سیروان عەبدول:
کە دەبینیت کۆمەڵگای کوردیی لە هەرێمی کوردستان کەوتۆتە ئەوەی ئینسانی گەورە و گەنجە خاوەن بەهرە گەورەکانی خۆی لەچەشنی «خواناس وریا» و «ماریا سام» لەناو دەبات، وە سەیری پلەی دەبەنگیی ئەو گەنجانە دەکەیت کە خواناس و ماریا دەکوژن و شادیی بۆ دەردەبڕن و، دەزانیت ئەو جۆرە گەنجە زۆرینەی ڕەهای نەوەی نوێی ئەو کۆمەڵگایە پێک دەهێنن، ئینجا تێدەگەیت ئەو کۆمەڵگایە خەریکە بەرەو چی داڕوخان و ژێرکەوتنێکی موزمین مل دەنێت لەئاست میللەتانی تردا و، چۆن خەریکە هیچ هیوایەک بۆ ئەوە نامێنێت ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو خەڵکە نەتەوەیەکی لێ دروست بێت کە بتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت.
سەرێکی کەناڵی یوتیوبەکەی «خواناس وریا» بدە و سەیرکە کۆمەڵگای کوردیی، بە ئەعسابێکی ساردەوە، چی بەهرەیەکی پڕ پۆتێنسیاڵی ئەدەبیی و هونەریی گەورە و خاوەن تەماحی گەورە، چی ئینسانێکی هەستکەر بە مەسئولییەت لەئاست کۆمەڵگاکەیدا و، چی جورئەتێکی بیرکردنەوە و، چی ڕۆحێکی قوربانییدەر و ماندوونەناسی ناو خۆی لەناو بردووە، ئینجا تێدەگەیت ئیسلامی سیاسیی چی غەزوەیەکی بنکۆڵکەرانەی ژێربەژێری نەتەوە چەوسێنەرەکانی دوێنێیە، بۆ سەر نەتەوەیەک کە کەسانی وەک خواناس لە هەوڵی ئەوەدان دەست بخەنە بنباڵی، تراوماکانی لێ بتەکێنن و، لەناو خۆڵەمێشی خۆیەوە زیندووی بکەنەوە.
ئەوەی کە لە یەکەم ڕۆژی دوای ڕووداوی تیرۆرێکی سیاسییدا و، لە یەکەم ڕۆژی پرسەی قوربانییەکی دەستی تیرۆر و هونەرمەندێکی پڕ پۆتێنسیاڵی کۆمەڵگاکە، هەموو میدیاکانی هەرێمەکە سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەوەن کە ئایا کەسەکە باوڕدار بوو یان بێباوەڕ، وە پەیتا پەیتا مەلا دێنن باسی ئەوە بکات کە ئایا بێباوەڕ بکوژرێت یان نا، پیشانی دەدات دیسکۆرسی ئیسلام لە کوردستاندا سەری لە چی گەمژەییەکی دەستەجەمعیی و، چی بێئەخلاقییەکی ئاینیی سەرتاپاگیرەوە دەرکردووە.
٭ ٭ ٭
«تەراتێنی مەلایانی لایەنگری تیرۆریزم بەبەرچاوی یاساوە»
هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ دەیەیە بەهۆی ئیدارەی خراپەوە لە حاڵەتێک لە ئانارکییدا دەژی کە هەمیشە ڕووەو زیادبوون چووە.
لەئێستادا ئەو ئانارکییە گەیشتۆتە ئەوەی کە هەرێمەکە بۆتە بازاڕی ساغکردنەوەی نوسخەیەک لە ڕاسیزمی ئیسلامیی کە دوای نەمانی حوکمداریی داعش، هیچ شوێنێکی تر لە دونیادا نەماوە ڕێگە بە مومارەسەکردنی بدات جگە لە هەرێمی کوردستان. جێگەی بڕوا نییە، دەیان پیاوی ساختەچی عەمامە بەسەر، پەیتا پەیتا ڤیدیۆی خۆیان بەسەر مینبەر و لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکاندا بڵاو دەکەنەوە کە تیایدا پەلاماری هەموو ئازادییەک و هەموو جیاوازییەکی خەڵک دەدەن و ڕاستەوخۆ ڕاسیزمی ئاینیی مومارەسە دەکەن و، هانی کوشتنی بێباوەڕان و تەمییزکردنی ناموسڵمانان دەدەن، کەچی نەک پۆلیس و دادگاکان و حکومەت بەکاری خۆیانی نازانن مولاحەقەی یاساییان بۆ بکەن و سنوورێک بۆ ئەو بێهەوسارییە کۆمەڵایەتییە دابنێن، بەڵکو پیاوانی حکومەت و نوخبەی سیاسیی و حیزبەکان و هەموو میدیا و ڕۆژنامەنووسەکان کێبڕکێییانە بۆ داوەتکردن و دۆستایەتییکردن لەگەڵ دڕترینەکانی ناویاندا.
نایشارمەوە ئەو دەسئاوەڵاییەی مەلا و بانگخواز لە کوردستان، بەناچاریی ئەسۆسییەیشنی حاڵەتێکی تری ناو ئەو هەرێمەم لا دروست دەکات. ماوەیەک بەر لە ئێستا هەندێک لە شارەکانی کوردستان گرفتی ئەوەیان هەبوو کە سەگی دڕی بەڕەڵا لە گەڕەکەکاندا پەلاماری خەڵکیان دەدا، کەچی پێشیان پێ نەدەگیرا. ڤیدیۆکلیپێک پیشانی دەدات چۆن ژمارەیەکیان لە گەڕەکێکدا پەلاماری منداڵێکی ڕەزاسووک دەدەن و توند برینداری دەکەن. ڕاست بڵێم، ئەم ماوەیە هەر ڤیدیۆیەکی یەکێک لەو مەلا سەلەفییە بەڕەڵایانەی ناوشار، لە چەشنی ئەو هەڵۆ و لەتیف و مەزهەر و واحید و ئەحمەد پێنجوێنییەم بەرچاو کەوتووە و گوێم لێ گرتووە، یەکسەر لە زیهنمدا ئەسۆسییەیشنی ئەو گرفتی ئەو سەگە بەڕەڵا و دڕانەی ناوشارەکانم لا دروست بووە، کە بێ نەزمیی و ئانارکیی ناو هەرێمەکە مومکینی کردووە بەردەرگا بە خەڵک بگرن.
پەلاماردانی خواناس وریای هونەرمەند لەناو بازاڕی چەمچەماڵدا بە هاندانی مەلایەک کە هەموو خەڵکەکە، لەڕێگەی تۆمارێکی دەنگێوە، دەزانن لەژێرەوە پیاوێکی گڵاوی ساختەچییە، وا دەکات ناڕەوا نەبێت ئینسان پێی وابێت لە ئێستادا زۆر خاڵی هاوبەش هەیە لەنێوان دۆخی چالاکیی بانگخوازیی ئیسلامیی لە کوردستان و، ئەو حاڵەتی سەگە بەڕەڵا و دڕانە لەناو گەڕەکەکانیدا.
٭ ٭ ٭
«پەڕینەوە لە ووشەوە بۆ کردار»
دۆزی کوژرانی خواناس لەسەر دەستی گەنجێکی تێکشکاوی موسڵمان کە بە گوێگرتن لە مەلاکان ڕادیکاڵیزە بووە، بەڵگەی ڕۆشنی ئەو حەقیقەتەیە کە ووشە زۆر لەوە ئاسانتر دەگۆڕێت بۆ کردار کە ئێمە تەسەوری دەکەین. مەسافەتی نێوان هەوڵی دیمۆنیزەکردنی خەڵکێک لەلایەک و، هێرشی تیرۆریستیی بۆ سەر ئەو خەڵکە لەلایەکی تر، زۆر لەوە کورتترە لەوەی کە لە یەکەم بیرکرنەوەدا دێتە بەرچاو. شتێک کە ئینسان بە دڵنیاییەکی تەواوەوە سەبارەت بە تیرۆرکردنی خواناس دەتوانێت بیڵێت ئەوەیە کە ئەگەر ئەو خوتبە پڕ لە ڕق و هاندانانەی مەلاکانی کوردستان نەبوایە، ئەو کوشتنە ڕووی نەدەدا.
زۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگای کوردیی ئەوەندەیان توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی نییە کە زوو نەکەونە ژێر کارکردی قسە بێسەروبەر بەڵام حەماسییەکانی ئیسلامی سیاسییەوە. جگە لەوە، ساڵانێکی زۆر لە خراپیی کوالیتیی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکانی کوردستاندا، هاوشان لەگەڵ ئەو بێکارییە زۆرەی لەوێدا هەیە، ژمارەیەکی گەورە لە گەنجی موعەڕەز (Vulnerable)ی بەرهەم هێناوە کە لە دۆخێکدان خەریکە تەواو خۆیان لەبەرچاو دەکەوێت، بۆیە شەو و ڕۆژ لە گەڕاندان بەدوای شانازییەکدا هەیانبێت.
هەبوونی ئەم جۆرە گەنجە لە کۆمەڵگایەکدا لەپاڵ ئەو دیسکۆرسە بێتەحەمولەی ئیسلامدا کە ئێستا لەوێدا باوە، کۆمبینەیشنێکی زۆر خەتەرناکە بۆ هەر کۆمەڵگایەک.
نەوەیەک لە گەنجان، کە جگە لە نەبوونی دەرفەتی کار و نەبوونی هیوایەتێک و سەرقاڵییەک کە خۆی و ژیانی لا خۆشەویست بکات، ژیانێکی خاڵیی لە ڕۆمانسییەت و پڕ لە کەبتی سێکسیی ڕۆح-ئازاردەری بە نسیب بووە، نەوەیەکە کە خەریکە خۆی لەبەرچاو دەکەوێت، بۆیە لە هەموو شت زیاتر پێویستی بەوەیە پێی بوترێت تۆ غەدرت لێکراوە و خەتای خۆت نییە وا ژێر کەوتوویت. ئەو دەنگە کە ئەوەی پێ دەڵێت دەنگی هەر ئایدۆلۆجیایەکی ڕاسیستیی یان دژە مافی مرۆڤیش بێت، بۆ ئەم گرنگ نییە و دوای دەکەوێت. بۆ ئەم ئەوە گرنگە دەرفەتی ئەوەی بکەوێتە بەردەست خەریکی شتێک بێت کە لەناو ئەو پرۆسەی خۆلەبەرچاوکەوتنەدا، شانازییەکی بداتێ.
لێرەوەیە زۆرجار ڕوودەدات ئەو جۆرە گەنجە زۆر بە ئاسانیی دەخزێتە ناو دیسکۆرسی سیاسیی ئیسلامیزمەوە و ناسنامەی ئیسلامیی تەبەنیی دەکات. بۆیە ڕوودەدات دەبینیت لەپڕ کوڕەکەت یان براکەت یان دراوسێکەت ڕادیکاڵ دەبێتەوە و دەبێتە کەسێک کە ئامادەیە نوسخە هەرە توندڕەوەکەی ئیسلامیزم داکۆکیی لێ بکات، یان تەنانەت مومارەسەی بکات، وەک ئەوەی ئەو گەنجە تاوانکارەی چەمچەماڵ کردی.
سەیرێکی کۆمێنتی خەڵکی کوردستان بکە لەژێر هەواڵی مەرگی خواناسدا بۆ ئەوەی ببینیت کاتێک مەلا و ئیسلامیزم بەربدەیتە ناو خەڵکێکی لێکەوتە، خەڵکێک کە بە هۆی حوکمداریی خراپەوە لە گۆشەیەکدا گیریان خواردووە و ئیتر مانا لە ژیانی خۆیاندا نابینن، چۆن لەڕێگەی پاڵپشتییکردنی پیاوکوژیی و تیرۆریزم و، پشتکردنە بەهای ئینساندۆستیی و سفرکردنەوەی ئەخلاقی ئینسانییەوە، ژیانی خۆیان پڕ دەکەن لە مانا.
٭ ٭ ٭
«تەنها سەلەفییەکان هۆکار نین»
ئیسلامیزم وەک هەر ئایدۆلۆجیایەکی تۆتالیتاریی تر، دونیا لە زیهنی خەڵکە سادەکەدا کورت دەکاتەوە بۆ شەڕی نێوان دوو بەرە، کە بەرەی خۆیان بەرەی بەهای ئینسانییە و بەرەیەکە کە گوایە ناحەقیی پێ کراوە، وە بەرەی بەرامبەر بەرەی هێرشهێنان بۆ سەر ئەو بەهایانەیە.
کە ئەم تەقسیمبەندییە ئایدۆلۆجییە دووبەرەییەی «خۆمان و ئەوانی دژمان» لە زیهنی خەڵکێکدا جێدەکەوێت کە هەندێکیان بە هۆکاری گرنگیی ئەخلاقی کۆمەڵایەتیی و، هەندێکیان بە هۆی ئینتیمای ناسنامەوە و، بەشێکی تریشیان بە هۆی هەبوونی بەرژەوەندیی و پۆست و وەزیفە یان بەکرێکگیراویی وڵاتانی ترەوە، لەناو ئەو بەرەیەدان، ئیتر هەموو لایەکیان لە مەحەکی بەهاکانی دونیای مۆدێرن، لە چەشنی مافی مرۆڤ و گرنگیی دیموکراتییەت، دوور دەکەونەوە و، هەموو دۆزێک بەو چاویلکەیەوە هەڵدەسەنگێنن کە ئایا سەر بە خۆمانە یان «بەرەی دوژمن».
ئایدۆلۆجیا کاتێک خەڵکی لێ کۆدەبێتەوە، ئیتر دەبێتە دیسکۆرسێک کە ئەرکی هەڵوێستگیریی بۆ خەڵکە سادەکە لەئاست دۆزی ئاڵۆزدا سادە دەکاتەوە. بۆ نموونە، لە کوردستان لەناو دیسکۆرسی ئاینی ئیسلامدا، ئیسلامیزم توانی پرەنسیپی «سوکایەتیی بە ئاینی ئیسلام» بکاتە پێوانەیەکی سادەی دەستی خەڵکەکە بۆ حوکمدان لەسەر ئەوەی کە ئایا قسەیەک یان کردارێک مۆری ڕەوایی یان ناڕەوایی لێ بدرێت، بە چاوپۆشین لەوەی ئایا مافی مرۆڤی پێشێل کردووە یان نا. ئیسلامیزم بەمە دەستی هەموو مومارەسەکردنێکی مافی مرۆڤ دەبەستێتەوە کە لە قازانجی ئایدۆلۆجیای تۆتالیتاریی خۆی نەبێت.
ئەوەی ئێستا لە درێژەی ئەو تاکتیکەدا ڕووی داوە ئەوەیە کە پێودانگی «سوکایەتیینەکردن بە موسڵمانان و بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام»، نەک هەر لای سەلەفییەکان، بەڵکو بۆتە وێردی سەر زمانی ئیخوانییەکان و عەلمانییەکان و ئەکادیمیی و ڕۆشنبیران و هەموو میدیاکاران و، ئینجا نزیک بە سەرجەم بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو خەڵکی گەڕەک و «موسڵمانێتییەکەی دایکم» و تەنانەت بەشێکی گەورە لە چەپە ڕادیکاڵ و ئاتەئیستەکانیش.
ئەمە دیسکۆرسێکی سەرتاپاگیری توندڕەوە کە جگە لە سەلەفییەکان، لەلایەن سەرجەم کۆمەڵگاوە پەیڕەو دەکرێت. هەموو ئەوانە توندڕەون چونکە لەئاست مافێکی مرۆڤی گرنگی وەک ئازادیی دەربڕیندا، کاتێک کەسێک لەسەر ئەو مومارەسەی ئەو مافەی بۆ ڕەخنەکردنی توندی ئیسلام یان ئیسلامیزم لەلایەن خەڵکی ناو ئایدۆلۆجیای تۆتالیتاریی ئیسلامییەوە گوشاری بۆ دێت یان تەنانەت دەکوژرێت، هەر هەموو پشت دەکەنە مافی مرۆڤ و بە قسەی «ئاخر ناشبێت سوکایەتیی بکەیت» پشتی کەسەکە چۆڵ دەکەن و وەک خواناس وریا، بە تاقی تەنیا لەبەردەم ئەو خەڵکەدا جێی دەهێڵن. خەڵکێک کە پێیان وتوون ئەم کەسە غەدری لە ئێوە کردووە و سوکایەتیی پێ کردوون و ئەوەی ئەو کردوویەتی ئازادیی دەربڕین نییە. ئەو گەنجە تێکشکاوەی چەمچەماڵ کە خواناسی کوشت، جگە لە قیڕە قیڕی مەلاکان، گوێی لە قیڕە قیڕی دەیان ڕۆشنبیری کورد ببوو کە بەردەوام دەنووسن جنێو بە ئاین ئازادیی دەربڕین نییە.
لە هەرێمی کوردستاندا، دوای گەشەسەندنی ئیسلامیزم بە تەحفیزی دەرەکییەوە لەلایەن ئەو نەتەوانەوە کە ژیرانە بیریان لە کۆلۆنیالیزەکردنی نەرمی نەتەوەی یاخیی کورد کردۆتەوە لەڕێگای ناردنەژوورەوەی کولتوری خۆیانەوە، دیسکۆرسی پیرۆزیی ئیسلام و گرنگیی پارێزراوکردنی لە ڕەخنە، لە توندڕەوەکانەوە پەڕییەوە بۆ سەر زاری هەموو کۆمەڵگا، تا ئەو شوێنەی پێداگریی لەسەر ناڕەوایی ڕەخنەی توند یان جنێودان بە ئیسلام، بەناوی دژایەتییکردنی قیڕەقیڕی توندڕەوییەوە، بۆتە قیڕەقیڕێکی هاوبەشی نێوان سەلەفییەکان و ئیخوانییەکان و ڕۆشنبیران و هەموو خەڵکی سادەی کوردستان. ئەو پرەنسیپە لە دیسکۆرسی ئیسلام لە کورستاندا ئێستا بۆتە ئەو دیاردەیەی کە لە زانستی کۆمەلناسییدا بە گەمژەیی دەستەجەمعیی (Collective stupidity) ناو دەبرێت. ئەو جۆرە گەمژەبوونی بەکۆمەڵە زیاتر لەناو دونیای ئاژەڵاندا هەیە. بۆ نموونە، جۆرێک مشکی کێویی هەن، لەپڕێکدا یەکێکیان دێت بە عەقڵیدا هەر دەڕوات و ناوەستێت و ئەوانی تر بەبێ بیرلێکردنەوە دوای دەکەون تا یەک لە دوای یەک لە کەلی شاخێک بەردەبنە خوارەوە.
٭ ٭ ٭
«کوفرکردن وەزیفەی هەیە لەم سەردەمەدا»
لە سیاقێکی وادا، گەورەترین مەسئولییەتنواندن بەرامبەر بە کۆمەڵگا ئەوەیە کە ڕەخنە بکەیت، وە ئەگەر دەنگت نەگەیشت، ئیستیفزازیی قسە بکەیت بۆ ئەوەی گوێی ئەو خەڵکە سادە و قوربانییەی دەستی ئایدۆلۆجیا ببەیتەوە. لەناو دیسکۆرسێکی ئاوا سەرتاپاگیر و یەکسەنگەردا کە ڕۆشنبیرانی سێکیولاری بێباوەڕیش دەستیان داوەتە ڕیایی ئەوەی هەوڵدەدەن خەڵک وا لێیان تێبگات کە باوەڕدارن، بێگومان پلاتفۆرمێک بۆ ئەوانە نامێنێتەوە کە دەزانن چەند گرنگە ئەو خەڵکە لەو مانیپۆلکراوییە دەرچن. سەیری هیچ کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی نەماوە ئامادە بێت ئاتەئیستێک بێنێتە قسە.
خەڵکی موسڵمان پێویستیان بەوەیە گوێیان لە ڕای زۆر ناکۆکیش بێت، بۆ ئەوەی ئاوا بەم جۆرەی ئێستا بەر مێشکشۆردنەوە نەکەون. لە خەڵکەکە زیاتر، کۆمەڵگاکە پێویستی بەوەیە لەڕێگەی گەیاندنی ڕەخنەی توندەوە، ڕووبەری تۆڵێڕانسی ئەو خەڵکە بۆ جیاوازیی زیاد بکات، چونکە ئەو دۆخەی کوردستان هیچ چارەسەرێکی تری نییە جگە لەوەی کار بۆ ئەوە بکرێت تۆڵێڕانسی خەڵکەکە زیاد بکرێت.
ئەو پارێزراوکردنەی ئاینی ئیسلام لە ڕەخنە، لە درێژەدا بە زەرەری گەورەی ئاینی ئیسلامیش تەواو بووە. ببینە ئاینی ئیسلام، لەو نوسخەیەیدا کە لەو کۆمەڵگایەدا مومارەسە دەکرێت، نەک نوسخەی نۆرماتیڤی ناو تێکستەکان، ببینە بۆتە ئاینێک کە جڵەوەکەی کەوتۆتە دەست ژمارەیەکی گەورە لە پیاوی ئاینیی و مەلا و ئیسلامیست و بانگخواز کە توندڕەویی و دەبەنگیی و فێڵبازیی و جاشێتیی ژێربەژێر بۆ دوژمنانی نەتەوەکە لە سیفاتە هەرە بەرچاوەکانیانە. بیرێک لەو هەموو قسە گەمژانانە بکەرەوە کە مەلاکان دەیکەن و کە سەیریان دەکەیت، دەڵێیت سەیری عەرزی ستاندئەپی کۆمیدیی دەکەیت ئەوەندە پێدەکەنیت. هەم لە قازانجی موسڵمانان و ئاینی ئیسلامە و، هەم لە قازانجی کۆمەڵگاکەشە، ئاینی ئیسلام لەو فۆرمە مەسخەرەیەی ئێستای دەربکرێت و، بکرێتە ئاینێک کە ناموسڵمانان شایان بە ڕێزی بزانن.
دیارە ئەوە گرفتێکی موسڵمانانە کە ئاینەکەیان لە دۆخی عەمەلییدا ئەو نوسخە پڕ مەسخەرەیەی لێ دەرچووە و بووەتە جێگەی ڕق و پێکەنین، وە ئەرکی ئەوانە خەمێکی لێ بخۆن. بەڵام زەربەتخواردنی ئازادیی و مافی مرۆڤ لە کۆمەڵگای کوردستاندا، وە دزەکردنی کولتوری نەتەوەی کۆڵۆنیزەکەر بۆ ناو کۆمەڵگای کوردیی، گرفتێکە کە ئەو خەڵکە چاککردنی دەگرنە ئەستۆ کە لە هەموومان زیاتر هەست بە مەسئولییەت دەکەن. سەیری ئەو هەموو دڵگەرمیی و جیدییەت و پێداگرییە جوانە بکە کە خواناس لە ڤیدیۆکانیدا بۆ وەستانەوە لەبەرامبەر ئەو دیسکۆرسە تۆتالیتاریی و کۆڵۆنسیتییە پیشانی دەدات کە ڕووی کردۆتە هەرێمی کوردستان.
ئەم سەردەمەی ئێستای هەرێمی کوردستان سەردەمێکە کە لەلایەکەوە دیسکۆرسی ئیسلام و ئیسلامیزم وەک هێزێکی تاڵانکەر کەوتۆتە ناو نیشتیمان و، هەرچی ئازادیی هەیە لەگەڵ خۆی دەیبات و، هەرچی ناسنامەی جیاوازیی نەتەوەیی ئەو خەڵکە هەیە هەوڵ دەدات تا ئاستی نەناسینەوە بیشێوێنت بەسەر یەکدا، کەچی لەبەرامبەردا، نزیک بە سەرجەم ڕۆشنبیران و ئەکادیمیستان و میدیاکارانی کۆمەڵگاکە خەریکی پەیداکردنی ئیمەیجی میانڕەویین بۆ خۆیان و، لەو پێناوەدا لەناو ئەو هەموو ناڕێکییەدا، خەریکی ناوبردنی ئاتەئیستانن بە توندڕەو و، خەریکی وتنەوەی وانەی سوکایەتیینەکردن بە ئاینی ئیسلامن.
لەم سیاقە پڕ سازش و مەنگییەدایە کە زۆرێک ئاتەئیست هەن کە بۆ بەخەبەرکردنەوەی ئەو خەڵکە، پەنا دەبەنە بەر ئیستیفزازکردن و پشتگوێخستنی نۆرم و ئەتەکێتی زاڵی ناو فەزای گشتیی. ئەوان ئەوە دەکەن چونکە لە دۆخی گەمژەیی دەستەجەمعییدا، قسەی ڕەق یەکێک لەو کەرەستە کەمانەیە کە دەتوانێت ئەو وەزیفەیە ئەدا بکات بگاتە گوێ و کارکرد دابنێت.
جنێودان و هەستبرینداکردنی بەرامبەر توندڕەویی نییە چونکە مافی مرۆڤە. شوبهاندنی ڕەخنەی توند و پڕ جنێوی ڕەخنەگرانی دیسکۆرسی ئیسلام لە کوردستان، بە خوتبە ڕاسیستییەکانی مەلاکان کە زۆربەیان پێشێلکردنی مافی مرۆڤن، پشتچۆڵکردن و تەریککردنەوەی ئەوانەمانە کە لە هەر هەموومان کەمتر هەلپەرستن و، لە هەر هەموومان زیاتر ئامادەی قوربانییدانن لەپێناو کۆمەڵگا و، لەپێناو خەڵکی سادەی موسڵمانی گولخواردووی دەستی ئیسلامیزمی هاوردەکراوی وڵاتانی دراوسێ.
بۆیە هەر سەلەفییەکان نین. هەر یەکێک لە ئێمە، بەو ئەندازەیەی کە بەناوی «ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی»ەوە، سەرکۆنەی مومارەسەی مافی جنێودان و کوفکردنمان کردووە و، باکمان بەوە نەبووە کە ئەوە پشتچۆڵکردنی ئازادیی دەربڕین و موعەڕەزکردنی ڕەخنەگرانی ئاینە بە خەتەری ناڕەوای تووڕەیی خەڵکە سادەکە، ڕێک بەو ئەندازەیە هاوکاری سەلەفییەکان بووین و موساهەمەمان هەیە لە تیرۆرکردنی خواناسدا.
سەرچاوە: فەیسبووکی نووسەر