Home بیروڕاپرسی گەندەڵی و چەكی میلیشیاکان!

پرسی گەندەڵی و چەكی میلیشیاکان!

by admin
0 کۆمێنتەکان 8 بینینەکان

موحسین کەریم:   
عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق، بە ڕاگەیاندنی جەنگ دژی دوو مەسەلەی گەرمی کۆمەڵگای عێراق، کارنامەی حکومەتەکەی ڕاگەیاند. جەنگ دژی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارە دزراوەکان و سزادانی گەندەڵکاران، لەگەڵ کۆنترۆڵكردنی چەك لەدەستی دەوڵەت و چەکداماڵینی میلیشیاکان، کە لەبنەڕەتدا مەبەست لە میلیشیاکانی سەر بەئێرانە. بەڵام زۆری نەخایاند کە هەردوو ئەم جەنگەی زەیدی لەیەکەم ساتەکانی دەستپێکردنیدا، بە هەڵکردنی ئاڵای سپی کۆتایی هات!
هیچ هاوڵاتیەکی سادە گومانی لەوە نیە کە ئاستی گەندەڵی لە عێراق و کوردستان ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردوە و رەنگە هیچ ووڵاتێکی دیکە نەبێ لە دنیادا کە پێش عێراق و کوردستان بکەوێ لەو مەیدانەدا. هاوکات ئەو داتایانەی لە سەرەتای ڕاگەیاندنی حەملەکەی زەیدیدا، لەلایەن بەشێك لە بەرپرسانی پێشووی خودی حکومەتی عێراقەوە ئاشکراکران، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ سەلماندنی ئەو راستیە. هەر بەرپرسێکی حکومەت، بەرپرسانی دوای خۆی یان پێش خۆی تۆمەتبار دەکرد بەوەی کە دەیان ملیار دۆلار لە خەزێنەی حکومەت لەسەردەمی ئەودا دیارنەماوە. ئەو پارەیەی لە دوای ٢٠٠٣ەوە لە خەزێنەی عێراق تاڵانکراوە مەزەندە دەکرێ بە نزیکەی دوو تریلیۆن دۆلار! بێگومان ئەم داتایانە زۆتر باسی ئەو تاڵانکاریانە دەکەن کە لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی عێراقەوە کراوە. گەندەڵی و تاڵانکاری دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی و دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، کە لەم حەملەیەدا هیچ تیشکێکی نەخراوەتەوە سەر، بەدەیان ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

جەنگەکەی زەیدی دژی گەندەڵی، تەنها بەڕێخستنی کەمپینێك بوو بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکی عێراق و قایمکردنی پێگەی دەسەڵات و حکومەتەکەی، چونکە پرسی دژایەتی گەندەڵی بۆ زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگای عێراق جێگای پێشوازیە. گەندەڵی و تاڵانکاری بەرپرسانی حکومی و حزبە میلیشیاییە دەسەڵاتدارەکانی عێراق، ژیانی هاوڵاتیانی عێراقی رووبەرووی کولەمەرگی و برسێتی و هەژاری کردۆتەوە و لەسەرەتاییترین پێدواسیتیەکانی ژیانی رۆژانەو خزمەتگوزاریە گشتیەکان بێبەشیان کردوون. بەڵام جەنگەکەی زەیدی دژی گەندەڵی تەنها هەندێك بەرپرسی بچووک و گەندەڵ و تاڵانچی پلەچوارو پێنج، ئەویش لە بلۆکی نەیارو ڕکابەرەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، گرتەوەو کۆتایی هات. گەندەڵ و تاڵانچیە سەرەکی و قەڵەوەکانی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی و میلیشیا شێعە باڵادەستەکان، کە خۆیان بەرپرسانی سەرەکی دەسەڵات و حکومەتی عێراق بوون و ئێستاش هەرئەوان مۆری قبوڵیان داوە لە پۆستەکەی زەیدی، لە گوڵ کاڵتریان پێنەوترا. نەك هەرئەوە، بەڵکو خودی حەملەکەی زەیدی بووە نوسراوی ئەستۆپاکی ئەوان بەرامبەر بەو تۆمەتانەی دەربارەی گەندەڵی لەلایەن خەڵکی عیراقەوە دەخرێتە پاڵیان! ئێستا مالکی و سودانی و عەبادی و عامری و …..بوونەتە پاڵەوانەکانی دژە گەندەڵی و پاڵپشتی عەلی زەیدی لەم “جەنگە پیرۆزە”یدا!
مەیدانی دووەمی جەنگەکەی زەیدی، داماڵینی چەکی میلیشیاکان، ئەویش وەکو باڵۆنێکی تەقیو فش بوەوە! هەڵبەتە ئەم داواکاریە، خواستی ئەمریکایە بۆ چەكکردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران. زەیدی سەرەتا ڕایگەیاند کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و “هاوپەیمانان ” لە عێراق، رۆژی ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦، وادەی چەک ڕادەستکردنی میلیشیاکانیش دەست پێدەکات و دەبێ میلیشیاکان چەکەکانیان رادەستی حکومەت بکەن. چەك تەنها لەژێر دەستی دەوڵەت و لەژێر فەرماندەیی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا دەبێت. بەڵام ئەم بانگەشەیە زۆر لەو قەوارەیەی کە زەیدی بەخۆی دابوو گەورەتر بوو. پشتوانیەکانی ئەمریکا بۆ زەیدی بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە، لەو تواناییە زۆر کەمتر بوو کە بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسە ئاڵۆز و خەتەرناكە پێویستە. هەم میلیشیاکان ڕایانگەیاند کە ئامادەنین لەو وادەیەدا چەك دابنێن و هەم ئێرانیش، لەزمانی قاڵیبافەوە، کە سەردانی عێراقی کرد، وریایکردنەوە کە یاری بەو ئاگرە نەکەن! قاڵیباف لەجیاتی چەکداماڵین، پێشنیاری رێکخستنی چەك و کۆگاکردنی خستەبەردەم عەلی زەیدی و میلیشیاکانی سەربەخۆیان. واتە لەجیاتی داماڵینی چەکی میلیشیاکان، ئەو چەکانە لەشوێنێکی دیارکراودا کۆگا بکرێن و هەرکات پێویست بوو، هەر ئەو میلیشیایانە دەتوانن دەستیان پێی بگاتەوەو بەکاریان بهێنن! دوای ئەوەش نوێنەری زەیدی، رایگەیاند کە رۆژی ٣٠ ئەیلول، رۆژی ڕادەستکردنی چەکەکان نیە، بەڵکو رۆژی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانانە لە عێراق! هەروەها رایگەیاند کە پێکدادانی نێوان حکومەت و میلیشیاکان هێڵی سورە! واتە بەکردەوە پرۆسەی داماڵینی چەکی میلیشیاکانی سەر بەئێران یاریەکی خەتەرناکەو حکومەت لەئێستادا بەهەموو جۆریك خۆی لێ بەدوور دەگرێت!
هەڵبەتە هەر لەسەرەتای حەملەکەی عەلی زەیدیەوە بۆ دژایەتی گەندەڵی و داماڵینی چەکی میلیشیاکانی سەر بەئێران، ئێمە ووتمان کە هەم زەیدی و حکومەتەکەی خۆیان لە دامێنی گەندەڵی و تاڵانکاری و بە مۆری تەئیدی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بەوجێگایە گەیشتوون، بۆیە ناتوانن شەڕی گەندەڵی و تاڵانچێتی بکەن و ئەوە کاری خودی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ستەملێکراوی عێراقە کە سەرجەم تاڵانچیان و گەندەڵکاران بەخودی زەیدیشەوە ڕاپێچی لێکۆڵینەوە بکەن و پارەو مومتەلەکاتە دزراوەکان بگێڕنەوە بۆ خەزێنەی گشتی لەژێرچاودێری خۆیاندا. هەم چەککردنی میلیشیاکانی سەر بەئێران، کە خۆیان دەسەڵاتیان بەسەر دۆخی سیاسی و بگرە دەوڵەت و حکومەتدا هەیە، کارێکی سادە نیە و زەیدی ئەهلی ئەنجامدانی ئەو کارە نیە. ئێستا رووداوەکان بەپێی تێپەڕینی کات و بەدانپێدانانی خۆشیان ئەو ڕاستیە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئێمە لەسەرەتاوە پێشبینیمان کردبوو. کۆتاییهێنان بە گەندەڵی و بوونی میلیشیای چەکدار، کاری خودی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ئازادیخوازی عێراق و کوردستانە، ئەویش لەرێگای هەڵتەکاندنی خودی ئەو سیستەم و دەسەڵاتەوە کە سەرچاوەی گەندەڵی و دەسەڵاتی میلیشیاکانە!

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە