Home ڕاپۆرتشکستی هەرێم شکستی سەرکردایەتی بڕیاربەدەستە نەک گەلی کوردستان

شکستی هەرێم شکستی سەرکردایەتی بڕیاربەدەستە نەک گەلی کوردستان

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 7 بینینەکان
چەند رۆژێكە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر لەمیدیاكانی كوردستان بڵاودەكرێتەوە لەبارەی ئایندەو چارەنوسی هەرێم لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا.
ئەو مەترسیانەی ئێستا باس دەكرێت، ساڵانێكی درێژە هەموومان باسماندەكرد، بەڵام تەنها بڕیاربەدەستانی هەرێم نەك گوێیان نەدەگرت، بگرە خراپتریان دەكرد! 
ئەوەی ئێستا روودەدات، پاشەكشێی ناوبنێین یان شكست، ئێمەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لێی بەرپرس نین، ئەوانە لێی بەرپرسن كە ماوەی زیاتر لە 35 ساڵە بڕیاری هەرێمی كوردستانیان بەدەستەوەیەو حوكمڕانی هەرێم دەكەن! ئەوەی روودەدات شكستی گەلی كوردستان نییە، بەڵكو شكستیی سەركردایەتی سیاسی كوردە كە بەهۆی دەستگرتنیان بەبەرژەوەندی حزبی و شەخسی ئایندەو چارەنوسی گەلی كوردستان فەرامۆشكردووەو كردویانەتە قوربانیی بەرژەوەندی شەخسی و حزبیی خۆیان. لەبری گەیاندنی كوردو كوردستان بەكەنارێكی ئارام، هەوڵیانداوە خۆیان و حزبەكانیان بگەیننە كەناری ئارام. بۆیە كەس باسی چارەنوسی گەلی كوردستان ناكات، بەڵكو باسی چارەنوسی حزبەكانیان دەكەن.
دەیان ساڵە دەرفەت لەدوای دەرفەت لەدەست دەدەن و دەیكەنە قوربانیی خواستی شەخسی و حزبیی، ئەوەی بۆ ئێمەی گەلی كورد هەڵكەوتووە، رەنگە بۆ گەلانی دیكە هەڵنەكەوتبێت، 35 ساڵە ئەمریكاو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەمانپارێزن، بەهەموو شێوەیەك لەعیراق پشتیوانییان كردین، سەردەمانێك بوو ببوینە كوێخای بەغدا، حكومەت بەبێ‌ كورد دروستنەدەكرا، كەچی هەمووی بەبادرا! ئێستاش بەشێك لەو سەركردایەتییە، دەیانەوێ‌ شكستی خۆیان و حوكمڕانییەكەیان بخەنە ئەستۆی دوژمنان!
بەویژدانتان تورك و عەرەب و عەجەم دوژمنی قەوارەو چارەنوسی گەلی كورد بوون یان ئێوە؟
دوو ساڵە هەڵبژاردن كراوە، دەرگای پەرلەمان داخراوەو كەچی هیچ ئاسۆیەك دیار نییەو بۆ پێكهێنانی حكومەت و حوكمڕانییەكی رێكوپێك؟!
ئێوە 35 ساڵە لێناگەڕێن حوكمڕانیەكی دامەزراوەیی لەهەرێم دروست ببێت؟! هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بەپاكی بەڕێوەبچێت! پەرلەمانێكی هەبێت نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان بكات؟ یان هێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگەی هەبێت؟ كەچی تازە بەتازە كە كارلەكارترازاوە دەبینین لەدەققەی زیادكراوی یاریی، مەراسیمێك رێكدەخرێت گوایە هێزی حەفتاو هەشتا دەكرێتە دەڤەری یەك و دوو! 
خەڵكی كوردستان بەدرێژایی مێژوو لەقوربانیدان و بەرەنگاریی و رووبەرووبوونەوەی دوژمن درێغیان نەكردووە. بەرگەی كۆمەڵكوژیی و راگوێزانی بەكۆمەڵ و پەت و سێدارەیان گرت، رووبەرووی دڕندەیی و عەقڵیەتی شۆڤینزمی تورك و عەرەب و عەجەمیان گرت، مخابن ئەوە سەركردایەتی بڕیاربەدەست بووە نەیتوانیوە ئەو قوربانیدانە بكاتە هۆكاری سەركەوتن و دەسكەوتی مەزن. بۆیە ئەوەی روودەدات، شكستی سەركردایەتی بڕیاربەدەستی كوردستانە، نەك خەڵكی كوردستان. 
جۆرج واشنتن، میللەتێكی ئاوارەو سەرگەردانی گەیاندە كەناری ئارام كە هەریەكە لەكونجێكی ئەم سەرزەمینە هاتبوونە ئەمریكا، كردنی بەگەلی ئەمریكا. دەوڵەتێكی بۆ دروستكردن ئێستا یەكێكە لەبەهێزترین وڵاتانی جیهان و چارەنوسی دونیای پێوەبەندەو هەموو ئەمریكییەك شانازی بەئەمریكایی بوونی خۆیانەوە دەكات. 
گەلانی دونیا ئیلهامی هێز لەسەركردەكانیان وەردەگرن، سەركردەكانیان هۆكاری یەكگرتن و سەركەوتنیانن، وەكچۆن غاندی هۆكاری یەكگرتن و سەركەوتنی خەڵكی هیندستان بوو، محەمەد عەلی جەناح بۆ خەڵكی پاكستان، هۆشمینە بۆ خەڵكی ڤێتنام…تد كەچی سەركردایەتی بڕیاربەدەستی كوردستان لەبری ببَتە مایەی هێز بۆ خەڵكی كوردستان، بوونەتە مایەی پەرتەوازەیی و بارێكی گران، لەبەر بەرژەوەندی شەخسی خۆیان و حزبەكانیان ئاگایان لەخەڵك نەماوە.
ئەوەی 35 ساڵە هەرێمی راگرتووە فاكتەری نێودەوڵەتیی بووە نەك حوكمڕانییەكی باش و هێزێكی پێشمەرگەی یەكگرتوو یان ئابورییەكی سەقامگیرو لەسەرپێی خۆ. ئێستاش ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییە خەریكە لاواز دەبێت بۆیە مەنتقییە هەرێم لاواز ببێت، چونكە ئەو سەركردایەتیەی هەیە شتێكی ئەوتۆی بنیات نەناوە.
 
ئەو پاشەكشە یان شكستەی ئێستا رووبەرووی دەبینەوە، زووتر روویدەدا ئەو فاكتەرە نێودەوڵەتییە نەبوا. ئەمریكا لە 1998 شەڕی ناوخۆی رانەگرتبا كێ‌ دەڵێت قەوارەی هەرێم دەما؟! لە كۆتایی 2002 2003 ئەگەر رەحمەتیی مامجەلال دەستپێشخەری نەكردبا بۆ ئاشتیی و سەردانی سەڵاحەدینی نەكردبا، بەدڵنیاییەوە كورد لەكێكی رزگاركردنی عیراق بێبەش دەبوو، هەرێم هەرێمی ئێستا نەدەبوو.
خولاسە، ئەگەر گەلی كوردستان سەركەوتنێكیان بەدەستهێنابێت ئەوە قوربانیدانی گەلی كوردستان بووە، ئەگەر شكستیشیهێنابێت ئەوا بەدڵنیاییەوە یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی بڕیاری سەركردایەتیی سیاسی بووە.

سەرتپ جەوهەر:

 

01/10/2026

لێدوانێک بەجێ بهێلە