Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانیپێویستی خەبات بۆ کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی بنەماڵە!

پێویستی خەبات بۆ کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی بنەماڵە!

by admin
0 کۆمێنتەکان 3 بینینەکان

بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری سەبارەت بە: پێویستی خەبات بۆ کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی بنەماڵە!

هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، بە‌هێزی میلیشیا بەشێوەیەکی ڕەها و نایاسایی دەستیان بەسەر دەسەڵات و تەواوی سامان و داهاتی ئەم کۆمەڵگەیەدا گرتووە. کوردستانیان بە زۆر و زۆرداریی میلیشیاکانیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکردووە. بە ناوی زۆنی زەرد و سەوزەوە، هەریەکەیان بەشێک لە خەڵکیان یەخسیر و بێئیرادە کردووە و وەکو کۆیلەی خۆیان مامەڵەیان دەکەن. بە ناو و پەیامی فریوکارانەی کوردایەتیەوە، سەرتاپای ژیان و گوزەران و چارەنوسی خەڵکیان کردووە بە بارمتەی بەردەوامی کەڵەکەی سەرمایە و مژینی زیاتری خوێنی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتێکێش.
دەسەڵاتی ئەم دوو بنەماڵەیە، وەکو فۆڕمی بەرجەستەبووی دەسەڵاتی چینی بورژوازی کورد، کوردایەتیان کردووە بە تلیاک و هێمای سەودا و مامەڵەی سیاسی و سەپاندنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، لەسەر حسابی بێبەری کردنی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و ستەمدیدە لە پێداویستیە هەرە سەرەتاییەکانی ژیان.
دوو دەسەڵاتی میلیشیایی ستەمکار و سەرکوتکەر و نایاسایی و ناشارستانی و نابەرپرس بەرامبەر بە ژیانی خەڵک و پێداویستی و ئازادیەکانیان، لەلایەک بازرگانی و قاچاخچێتی بە نەوت دەکەن و سەرمایەیەکی بێشومار بەدەست دەهێنن. لەلایەکی ترەوە تاڵانچێتی و کۆنترۆڵی گومرگی سنورەکان دەکەن، جۆرەها باج و سەرانە بەسەر خەڵک و کاسبکار و بازاڕ و هەموو مامەڵەیەکدا دەسەپێنن. لەسەر هەموو هەناسە و بیرکردنەوە و جوڵەیەکی خەڵکی سەرانەیان داناوە، داهاتەکانیش دەچێتە ناو خەزێنە و بانکە تایبەتی و شەخسیەکانی خۆیانەوە.
ئەم دوو بنەماڵەیە تەنانەت دامودەزگا کارتۆنیەکانی هەرێمیشیان بە تەواوی لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە. بنەماڵەی بارزانی کە بە هێزی میلیشیا و دەزگاکانی سەرکوت خۆیان بەسەر زۆنی زەرددا سەپاندووە، جگە لە سەرۆکایەتی حزب، لە پێکهاتەی حکومەتە کارتۆنیەکەی هەرێمیشدا هەموو پۆستە سەرەکیەکان “سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت” یان تایبەت کردووە بە بنەماڵەکەیان. ئەمەیان کردوەتە مەرجی هەر ڕێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ هەر لایەنێک. زۆنی سەوز و هەرچیەکیش لەبەردەستی ئەوان دەمێنێتەوە سەرتاپا بۆ بنەماڵەی تاڵەبانیە و بەمجۆرە حوکمڕانی و بڕیاردان لەم هەرێمەدا تەنها لە دەست و ئیرادە و ویستی دوو بنەماڵەدا قۆرخ کراوە. هەریەک لە بارزانی و تاڵەبانی ‘ئیمپراتۆریەت’ی خۆیان دامەزراندووە و ژیانی فیرعەونییان بۆ خۆیان ڕازاندوەتەوە، چارەنوسی هەموو خەڵکی کوردستانیشیان کردوەتە بارمتە و خەڵکەکەیان کردووە بە کۆیلەی ئەم ئیمپراتۆریەتە ستەمکارە.
سێ دەیە زیاترە هەردوو حزبی بنەماڵەی ڕکابەر دەسەڵاتیان بەپێی هاوسەنگی هێزی نێوانیان بەشکردووە، جارێک بە ئاشتی و ڕێکەوتنی ستراتیژی و جارێک بە شەڕ و کوشتار، یان بە سوکایەتی و ڕووشکاندنی یەکتر. هیچ کاتێکیش نە شەڕ و نە ئاشتییان هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندی و کێشەکانی خەڵکەوە نەبووەو نییە. لەسەر هەر مەسەلەیەک ناکۆکییان هەبێت، لەسەر بێ ئیرادەکردن و سەپاندنی بێ مافی بەسەر خەڵکدا بە تەواوی تەبا و هاوڕان. هەرکاتیش لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەت ڕێکنەکەون، دۆخەکە بنبەست دەکەن و خەڵک لە ناو کابوسی بێدەرەتانیدا بە دیار مەرامەکانی خۆیانەوە ڕادەگرن. هەردوو حزب هەرچەندە هەر لە بنەڕەتەوە بنەماڵەیی بوون، بەڵام سەرئەنجام بە شێوەیەکی زەق و بێپەردە بە شانازیەوە بوونەتە خزمەتچی و ئامڕازی دەسەڵاتی بنەماڵە. سەرجەم دامودەزگا حکومیەکان جگە لە ڕووپۆشێکی یاسایی بۆ دەسەڵاتی بنەماڵە هیچی تر نین. بۆ سەپاندنی ئەمەش، جۆرەها دەزگای سەرکوت و فریودانیان دامەزراندوە، ئازادی سیاسیان خنکاندوە، ڕۆژنامەنوسان تیرۆر دەکەن، سەدویەک قەیدوبەندیان بۆ ڕێگری لە ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەری ستەمدیدە داناوە و بە زەبری چەک سەرکوتی دەکەن. بەمجۆرە مەملەکەتێکی پاشایەتییان بەرپاکردووە و بەسەرانە سەندن لە خەڵک و تاڵانچێتی و دزی و قاچاخچێتی و ستەمکاری، سەرمایە کەڵەکە و پاشەکەوت دەکەن.
کۆشکەکانی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، کراون بە ناوەندی هەموو بڕیارێکی چارەنوسساز، باقی دامودەزگا حکومیەکان کە گوایە لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداری خەڵکەوە هاتوون، کراون بە ڕووپۆش و مەقاش و جێبەجێکەری ئەو بڕیارانەی لەو کۆشکانەوە دەردەچن. لە هەردوو زۆندا، هەر بڕیارێکی گرنگ دەبێ بە فلتەری بارزانی و تاڵەبانیدا تێپەڕێت.
ئەم فۆڕم و مۆدێلە لە دەسەڵاتدارێتی و وردوخاشکردنی ئیرادەی خەڵک، تا سەر مۆخ کۆنەپەرستانە و ناکۆکە بە هیوا و ئاوات و ئارەزوەکانی خەڵکی شارستانیی کوردستان و پێوانە سەردەمیەکان و هەرگیز شایانی ژیان و شکۆی خەڵکی کوردستان نییە و دەبێ کۆتایی بێت. هەر حزب و لایەنێکیش، بەهەر ڕادەیەک، سات و سەودا لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە داسەپاوەدا بکات یان بچێتە پاڵی و لە سێبەریدا دانیشێت، دەبێتە هاوبەشی ستەم و تاوان و چارەنوسەکەی .
کۆمەڵگەی کوردستان لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا خەریکە دەخنکێت، هەر ئاڵوگۆڕ و باشبوونێکی بەرچاو لە ژیانی خەڵكدا، ڕاستەوخۆ بەندە بە کۆتاییهێنان بەم دەسەڵاتە ستەمکارەوە. ئەم دەسەڵاتە جگە لەوەی کۆنەپەرست و ستەمکارە، کۆسپی سەرەکیە لەبەردەم هەر جۆرە پێشڕەوی و بەرەوپێشچوونێکی کوردستان لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە. ئەم دەسەڵاتە کە ئێستا لەبەردەم ئۆقیانوسێک لە نەفرەت و توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵکدایە، هەرچەندە پڕچەک و پارە و سەرەڕۆ بێت، بەڵام ناتوانێ ئەو ئیرادەیەی خەڵکی کوردستان تێکبشکێنێت کە ڕژێمی فاشیست و دڕەندەی بەعسی ڕاماڵی. خەڵکی کوردستان هیچ ڕێگایەکیان لەبەردەمدا نەماوە جگە لە خەباتێکی یەکگرتووانە بۆ کۆتایهێنان بەم دەسەڵاتە. هەرجۆرە چاوەڕوانیەک بۆ دەستبەری ئاواتەکانیان لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە، جگە لە نەهامەتی زیاتر هیچ ئەنجامێکی نابێت، چونکە خۆشبەختی خەڵک هیچ جێگایەکی لە بەرنامەی ئەم دەسەڵاتەدا نییە.
خەباتی یەکگرتوانە و ڕێکخراوی کرێکاران و مامۆستایان و کارمەندان و ژنان و لاوان و کاسبکاران، دەتوانێ ئەم دەسەڵاتە وەلابنێ و دەسەڵاتیک بەرپا بکات کە پشتی بە ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک بەستبێت، دەسەڵاتێک کە بەرنامە و ئیرادەی بۆ دەستەبەرکردنی خۆشبەختی بێت بۆ خەڵک. ئەمە خەباتێکی هەمەگیر و ڕێکخراوی دەوێ، پێویستی بەوەیە یەکگرین و بە دامەزراندنی ڕێکخراوەکانمان ڕیزەکانمان یەکگرتوو بکەین. ڕابەران و هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان دەتوانن لەم خەباتە و لە یەکگرتوکردنی جەماوەریدا ڕۆڵی پێشڕەوانە بگێڕن. هەر حزبێکی سیاسی کە تۆزقاڵێکیش خۆی بە لایەنگری ئازادی و مافەکانی خەڵک بزانێ، ئەمڕۆ ئیتر دەبێ سەنگەری خۆی هەڵبژێرێت، لە پاڵ ئەم خەباتە یان لە پاڵ دەسەڵاتی ستەمکاردا ڕادەوەستێت؟
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بۆ ڕێکخستن و ڕابەری کردنی ئەم خەباتە و مەیسەرکردنی ئەم ئاڵوگۆڕە تێدەکۆشێت و بانگەوازی خەڵک دەکات بۆ کۆبوونەوە و یەکگرتن لە دەوری ئەم ئاسۆیە.

حزبی کۆمۆنستی کرێکاریی کوردستان
١/١٠/٢٠٢٦

لێدوانێک بەجێ بهێلە