بەهزاد موحسین:
کەیسی شێروان ڕێک داماڵینی ماسکە ساختەکانە، ماسکی هەر ڕێکخراو و قەڵەمبەدەستێک کە لە دروشمەکەیدا، داکۆکی لە ئازادی و مافی مرۆڤ و ئازادی دەربڕین و دژەگەندەڵی و دواڕۆژێکی و ڕون بەختەوەری بۆ نەوەکانمان لەم هەرێمە پڕ چڵک و قڕيێژە بوبێ.
ئێوە! ئەی ڕێکخراوە مەدەنیەکان! ئەی نوسەرانی گەندەخۆری داماڵراو لە ئەخلاقی قەڵەم! ئەی بەناو ئازادیخوازانی سەرشۆڕی دەستی دو و سێی بنەماڵەکان! ئەی ئەکادیمیستانی ژێر کەفی ماستاوەکان! ئەی چاودێرە سیاسیە بەناو بێلایەنە بێهەڵوێستەکان!
ئێوە لەبارەی ئەم ستەمەی لە شێروان شێروانی کرا، چیتان هەبو و چیتان نوسی؟! ئێوە لە کوێی ئەم غەدرە گەورەیە بۆ شێروانێکی قوربانی ئازادیدا بون؟ سەیرە ئەم چڵکاوخۆریە ناتانخنکێنێ و ئێوە زۆریتان نەماوە و بە مردویش یەکیەک دەناسرێنەوە. هەر کەسێک کە قەڵەم و مێدیا و ڕێکخراوێکی بە دەستە و لەم ستەمە گەورەیەی بەرامبەر شێروان کراوە و ڕەخنە و گلەییەکی نەکردوە، بە دڵنیاییەوە لەوپەڕی ترسنۆکی و چڵکاوخۆریدایە.
قەڵەمفرۆشان! گەر جاری یەکەم لە شەش ساڵ حوکمدانی شێروان و هاوڕێکانی، بە بەهانەی درۆیینەی سیخوڕی، خۆت لەگێلی دا و خۆت لە هەقیقەت دزیەوە و سەرکز و ملکەچ و دەست بەکڵاو نققەت نەکرد، خۆ ئەمجارە وەک مانگی چواردە لێت ڕونە، کە لە دادگای حکومەت و هەرێمەکەت داد و یاسا و ماف و ڕاستی هەتک کران، هەر بەوەی گوایە شێروان پەنجەمۆری لەبری “گۆهدار زێباری” کردوە، گۆهداریش لەبەردەم دادوەر گوتی: (من نازانم کێ ئەم پەنجەمۆرەی کردوە، بەڵام گەر شێروانیش کردبێتی، ئاساییە و ئێمە پێشتر شێروانمان سەرپشک کردبو، کە لەبری ئێمە هەر نوێنەرایەتیەک بکا، بۆیە من هیچ سکاڵایەکم لەسەر شێروان نیە).
ئێوە هەموتان! ئەی توێژەرانی ئەکادیمیست! ئەی ڕەخنەگرانی ئەدەبی! ئەی ڕۆژنامەنوسان! ئەی شاعیرانی هەستناسک! ئەی پیاوانی دادگەر! ئەی ئازادیخوازان! ئەی حاکم و دادوەورە گشتیەکانی پارێزەری یاسا! ئەی هەمو ئەیەکان! بەس نققەیەک بکەن و بفەرموون و ئەو کەسێتیە هیچەوپوچە مەبن و قسەیەکتان هەبێ.
ئێمە چاوەڕێ دەکەین و قەبوڵمانە بۆ نانەچەوەرەکەتان پێ لە ویژدانتان بنێن و بڵێن، شێروان “سیخوڕ و تێکدەر و ساختەکار” بو، گرنگ ئەوەیە بۆمان یەکلا بۆتەوە، کە نوێنەرەکەی پاراستن لە دادگا لە ئێوە مەردانەتر و بێپێچوپەنا ئەرکی دژەمەنتقی و نایاسایی خۆی جێبەجێ کرد.
ئێمە و شێروانیش لەوێ قسەیەک ناکەین، ئەوە مێژو بەو دیوە سیاسی ئەخلاقی و ئازادیخوازەکەی بۆ ئێستا وەلا دەنێین و بۆ بۆ رۆژی خۆی دەچینەوە سەری.
چەندە شەرم و زەلیلیە! قەڵەمبەدەست بی و دەیان وشەی هاوسۆزی بۆ پاڵەوانێکی خەیاڵی داستانێکی بهۆنیەوە و هیچت لەسەر پاڵەوانێتیی هەقیقی و واقیعی ڕۆژی خودی شێروان شێروان نەبێ، کە ژینسەختی منداڵ و خێزانکەی پەراوێز بخەی و هێشتا تۆ پێتوا بێ، داکۆکی لە مرۆڤایەتی دەکەی!؟
ئێوە ئەی کەموزۆر و دورونزیک لە چڵکاوخۆرانی ئەمڕۆ و سبەیەکی زۆر درەنگی دەسەڵاتی نادادپەروەر! ئێوە جگە لەم بێدەنگیە ئابڕوبەرانەتان و دژەمرۆڤایەتیەتان بۆ ملکەچی نانەچەورەیەک و بە هیوای پۆستێکی هێڵنجاوەرێکی بێزەوەر هیچتان پێنابڕێ.
تەواو! تێبگە لەوەی شێروان شێروانی سەنگی مەحەکی تۆیە، کە ئایا هێشتا تۆ مرۆڤی!؟ هەر خودی شێروان و کەیسە پڕ غەدرەکەی ئاوێنەی ڕوخسار و دەرونی مرۆڤانەی تۆیە. ئایا هێشتا تۆ دەعبایەکی بەرژەوەندخاوازی، یان دەکرێ دەرفەتێک هەبێ، تۆیە پیسەکە ببیەوە مرۆڤ!؟
چەندە جوانە! شێروان پێش ئەوەی زیندانی بکرێ و خەریکی خستنەڕوی تیرۆر و قەتلوعامی بادینان بێ، هێشتا ئازادیخوازێکی هەرێمی و لۆکاڵی بو، بەڵام دوای زیندان ئێستا ئەو ئایکۆنێکی وزەبەخشی ئازدیی جیهانیە.
ئیدی شێروان ئەوەیە، لە هەرە گەورەکانتانەوە تا چڵکاوخۆرترینتان لەژێر پێی شێروان بکەون، کە ویستی مێژوی ستەم بنوسێتەوە، بەڵام ئێستا مێژو شێروان وەک ئازادیخوازترین ڕۆژنامەنوس دەنوسێتەوە!
لەم چەند ڕۆژە لە هەولێرەوە تا دوا سنورەکانی خاکی زەرد چاومان بە ڕەونەقی ڕکلامی (خۆڕاگری برای گەورە) کز بووە، با کەسێک تێببگەیەنێ، خۆڕاگری لە شێروان شێروانیەوە فێر بن.
کەسێک پێی بڵێ: خۆڕاگری بریتی نیە، لە خۆکڕکردن بەرامبەر زیاتر لە بیست قەرەقولی تورکیای سەرسەختترین دوژمن لە دەڤەری بادینان. خۆڕاگری بریتی نیە، لەوەی وەزیرە داراییەکەت بڵێ، بۆ موچە ئێمە هیچمان لەدەست نەما و لێرەوە چاوەڕێی ڕەحمی بەغدا بکەن. خۆڕاگری بریتی نیە، لەوەی بەغدا قوفلی نەوتت بەسەر نەخشەی جیهانی دابخا و هیچت لەدەست نێ و نەوتەکەت لەدەستهەقی کارەبای شارەکانی باشوری ئێراق، بدرێتە ئێرانێکی دوژمنی مێژویی قەوارەی هەرێم. خۆڕاگری بریتی نیە، لە دەستگیر نەکردنی بکوژی “هاوکار جاف”ێک کە لە فرۆکەخانەی هەولێر دادەبەزێ و وەک ئاغایەک بۆی دەردەچێ. خۆڕاگری بریتی نیە، لەو شەرمەزاریەی دادگای بەغدا پەرلەمانەکەت پێ دابخا و حکومەتەکەشت وەک کاربەڕێکەر بە جیهان و دەرودراسێ بناسێنێ.. خۆڕاگری هەرگیز بریتی نەبو، لە ڕادەستکردنی تەواوی مەلەفی نەوت و دواجار مردنی زاوایەکی بەعسی سەددام لە هەولێر.
لەو هەمو ستەمەی بەرامبەر شێروانتان کرد و وەک فەرمووی: (من نەشکاوم، ئەوە ئێوەن بەرامبەر ئیرادەی من شکاون)، دەبێ لەو نەشکانەی شێروانی فێرە نەشکان و خۆڕاگری بن. ئێوە کە عەزمی شێروانتان تاقیکردەوە و هیچتان هەڵنەکڕاند، وەرن لە شکۆی “شاهین”ی شێروانی دوەم فێرە خۆڕاگری بن، ئەوا سێ ساڵە بە فرۆشی هێلکەی مریشکەکان خاترجەمی بەشێک لە بژێوی بە باوکی دەدا و ڕۆژانە چەند هەزارێک بە دایکە سەربەرزەکەی دەدا.
هاوڕێ گیان! چەندە دڵپڕ بوم بە بینینت لە دادگای ناداد! چەندە دڵگەرم بوم بە هەڵوێستی جوامێرانەت بەرامبەر دادوەری نادادوەر! چەندە ئومێدبەخش و پڕ هیوا بو هاوارەکەت! چەندە دڵخۆشکەر و شانازی بو، سڵاو و پێکەنینەکەت لە بەخێرهاتنم.
شێروان شێروانی.. سەنگی مەحەک!
44