موحسین کەریم: 
بەردەوامبوونی دۆخی شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیل دژ بە ئێران، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و ناوچەی کەنداو بەتایبەتی داناوە، سەرەڕای کاریگەریەکانی لەسەر دۆخی ئابوری جیهان بەهۆی بارگژیەکانی گەرووی هورمزەوە کە گرفتی بۆ گوستنەوەی ووزە لە ووڵاتانی کەنداوەوە بۆ جیهان دروستکردوە و بوەتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی کاڵاو خزمەتگوزاریەکان لە ئاستی جیهانیدا. عێراق و کوردستان، بێجگە لەوەی دەکەونە ناو ئەلقەی جوگرافی کێشمەکێشەکەوە، هاوکات ناوچەیەکی ڕاستەوخۆی ململانێی ئێران و ئەمریکایە، بەحوکمی ئەوەی هەردوو ووڵات نفوزو کاریگەری گەورەیان لەسەر دۆخی سیاسی- ئابوری- ئەمنی عێراق کوردستان هەیە.
ئەم شەڕەی کە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، بەبیانووی لەناوبردنی پرۆژەی ئەتۆمی ئێران و رێگاگرتن لە رژێمی ئێران بۆ دەسگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و لەناوبردنی مووشەکە بالیستیەکانی ئێران و کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانی ئێران بوو لە نائارامکردنی ناوچەکە لەرێگای میلیشیا چەکدارەکانی سەر بەخۆیەوە، دوای داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، گۆڕاوە بۆ ناچارکردنی ئێران بە کردنەوەی گەرووی هورمز! دوای کوشتنی بەشێکی زۆر لە فەرماندە سەربازی و ئەمنیەکانی ئێران و خودی عەلی خامنەیی لەلایەن ئەمریکاو ئیسرائیلەوە و کاولکردنی بەشێکی زۆر لە توانای سەربازی و لۆجستی و دامەزراوە ئابوریەکانی ئێران، ئەمریکا پەنای بردە بەر گەمارۆی دەریایی بۆسەر ئێران وەکو کاردانەوەیەك بەرامبەر بە داخستنی گەرووی هورمز و بەمەبەستی خنکاندنی ئابوری ئێران و ناچارکردنی بە قبوڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا بۆ ئاگربەست و رێکەوتن!
ئەم شەڕەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، ئامانجی جیاوازی هەبوو بۆ هەریەکە لەو دوو دەوڵەتە. بۆ ئەمریکا ئەم جەنگە پەیامێك بوو بۆ بلۆکە ئیمپریالیستیە جیهانیەکانی نەیار و ڕکابەری ئەمریکا ( ڕوسیا و چین بە پلەی یەکەم) و شکستهێنان بە ئێران و تەسلیمکردنی بە ئەمریکا. بۆ ئیسرائیل، ئامانجەکە روخاندنی رژێمی ئیسلامی ئێران بوو وەکو دەوڵەتێکی بەهێزی نەیاری ئیسرائیل لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەمەبەستی پاکردنەوەی یەکێك لە رێگر و گرفتە سەرەکیەکانی بەردەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەو هەژمونی بێرکابەری ئیسرائیل لەناوچەکەدا. تەنانەت لەسەر ئەم بنەمایەوە، پرسی هاوکاری چەکداریی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رژێمی ئیسلامی ئێران، شاپەرستەکان، موجاهدین ، حزبە چەکدارە ناسیۆنالیستەکانی کورد و بلوچەکان، بوە بەشێك لە پرۆسەی هێرشی زەمینی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ تەواوکردنی پرۆسەی روخانی رژێم. بەڵام ئەم نەخشەیە بەهۆی کاردانەوەی دڕندانەی رژێم و کوشتنی هەزاران کەس لە خۆپیشاندەران لەلایەك و هەڕەشەکردن لە حکومەتی هەریم بۆ بەکارهێنانی کوردستانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لەلایەن حزبە ناسیۆنالیستە کوردەکانی ئێرانەوەو بگرە چەندینجار بۆردومانکردنی هەرێمی کوردستان و بنکەو بارەگای ئەو حزبانە لەنا وهەرێمی کوردستان و بێگجە لەوانە، پەیوەندیکردن بە تورکیاوە تا ئەمریکا لەم سیاسەتەی پەشیمان بکاتەوە، چونکە دەوڵەتی تورکیاش بەرژەوەندی لەوەدا نیە کە هێزە کوردیەکان لە ئێراندا پێگەیان هەبێ، شکستی هێناو ئەمریکا دەستبەرداری بوو. ئەگەرچی ئیسرائیل بەشوێن دەرفەتێکدا دەگەرێ کە ئەم سیاسەتەی جێبەجێ بکات و هەمیشە هەول دەدات ئەمریکا بەو ئاراستەیە قایل بکات.
بەڵام بۆ ئێران شەڕەکە شەڕی مانو نەمانی جمهوری ئیسلامیە، بۆیە هەموو تواناکانی خۆی بۆ بەرگری لەخۆی و زیانگەیاندن بە ئەمریکا لەرێگای لێدان لە بنکەکانیەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ووڵاتانی کەنداو، هەروەها بۆردومانی مووشەکی ئیسرائیل بەگەرخست و زیانی بەرچاویشی بە ئەمریکاو ئیسرائیل گەیاند. هەر ئەوەش وایکرد کە ئەمریکا لە جەولەی دووەمی شەڕەکەدا، رێگانەدات ئیسرائیل بەشداری لە شەڕەکەدا بکات و شەڕەکە بە شەڕی نێوان خۆی و ئێرانەوە تەنگ بکاتەوەو هاوکات دانوسان و رێکەوتنەکانیش و بڕیاردان لەسەر چارەنوسی شەڕەکە لەدەستی ئەمریکاو ئێراندا بمێنێتەوە. لەلایەکی دیکەوە، بەرژەوەندی ووڵاتانی ڕوسیاو چین لە گیرکردنی قاچی ئەمریکا لە شەڕی ئێراندا، فاکتەری هاوکاری هەواڵگری و لۆجستی ئەو دوو وڵاتە بوو بۆ ئێران، کە بە یارمەتی توانای تەکنۆلۆژی سەربازی و جەنگی ئەوان توانی زیانی گەورە بە ئەمریکاو ئیسرائیل بگەیەنێ و دۆخەکە بەو بارەدا بشکێتەوە کە ئەمریکا ناچاربێت پەنابباتە بەر ئاگربەست و رێکەوتن لەگەڵیدا لەرێگای ناوەندگیری پاکستان و عومانەوە، هەروەکو کاریگەری جەنگەکە لەسەر ناوچەکەو ئەگەری زیاتر تیكچوونی دۆخی ئابوری و ئەمنی ناوچەکە، هۆکاربون بۆئەوەی ووڵاتێکی وەکو سعودیەو ووڵاتانی دیکەی ناوچەکە هەولێ هێورکردنەوەی دۆخەکەو هانی ئەمریکا بدەن بۆ ئاگربەست و رێکەوتن لەگەڵ ئێراندا.
ئێستا ئەگەرچی ئاگربەستی (٦٠) رۆژە بەرەو کۆتایی چووە، بەڵام هەڕەشەکانی ترامپ لە وێرانکردنی ئێرانەوە لەڕیگای هێرشی سەربازیەوە گۆڕاوە بۆ خنکاندنی ئابوری ئێران و توندکردنەوەی فشارە ئابوریەکان و فراوانکردنەوەی گەمارۆی دەریایی ئێران و رێگاگرتن لە فرۆشی نەوت و گازی ئێران، تا لەو رێگایەوە دۆخی ئابوری ئێران بروخێنێت و رژیمی ئیسلامی ناچار بەتەسلیمبوون بکات.
لەلایەکی دیکەوە، کاریگەری ئەم شەڕە، سەرجەم هاوکێشە سیاسی و دیپلۆماسی و ئەمنیەکانی ناوچەکەی روبەرووی گۆڕانکاری کردۆتەوە و دۆخێکی ناڕوون و لێڵی بۆ ئایندەی پەیوەندی و پێگەی دەوڵەتانی ناوچەکە پێکهێناوە، بۆیە دەوڵەتانی ناوچەکە بەشوێن پەیوەندی و هاوپەیمانی سیاسی- سەربازی تازەوەن. تورکیاو سعودیە وەکو دوو دەوڵەتی گرنگی ناوچەکە، کە راستەوخۆ کاریگەری شەڕی ئەمریکا- ئیسرائیل لەگەڵ ئێرانیان لەسەرە، دەیانەوێ نەخشی خۆیان لەناوچەکەدا بەرەو ئاستێکی فراوانتر و کاریگەرتر بەرن. هاوپەیمانی سێقۆڵی پاکستان- سعودیە – تورکیا، بەرهەمی ئەو گۆڕانکاریە نوێێانەیە کە لەناوچەکەدا روویداوە. دوورکەوتنەوە لە چەتری پاریزگاری ئەمریکاو رووکردن لە هاوپەیمانی ناوچەیی بۆ خۆپاراستن و بەرگریکردن لە بەرژەوەندیەکان خەریکە دەبێتە سیاسەتی سعودیە و بگرە بەشێکی زۆری دەوڵەتانی کەنداو.
تورکیا بەرژەوەندییەکانی وەکو دەوڵەتێکی گەورەی ناوچەیی و کاریگەر، بەرامبەر بە ئیسرائیل لە مەترسیدایە، بەتایبەتی لە سوریا. تورکیا نایەوێ لاوازبوونی رۆڵی ناوچەیی ئێران بەقازانجی ئیسرائیل تەواوبێت. بەوجۆرە هاوپەیمانی نێوان تورکیا- سعودیە- پاکستان ناسراو بە “هاوپەیمانی مەککە” هەنگاوێکە بەئاراستەی یەکخستنی هێزو توناکانی ئەو دەوڵەتانە بۆ دروستکردنی بلۆکێکی ناوچەیی بەهێز کە لەرووی سەربازی- ئابوری- سیاسیەوە یەکتر تەواو دەکەن و دەتوانن وەکو هێزێکی ناوچەیی لەسەر روداوەکانی ناوچەکەو داڕشتنەوەی هاوکێشە نوێیەکان کاریگەری جدییان هەبێ!
سەرنەکەوتنی ئەمریکاو ئیسرائیل لە روخاندن و تەسلمیکردنی ئێران، زەربەخواردنی بنکەو سەربازگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەداو زیانگەیاندن بە توانا و ناوبانگی سەربازی ئەمریکا لەلایەك و ئەو زیانە گەورانەی بەر ئیسرائیل کەوت لەئاکامی بۆردومانی مووشەکی ئێرانەوە، سەرباری زیانە سەربازی و ئابورییەکانی بەر ئێران کەوتوەو کوژرانی بەشێکی بەرچاو لە سەرکردەکانی دەوڵەتەکە، سەرباری لاوازبوونی کاریگەری ناوچەیی ئێران و کەمبوونەوەی توانای هێزو میلیشیاکانی لایەنگری لە لوبنان و عێراق و یەمەن و .. تاد. بەڵام پێگەی رژێـمی ئیسلامی ئێرانی وەکو هێزێکی ناوچەیی کاریگەر، تێك نەشکاندوە و بگرە ئیعتباری لەناو بەشێك لە جیهانی ئەوەی پێیدەوترێ ئیسلامی و عەرەبیدا بردۆتە سەرەوە. ئەگەرچی تائێستا ئێران کەمتر ئەم میلیشیایانەی دەرگیرکردوە لە جەنگەکەیدا، بەڵام لە ئەگەری توندبوونەوەو دوبارە دەستپێکردنەوەی شەڕدا، حوسیەکانی یەمەن و میلیشیاکانی عێراق وەکو دوو هێزی یەدەگ دەورو کاریگەری خۆیان دەبینین لە جەنگەکەدا. میلیشیاکانی حوسی دەتوانن گەرووی بابولمەندەب دابخەن و بەوجۆرە دۆخی ئابوری جیهان زیاتر پەك بخەن و فشارەکان لەسەر ئەمریکا زیاتر بکەن. لەلایەکی دیکەوە میلیشیاکانی عێراق، سەرەڕای بەئامانجگرتنی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە سعودیەو ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان و تەنانەت ووڵاتانێکی دیکەی دراوسێی عێراق، هاوکات دەتوانن پشتوانێکی لۆجستی بن بۆ ئێران و فشارە ئابوریەکانی ئاکامی گەمارۆی ئابوریی دەریایی ئەمریکا لەسەر ئێران کەم بکەنەوە.
بەوجۆرە عێراق کوردستان، ناوچەیەکی گرنگی ململانێی ئێستاو داهاتووی ئەمریکاو ئیسرائیل لەلایەك و ئێران لەلایەکی دیکەوە دەبن. گرژی و کێشمەکێش و فەزای جەنگی و خودی دەستپێکردنەوەی جەنگ ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی- ئەمنی- ئابوری عێراق کوردستان دەبێت و بەرەو توندبونەوەو مەترسی زیاتری دەبات.
عێراق و کوردستان وەکو ناوچەیەکی جێگا نفوزی ئەمریکاو ئێران، مەیدانێکی گرنگ و ڕاستەوخۆی ئەم فەزای جەنگی و دەکەوێتە ژێر کاریگەری جەنگەکەوە. مەترسی تێکچوونی دۆخی ئەمنی، ئەگەری هەڵایسانی شەری نێوان میلیشیاکانی سەر بەئێران و حکومەت، ئەگەری هیرشی درۆنی و موشەكباران بۆسەر هەرێمی کوردستان، تێکچوونی دۆخی ئابوری و تێكچووی دۆخی ژیانی کۆمەڵایەتی و نەمانی خزمەتگوزاریەکان…..تەنانەت ئەگەری هێرشی زەمینی بۆسەر هەرێمی کوردستا بەبیانوی راونانی گروپە چەکدارەکانی دژ بەرژێم کە ئامادەی بەشداری شەڕی ئەمریکا بوون وەکو هیزی زەمینی دژ بە رژێمی ئێران نەفی نەبۆتەوە.
بەرامبەر بەم دۆخە ترسناکەی کە شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیل دژی ئێران لەناوچەکەدا خوڵقاندویەتی و کاردانەوەکانی رژێمی ئیسلامی ئێران کە بۆمانەوەی خۆی هەوڵی فراوانکردنەوەی دامێنی جەنگەکەو نائارامکردنی ناوچەکەیە، بەبروای من پیویستە لەسەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی، عێراقی و کوردستانی کاری دەستبەجێ و جدی بکرێت. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و عێراق دەتوانن نەخش و رۆڵی گرنگیان هەبێت لەم ئاڕاستەیەدا.
