Home تەندروستیرۆژی جیهانیی دەروندروستی لەسەردەمی قەیرانە بەردەوامەکاندا

رۆژی جیهانیی دەروندروستی لەسەردەمی قەیرانە بەردەوامەکاندا

by Hawpshti Media
0 کۆمێنتەکان 6 بینینەکان
ساڵانە ١٠ی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر)، بە رۆژی جیهانیی دەروندروستی دەستنیشان کراوە، لەو رۆژەدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەرفەتێکی جیهانی دەڕەخسێنێت بۆ ئاخاوتن دەربارەی تەندروستیی دەروونی، و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری سەبەرت بە گرنگی پرسەکە، و داواکاری بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی پاڵپشتی و چاودێریی دەروونی. دروشمی هەڵمەتی ئەمساڵ بریتییە لە: “گوێ لە دەنگی ئەوانە بگرن کە ئەزموونەکە دەژین یان (لەئەزمونەکەدا دەژین)، لەپێناو دروستکردنی گۆڕانکاری لە واقیعەکەدا”، کە ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ گرنگیی گوێگرتن لە ئەزموونی خۆیی کەسەکان لەپێناو داڕشتنی بناغەو پلانی گونجاو بۆ گرنگیدان بەلایەنی دەروونی تاکەکان.

لەم رۆژەدا ناکرێت بەتەنها باسی دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و گوشارە دەروونییەکان بکەین وەک ئەوەی کێشەی دابڕاو نین لەو واقيعەی تێیدا دەژین. بەلکو تەندروستیی دەروونی بە شێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەرە بە ئاسایش، سەقامگیریی ئابووری، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هەستکردن بە داهاتوو. کاتێک قەیرانەکان بە دوای یەکدا دێن بێ ئەوەی مرۆڤ دەرفەتێکی لەبار و راستەقینەی دەستبکەوێت بۆ بونیادنانەوەی هەستی ئارامیی خۆی، ئیدی گوشاری دەروونی وەک دۆخیکی کاتی و راگوزەر نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە شێوازێک لە شێوازەکانی ژیان. ئەمەش وا دەکات دیمەنی دەروونی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەمساڵدا زۆر ئاڵۆزتر بێت بە بەراورد بە ساڵی رابردوو.

ئاشکرایە لە ماوەی مانگەکانی ئازار و نیساندا، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە ژێر سێبەری جەنگێکی ناوچەییدا ژیان، بەهۆی سەدان هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن) کە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمیان کردە ئامانج و بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی مەدەنی. بەپێی داتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نێوان ۲۸ی شوبات تا ۲۰ی نیسانی ۲۰۲٦دا، ٨٠٩ هێرش تۆمار کراون، کە ٤٧٧ هێرشیان تەنها لە پارێزگای هەولێر بوون.

لەرووی دەرونیەوە، شوێنەوارەکانی جەنگ بە کۆتاییهاتنی دەنگی تەقینەوەکان کۆتاییان نایەت. ئەو مرۆڤەی تووشی ترسی راستەوخۆ بووەتەوە، تاماوایەکی درێژ رەنگە بەردەوام بێت لە چاودێریکردنی ئاسمان، هەواڵەکان، دەنگی فڕۆکەکان و چاوەڕوانکردنی ئەوەی لە ئایندەدا روو دەدات. ئەم ئەزموونە دەکرێت لە شێوەی تێکچوونی خەو، گرژی، زوو هەڵچوون، ترسی زۆر رادەبەدەر (تۆقین)، یان هەستکردنی بەردەوام بە مەترسی و گرژی دەربکەوێت. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەخت دەکاتەوە کە زۆربەی ئەو کەسانەی بەهۆی باری نائاساییەوە زیانیان بەرکەوتووە، روبەرووی ئاستی جیاوازی تەنگەژەی دەرونی دەبنەوە، هەروەها جەنگ، هەژاری، لەدەستدانی ئاسایش و ماڵ و سامان مەترسیی تێکچوون و شڵەژانە دەروونییەکان زێتر دەکەن. وێرای ئەمانە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دوای هێوریوونەوەی جەنگەکە بۆ قۆناغێکی سەقامگیرو ئاسایشی دەرونی نەپەڕینەوە, بەڵکو لە گوشارێکەوە بۆ چەندین گوشار و قەیرانی دیکە.

پرسی مووچە هێشتا شوێنەوارێکی دەروونیی قورسە ئاسایشی دەروونی فەرمانبەرانی خستۆتە مەترسیەوە. مووچە بۆ فەرمانبەر واتە کرێی خانوو، پەروەردەکردنی مناڵ، دانەوەی قەرز، دابینکردنی خۆراک و دەرمان، و پلاندانان بۆ مانگی داهاتوو. بۆیە هەر گرفتێک لەبەرەدەم پرسی مووچەدا، تەنها تەنگژەی ئابووری لێ ناکەوێتەوە، بەڵکو باری نادڵنیاییی درێژخایەن (موزمن) دەخولقێنێت. تەنانەت هەرجارێک لەگەڵ رێکارەکانی دابەشکردنیشیدا، رەگی کێشەکە لە نەست و ئاگایی گشتیدا بە زەقیی دەمێنێتەوە ئەویش بەهۆی دووبارەبوونەوەی دواکەوتن و کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

لە هەمان کاتدا، قەیرانی سیاسی و دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت هاوکات لەگەڵ فەوزای راگەیاندن و گوتاری میدیایی نابەرپرسیارانەی بەشێک لەکەناڵە حزبیەکان و سێبەرەکانیان, توێژاڵێکی دیکەی نادڵنیاییان لای هاوڵاتیان زێدە کردوە. ئەمە وێڕای هۆشداری راستەوخۆ و ناراستەوخۆی هاوپایمانان لە کاریگەریی چەق بەستوویی سیاسی لەسەر تواناو پێگەی هەرێم.

سەرەڕای ئەمانەش، قەیرانەکانی ژیانی ڕۆژانە هاتنە ئاراوە لەناکاو بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، گرانیی تێچووی گوزەران، بەدوایدا پێشهاتە ئاسایشییە ناوچەیییەکان، تا دەگاتە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە کۆتایی ئەیلوولدا، و ئەو گفتوگۆ و ترسەی هاوشانی بوو دەربارەی داهاتووی ئاسایش و ئەگەری نوێبوونەوەی چالاکیی گرووپە چەکدارەکان. ئەم ترسانە، تەنانەت کاتێک نەبنە مەترسیی راستەوخۆش، دەتوانن ئاستی دڵەڕاوکێی گشتی بەرز بگوێزنەوە و پەرەی پێبدەن چونکە مرۆڤ لە رووی دەروونییەوە تەنها مامەڵە لەگەڵ رووداوەکە ناکات، بەڵکو مامەڵە لەگەڵ ئەگەرەکانیشی دەکات..

ئەمڕۆش فاکتەرێکی ئابووریی نوێ و بەزەقی هاتۆتە نێو دیمەنەکەوە. کاتێک حکومەتی عێراق لە ۷ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ دەستکاریی نرخی فەرمیی ئاڵوگۆڕی دیناری کرد بۆ ١٥٢٠ دینار بەرامبەر بە دۆلار، لە سایەی گوشارە ئابوورییەکانی پەیوەست بە جەنگ و تێکچوونی هەناردەی نەوت. ئیدی سروشتییە پێشهاتی لەم شێوەیە ترس لەلای خێزان، بازرگان و فەرمانبەران دروست بکات، و ئاسایشی دەرونیان زیاتر بخاتە ژێر هەرەشەو مەرترسی، چونکە گۆڕانی نرخی ئاڵوگۆڕ راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە تێچووی هاوردەکردن، نرخەکان و توانای کڕین.

لەگەڵ ئەم هەموو پرس و قەیرانانەدا، دەبێت ئەو پرسیارە بورووژێنین کە دروشم و ئامانجی ئەم رۆژە جیهانیە تێدەپەڕێنێتت و بلێین تەندروستیی دەروونیی تاکی کورد لە کوێی هاوکێشەکەدایە کە رۆژانە لەگەڵ ئەگەری قەیرانێکی نوێدا گوزەردەکات؟

کێشەکە تەنها لە بوونی قەیرانەکاندا نییە، هەمیشە کۆمەڵگەکان توانای بەرگەگرتنی قەیرانەکان و بوژانەوەیان هەیە. کێشەکە لێرەدایە کە مرۆڤ ئەو فەزا زەمەنی و دەروونییە بۆ نەرەخساوە یان لەبەردەستدا نیە کە پێویستییەتی بۆ بەدەستهێنانەوەی هاوسەنگیی خۆی پێش ئەوەی قەیرانێکی دیکەی بەسەردا بێت. فریای ئەوە ناکەوێت لەنێوان قەیران و سەرهەڵدانی قەیرانێکی دیکەدا هاوسەنگی دەروونی خۆی بەدەستبێنێتەوە!

لە حاڵەتی وەهادا، دڵەڕاوکێ لە پەرچەکردارێکی کاتییەوە دەگۆڕێت بۆ حاڵەتێکی بەردەوام، و بیرکردنەوە لە داهاتوو لە بری ئەوەی ببێتە سەرچاوەی پلاندانان، دەبێتە سەرچاوەی ترس. رەنگە تووڕەیی لە نێو خێزاندا گەشە بکات، توانای تەرکیز و کارکردن پاشەکشە ببات، و خەڵکی بەرامبەر هەواڵ و دەنگۆکان هەستیارتر بن و زیاتر ئامادەبن بۆ بڕواکردن بە خراپترین ئەگەرەکان.

لێرەشدا رۆڵی راگەیاندن دەردەکەوێت. راگەیاندن دەوتوانێت تەنها گواستنەوەی قەیرانەکان نەکات بەڵکو شوێنەوارەکانی سووک بکات یان دووهێندەی قەبارەکەی خۆی گەورەیان نەکات. ئەو رووماڵانەی پشت بە ترساندن، زێدەڕۆیی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی پشتڕاستنەکراوە دەبەستن، دڵەڕاوکێی گشتی بەرز دەکانەوە، لە کاتێکدا کۆمەڵگە پێویستی بە ڕاگەیاندنێکە زانیارییەکان بە روونی و بەرپرسیارێتییەوە پێشکەش بکات، و جیاکاری لە نێوان هەواڵ، شیکاری و دەنگۆدا بکات.

جگە لەوەش، پاراستنی تەندروستیی دەروونی ناتوانرێت تەنها بخرێتە ئۆباڵی تاكەکان خۆیان. ئێمە ناتوانین داوا لە مرۆڤ بکەین پشوودرێژتر و خۆڕاگرتر بێت لە کاتێکدا لە ژێر گوشاری بەردەوامی ئابووری، ئاسایشی و کۆمەڵایەتیدا دەژێت، پاشان بەرپرسیارێتیی داڕمانی دەروونیی بخرێتە ئەستۆ. خۆڕاگریی دەروونی ئەوە نیە کە داوا لە مرۆڤ بکەین زێتر بەرگە بگرێت، بەڵکو دەبێت ژینگەیەکی لەباری بۆ برەخسێندرێت کە هاوکاری بێت بۆ بەردەوامبوون.

بۆیە، پاراستنی تەندروستیی دەروونی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا پێویستیەکی هەنوکەییە ودەبێت ببێتە بەشێک لە بەدەنگەوەهاتنی قەیرانەکان. پێویستمان بە خزمەتگوزاریی دەروونیی بەردەستە، قوتابخانە و زانکۆگەلێک دەبێت زێتر بایەخ بە دروستیدەرونی بدەن، راگەیاندنێکی بەرپرسانەتر، و دامەزراوەگەلێک کە درک بەوە بکەن کە سەقامگیریی ئابووری، ئاسایشی و کۆمەڵایەتی دابڕاو نییە لە سەقامگیریی دەروونیی مرۆڤ. ئیدی تەندروستیی دەروونی دروشمێک نییە لە دەی تشرینی یەکەمدا بەرز بکرێتەوە و بۆ رۆژی دواتر بەلابندرێت و لەبیر ببرێتەوە. بەڵکو ئاوێنەی راستەوخۆی ئەو شێوازەیە کە مرۆڤی تێدا دەژێت، و بڕی ئەو ئارامییەیە کە هەستی پێدەکات.

لەسەر ئاستی تاکەکەسیش داواکردنی هاوکاری و پاڵپشتی دەروونی نەنگی و عەیبە نیە، دوودڵ مەبە لەداوای چارەسەرکردن و پشتگیری دەرونی, راوێژ و پاڵپشتی دەروونی پیشەیی دەتوانێت بارگرانیەکانت بۆ کەمتر بکاتەوەو ژیانت بۆ ئاستێکی باشتر و ئارامتر بگۆرێت.

 

د. نزار گزالی – دکتۆرا لە دەرونزانی

لێدوانێک بەجێ بهێلە