Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانینەدەبوو کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان بەوشێوە سوکایەتی بە خێزان و ئەزیزانی ئۆتیزم بکەن!

نەدەبوو کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان بەوشێوە سوکایەتی بە خێزان و ئەزیزانی ئۆتیزم بکەن!

by admin
0 کۆمێنتەکان 9 بینینەکان

لەم ڕۆژانەدا کارتێکی ئەندامێتیی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستانم کەوتە بەرچاو، کە جێگەی سەرنج و هەڵوێستێکی جدی بوو لەلامەوە.

ڕێکخراوێک کە هەزاران ئەندامی هەبێت و تایبەت بێت بەو بەشە لە خەڵکی کوردستان کە لە نێو دەیان کێشە و گیروگرفتدا نغرۆ بوون، چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکرێت کە بتوانێت لە ئاستێکدا لە ژان و سەختییەکانی ژیانی ڕۆژانەی ئەم خێزانانە کەم بکەتەوە و پشتگیرییان بکەن.
بەڵام بەداخەوە، ئەوەی لێرەدا جێگەی باسە، پێچەوانەی ئەو چاوەڕوانییەیە.

با لێرەدا ئەو سەرنجە بخەینە ڕوو کە یەکجار ئازاردەر و ناشایستە و دوورە لە لۆژیکی ڕێکخراوێکەوە کە ئەرکی سەرەکییەکەی هاوکاری و ڕێنمایی‌کردنی ئەو خێزانانەیە کە منداڵ یان کەسێکی ئۆتیزمیان هەیە.

وەک لە کارتەکەدا دەبینین، لە دیوێکی کارتەکە بە خەتێکی گەورە و دیزاینێکی لاواز نووسراوە:

«ئەم ناسنامەیە بۆ درۆزەکردن و بەکارهێنانی منداڵی ئۆتیزم بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکارنایەت.»

سەرەتا با ئەوە بڵێم کە بەدڵنیایی یەکێک لە دیاردە هەرە ناشیرین و قێزەونەکانی کۆمەڵگە، بەکارهێنانی منداڵانە بۆ مەبەستی نادروست. کە ئەمە تەنها تایبەت نییە بەو خێزانانەی کە منداڵی ئۆتیزمیان هەیە؛ بەڵکو لە ئاستێکی زۆر بەرفراوانتر دەبینین کە منداڵان بۆ سواڵکردن و درۆزەکردن و کارگەلێکی تری هاوشێوە بەکاردەهێنرێن.

گریمان ئەگەر ژمارەیەک لە خێزانانی خاوەن منداڵی ئۆتیزمیش ئەم کارە ناڕەوا و ناشایستەیان ئەنجامدابێت، ئایا بەڕاستی ئەم حاڵەتانە ڕێکخراوێک ناچار دەکات کە لەسەر کارتی هەزاران ئەندامی خۆی ئەم دەقە بنووسێت؟

ئایا بەڕاستی ئەم بەڕێزانە بە کۆی ژان و ئازارەکانی تری ئەو خێزانانە ئاشنا نین؟ ئایا بیر لەوە ناکەنەوە کە بە بینینی هەر ساتی ئەم کارتە، ژانێکی تر نەچێتە دڵی ئەو خێزانانەوە؟

دایک و باوکێک کە لەگەڵ ئەو هەموو ماندووبوون و ڕەنجکێشانەوە بۆ ژیانی منداڵەکەی، دەیەوێت بە هەموو توانایەکی خۆی پشتیوانی لێ بکات، ئایا شایستەی ئەوەیە بە هۆی ئەم کارتـەوە هەست بکات لە ژێر چاودێری و گوماندا سەیر دەکرێت؟

ئەو خێزانانە لەگەڵ دەیان کێشە و سەختیی ڕۆژانە دەژین. لە جیاتی ئەوەی کارتێکی ئەندامێتی بۆیان ببێتە نیشانەی متمانە، پشتگیری و هاوخەمی، ئایا دروستە دەقێکی لەو شێوەیە لەسەر کارتەکەیان بنووسرێت کە هەستی گومان کردن دروست بکات؟

ئایا بەڕاستی نووسینی تێکستێکی لەم شێوەیە شایستەی ڕێزگرتن لە کرامەت و متمانەی ئەو خێزانانەیە کە خۆیان لە نێو معانات و سەختییەکانی ڕۆژانەیاندا نغرۆ بوون؟

ئایا ئەم ڕەوشتە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گومان خستنە سەر هەموو ئەو خێزانانە نییە کە ئەو کارتەیان پێدراوە؟

ئایا ئەم مامەڵەیە وەک ئەوە وایە بەو خێزانانە بگوترێت:
«ئێمە پێمان وایە لەوانەیە تۆ منداڵی ئۆتیزم بۆ درۆزەکردن یان بەرژەوەندیی تایبەتی بەکاربهێنیت.»

ئایا بەڕاستی ڕێکخراوەکەتان ئەو مافە بەخۆی دەدات کە بەهۆی ئەگەری بەکارهێنانی نادروستی چەند کەسێکەوە، هەزاران ئەندام و خێزان بخاتە ژێر گومانەوە؟

بۆیە بە بڕوای من، ئەمە تەنها مەسەلەی دەقێکی نادروست نییە؛ بە شێوەیەکیش دەکرێت وەک کەموکورتی ڕێزگرتن لە کرامەت و متمانەی خێزانانی کەسانی ئۆتیزم تێبینی بکرێت.

ئەگەر مەبەست لەو دەقە ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی نادروستی ناسنامەکەیە،

ئەوا پێویستە بە شێوەیەکی گونجاوتر و ڕێگەیەکی جیاوازتر مامەڵە بکرێت و هەڵسوکەوتی هەندێک تاک، هەزاران خێزان کە ناسنامەی ڕێکخراوەکەیان پێدراوە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ نەخرێتە ژێر گومان.

منداڵانی ئۆتیزم و خێزانەکانیان شایستەی ڕێز و متمانەن، نەک ئەوەی لەسەر ناسنامەکانیان دەقێک بنووسرێت کە هەستی گومان و تۆمەت دروست بکات.

بۆیە، لە کۆتاییدا دوو داواکاریی ڕوونم هەیە:

یەکەم: لە هەموو ئەو خێزانانەی کە ئەم کارتەیان پێدراوە، بەهۆی ئەم دەقەوە داوای لێبووردن بکرێت. هەروەها، لە هەموو ئەو کەسانەش کە خۆیان بە هاوخەم و هاودەمی ئەو خێزانانە دەزانن و پشتگیری لە ماف و داواکارییەکانیان دەکەن.

دووەم: ئەم کارتە هەڵبوەشێنرێتەوە و لە جیاتی، کارتێکی نوێ و شایستە دروست بکرێت؛ کارتێک کە هێز، متمانە و ئیرادە بە ئەندامان و خێزانەکانیان ببەخشێت، نەک هەستی گومان و تۆمەت.

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە