Home پرسی ژن کەم ئەندام کردنی جنسی {خەتەنە} تاوانێکی ئاشکرایە بە دژی ژنان

کەم ئەندام کردنی جنسی {خەتەنە} تاوانێکی ئاشکرایە بە دژی ژنان

by admin
0 کۆمێنت 86 بینینەکان

هەتاو عەبدوڵاهی:
کەم ئەندام کردنی جنسی ژنان واتە خەتەنەکردن توندوتیژییەکی بە ئاشکرا و تاوانێکی گەورەیە بە دژی ئەو ڕەگەزەی کۆمەڵگە کە هیچ پاساوێک هەڵناگرێ. ئەم تاوانە گەورە لە زیاتر لە سی وڵات بەڕێوەدەچێ، کە زۆربەیان وڵاتانی ئافریقایی بە تایبەتی کینیا و سوماڵن. توندوتیژی و ئەشکەنجەیەک کە بە پێی ڕاپۆرتی رێکخراوی یونیسێڤ، لانی کەم زیاتر لە دوسەد میلیۆن ژن لەخۆ دەگرێ و بۆتە خەسارێک و تراژیدیایەکی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. دەبێ ئاماژە بەوە بکەم خەتەنە لەوانەیە تایبەت بە ئایینی ئیسلام نەبێ و، دەمێک ساڵە بۆ نمونە لە وڵاتی میسر و ولاتانی تر بەڕێوە چوە و زۆربەی ئەو کچانەی لە ولاتانی ئافریقایی خەتەنە کراون بنەماڵەکانیان ئایینی مەسیحیان بووە، بەڵام لە ئێستادا کە ئایینی ئیسلام و پیاوسالاری دوو ئەبزاری مەترسیداریی دەولەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستن بۆ چەوساندنەوە و توندوتیژی بە دژی ژنانن، ئەو تاوانە واتە کەم ئەندام کردنی جەستەی ژنان لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی و دواکەوتوو وەک کارێکی ڕواڵەتی لێ هاتووە و هەر سێ چرکە جارێک ژنێک دەکاتە قوربانی. خەتەنەی ژنان خۆی لە خۆی دا سێ جۆرە، جۆری یەکەم و دووهەمی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست واتە عێراق و ئێران و تورکیە و وڵاتە ئیسلامیەکان بەڕیوە دەچێ، جۆری سێهەمی کە زۆر دڕندانەیە و بیست لە سەدی ئەو ژنانەی بە شێوازی جۆری سێ خەتەنە دەکرێن گیانیان لە دەست دەدەن تایبەت بە وڵاتانی ئافریقاییە ئەو ژنانەی لەو دەڤەرە دەبنە قوربانی خەتەنە لە کاتی مناڵ بوون دا کێشە و گرفتێکی زۆریان هەیە و ئەو دیاردە بۆتە گرفتی تەنانەت وڵاتە ڕۆژئاواییەکان بە تایبەتیی وڵاتی دانمارک.

خەتەنە هەروەک ئاماژەمان پێ کرد تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر بە ژنان کە لە کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژنانەوە سەرچاوە دەگرێ، بۆ ئەوەی ژنان تەنانەت خاوەنی جەستەی خۆیان نەبن و بۆ ئەو مەبەستەش پشت بە شەرع و ئایینی ئیسلام بە تایبەتیی دەبەستن کە هەمیشە دوژمنی ماف و ئازادیی ژنان بووە. لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری دژە ژنی ئیسلامی کە ساڵەهایە توندوتیژی بە دژی ژنان لە لایەن سیستمەوە بەرهەم دەهێندرێ ئاماری خەتەنە زۆر لە سەرەوەیە و ئەوە لە حاڵێک دایە کە کۆماری ئیسلامی نە گرینگیەک بەو پرسە دەدا و نە بەدواداچوون بۆ دانی ئامارەکان دەکات. ساڵەهایە چالاکانی ژنان و مافی مرۆڤ بە شێوەی خۆڕسک هەوڵ بۆ کۆکردنەوەی ئامار دەدەن و تەنانەت ڕژیم کۆسپیشیان دەخاتە سەر ڕێی. بەپێی ئاماری چالاکانی مەدەنی و ژنان لە ناوچەکانی هۆرمۆزگان و پارسیان پەنجاو و نۆ لەسەدی ژنان خەتەنە کراون کە سی و پێنج لە سەدی لە کچانی کەمتر لە پێنج ساڵ پێکدێن و ئەو ناوچانە پلەی یەکەمیان هەیە لە بواری خەتەنەی ژناندا. پارێزگای کرماشان و هەورامان پلەی دووهەمی هەیە و لە ناوچەکانی کوردستان و شارە کوردنشینەکان ڕێژەی خەتەنەی ژنان زیاتر لە چل و شەش لە سەدە و وەک دەبینین ئامارێکی زۆر مەترسیدارە. ئەوەی جێگای داخ و سەرسوڕمانە لە ساڵی ٢٠٠٩ ەوە کە یەکەمین ئاماری خەتەنەی ژنان بڵاوبۆتەوە چالاکانی مەدەنی و ژنانی توشی شۆک کرد و کۆماری ئیسلامیش وەک هەمیشە بە ڕوهەڵماڵراوەیی ئامارەکانی رەتکردەوە و هیچ گرینگیەکی پێ نەدا. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ جۆری سەیرکردنێکی ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی لەو ناوچانە کە هەموو هەوڵەکانی خۆی خستۆتە گەڕ تا ژنان لە ناوچە عەرەب نشین و کوردنشینەکان لە دواکەوتوویی دا بهێڵێتەوە و ئەوان هیچ کام لە مافەکانی خۆیان نەناسن.

ئەو ژنانەی خەتەنە کراون لە تەمەنی مناڵی تا گەورە ساڵی ساڵەها کاتی بردووە تا ئەو ئازار و ئەشکەنجە لە یاد بکەن، بەڵام لەگەڵ هاوسەرگیریان جارێکی دیکەبرینەکەیان دەکولێتەوەو تازە هەست بەوە دەکەن کە چ تاوانێک بە دژیان رەوا کراوە. سەرەرای ئەوەی کە خەتەنە ساڵەهایە وەک توندوتیژی بەدژی ژنان ناسراوە، بەلام لە بارودۆخی هەنووکەییش دا هەرقوربانی دەگرێ و دەسەڵات و یاسا و عورف و شەرع و سونەتی دواکەوتوو نەخش و ڕۆڵی نەرێنی لەو تاوانە دەگێڕێن. ئازار و ئەشکەنجەیەک کە ساڵەهای ساڵ شوێندانەریی نەرێنی لە سەر ژنان دادەنێ. ژنان بەهۆی خەتەنەوە توشی ئازارێکی جەستەیی و روحی درێژ ماوە و کورت ماوە دەبن لەوانە: لە دەستدانی خوێنی زۆر، دڵەراوکێ و سترێسی زۆر، ئازارێکی یەکجار زۆر، کێشە لە کاتی میزکردن و خوێنڕێزی ئەندامی زاوزێ بە تایبەتیی لە کاتی سوڕی مانگانە، ئیلتیهاباتی ئەندامی زاوزێ و زیاد بوونی مەترسی نەخۆشی ئێچ ئای وی واتە ئایدز،کێشە لە کاتی دوو گیانی یاخود مناڵ بوون، پەیوەندی جنسی بە ئازار وئیشێکی زۆرەوە و نەبوونی مەیلی جنسی لە کاتی جوت بوون، ئەوانە ئەو کێشە و گرفتانە بوون کە لە بواری جەستەیی بۆ ژنان دێتە پێش بەلام، کارەساتە گەورەکە ئازارێکی رۆحی ودەروونی یە کە بە داخەوە پەردەی بە سەر کێشڕاوە و وەک پیویست ئاوڕی لێ نادرێتەوە. یەکێک لەو گرفتانە بوونی ترسێکی زۆر لەوژنانەیە و بێ متمانەن بەرامبەر بە کۆمەڵگە و دەورووبەریان و ئەو ئازارانە زۆرجار دوای ساڵەها لە ڕودانی خەتەنە توشی ژنان دەبنەوە. سەرەرای ئەوەی ساڵەهایە خەتەنەی ژنان لە لایەن زۆربەی وڵاتان تەنانەت ولاتانی ئافریقایی و وڵاتی میسریش پێداچونەوەی یاسایی هەیە، بەڵام خەڵک گوێی بە یاسا نادەن و سونەت و عورف لە یاسا بەهێزترە و رێگایان پێ دەدا ئەو تاوانە بەڕێوەبەرن.لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی خەتەنەی ژنان وەک تاوانێکی گەورە لە قەڵەم دراوە و یاسا بە توندی لەگەڵ بکەرانی ئەو تاوانە هەڵسوکەوت دەکا، تا ئەو جێگایەی تەنانەت مناڵەکان لە بنەماڵەکان دەستێنێتەوە، بەڵام دیسان سەرەرای ئەو گشت بە دواداچوونە خەڵکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و وڵاتە ئیسلامییەکانی وەک ئافریقا بە تایبەتیی سومالیایی کاتێک سەردانی ولاتانی خۆیان دەکەن کچەکانیان خەتەنە دەکەن و دەگەرێنەوە رۆژئاوا.

لە ئێستادا هەر بنەماڵەیەکی ئافریقایی کە سەردانی وڵاتی خۆی بکات لە کاتی گەرانەوە لە فڕۆکەخانەکان لە لایەن پۆلیس و دوکتورەکان پشکنین بۆ مناڵەکانیان دەکرێ تا بزانن کە ئایا خەتەنەکراون یان نا و یاسا زۆر بە توندی لە بەرامبەر ئەو تاوانە راوەستاوە. لە وڵاتی بەلا لێدراوی ئێران تا بە هەنووکەش سەرەرای ئەوەی کە ساڵەهایە چووە لیستی ئەو وڵاتانەی خەتەنەی ژنان تێدا بەڕێوە دەچی، هیچ یاسایەکی دژ بە تاوانە پەسەند نەکردوە و تەنانەت بە دواداچوونیشی بۆ ناکا، زۆرجار کە چالاکانی مەدەنی بۆ لێکۆڵینەوە و ئامار سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن ڕژیم نە تەنیا هیچ یارمەتیەکانیان نادا، بەڵکوو کۆسپی زۆریان دەخات سەر ڕێگا تا ئامارەکان بەرەو دنیای دەرەوە بلاونەبنەوە. هەر بەو جۆرەی کە باسمان کرد خەتەنە بە راستی دەستدرێژی و تاوانێکی گەورەیە کە دنیای مرۆڤایەتی کڕمۆڵ کردوە و دەبێ چالاکانی مافی مرۆڤ و بزوتنەوەی ژنان و چالاکانی مەدەنی لەو بوارەوە هەڵسوراوتربن و بە دانی وشیاری بە خەڵک و کۆکردنەوەی ئامار پێش بەو تاوانە بگرن. ئەو ژنانەی کە خۆیان قوربانی ئەو تاوانەن دەبێ قسەکردن لەو تاوانە بە بڤە نەزانن و بۆ ئەوەی ژنانی دیکە نەبنە قوربانی لەگەڵیان باس لە ئازارەکانیان بکەن و سەردانی شوێنە دواکەوتوەکان بکەن و خەڵک لەو تاوانە ئاگادار بکەنەوە. بە هیوای ئەوەی چیتر مرۆڤایەتی شایەتی ئەو تاوانانە نەبێ و جیهان بێ بەری بێ لە تاوان و توندوتیژی بە دژی ژنان…

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر