Home ڕاپۆرت فریدەم هاوسی ئەمریکی: ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان لە دەستی دوو بنەماڵەدایە

فریدەم هاوسی ئەمریکی: ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان لە دەستی دوو بنەماڵەدایە

by admin
0 کۆمێنت 28 بینینەکان

دامەزراوەی فریدەم هاوسی ئەمریکی کە ناوەندێکی شیکارییە لە راپۆرتێکدا باسی لەوەکردووە، هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی سێکتەری ئینتەرنێتیان بۆ خۆیان و کۆمپانیاکانیان قۆرغکردووە.

بەپێی راپۆرتی ساڵانەی دامەزراوە ئەمریکییەکە لەژێر ناونیشانی “بەرەنگاربوونەوەی کۆنترۆڵکردنی ئینتەرنێت لەلایەن دەسەڵاتەتدارە زۆردارەکانەوە”، ئینتەرنێت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەتەواوی ئازاد نییە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکۆی زیاتر لە ٧٠ وڵات کە راپۆرتەکە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کردوون، عێراق لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەیە کە ئینتەرنێت تێیدا بەتەواوی ئازاد نییە و تەنیا ٤٢ نمرەی لەکۆی ١٠٠ پێدراوە.
راپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە، حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێم كۆنترۆڵی ژێرخانی ئینته‌رنێت ده‌كه‌ن و له‌ كاتی ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانەکاندا په‌یوه‌ندییه‌كان سنووردار ده‌كه‌ن و دەسەڵاتدارانی عێراق لە رابردوودا دانیان بەوەدا ناوە کە لە کاتی تاقیکردنەوە نیشتمانییەکان، و هەڵبژاردنەکان و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا ئینتەرنێتیان بڕیوە.

حەکیم داود قەرەداغی، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە دیجیتاڵ میدیا و ماستەر لە زانستی وەرگێڕان، کە وەک راوێژکار پێداچوونەوەی بە راپۆرتەکەدا کردووە، ئاماژە بەوە دەکات بۆ یەکەمجارە دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی بە فەرمی رایبگەیەنێت کە هێڵەکانی هاوردەکردن و دابەشکردنی ئینتەرنێت لە هەرێم لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قۆرغکراون.

جگە لە خاوەندارێتی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردنی ناوخۆ و هاوردەکردنی ئینتەرنێت لە دەرەوە، حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم دابەشکردنی ئینتەرنێتیشیان لەڕێگەی چەندین کۆمپانیای بچووکترەوە قۆرغکردووە.

بەپێی راپۆرتەکە بنەماڵەی بارزانی دەستیان بەسەر هاوردەکردنی ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیک لە تورکیاوە گرتووە و راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە “کۆمپانیای ئۆ٣ لە هەولێر و دهۆک، کە پەیوەندی نزیکی لەگەڵ ماڵی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، تاکە کۆمپانیایە کە رێگەی پێدەدرێت ئینتەرنێتی فایبەر ئۆپتیک لە تورکیاوە هاوردە بکات و لە سنوری سلێمانیش چەندین کۆمپانیا خاوەندارییان دەگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی یاخود زۆر نزیکن لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

بە گوێرەی راپۆرتە ئەمریکییەکە، یەکێک لە گەندەڵییەکانی دیکە کە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی پێکراوە ئەو بەرتیلەیە کە کۆمپانیای ئیریکسن داویەتی بە ماڵی بارزانی بۆ رێگەدان بە فراوانکردنی کارەکانی لە هەرێمی کوردستان. بەپێی راپۆرتەکە بڕی بەرتیلەکە ١.٢ ملیۆن دۆلار بووە کە دراوە بە بنەماڵەی بارزانی.

فریدەم هاوسی ئەمریکی ئەو راستیەشی خستووەتەڕوو کە پارتی و یەکێتی دەیان دەزگای میدیایی گەورەیان دامەزراندووە و لە رێگەیانەوە سیاسەتی خۆیان بڵاودەکەنەوە و هەر ئەو دەزگایانەش، وەک فریدەم هاوس دەڵێت، “رێگەیان پێدەدرێ دەستیان بەو زانیاریانە بگاتە کە حزبەکانی دەسەڵات دەیانەوێ بڵاویبکەنەوە، بەوەش میدیا ئەهلی و ئۆپۆزسیۆنەکان بێبەش دەکەن لە دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان.“

عێراق و کوردستان بۆ ئازادی ئینتەرنێت لە خوار وڵاتانی وەک بەنگلادش، ئوردن، لوبنان، لیبیا، مەغریب و زیمبابۆ و زامبیاشن. ئازادترین وڵاتانیش ئایسلەندا، ئیستۆنیا، کەنەدا و کۆستاریکا، ئەمریکا و بەریتانیان کە نمرەکانیان لەسەرووی ٧٥ تاوەکو ٩٣یە.

ئەو ١٠٠ نمرەیەی بۆ ئازادی ئینتەرنێت دانراوە لەسەر سێ بنەمای سەرەکین: یەکەم گرفتەکانی بەردەم دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت کە عێراق و کوردستان ١٢ نمرەیان لە ٢٥ وەرگرتووە.

بواری دووەم سنووردانانە بۆ ئازادی بڵاوکردنەوە کە لەمەدا ١٦ لە ٣٥ دانراوە.

بواری سێیەمیش پێشێلکاریە بەرامبەر مافەکانی بەکارهێنەری ئینتەرنێت کە خراپترین بوارە و تەنیا ١٤ نمرە لە ٤٠ دانراوە.

حەکیم قەرەداغی دەڵێت، “راپۆرتەکەی فریدەم هاوس بەڵگەیەکی گرنگی نێودەوڵەتییە بۆ سەلماندنی گەندەڵی و قۆرغکاری لە بواری هێڵەکانی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان کە ئێستا داهاتەکانیان گەیشتووەتە میلیاران دۆلار بۆ خاوەنەکانیان.”

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر