایەوە بەم شێوەی کە لەبەردەستاندایە پێشوازی لێکرا.

گرنگە ئەوەش بلێین ئامانجی دووبارە خوێندنەوەی ئەم باس و ئاراستەیە دروستکردنی  هاودەنگی و هاوسەنگیەکە تا بتوانین پێکەوە هەلوێستگیری خۆمان بۆ رەخساندنی دەرفەتێک بۆ کاری هاوبەش لە کوردستاندا بڕەخسێنین و بتوانین پێکەوە ڕۆلێکمان هەبێت لە تەنگپێهەڵچنینی گەندەڵی و بەرزکردنەوەی دەنگی نارەزایەتیمان دژ بەو گەندەلیەی کە سالانێکی یەکجار زۆرە خەلکی کوردستان ڕەنج دەبات بەدەستیەوە و قوربانی یەکجار گەورەو زیانباری بۆ داوە.  

لەم کۆنفرانسەدا کە تایبەت بوو بەو هەلمەتی دژی گەندەڵیەی کە پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق علی زەیدی ڕایگەیاندو لەگەل دەستپێکی ئەم کارەدا دەیان گەندەڵکاری بەڕادەیەک لە ئاستەکانی خوارەوەی پێگەی سیاسی و دەسەلاتداریەتی دەستگیرکران.
هەرچەندە خودی توانایی و هێزی سیاسی عەلی زەیدی لەچاو تەواوی چوارچێوەی هەماهەنگیدا لاوازە و ناتوانێ لە ململانێی لەگەڵیاندا سەرکەوتوو بێ و بەمجۆرەش ئامانجی ئەسڵی لەناوبردنی گەندەڵی نییە، بەڵام ئەم هەنگاوە دەرفەتێکی ڕەخساندوە کە لە ئاستێکی بەرفراوانی کۆمەلایەتیدا بەپانتای هەموو عێراق بە کوردستانیشەوە ئەم بابەتە دەنگدانەوەیەکی ئەقلیمی و ناوخۆی هەبێت. بۆ ئێمەش ئەم بابەتە بووە جێگەی سەرنج و هەڵوێستەیەک بەو جیاوازیەوە کە نەخۆشخەیال بین بەوەی هێزێک کە خۆی لە مندالانی گەندەلیەوە لەدایک بووبێت مەحالە بتوانێت کۆتای بە گەندەلی بهێنێت، چونکە گەندەلی بۆخۆی سیستەمێکە و ناتوانرێ بە ئامرازو سیستەمێکی گەندەلەوە بچینە جەنگی گەندەلیەوە. هەربۆیە گرفتەکە بەوەوە گرێ نەدراوە کە سزای کۆمەلێک دزی بچوک بدرێت و حووت و چەتە گەورەکانیش وەک خاوەن ماڵ لەبارەی ناوەرۆکی ئەم باسەوە خۆبنوێنن!

هاوکات بەڕوویەکی تردا بۆ هەموو ئێمە گرنگ بوو کە ئەم دەرفەتە بکەینە هەوێنی جولانەوەیەکی ناڕەزایەتی کەدواجار ئەوە شەقام بێت جەنگی چارەنووساز بۆ ڕیشەکێش کردنی گەندەلی بەدەستەوە بگرێت.

بۆیە کاتێک کە ئێمە وەک سەرەتا سەیری ناشەفاف بوونی ئەم پرۆسەیە دەکەین، دەبینین کە هەرجۆرە شەرعیەتێکی هێناوەتە ژێر پرسیارەوە … ئایا بەراستی مافی زانیاری ئەرک و بنەمایەکی بنەرەتی نیە کە دەبێت بۆ هاولاتیان دەستەبەر بکرت، زەیدی ئیدیعای ریشەکێشکردنی گەندەلی دەکات بەلام تا ئێستە جگە لە ١٢٠ کەس لە دزە بچکۆلەکان بەرۆکی بە تەنیا یەک سەرۆک حیزب و سەرۆک لیست و وەزیر نەگرتووە …..

لەمانەش ڕۆشنتر لەباتی دەستگیرکردنی تاوانبارانێک کە بە حوتەکانی ئەم دنیای دزی کردنە ناسراو، بانگەوازیان دەکات ئەگەر خۆیان پارەکان بنێرنەوە دەستگیر ناکرێن.

بۆیە هێشتا چەندین پرسیار بێوەڵام ماونەتەوە: ئایا ئەم هەڵمەتە گەندەڵکارانی کوردستان دەگرێتەوە؟ لەکاتێکدا کە بەرپرسەکانی پارتی و یەکیەتی بەرپرسی یەکەمن لە تەوای ئەو چەتەگەریەی کە لەم کۆمەڵگایەدا ئەنجام دراوە؟

ئایا ئەم جەنگە دژ بە گەندەلیە بە کام میکانیزم و بە چ یاسایەکی گرێبەستی گشتی، بە کام سیستەمی چاودێری، کراوە؟ لەپال ئەمانەشدا دەوری ئیدارەو بنەما یاسایەکان چیەو چۆنە، ئایا ئەو پارانەی دەگەڕێنرێتەوە بۆ کۆێو چۆن دابەش داکرێت؟…

بۆیە کۆنفرانس جەختی لەم چەند خاڵە کردەوە:

پێش هەر شتێک خاڵەکانی ناو ئەم گەڵاڵەکراوە و کارەکانی پەیوەستە بە ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵیەوە لە کوردستاندا و هەوڵێکە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران لە کوردستان.

یەک: کێشەیەکی سەرەکی چ لەمەی عێراقدا و چ لە کوردستاندا ئەوەیە کە زانیاریەکانی داهات و خەرجیەکان و هەبوونی مالی دەوڵەت و حکومەت شەفافانە ناخرێتەڕوو. لە ژینگەیەکی ناشەفافدا کە هیچ شتێک سەرچاوەکەی بۆ خەڵک ڕۆشن ناکرێتەوە، گەندەڵی زیاتر بەرهەمەکەی دەبێت. تاکو ئەم مەسەلەی شەفافیەتەش ڕۆشن نەکرێتەوە ئەو هەوڵانەی حکومەتی عێراقی ناتوانێ کۆتایی بە گەندەڵی بهێنێت.

دوو: هاولاتیان و مافی زانیاری
خەلکی کوردستان و عێراق بەگشتی مافی خۆیانە کە زانیاری تەواویان هەبێت و بزانن دزەکان کێن، ملیادێرە چەتەکان کێن، کام پۆست و دەسەلات بەکاردەهێنن، خاوەن چ کارنامەو ڕابردویەکن. چۆن دادگای دەکرێن؟ و چ ڕێگەو رەوشتێک دەگیرێتەبەر لە بەرامبەریان و بە چ یاساو ڕێسایەک بەڕێووە دەبرێت چەندە هاوشانە لەگەل یاسا نێودەولەتیەکان؟
دیارە هەموومان دەزانین کە مافی بەدەستگهێنانی زانیاری مافی خەڵکە و یەکێک لە بنەماکانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو.

سێ: شەفافیەت و پرۆسەی دادگایی کردن

یەکێک لە سەرەکیترین نیگەرانیەکان پرۆسەی پشکنین و لێکۆلینەوە لە گەندەلکاران و شێوازی بەدواچوون و مامەلە کردنە لەگەل هەموو لایەنە یاسای و کرداریەکانیەتی کە چەندە بە فلتەرێکی شەفافو ڕۆشندا گوزەر دەکات و چەندە بنەماکانی شەفاففیەت تانوو پۆی ئەو پرۆسەیەی گرتووەتەوە؟ کەواتە پێویستە تەواوی ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەکی شەفافانە بڕواتە پێشەوە.
بۆیە لەمبارەوە پێویست دەکات کە شەفافیەتی تەواو هەبێت لە هەر هەنگاوێکدا بۆ دادگای کردن و بەدواچوون لەسەر مەلەفی هەر تاوانبارانێک، چونکە قسەکردن لەسەر گەندەلی بە بێ بوونی شەفافیەتێکی ڕەها ئەوا ئەو پرۆسەیە خۆی گەندەڵە.

چوار: دەستگیرکردنی دز و گەندەلکارە سەرەکیەکان
پرۆسەی بەدواچوون و لێکۆلینەوەکان بۆ دەستگیرکردنی گەندەلکاران تا ئێستە زۆر محدودەو ئەوەشی ئەنجامدراوە تەنیا لە ئاستی دەستگیرکردنی دزو گەندەلکارە بچوکەکانە. بۆیە گرنگترین کارێک کە دەبێت دەستبەجێ کاری لەسەر بکرێت دەستگیرکردنی دزو گەندەلکارە گەورەکانە، دەستگیرکردنی وەزیرو سەرۆک حیزب و لیست و کاربەدەستانی بالای و حیزب و حکومەت و ئۆرگانەکانە کە لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا تێوە گلاون.

پێنج: دادگای گەندەڵکارانی کوردستان

ئەوەی تائێستە لە پرۆسەی ئەم دادگای کردنەدا دەستی بۆ نەبراوە و نیگەرانیەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، دەستگیرنەکردنی بەرپرس و گەندەلکارە گەورە حیزبی حکومیە کانی هەرێمی کوردستانە، کە ستایش و پیاهەلدانەکانی سەرەک وەزیرانی عێراق علی زەیدە لەگەل بەرپرسە بالاکانی حکومەتی هەرێمدا جێگەی نیگەرانیەکی گەورەیەو ئەم بوارەی بەرتەسک کردۆتەوە.

شەش: گەڕاندنەوەی ئەموال و پارە دزراوەکان و چارەنووسی ئەو پارانەیە کە دەست بەسەراگرتنەوەی هەموو پارە و کالا دزراوەکان کارێکی گرنگە، بەلام لەوەش گرنگتر چۆنیەتی مامەلەکردنە لەگەڵ ئەو پارانەدا کە پێویست دەکات بگەرێنرێنەوە بۆ خەزێنەی گشتی و بۆ بەکارهێنانەوەیان لە پرۆژە خزمەتگوزاریەکان و لە دانەوەی مووچەی  هاولاتیاندا.

دەتوانین بلێین کە کۆی گشتی چوونە پێشەوەی ئەو خالانەی سەرەوە لە گرەوی ئەوەدایە کە چەندە و چۆن ئێمە دەتوانین جولەیەکی فراوان لە کۆمەلگادا دروست بکەین بە جۆرێک کە دەسەلات هەست بکات کە ئاڵای چاکسازی و راوەستانەوە دژ بە گەندەلی بە دەستی خەلکەوەیە، نەک لە مامەلەی نێوان ئۆرگان و حیزب و  دەسەلات خۆیدا.

ڕێکخراوی کوردستانی کۆنگرەی ئازادی و گۆرانکاری

١٧/٨/٢٠٢٦

لێدوانێک بەجێ بهێلە