117

لە کوردستاندا، دەزگا میدیاییە حزبییەکان ئازادی دەدەن بە دەنگە سەربەخۆ و بوێرەکان تا لە شاشەکانیانەوە ڕەخنە لە دەسەڵات بگرن،بەڵام ئایا بەڕاستی بڕوا دەکەن دەسەڵاتێک ملیۆنان دۆلار لە کەناڵەکانیدا خەرج بکات تەنها بۆ ئەوەی خەڵک بێنە سەر شاشەکانیان و ڕەخنەیان لێ بگرن و گەندەڵییەکانیان ئاشکرا بکەن؟

ئەمە تەنها بۆ سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنە ساختەکانی خۆیان ڕاستە،تەنها ئەوان ئەتوانن لە میدیاکانی یەکێتی و پارتییەوە ڕەخنە لە دەسەڵات بگرن.
بەڵام لە ڕاستیدا کاتێک لە کەناڵەکانیانەوە بەرنامەگەلێک پەخش دەکرێت کە تیایدا ڕەخنە و توانج ئاڕاستەی دەسەڵات دەکرێت و داوای چاکسازی دەکرێت،ئەوە ڕاستەوخۆ دەتوانین بڵێین کە کەناڵەکانیان ڕۆڵی ((داو)) دەبینن بۆ ئازادیخوازان.
لەڕێگەی بەرنامەکانیانەوە هانی ئازادیخوازان و ڕەخنەگران دەدەن تا بێنە سەر شاشە و ڕەخنە لە دەسەڵات و خراپی دۆخی ژیانکردن بگرن لە هەرێمەکەدا، بەڵام کاتێک کەسایەتییەکی وەک مامۆستا جیهان تەنها یەکجار لە شاشەکانیانەوە ڕەخنە دەگرێت، دوای ماوەیەکی کورت لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەکرێتە ئامانج و تیرۆر دەکرێت!
ئەمە پێمان دەڵێت دەزگا ئەمنییەکان ((ڕاوچین)) و میدیا حزبییەکانیشیان وەک ((داو)) بەکاردێنن تا ئازادیخوازانی پێ ڕاو بکەن،وە هەموو ئەم پڕۆسەیەش لەژێر چاودێری سەرانی دوو بنەماڵەدا بەڕێوەدەچێت.
ئەگەر بە شێوەیەکی مێتافۆری بڕوانینە پرۆسەی تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان، دەڵێین:
دەزگا میدیاییە نەوتییەکە سووتەمەنییەکەی پێداکرد و دەزگا ئەمنییەکانیش ئاگرەکەیان تێبەردا
وە لەم تاوانانەدا،بارزانی تاوانباری یەکەمە.
بەڵێ،ئەمەیە ڕێگای بەردەوامییدان بە دەسەڵات لەلایەن بارزانی و تاڵەبانییەوە.
کەواتە ئەگەر میلیشیابوون خاڵی ناوەندی بێت، ئەوا دەزگا ئەمنی و میدیاییە حزبییەکان هاوشانی یەک بەدەوری ئەو خاڵەدا دەسوڕێنەوە، وە بەبێ (داوی میدیا)ڕاوکردنی ئازادیخوازان بۆ میلیشیاکانی پارتی و یەکێتی ئەستەمە.
وە کوشتنی ئازادیخوازان گرنگترین هۆکارە بۆ مانەوەی دەسەڵاتیان و برەودان بە خۆسەپێنی و گەندەڵی و دزینی سامانی خەڵک.
