Home بیروڕا ڕووانگەی من و نەخۆشییەکەی سەلام عەبدووڵا

ڕووانگەی من و نەخۆشییەکەی سەلام عەبدووڵا

by admin
0 کۆمێنت 96 بینینەکان

دلێر سەلیم: 
کاتژمێر لە یەکی دوای نیوەی شەو لای داوە و لە بەردەم نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی توانا، کە یەکێکە لە هاوکارانی سەلام و لە خانەقینەوە لەگەڵی هاتووە، دەڵێت: سەعات نزیکەی شەش و نیوی ئێوارە بوو، کاک سەلام جەڵدە لێی دا ، چووە نەخۆشخانەی خانەقین، حاڵی زۆر خراپ نەبوو، هەشت دەنک حەپیان پێی دا، خوێنی هەڵهاوردەوە، پزیشکەکان وتیان بیگەیەننە سلێمانی، نامانە ناو ئیسعاف، ئیسعاف پەنچەر بوو، وتیان بابچێتە ئیسعافێکی ترەوە، سەلام بە پێی خۆی دابەزی و بەرەو ئیسعافەکەی تر کەوتەڕێ، کە هێزی دایە خۆی ، کە نەدەبوو وا بکات، جەڵتەیەکی تر لێی دا، بێهۆشی کرد، تەواوی جەستەی ڕەق بوو، دکتۆرەکان وتیان جەڵدەی دڵ و مێشک پێکەوە لێی داوە و تەنها لە ٥٪ ئومێدی ژیانی ماوە٫ ئاخر دواتر حەوت جار دڵی وەستا و بە کارەبا خستیانەوە کار. هەرچۆنێ بوو گەیاندمانە کەلار، کارمەندەکان وتیان لێرە بەدوا ناتوانین بڕۆین، ئەمە یاسایە و بۆمان دانراوە. لە نەخۆشخانەی کەلاریش وتیان دەرزی جەڵدەمان نییە و خێرا بیبەنە سلێمانی، ئیسعافیان ئامادە کردبوو. تا گەیشتینە سلێمانی، بەهۆی خراپی ڕێگەوبان ڕەنگە ١٠ جار کەمامەی ئۆکسجینەکەی سەر دەمی سەلام کەوتبێت.
کاتژمێر لە سێی دوای نیوەی شەو نزیک بووەتەوە، یەکێک لە هاوڕێکانی سەلام ، کە لە خانەقینەوە لەگەڵی هاتبوون، لە ژوورەوە هاتە دەرێ و وتی: بە نوێڵ دەمیان کردەوە، سێ ددانی شکا، خوێنی لووتی بەربوو، جیهازی هەناسەدانی لێ نییە، بە تۆپێکی دەستی هەناسەی پێ دەدەین، دکتۆرەکان دەڵێن (سریریا مردووە) مێشکی وەستاوە و تەنها دڵی کار دەکات، ١٪ ئۆمێدی ژیانی ماوە.
کەسێکی تر بە پرتاو هاتە دەرێ وتی:کاکە ئەوە دکتۆرەکان دەڵێن حاڵی خراپە، بڕۆن خەستەخانەیەک بۆ خۆتان بدۆزنەوە.
هەمووان کەوتنە تەلەفۆنکردن بۆ نەخۆشخانەی کەرتی تایبەت، هەموو نەخۆشخانەکان داوایان دەکرد لەگەڵ پزیشکی نەخۆشخانەی ئاسیا قسە بکەن و دۆخی نەخۆشەکە بزانن، هەر کە پزیشکەکان دەیانگوت مێشکی وەستاوە، یەکسەر داوای لێبوردنیان دەکرد و وەریاندەگرت. دواجار بە پزیشکەکانی نەخۆشخانەی شار وترا، کە بۆخۆیان ژمارەی تەلەفۆنی نەخۆشخانەیەکیان بدەنێ و ئەوانیش ڕازی بوون. ژمارەی نەخۆشخانەی ئاسیایان بۆ هێنان، لەگەڵ پزیشکەکانی ئەوێ جیاواز قسەیان کرد، باسی مردن لە گۆڕێ نەبوو، قبووڵ کرا.
کات بوو بە نزیکەی شەشی بەیانی، هاوڕێیەکمان کەخۆی کارمەندی نەخۆشخانەیە، گەیشتە لامان، پرسیاری ژوور چاودێری ورد(العنایە مرکزە) ی نەخۆشخانەی شار مان لێی پرسی، لە وەڵامدا وتی: نەخۆشخانەی شار، ٢٤ ژووری چاودێریی وردی هەیە، لە ئێستادا ١٦ دانەیان داخراون، ٨ دانەکەی تریش بەشی نەخۆشەکان ناکات.
ڕۆژی دووەم لە نەخۆشخانەی ئاسیا سەلام، کەمێک دۆخی باشتر ببوو. ٣٦ سەعاتی زۆر سەخت بەڕێ کرا، بە درێژایی ئەو ماوەیە، هەمووان لە هەوڵدا بوون، چ لەگەڵ سەفارەتی ئەڵمانی، کە سەلام هەڵگری ڕەگەزنامەکەیەتی، چ لەگەڵ هاوڕێیانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بەو هیوایەی کە نەخۆشخانەیەکی بێبەرانبەری بۆ بدۆزنەوە. دواجار هەواڵە باشەکان بەر گوێ کەوتن، سەلام چاوی کردەوە و قسەی کرد ، پزیشکەکان وتیان مێشکی هیچ کێشەیەکی نییە، کاک نەوزاد تێلی کرد و وتی: خەمی ئیسعاف و خوێن ژووری چاودێری وردتان نەبێ، هەمووی دابین دەکەم، هەر بە دوای ئەودا ناسک قادر، کە شەوی ڕابردوو، بە نەخۆشی لە کەنەداوە، تا چواری بەیانی بێدار و لە هەوڵدا بوو، پێی ڕاگەیاندین، کە هاوڕێیەک بە ناوی کاک جیهاد ڕەزامەندیی چارەسەری بێبەرانبەری لە نەخۆشخانەی فارووق وەرگرتووە و خۆی تەلەفۆنتان بۆ دەکات.
هاوڕێیەک هەڵیدایە و وتی: سەلام هەموو تەمەنی دژی کەرتی تایبەت و واستە بوو، هۆشی هەبا، مردنی هەڵدەبژارد. کەسێکی تر وەڵامی دایەوە و وتی کامۆ ڕستەیەکی گونجاوی بۆ ئەم دۆخە هەیە و دەڵێت: هەندێ کات لەتێک پەنیر، لە شکسپیر گرنگترە.
لەو کاتەدا کاک جیهاد تەلەفۆن دەکات و دەڵێت، قسەم لەگەڵ کاک فارووق کردووە، سەرەتا نیگەرانی ئەوەبوو ئەگەر دۆخی سەلام خراپ بێت، بۆ ئەوان باش نییە لە نەخۆشخانەکەیان گیان لە دەست بدات، بەڵام کە قسە لەگەڵ پزیشکەکانی ئاسیا کرا و دڵنیا بوونەوە، ڕازی بوون، ئێستا دەتوانن بیگوازنەوە.
لەگەڵ بەشی ژمێریاریی نەخۆشخانەی ئاسیا قسە کرا، کات یانزەی پێش نیوەڕۆ بوو، وتیان:زۆر باشە بەڵام ئەمبڵانسەکەمان شکاوە و دەبێ چاوەڕێ بکەن. دروست لەو کاتەدا ئەمبڵانس، لە بەردەم نەخۆشخانە فڕکان فڕکانی بوو. تا چواری پاش نیوەڕۆ ڕایان گرتین، ژمێریار کاغەزێکی پێشان دا، کرێی شەوی داهاتوویشی تێدابوو، بە گشتی بۆ ئەو شەوە تاقانەیە٣ملیۆن و٨٠٠ هەزار دیناری عێراقی سەندرا.
لە نەخۆشخانەی فارووقیش زیاتر لە بیست هەزار دۆلار کرێی پێنج شەوی ژوور و قەستەرە و پێداویستییەکانی بوو، بەڵام هیچ وەرنەگیرا.
تب: سەلام ئێستا زۆر باشە، گەڕاوەتەوە ماڵەکەی خۆی لە خانەقین.
٩/٨/٢٠٢٣

 

سەرچاوە : فەیسبووکی نووسەر

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر