توانا محەمەد نوری: 
ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەژێر گوشارێکی بێپچڕانی ئابووریدایە. گرانیی نرخەکان، بەرزبوونەوەی تێچووی خزمەتگوزارییەکان و گرانبوونی سووتەمەنی و خواردن، تەنیا ڕێکەوت نین. ئەم دۆخە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی پێکهاتەیەکی ئابووریی دیاریکراوە کە تێیدا پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، لەبری ئەوەی خزمەت بە ڕەفاهیی گشتی بکەن، بوونەتە کالا و ئامرازێک بۆ دابینکردنی قازانجی کەمینەیەکی خاوەن دەسەڵات.
سووتەمەنی و بەنزین، کە بڕبڕەی پشتی جوڵەی هەر خێزانێکن، بەردەوام ڕوو لە بەرزبوونەوەن. لە ناوچەیەکدا کە گواستنەوەی گشتیی ڕێکخراو بوونی نییە، ئۆتۆمبێل نەریت یان کەلوپەلی خۆشگوزەرانی نییە، بەڵکو پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ کارکردن. کاتێک نرخی بەنزین بەرز دەبێتەوە، راستەوخۆ توانای کڕینی کرێکاران و خەڵکی کەمداهات لاواز دەبێت . بۆ نموونە، شۆفێرێکی تەکسی یان کارمەندێکی گەیاندن (دلیڤەری) کە ڕۆژانە زیاتر لە ١٠ کاتژمێر کار دەکات، دەبینێت نیوەی داهاتەکەی تەنیا بۆ تێچووی سووتەمەنی دەڕوات؛ ئەمە بەو مانایەیە کە ئەو ماندووبوونەی ئەو، لەبری ئەوەی ببێتە خۆشگوزەرانی بۆ خێزانەکەی، دەچێتە گیرفانی ئەو کۆمپانیا مۆنۆپۆڵانەی کە سووتەمەنی هاوردە دەکەن. لێرەدا سووتەمەنی تەنیا کاڵا نییە، بەڵکو مۆنۆپۆڵێکی سیاسییە کە بۆ کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایە بەکاردێت.
سەبارەت بە خواردن و پێداویستییە سەرەکییەکان، باری گرانییەکە تۆختر دەبێتەوە. خواردن کە بنەمای زیندەگییە، بەتەواوی کەوتووەتە ژێر ڕەحمەتی بازرگانانی سەر بە دەسەڵات. کاتێک بەرهەمهێنانی ناوخۆیی پشتگوێ دەخرێت و هەموو شتێک پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت، نرخی خۆراک دەبێتە بارمتەی ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکان و قازانجخوازیی ناوبژیوانانی بازاڕ، ئەمەش وا دەکات خێزانەکان بەشێکی زۆری داهاتیان تەنیا بۆ بژێوی ڕۆژانەخەرج بکەن.
خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک تەندروستی، پەروەردە، کارەبا و ئاو، کە دەبوو وەک مافی بنەڕەتی دەستبەر بكرێن و بە تایبەتیش خزمەتگوزارییەکانی (ئاو و کارەبا) کە دەبێت بە بێبەرانبەر بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێن، کەچی بەرەو تایبەتکردنەوە براون. کاتێک کەرتی تایبەت دەست بەسەر ئەم سێکتەرانەدا دەگرێت، پێوەری سەرەکی چیتر پێداویستیی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو بڕی ئەو قازانجەیە کە لە وەرگرەکەی دەیچنێتەوە. وەک نموونەیەک، کاتێک نەخۆشخانە حکومیەکان بەدەست کەمبوونی دەرمان و ئامێری پزیشکییەوە دەناڵێنن، هاووڵاتی ناچار دەکرێت پەنا بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەکان ببات کە زۆرجار هەمان ئەو پزیشکانەی لێیە کە لە خەستەخانە حکومین، بەڵام لێرەدا دەبێت تێچوویەکی خەیاڵی بدات؛ ئەمەش وادەکات “تەندروستی” ببێتە ئیمتیازێکی دارایی نەک مافێکی بنەڕەتی بۆ هەمووان. ئەم پرۆسەیە جیاوازییە چینایەتییەکان قووڵتر دەکاتەوە و بەشێکی زۆری خەڵک لە مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەش دەکات.
لە ناوەندی ئەم هاوکێشەیەدا، هێزی کاری مرۆڤ ئامرازی سەرەکیی خولقاندنی سەروەت و سامانە، بەڵام خۆی کەمترین سوودی لێدەبینێت. کرێکاران و کارمەندان بەرهەمهێنەری ڕاستەقینەی سامان و خزمەتگوزارییەکانن، کەچی ئەو داهاتەی پێیان دەدرێت بەشی دابینکردنی هەمان ئەو پێداویستییانە ناکات کە بە دەستی خۆیان بەرهەم هاتوون. ئەم “نامۆبوونەی” مرۆڤ لە ئەنجامی کارەکەی و لە تواناکانی خۆی، جەوهەری ئەو ئازارە ئابوورییەیە کە ڕۆژانە هەستی پێدەکرێت.
هۆکاری بنەڕەتیی ئەم گرانییە لە کەمبوونی سامان یان سەرچاوەکاندا نییە، بەڵکو لە شێوازی دابەشکردنی نادادپەروەرانەی ئەو سامانەدایە. کاتێک ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لە دەستی کەمینەیەکی خاوەن سەرمایە و دەسەڵاتدا چڕ دەبنەوە، بڕیارە ئابوورییەکان تەنیا بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیی ئەو کەمینەیە دەدرێن. لە ئەنجامدا، زۆربەی کۆمەڵگە بەردەوام لە هەوڵێکی ماندووکەردا دەبن بۆ دەستکەوتنی بژێویی سەرەتایی.
بازاڕ لێرەدا بەبێ ڕەچاوکردنی لایەنی مرۆیی کار دەکات؛ بۆ ئەم سیستەمە، مرۆڤەکان تەنیا بەکاربەر یان هێزی کارین. کاتێک نرخی کاڵاکان بەرز دەبێتەوە، سەرمایەدارەکان قازانجی زیاتر کەڵەکە دەکەن، لە کاتێکدا جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش تووشی داهاتووڕەشی و دڵەڕاوکێی بەردەوام دەبنەوە. ئەم نادادپەروەرییە لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکاندا بنەمای هەموو ئەو ئاڵۆزی و گوشارانەیە کە ڕووبەڕووی خێزانەکان دەبنەوە.
کردنی پێداویستییەکانی ژیان بە کاڵا، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشی گۆڕیوە. هەموو شتێک لە ڕوانگەی بەها و نرخەوە سەیر دەکرێت، تەنانەت کات و توانای مرۆڤەکانیش. خەڵک ناچار دەبن کاتژمێری زیاتر کار بکەن و گوشاری دەروونیی زیاتر هەڵبگرن، تەنیا بۆ ئەوەی بتوانن لە ئاستی ئاسایی بژێویدا بژین، کە ئەمەش مرۆڤ لە جەوهەری کۆمەڵایەتی و ئازادییەکانی خۆی دادەبڕێت.
چارەسەری ئەم دۆخە بە دەستکارییە ڕووکەشەکان یان چاودێریکردنی کاتیی نرخەکان بەدی نایەت. کێشەکە قووڵترە لەوەی بە چەند بڕیارێکی ئیداری ڕاست بێتەوە، چونکە سیستەمەکە خۆی لەسەر بنەمای زیادکردنی قازانج نەک تێرکردنی مرۆڤ دروست بووە. تا ئەو کاتەی ئابووری لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی و تێرکردنی پێداویستییە واقعیەکانی کۆمەڵگە دانەڕێژرێتەوە، گرانی و قەیرانەکان بە شێوازی جیاواز دووبارە دەبنەوە.
بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە پێویستە هەموو ئەو کارگە و ئامرازانەی شتومەکیان لێ بەرهەم دێت، لەگەڵ هەموو ئەو خزمەتگوزارییە سەرەکییانەی کە ژیانی خەڵکیان پێوە بەندە، بخرێنە ژێر دەست و کۆنترۆڵی هەموو کۆمەڵگە؛ نەک ببنە موڵکی چەند کەسێک و تەنیا بۆ پڕکردنی گیرفان و قازانجی تایبەت بەکاربێن. ڕاستییەکەی ئەوەیە، هەتا نان و دەرمان و پێداویستییەکانی ژیان وەک “کاڵا” بن بۆ کڕین و فرۆشتن، هەرگیز یەکسانی ڕاستەقینە بەدی نایەت. تەنیا کاتێک کۆمەڵگە دەتوانێت ڕووی ئاسوودەیی ببینێت، کە ژیانی مرۆڤ لەو بازنە تەسکەی “قازانجکردن” دەربچێت و پێداویستییەکان تەنیا بۆ دابینکردنی خۆشگوزەرانیی مرۆڤ بن، نەک بۆ بازاڕ.
باری قورسی ژیان؛ کاتێک پێداویستییە بنەڕەتییەکان دەبنە ئامرازی کەڵەکەکردنی سەرمایە
7
