Home ڕاپۆرت لە یادی تیرۆركرنی بەكر عەلی دا

لە یادی تیرۆركرنی بەكر عەلی دا

by admin
0 کۆمێنت 53 بینینەکان

بەر لە تیرۆركردنی لە ١٩٩٤.٩.١، شەهید بەكر عەلی لە ١٩٩٤.٨.١٧ لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە نێو ماڵە قوڕ و چینكۆكەی لە حامییە دەستگیر دەكرێت و ماوەی ٦ رۆژ لە ئاسایشی سلێمانی زیندانی دەكرێت، لە رۆژانی زیندانیكردنیدا رووبەڕووی ئەشكەنجە و سوكایەتیپێكردن دەبێتەوە؛ بەپێی سەرچاوەكان وەک خۆی پاشان بۆ هاوڕێكانی گێڕاوێتییەو “کەسێک لە دەرەوەی ئاسایشەوە چووە و بەشێوەیەکی وەحشەیانە ئەشکەنجەی داوە”.
دوای ئەوەی لە ١ی ئایاری هەمان ساڵ بەكر عەلی وەك نوێنەری خانووە قوڕین و چینكۆ بێ تاپۆكانی حامییە، وتارێكی پڕ رەخنە لە دەسەڵاتداران پێشكەش دەكات و تیایدا باس لە نادادپەروەریییەكانی دروست بوونی چینایەتی و چارەسەرنەكردنی كێشەكانی هەژاران دەكات، ئیتر لەو رۆژە بەدواوە بە تەواوی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو كاتی سلێمانی دەكرێتە ئامانج، بۆیە لە خۆپیشاندانی ١ی ئەیلولی خەڵكی حامییە لەپێش پارێزگای سلێمانی دەستنیشان دەكرێت و لەلایەن “پاسەوانە چەكدارەكانی ئەوكاتی پارێزگاری سلێمانی، لە پشتەوە بە گوللە بەكر دەپێكن و دواتر یەكێك لە چەكدارەكان دەچێتە سەری بە برینداری و گوللەیەك بە دەمییەوە دەنێت و لەوێدا دەیكوژێت”.
بەكر عەلی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا دووجار زیندانیكراوە بە تۆمەتی هێنان و هاوكاری كردنی پێشمەرگە بۆ ناو شاری سلێمانی، لەگەڵ ئەوەی زۆریش ئەشكەنجە دراوە بەڵام ئیعتیرافی لەسەر هیچ یەكێك لە هاوڕێكانی رێكخستنی نەكردووە، هاوكات لەو سەردەمەدا بەهۆی كاركردنیان لە رێكخستنەكانی یەكێتی نیشتیمانی، باوكی و ئەندامانی دیكەی خێزانەكەی چەندین جار دەستگیركراون و رووبەڕووی نەهامەتی زۆر بوونەتەوە، دووبراشی بە ناوەكانی عومەر و ئاكۆ بەو هۆكارە لە ساڵی ١٩٨٩ بە گوللە لە سێدارەدراون، بەڵام بەكر لە دوای راپەڕینیش تا دوا ساتەكانی تەمەنی لە پێناو دادپەروەری و ئازادی تێكۆشا و هەرگیز سازشی لەبڕواكانی خۆی نەكرد، بۆیە هەمیشە لە پێشەوەی ئەو كەسانەبوو كە لە حامییەی گەڕەكی هەژارترینەكانی سلێمانی داوای دەكرد لایەنی كەم ژیانی هەژاری ناو خانووە قوڕینەكان و ژێر چینكۆكانیان پێ رەوا ببینن و لێیان نەڕوخێنن.
٢٨ ساڵ بەسەر تیرۆركردنی شاعیر بەكر عەلی تێدەپەڕێت، بەڵام نە پارێزگارەكەی ئەو كاتی سلێمانی و نە پاسەوانە بكوژەكانی، هیچ لێكۆڵینەوەیەكی یاساییان لەگەڵدا نەكراوە و سەرجەمیان بكوژی ئازادن و لەسەر حیسابی خوێنی لاوانی وەك بەكر و رووخاندنی ماڵی هەژاران بوونە خاوەن پارە. هەمان ئەو حوكمڕانییەی فەرمانی بە كوشتنی بەكر عەلی كرد و بكوژانیشی پاراست، بەهەمان شێوە بكوژانی ویداد حوسێن لە دهۆك، سەردەشت عوسمان لە هەولێر، كاوە گەرمیانی لەكەلار، سۆرانی مامە حەمە و عەبدولستار تاهیر شەریفی لە كەركوك پاراستووە و بە دەسەڵاتداری هێشتویانێتییەوە تا تیرۆر و سەركوتكاری زیاتر ئەنجامبدەن.
ئێمە نەوەیەك كە ئەوكات بەهۆی بچوكی تەمنمان بەكر عەلیمان نە دەناسی، ئێستا ئەو بۆ ئێمە سیمبولی دادپەروەری و ئازادییە و سەرچاوەی رووناكییە بۆ بیركردنەوەكانمان، بە دڵنیایی ئەو نەوەیەی هێشتا كاوە و سەردەشت و سۆران و ویدادیش ناناسێت لەگەڵ زیندانیانی بادینان، رۆژێك دێت رێگا و بڕوای ئەوان دەبێتە مەشخەڵیان.

نیاز عبدللە

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر