بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ هۆشدارییەکی توند لەبارەی رەوشی تەندروستیی شارەکە دەدات و دەڵێت، کەرتی تەندروستی بەهۆی کەموکوڕیی کوشندەوە لەبەردەم هەرەسدایە.سەبارەت بە ئامێر و بەشە تەندروستییەکان، بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ وتی، یەکێک لە کێشەیە گەورەکانیان نەبوونی ئامێری سیتی سکانە، کە رۆژانە لەنێوان ١٠ نەخۆشدا کە رەوانەی سلێمانی دەکرێن، پێنج نەخۆشیان پێویستیان پێیەتی، هەروەها ئامێری سی ئاڕم و بەشی چاودێریی چڕیش لەبەردەستدا نین.
جگە لەوانەش، بەهۆی گرانبوونی نرخی بەنزینەوە گرفتی جیدیی سووتەمەنییان بۆ دروست بووە و مانگانە بڕێکی زۆر قەرزداری بەنزینخانەکان دەبن، کە مەترسیی ئەوەی لێدەکەوێتەوە لە مانگەکانی داهاتوودا بەهۆی قەرزدارییەوە بەنزین بە ئەمبووڵانسەکانیان نەدرێت. بەڕێوەبەری تەندروستی باسی لەوەش کرد کە زیاتر لە سێ ساڵە هیچ پزیشکێکی پسپۆڕیان بۆ دانەنراوە و کەمبوونی کارمەند و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکان، کەرتی تەندروستیی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەکی جیدییەوە.
