دوو هەفتەی دیكە، دوو ساڵی تەواو تێدەپەڕێت بەسەر هەڵبژاردنی هەرێم و تائێستا حكومەت دروستنەكراوە. هەولێرو سلێمانی لەرووی ئیداریی و داراییەوە پەیوەندییان لاوازبووەو لەسلێمانی بڕیاری بەشێك لەوەزیرو كاربەدەستانی حكومەت لە هەولێر جێبەجێناكرێت.
گرفتی نێوان هەردوولا لەدابەشكردنی پۆستەكانەوە دەستیپێكرد، ئێستا زۆر لەوە واوەترە، پارتی ترسی لەكشانەوەی ئەمریكاو كاردانەوەی ئێران هەیە، یەكێتیی بێدەنگەو پەلەی پێكهێنانی حكومەتی نییە!
بەر لەچەند رۆژێك، لەبەغدا بۆنەیەك بۆ 9 یەمین ساڵی كۆچی دوایی مامجەلال رێكخرا، سەرباری بانگهێشتكردنی پارتی، بەڵام هیچ بەرپرسێكیان لەوبۆنەیە ئامادەنەبوون! ئەمەش نیشانەی ساردی پەیوەندییەكانی هەردوولایە. بەر لەماوەیەك كۆبونەوەیەكی دوو بەدوو لەنێوان بڕیاربەدەستانی پارتی و یەكێتیی كرا، ئەو كۆبونەوەیە قسەو باسی زۆری لەسەركرا، میدیای پارتی كردیە بابەتێكی راگەیاندن و بەشێك لەبەرپرسانیان مژدەی پێكهێنانی حكومەتیان راگەیاند. پێدەچوو بۆ پێكهێنانی حكومەت پارتی پێشنیاری نوێی بۆ یەكێتیی كردبێت و دەستبەرداری بەشێك لەدەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیران ببێت، بەڵام دوای چەند رۆژێك لەكۆبونەوە دووقۆڵیەكە، وەفدێكی یەكێتیی سەردانی تارانی كرد. دوای گەڕانەوەی وەفدەكە، یەكێتیی هەموو هەواڵێكی پێكهێنانی حكومەتی رەتكردەوەو بەروونی رایگەیاند هیچ رێككەوتنێك نییەو هیچ وادەیەكیش بۆ كۆبونەوە لەگەڵ پارتی نییە! ئەم راگەیاندنەی یەكێتیی، پرسی پێكهێنانی حكومەتی خستە گۆشەیەكی تەنگ و هیچ ئاسۆیەكیش بۆ پێكهێنانی حكومەت دیار نییە! لەدوای ئەو سەردانە، لەبن زمانی یەكێتیی وادەخوێندرێتەوە كە ئەوەندە پەلەی پێكهێنانی حكومەتیان نییە، بۆیە كڕو بێدەنگن، بەڵام ئەم بێدەنگییە شتی دیكەی لێ دەخوێندرێتەوە. ماوەیەكیشە ئیدارەی سلێمانیی و گەرمیان پەیوەندیی ئیداریی و داراییان بەئەنجومەنی وەزیران و بڕیارەكانی حكومەت لەهەولێرەوە لاوازتر دەكەن، یان روونتر بڵێین بەشێك لەبڕیارەكانی حكومەت بەتایبەتیش وەزیرەكانی گۆڕان و پارتی لەحكومەت جێبەجێناكەن! ئەمەش دابڕانێكی گەورەی دروستكردووەو بۆن و بەرامەی دوو ئیدارە كۆنەكەی هەولێرو سلێمانیی بەشێوەیەكی كردارەكی هەستی پێدەكرێت.
لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، تەنگەتاویی و جۆرێك لەترس لەلێدوانی بەرپرسانی پارتی هەستی پێدەكرێت. گۆڕانێكی خێرا لەهەڵوێست و جۆری دەربڕینەكان و بەكارهێنانی دەستەواژەكان بەلێدوانی بەرپرسانی پارتیەوە دیارە. دەیانەوێ بەزمانێكی نەرم بەغدا بدوێنن، تەنانەت كاك نێچیرڤان بارزانیی لەرۆژی سەروەریی عیراق ئاڵای عیراقی لەسنگیدا! ئەو ترسەی پارتی، بەقسەی خۆیان لەكشانەوەی ئەمریكایە، بەڵام پێدەچێت تەنها كشانەوەی ئەمریكا نەبێت، بەڵكو بەشێوەیەكی سەرەكیی ترس بێت لەتۆڵەسەندنەوەو كاردانەوەی ئێران لەدوای كشانەوەی ئەمریكا، كە ئەگەرێكی كراوەو پێشبینیكراوە.
بیریشمان نەچێت ئەو سكاڵایەی ئێستا لەدادگای فیدراڵە لەبارەی شەرعیەتی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم كە بۆ 26 ئەم مانگە دواخراوە، پێدەچێت كارتێكی بەهێز بێت بەدەست بەغداو ئێران، دەكرێت لەو رێگەیەوە ریسەكە بكەنەوە خوری! هەرچەند پێشبینی دەكرێت ئەم بڕیاردان لەسەر ئەو سكاڵایە بۆ كۆتایی ئەمساڵ دوابخرێت، بەڵام پرسێكی جددیەو بڕواناكەم ترسی لای كاربەدەستانی پارتی دروستنەكردبێت.
بەپێی خوێندنەوەو شیكاریی لێدوانە جیاوازەكانی ناو پارتی، كاك مەسرور بارزانیی پەلەی پێكهێنانی حكومەتی بێت بەوپێیەی خۆی كاندیدی سەرۆك وەزیرانە، بەپێی دوایین لێدوانەكانی هەست بەدڕدۆنگی ناوبراو دەكرێت، بەپێچەوانەی كاك نێچیرڤان بارزانیی، هەرچەندە ناوبراو دووبارە كاندیدی پارتییە بۆ سەرۆكی هەرێم لەكابینەی نوێ بەڵام پێناچێت پەلەی پێكهێنانی حكومەتی بێت! ئەمەش بۆخۆی جێگەی رامانە، بۆچی ئەو پەلەی پێكهێنانی كابینەی نوێی نییە!. هەرچۆنێك بێت رێگاكانی دروستكردنی حكومەتێكی نوێ زۆر سەخت بووەو، پرسی كۆبونەوەی پەرلەمان زۆر زەحمەتتر بووە، بگرە هیچ ئاسۆیەك نییە.
ناكۆكیی نێوان یەكێتیی و پارتی لەسەرەتادا لەسەر پرسی دابەشكردنی وەزارەتەكان و رێكخستنەوەو دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی وەزیران و جێگری سەرۆك وەزیران و جومگە جیاوازەكان بوو، نەیانتوانی رێككەون! لەدوای بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن كاندیدی یەكێتیی بەبێ رێككەوتن لەگەڵ پارتی، یەكێتیی سەقفی داواكارییەكانی بەرزكردەوە. دوای ئیمزاكردنی رێككەوتن لەگەڵ حزبی (نەوەی نوێ) یەكێتیی هێشتا سەقفەكەی بەرزتر كردەوەو داوای یەكێك لەدوو پۆستە تەنفیزییە باڵاكەی هەرێمی كرد، واتە (سەرۆكی حكومەت یان سەرۆكی هەرێم). دوای كشانەوەی ئەمریكاو ئەو گۆڕانكارییانەی ناوچەكە، من پێموایە گرفتی نێوان پارتی و یەكێتیی لە دابەشكردنی پۆست و جومگەكانی حكومڕانی واوەتر دەبێت، بەدوور نازانرێت ناكۆكی گەورەتر بێتە پێشەوە كە ئەویش مەسەلەی كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران بێت كە ئەمە بۆخۆی گرێ و گرفتێكی گەورەیە! بۆ پارتی ئەم پرسە زۆر هەستیارەو زۆر زەحمەتە سازشی لەسەربكات.
بەپێی هەموو ئەو پێشبینیانەی دەكرێت ئەگەر فشارو نێوانگری دەرەكی نەبێت، زۆر زەحمەتە ئەم دوو ساڵەی ماوە كابینەی نوێی هەرێم دروستبكرێت، ئەم خولە پەرلەمان بەداخراوی دەمێنێتەوە، خۆ ئەگەر هەڵبژاردنیش دووبارە بكرێتەوە، گۆڕانێكی ئەوتۆ لەبیركردنەوەو تێگەیشتنی پارتی و یەكێتیی بۆ حوكمڕانی دروستنابێت، رەنگە ژمارەی كورسیەكانی هەردوولا لەپەرلەمان بگۆڕێت، بەڵام واقعەكە ناگۆڕێت!
لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەئۆكتۆبەری 2024، پێشبینیمان كرد حكومەتی هەرێم بەئاسانی دروستنەبێت و بكەوێتە دوای هەڵبژاردنی عیراق كە لەكۆتایی 2025 كرا، بەوپێیەی پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و بەغدا لەنێوان پارتی و یەكێتیی یەك بوخچەو پاكێج بوون، بۆیە مەنتقیە دوابكەوێت بۆ دوای هەڵبژاردنی عیراق.
لەدوای هەڵبژاردنی عیراق پێشبینیمان كرد كە ئەگەر پارتی و یەكێتیی لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار رێككەون ئەوا گرێیەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دەبنەوەو ئاسان حكومەتی هەرێم دروستدەبێت، بەڵام ئەگەر رێكنەكەون بەپێچەوانەوە زۆر ئاڵۆز دەبێت. گوتمان ئەگەر پارتی بەبێ یەكێتیی سەرۆك كۆمار بەدەستبهێنێت، ئەوا دۆخی سیاسی و حوكمڕانیی هەرێم زۆر ئاڵۆز دەبێت، بەڵام ئەگەر یەكێتیی بەبێ رێككەوتن لەگەڵ پارتی سەرۆك كۆمار بەدەستبهێنێت، ئەوا سەقفی داواكارییەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بەرزدەكاتەوە! لەماوەی رابردوو بینیمان سەقفی داواكارییەكانی بەرزكردەوە، بەتایبەت لەدوای رێككەوتنی لەگەڵ حزبی (نەوەی نوێ) داوای 50% بە 50%ی حكومەتی دەكرد.
ئێستاش دوای كشانەوەی ئەمریكا لەهەرێم و یەكلانەبوونەوەی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریكا كە هەندێك گرەویان لەسەر دەكرد، گرێی پێكهێنانی حكومەت كوێرتر ببێت و بەدوور نازانرێت پرسی كاندید بۆ سەرۆكی وەزیرانی داهاتووی هەرێم ببێتە یەكێك لەگرفتە سەرەكییەكانی نێوان هەردوولا، بۆیە دەبینین بەشێك لەلێپرسراوانی پارتی، دەیانەوێ هەرچۆنێك بێت حكومەت زوو دروستبكرێت چیتر دوانەكەوێت، چونكە دواتر ئاڵۆزتر دەبێت.
سەرتیپ جەوهەر:
