Home ڕاپۆرت ڕەئوف ئاکرێیی کێبوو؟ بۆ تیرۆرکرا ؟ کێ تیرۆریکرد ؟

ڕەئوف ئاکرێیی کێبوو؟ بۆ تیرۆرکرا ؟ کێ تیرۆریکرد ؟

لە تیرۆری ڕەئوف ئاکرێییەوە و بۆ کەیسی ڕۆژنامەنووسانی بادینان

by admin
0 کۆمێنت 33 بینینەکان

لەدوای ڕاپەڕین یەکەمین زەنگی بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان بە تیرۆرکردنی ‘ڕەئوف ئاکرێیی’ لێیدا و زنجیرەیەک تیرۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ٢٩ ساڵ هاوپیشەکانی ئاکرێی لە هەمان زێدی ئەو، بەشێوازێکی نوێ و لەڕێگای دادگاوە سزا دەدرێن و هەوڵی بێدەنگکردنیان دەدرێت.

ئەمڕۆ ساڵیادی تیرۆرکردنی نووسەر، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان’ڕەئوف ئاکرێیی’یە، کە لە شەوی ٢٦ی ئایاری ١٩٩٣ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری پارێزگای دهۆک، تیرۆرکرا.

ڕەئوف ئاکرێیی کێبوو؟

ڕەئوف کامیل ئاکرێیی نووسەر، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان، لە ساڵی ١٩٥١ لە شارۆچکەی ئاکرێ‌ لە دایک بووە، سەرەتای خەباتی لە ناو ڕیزەکانییەکێتی قوتابیانی کوردستان دەستپێکردووە، پاشان کۆمەڵەی خوێندکارانی دامەزراندووە و کۆتا وێستگەی خەباتی خوێنکاری لەناو ‘یەکێتی خوێندکارانی شۆڕگێڕی کوردستان’دا بووە، کە هەر خۆی دامەزرێنەری بووە.

ئاکرێی لە ساڵی١٩٧٥، لەکاتێکدا، کە هێشتا خوێندکارە، لەگەڵ کۆمەڵێک ڕۆشنبیر بەشداریی کردووە لە دامەزراندنی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان.

لە ساڵی ١٩٧٦-١٩٧٧، کۆلێژی ئابووریی زانکۆی موسڵی بە پلەییەکەمی ئەو زانکۆییە و پلەی دووەمی زانکۆکانی عێراق تەواو کردووە و دوای ساڵێک بووەتە فەرمانبەر لە ئاماری دهۆک، پاشان بە هۆی هەستی نیشتمانپەروەریی و دڵسۆزبوونی و سەرپێچیکردن لە خواستی ڕژێمی بەعس، گواستراوەتەوە بۆبەڕێوبەرایەتیی ئاماری تکریت و ئەویش وەک هەڵوێستێک وازی لەو کارە هێناوە و دەستی بە کرێکاریی کردووە.

ڕەئوف ئاکرێی ساڵی ١٩٨٤ ڕێکخراوی ‘تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستان’ی دامەزراند، هەر لەو ساڵەدا دژی کۆبوونەوەی یەنەکە و حزبی بەعس، بەیاننامەی دەرکرد.

ئاکرێیی سەرنووسەری ڕۆژنامەی ڕێگای ڕەنجدەران بووە، كە بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی دەردەچوو، هاوكات خاوەنی چەند کتێبێک بە ناونیشانەکانی قچیە کوردستان الجنوبیە و اڵافاق المستقبلیە، الحملە علی بادینان و اوچاع اللاجنین و مدخل الی الاقتصاد السیاسی بوو، شۆڕشگێڕێکی بە دیسپلین و بیرمەندێكی پابەند بووە بە بیروباوەڕەكانی بۆ خەباتكردنی لە پێناوی كرێكاران و ڕەنجدەران.

بەرەو خەباتی چەکداریی

ڕەئوف ئاکرێیی لە ساڵی ١٩٨٧ بووەتە پێشمەرگە لە ناوچەی بادینان، خەباتی چەکداریی ئاکرەیی دوور لە هەردوو حزب ‘پەدەکە و یەنەکە’ بووە و هەوڵی پاراستنی سەربەخۆیی داوە، لە دوای ڕاپەڕینیش کاری بۆیەکخستنی هێزە مارکسیی و ڕێکخراوە کرێکارییەکانی باشووری کوردستان کردووە.

ڕۆژنامەنووس ڕەئوف ئاکرێیی لە ساڵی ١٩٩٢، پێشانگایەتیی خۆپیشاندانێکی بەرفراوانی هەولێری کرد دژ بە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر شرناخ-ی باکووری کوردستان، لەو خۆپیشاندانەدا لەگەڵ ١٢ کەسی دیکەدەستگیر کرا و بۆ ماوەی شەش مانگ زیندانیی کرا، کە بەیەکەمین زیندانیانی سیاسیی دوای ڕاپەڕین، هەژمار دەکرێن.

لە خەباتی نەتەوەییەوە بۆ زیندانیی و تیرۆر

خەباتی ڕەئوف ئاکرێی تەنیا لە باشووری کوردستاندا سنووردار نەمابوو، بەڵکو کاری بۆ کۆتاییهێنانی بە ناکۆکیی لایەنەکانی چوار پارچەی کوردستانکردووە و هەوڵی یەکگرتنیانی داوە.

ڕەئوف ئاکرێیی یەکێک لەو کەسایەتییانە بووە، کە دۆستایەتیی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد هەبووە و لەلایەن ڕێبەر ئۆجالانەوە ڕێزی زۆری لێگیراوە.

لە ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی چووەتە ئەکادیمیای مەعسوم قۆرقماز لە بیقاع و چاویان بە ڕێبەر ئۆجالان کەوتووە، ئامانجی سەردانەکەشیان کۆتاییهێنان بووە بە گرژییەکانی نێوان پەکەکە و ‘یەنەکە و پەدەکە’، ئەوان پێشنیارەکانی ڕێبەر ئۆجالانیان ھێناوەتەوە بۆ بەرپرسانی ئەو دوو حزبە، بەڵام گوێیان بۆ نەگرتوون، وەک کاوە نادری هاوڕێی ئاکرەیی باسی دەکات، کۆچکردوو نەوشیروان مستەفا پێیوتوون”ئێوە خۆتان لەئاسنی سارد دەدەن، چونکە کورد فرۆشراوە”.

شەوی ٢٦ لەسەر ٢٧ی مانگی ٥‌ی ١٩٩٣، لە شاری دهۆک و لەبەردەم ماڵەكەیدا،ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی سیاسی (ڕەئوف كامل ئاكرێیی) لەلایەن چەند چەكدارێكەوە تیرۆركرا، تا ئێستاش هیچ كەسێك بە تۆمەتی ئەو تیرۆرە دەستگیر نەكراوە.

کاوە نادر، لەسەر ئەو تیرۆرە بە ڕۆژنیوزی وتبوو”پارتی و ماڵی بارزانی لە پشت تیرۆری ڕەئوف ئاکرێ’ـییەوەن، دڵنیاشین کە دەستی میتی تورک لەم تیرۆرەدا هەبووە، چونکە پێیان وابوو سەرکردەیەکی پەکەکەیان تیرۆر کردووە!، لە کاتێکدا شەهید ڕەئوف تەنها هاوسۆزێکی پەکەکە بوو”.

ڕێكخراوی تێكۆشانی ڕه‌نجده‌رانی كوردستان دەستیان بە به‌دواداچوون بۆ كه‌یسه‌كه‌ كرد، به‌ڵام لەلایەن ئاسایشی پارتییەوەڕێگه‌یان پێنه‌درا و لێكۆڵینه‌وه‌ و ئه‌نجامه‌كانی تا ڕۆژی ئەمڕۆ به‌ نهێنی ماوەتەوە.

شەهیدکردنی ڕەئوف ئاکرەیی یەکەمین تیرۆری ڕۆژنامەنووسانی باشووری کردستان بوو لەدوای ڕاپەڕین، دوای ئەویش ساڵی ٢٠٠٨ عەبدولستار تاهیر شەریف لە کەرکوک، ساڵی ٢٠١٠ سەردەشت عوسمان لە هەولێر، ساڵی ٢٠١٢ کاوە گەرمیانی لە کەلار، ساڵی ٢٠١٦یش شوکری زەینەدین و وەدات حسێن لە دهۆک تیرۆرکراون.

دوای ٢٩ ساڵ و زنجیرەیەک لە تیرۆری ڕۆژنامەنووس، هێشتا هەوڵی بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بەردەوامە و دوایین کەیسیش دەستگیرکردن و سزادانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینانە.

لە ساڵی ڕابردووەوە زیاتر لە ٧٠ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان لەلایەن پەدەکەوە دەستگیر کراون، پێنج لەوانە دادگایی کراون و سزای شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە، دوانی دیکەشیان دادگاییان کۆتایی نەهاتووە و بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوو نۆ کەسی دیکەشیان دادگایی بکرێن.

کەیسی ڕۆژنامەنووسانی بادینان لە ئاستی جیهانییدا ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە و سەرەڕای فشارە ناوخۆیی دەرەکییەکان، تا ئێستا ئازاد نەکراون.

سەرچاوە:رۆژنیوز

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر