Home ڕاپۆرت هیومان رایتس وۆچ: دەستگیرکردنی چالاکوان و رۆژنامەنووس و کەسایەتییەکان ستەمێکە دژ بە دانیشتووانی هەرێم

هیومان رایتس وۆچ: دەستگیرکردنی چالاکوان و رۆژنامەنووس و کەسایەتییەکان ستەمێکە دژ بە دانیشتووانی هەرێم

by admin
0 کۆمێنت 54 بینینەکان

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بۆ مافەکانی مرۆڤ راپۆرتێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکەی ٦ی ئەم مانگە و تیایدا دەستگیرکردنی دەیان رۆژنامەنووس و چالاکوان و پەرلەمانتار و کەسایەتی بڵاوکردووەتەوە و باس لەوەدەکات، “دەستگیرکردنی چالاکوان و رۆژمانەنووس و کەسایەتییەکان ستەمێکە دژ بە دانیشتووانی هەرێم دەکرێت.”
هیومان رایتس وۆچ رایگەیاندووە، “هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق هەستاون بەدەستگیرکردنی دەیان رۆژنامەنووس و چالاکوانانی سیاسی و کەسایەتییە سیاسییەکان، ئەویش تەنها بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ٦ی ئابی ٢٠٢٢وە.”

به‌ناونیشانی‌” کوردستانی عێراق… دەستگیرکردن بۆ رێگریکردن لە ناڕەزایەتیی دەربڕین” هه‌روه‌ها “کردنە ئامانجی خۆپیشاندەران، رۆژنامەنووسان و ئەندام پەرلەمانان” رێكخراوی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هیمان رایس وۆچ ڕاپۆرتێك بڵاوده‌كاته‌وه‌.

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ له‌راپۆرته‌كه‌دا دەڵێت: “لە رۆژانی 5 و6 ئەم مانگەدا، هێزەکانی ئاساییشی هەرێمی کوردستانی عێراق، بە دەیان کەسیان لە رۆژنامەنووس، چالاکوان و سیاسیی دەستگیرکرد، پێش دەستپێکردنی خۆپیشاندانێک، کە پێشتر بڕیاریی لێ درابوو.

ده‌قی‌ راپۆرته‌كه‌…

لە 1ی ئەم مانگەدا، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید، بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەژاری و بێ کاریی لە هەرێمی کوردستان، داوای خۆپیشاندانی کرد لە شاری سلێمانی، هەولێر و دهۆک.

لەوبارەیەوە ئادەم کۆگل جێگری بەڕێوبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، وتی: “بەکارهێنانی سەرکوتکردنی کوێرانە بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و ترساندنی چالاکوان و رۆژنامەنووسان، ستەم لەسەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان زیاتر دەکات. بۆ چارەسەرکردنی تووڕەیی خەڵک، باشترە رێز لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان بگیردرێت. لەوانەش مافی ناڕەزایەتیی دەربڕینی ئاشتیانە“.

لەم ساڵانەی دواییدا هیومان رایتس وۆچ، بەرزبوونەوەی ئاستی بە ئامانجگرتنی راگەیاندن و رۆژنامەنووسە سەربەخۆکانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق تۆمارکردووە. دەسەڵاتە فیدرالییەکان و دەسەڵاتەکانی هەرێم کۆمەڵێک یاسای پەیوەست بە ناوزڕاندن و هاندانیان دژ بە رەخنەگران بەکارهێناوە، کە لەناویشیاندا رۆژنامەنووسان و چالاکوان و دەنگە ناڕازییەکان هەن.

رەحمان غەریب بەڕێوبەری سەنتەری میترۆ، کە کاری چاودێریکردنی ئازادیی راگەیاندنە لە هەرێمی کوردستان، بە هیومان رایتس وۆچی وت: “سەنتەرەکەیان لەکاتی دەستگیرکردنەکان، 78 پێشێلکاریی یاسایی لەسەر دەستی هێزەکانی ئاساییش تۆمارکردووە دژ بە 60 رۆژنامەنووس و هۆکارەکانی راگەیاندن. هێزەکانی ئاساییش لانی کەم 26 رۆژنامەنووسیان دەستگیرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلی 23 رۆژنامەنووسدا گرت و رێگرییان کرد لە 16 رۆژنامەنووس تا رووماڵی خۆپیشاندانەکان بکەن.

هەوروەها ره‌حمان غەریب وتی: “ئێستا روونە بەلامانەوە، کە هێزەکانی ئاساییش لەکاتی ناڕەزایەتییەکاندا لە جیاتیی پاراستنی رۆژنامەنووسان، رۆژنامەنووسان دەکەنە ئامانج. هێزەکانی ئاساییش لە چاوی کامێرا دەترسن، چونکە هەڵسوکەوتە نایاساییەکانیان ئاشکرا دەکات“.

سیروان غەریب، سەرنووسەری ماڵپەڕی وێستگەنیوزی سەربەخۆش وتی، ئەو لە رۆژی خۆپیشاندانەکەدا، 6ی ئاب، لەگەڵ چەند هاوکارێکیدا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستگیرکراوە لە سلێمانیی.

سیروان غەریب وتیشی: “کاتێک گەیشتینە شوێنەکە بۆ رووماڵی خۆپیشاندانەکە، لەلایەن فلای‌ كامی‌ سەر بە ئاساییشەوە، لە دوورییەکی زۆر کەمەوە وێنەیان دەگرتین تا بمانترسێنن. منیش شوناسنامەی رۆژنامەنووسییەکەم پیشان دا و بۆم راوەشاند تا بزانن ئێمە رۆژنامەنووسین“.

سیروان سه‌رنوسه‌ری‌ وێستگه‌ نیوز وتیشی پێشتر لە رێگای پەیوەندیی کردن بە ئاوات محەمەد قایمقامی‌ سلێمانییه‌وه‌ هەوڵیداوە بارودۆخێکی گونجاو بۆ رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکە دابین بکات، بەوەی شوێنێک بۆ رۆژنامەنووسان دیاریی بکەن لە بەردەرکی سەرا، کە شوێنی ناڕەزایەتییەکە بوو. بەڵام قایمقام وەڵامی نەدایەوە.

رۆژنامەنووسان و چالاکوانان باسیان لەوە کرد، کە پێش گەیشتی ئەمان بە بەردەرکی سەرا، ئاساییش لەوێ بوون. هەر لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە، هێزەکانی ئاساییش گازی فرمێسکڕێژیان رووە و خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان تەقاند. لەگەڵ ئەوەی بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان، هیچ جۆرە توندوتیژییەک بەکارنەهێنرابوو تا پاساوی بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و دەستگیرکردنیان هەبێت.

هەروەها سیروان غەریب وتی، لەگەڵ بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکە، ئاساییش وێنەگرەکەی وێستگەنیوز (زانیار مەریوان)ی دەستگیرکرد. پاشان کاتێک هاوکارەکانی دەیانوویست یارمەتی بدەن، هێزەکانی ئاساییش خۆی و تیمەکەی وێستگەنیوز: (لەنیا بەختیار، ئەرکان عەبدولقادر و هێڤار هیوا)یان دەستگیرکرد.

سیروان غەریب وتی: “هەموومان بە پاسێکی بچووک براین بۆ بارەگایەکی سەر بە ئاساییش و مۆبایلەکانیان لێ سەندین و وەک تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵ کردین. بەڵام رووماڵکردنی هەواڵ مافێکی بنەڕەتییە و تاوان نییە. لەکاتی لێکۆڵینەوەدا پێیان وتم (بۆ رووماڵی خۆپیشاندانەکە) مۆڵەتتاان پێ نییە. منیش پێموتن من رۆژنامەنووسم و پێویستم بە مۆڵەت نییە لەکاتی رووماڵی خۆپیشانداندا“.

دوای چەند کاتژمێرێکی کەم، ئازاد دەکرێن، بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکیان رووبەڕوو بکرێتەوە.

تەها ئەحمەد سەعید لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە هیومان رایتس وۆچی وت، هێزەکانی ئاساییش 86 ئەندامی جوڵانەوەکەیان دەستگیر کرد، کە هەندێکیان پێش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە بوو. ئەوانیتریش لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکەدا دەستگیرکران.

ئەو وتیشی کە رۆژی 6ی ئاب هێزێکی ئاساییش داویانە بەسەر ماڵەکەیدا و پاشان ماڵی باوکی، کە هەردووکیان هەر لە شاری سلێمانین و ئەمیان لە ماڵی باوکیدا دەستگیر کردووە. بەبێ ئەوەی فەرمانی دادگایان پێ بێت. مۆبایلەکەی خۆی و برا و خوشکی دەبەن و دەیانپشکنن. پاشان بۆیان دەگێڕنەوە.

هێزەکانی ئاساییش لە زیندانی کانی گۆمە لە سلێمانیی بۆ ماوەی 4 رۆژ دەستبەسەری دەکەن. پاشان بە کەفالەت ئازادی دەکەن. بەڵام پێشیان نەوتووە چ تۆمەتێک لە دژی هەیە.

تەها ئەحمەد سەعید وتی: “لەکاتی لێکۆڵینەوەدا یەکێک لە ئەفسەرەکان پێی وتم بۆچی خەڵکتان هانداوە بۆ خۆپیشاندان؟ منیش پێم وت مافی گردبوونەوە، مافێکی بنەڕەتییە بۆ پارتە سیاسییەکان و هەموو هاوڵاتییەک. ئیتر ئەمە چۆن بە تاوان دادەنرێت؟

رێبوار عەبدولرەحمان ئەندام پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی نەوەی نوێ وتی، هەردوو ئەندام پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی نەوەی نوێ، ئومێد محەمەد و بەدریە ئیبراهیم لە رێگایاندا بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکە، دەستگیرکران.

رێبوار عەبدولرەحمان وتیشی: “کاتژمێر 4:30ی پاشنیوەڕۆ، ئاساییش لەگەڵ هاوڕێیەکمدا لە دووری 200 مەتر لەگۆڕەپانی خۆپیشاندانەکە دەستگیریان کردین و خستینیانە پاسێکی بچووکەوە و بۆ ماوەی 4 کاتژمێر بە هەموو ناوشاردا گێڕاینیان. پاشان لەسەر شەقامی 60 مەتری دایانبەزاندین. هێزەکانی ئاساییش هیچ بڕیاری دەستگیرکردنی دادگایان پیشان نەداین. تەنها پێیان وتین فەرمانی دەستگیرکردنمانیان پێیە. ئەوان تەنها دەیانەوێت خۆپیشاندان نەکرێت. هەروەها وتیشی کە هیچ تۆمەتێک رووبەڕوویان نەکراوەتەوە.

تائیف گۆران بەڕێوبەری تۆڕی نالیا لە دهۆک، وتی هێزەکانی ئاساییش 18 کەسیان لە کارمەندانی دەزگاکە لە هەولێر و دهۆک و سلێمانیی دەستگیرکرد.

گۆران وتیشی لە 5ی مانگدا، کاتێک لەگەڵ بڕیار نیروای پەیامنێر لە نووسینگەکەیان هاتنە دەرەوە، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران و کەلوپەلەکانیان لێ سەندن بە کامێرا و دوو ئامێری پەخشی راستەوخۆوە و بردنیان بۆ بنکەی پۆلیسی فریاکەوتنی دهۆک. لەناو کارمەندە دەستگیرکراوەکانی تردا، وێنەگری نووسینگەی نالیا لە دهۆک عادل سەبری و پەیامنێری شێخان سەباح سۆفی هەبوون، کە ئەوانیش گوازرانەوە بۆ هەمان بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن لە دهۆک.

گۆران وتی: “هێزەکانی ئاساییش هیچ هۆکارێکی یاساییان پێنەداین بۆ دەستگیرکردنمان. 11 چالاکوانیتریشیان دەستگیر کردبوو. ئێمە 15 دەستگیرکراوبووین. دوای 27 کاتژمێر، هێزەکانی ئاساییش هەر 15مانیان بە کەفالەتی 5 ملیۆن دینار ئازادکرد”. بەڵام پێیان نەوتن ئەو تاوانە چییە لەسەری دەستگیرکراون.

زۆرجار دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، یاساکانی هەرێم وەک یاسای رۆژنامەگەری، یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن، بەکاردەهێنن دژ بە رۆژنامەنووسان و ئەو چالاکوانانەی مافە بنەڕەتییەکانی وەک ئازادیی کۆبوونەوە بە مافی خۆیان دەزانن. ئەم دوو یاسایەش لەناو کۆمەڵێک شتیتردا، خراپ بەکارهێنانی مۆبایل و ئیمەیل و بەگشتییش ئینتەرنێت، بۆ هەڕەشە لە کەسێک بە وشەی ناشرین و بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکار و وێنەیەک دژ بە بەها گشتییەکان و زانیاریی تایبەت قەدەغەدەکات.

یاسای کوردی بۆ رێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان، پێویستی بە مۆڵەتێکی نووسراوە لەلایەن وەزیری ناوخۆوە یاخود یەکەی ئیداریی خۆجێی بۆ هەموو ناڕەزایەتییەک. ئەگەر داواکە رەتکرایەوە، ئەوا دەتوانرێت خۆپیشاندەران وەک تاوانبار دابنرێن.

ئاده‌م کوگل جێگری بەڕێوبەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، وتی: “زۆرجار دەسەڵاتی کوردی بەراورد بە بەشەکانیتری عێراق، بانگەشەی گەشەی هەرێمی کوردستان و جێگیریی بارودۆخی دەکەن، بەڵام دەستگیرکردنی پێشوەختی چالاکوان و سیاسیی بەرهەڵستکار و رۆژنامەنووسان تەنها لەبەر رێکخستنی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و ئامادەبوون تیایدا و رووماڵکردنی، هیچ جێگای شانازیی نییە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر