ئەحمەدی شاملوو
و: نەژاد عەزیز سورمێ
یەکێ بوو ، یەکێ نەبوو
لەژێر گومبەزێکی شینا
بانگی شێوان
ڕووت و قووت
سێ پەری ڕونیشتبوون..
بە کوڵ دەگریان پەرییەکان
وێنەی ھەوری بەھاران
فرمێسکیان ھەڵدەباران..
کەزیـیان ، قەدی کەوان ، ڕەنگی شەبەق
شکۆفەیان لە دارکەموون زیاتر دەرکردووە..
لە ڕەنگی شەبەق تۆخترن.
بەرەو ڕوویان ،
ڕێک شاری کۆیلەی دیل
پشتەوەیان سارد و سڕ ، قەڵای ئەفسانەی پییر .
لە ئاسۆوە زرینگ زرینگ ، زڕەی زنجیر دەھاتە گوێ
لەو دیویشدا ، لەناو قوللە ، ناڵە ناڵی ئێشکچیێ .
– فریشتەکان برسیتانە ؟!
فریشتەکان تینووتانە ؟!
فریشتەکان ماندوو بوون ؟!
یا باڵندەی پەڕبەستەن ؟
چییە ئەو ھایھایەتان ؟
گریان و وای وایەتان ؟
فریشتە هچییان نەدەگوت
ھەر دەگریان
وێنەی ھەوری بەھاران
فرمێسکیان ھەڵدەباران.
– فریشتە نازەنینەکان !
چیتانە ئاوەھا دەگرین ؟
لەم بیابانە دوورەدا
بەم بانگی شیوانە
ناڵێن بەفر دەکەوێ ؟
ناڵێن بارانێ دەبارێ ؟
ناڵێن گورگ دێ و دەتانخوا ؟
دێو دێت دەتانکا بە یەک پاروو
ئێوە ناترسن پەرییەکان ؟
نایەن بۆ شارەکەمان ؟
شاری ئێمە دەنگی دێ ، زڕەی زنجیرەکانی دێ ..
فریشتەکان
باڵای ڕێکم ببینن
ئەسپی سپی من ببینن
ئەسپی سپی ناڵ زیوین
کلک و بژی ڕەنگی ھەنگوین
تیژڕەو و خۆشبەزۆکەی من
ئاسکی دەمارئاسنی من
پەل و گەردن
بای تفنکانی ببینن ..
ئەمشەو لە شار ھەرایە
مۆڵگەی دێوان داخ کراوە
ئادەمیی میوانمانن
بە بەزم و ھەرا دێنە شار
دۆڵ و زوڕنایێ لێ دەدەن
دەلەیزن و دەلەیزێنن
خونچەی پێکەنین پەرش ئەکەن
نوقڵی بیابان دەڕێژن
ھای دەکێشن ، ھۆی لێ دەدەن :
– شار بووە جێی خۆمان
جەژنی ئادەمییانە ، دێو بەگلەیین
دونیا دونیای خۆمانە ، دێو بەگلەیین
سپییەتی پاشایە ، دێو بە گلەیین
ڕەشایی ڕوو سیایە ، دێو بە گلەیین .
فریشتەکان
ئیتر وا خۆر لە ئاوابوونێدایە
دەروازەی قەڵا داخراوە
تاكو زووە ھەڵستن
سواری ئەسپی من ببن
دەگەینە شاری ئادەمییان
سەیر کەن دەنگی دێ
قڕ قڕ پچڕانی زنجیری کۆیلان دێ
ئەدی زنجیری قورس و ستوور ، ئەڵقە بە ئەڵقە لا بە لا
ھەڵدەوەرێن لە دەست و پا
ڕزیو لە باڵ یەکدی دەردێن
دێو و درنج بەدبەخت ئهبن .
سەر بە دارستانا بکەن ، دارستانێ بە دڕکستان دەبینن
سەر بە بیابانا بکەن ، تراویلکە و( شۆرەزارێ) دەبینن
لە باتی وەش لە شاری ئێمە ، ( ئاخ فریشتەینە نازانن )
دەرگای قوللان دەکرێنەوە
کۆیلەداران ڕیسوا دەبن ،کۆیلە ئازاد
ئاوا دەبنەوە وێرانە
ھەر کەسی خەمێکی ھەبێ
خەمەکەی لە بن گڵ دەنێ
حەسیر دەبن بە مافوور
دیل ئازاد
دیل داخ لە دڵن
دەست بۆ داسەکانییان دەبەن
دەبنە لافاو ، شڕ شڕ شڕ
دەبنە ئاگر ، گڕ گڕ گڕ
لە دڵی شەوا کە ناشیرینە
ئاگربازی چەند جوانە
ئاگر ئاگر ! چەن چاکە
ئێستا کە بانگی شیوانە
چی وا بە شەو
بە جۆشی گەرمی نەماوە
ھای ڕاپەڕین
لە حەوزی زێڕین دەرقوولین .
ئێستا کۆیلەکان وەستان ، ڕووی چرایان وەربگێڕن
لە گیانی شەو بەرببن ، دڕ بە تاریکایی بدەن
مامۆ زنجیران دەچنێ ، با ئاپۆرەی خەڵکی ڕێ دەن(1)
بیێننە مەیدان
لە جێیكدا ھەڵیپەڕێنن
بیکەنە بایی یەک پوول
دەست لەناو دەستی یەک بنێن
لە دەوری یار بکەونە سەما
(( حەمامۆک مێروولەی ھەیە ، ھەستن و دانیشن ))(2)
لاسایی بکەنەوە
(( سندووق و قفڵیان ھەیە ، ھەستن و دانیشن ))
لاسایی بکەنەوە..
فریشتەکان
ئیدی بەسە ھای ھایتان
گریان و وای وایتان ..
ھیچیان نەگوت ، بە کوڵ دەگریان فریشتە
وێنهی ھەوری بەھاران ، فرمێسکیان ھەڵدەباران ..
فریشتە خەت خەتییەکان(3)
ڕووت و قووت و پا پەتییەکان
شەوانی چلەی بچووک
لە ژێر کورسیدا قرچ قرچ
برێشکەمان دەقرتاند و باران دای کردبوو
لە سولاوکەوە دەنگی دەھات
نەنەگیانیش ھەقایەتی دەگێڕانەوە
قسەی تژی نھێنی
چیرۆکی فریشتەی سەوز و فریشتەی زەرد ..
چیرۆکی خاتوونی شای پەرییان ..
ئەوە ئێوەن فریشتەکان
ھاتوونەتە دونیای ئێمە
ئێستا تەماح گرتوونی کەف و کووڵتانە
کڕ کڕ بێدەنگ خەم دەخۆن ؟
دنیای ئێمە خاڵ خاڵییە ،
دەرد و خەمی تێدا نییە
دنیای ئێمە چیرۆک و سەربردە نەبوو
پەیامێکی سەرمۆر نەبوو
ھەر کەس بییەوێ بزانێ
دونیای ئێمە ئاشکرایە .
دونیای ئێمە دڕکاوییە
بیابانی پڕن لە مار
ھەر کەس کاری بەویدییە
دڵی باخەبەر ئاگادار ..
دنیای ئێمە بوزورگە
پڕ لە چەقەڵ و گورگە
دنیای ئێمە – ھێ ھێ ھێ
ئەودیو ئاگر – لێ لێ لێ
ئاگرت دەوێ – لە باڵا گرمۆڵە بووە
تا پاژنەی پێت دەستت لەخۆ شوشتووە
دونیای ئێمە ئەوەیە
بتانەوێ و نەتانەوێ ھەر ئەوەیە !
باشە فریشتەی چیرۆکان
باڵدارە باڵ شکاوەکان!
ئاوتان نەبوو ، چایی و نێرگلەتان نەبوو؟
کێ پێی گوتن بۆ دونیای ئێمە بێن ؟
دونیای واوەیلای ئێمە
کێ پێی وتن قەڵای چیرۆکتان وێڵ بکەن
کێشە بۆ خۆتان دروست کەن؟
ھیچیان نەگوت ، بەکوڵ دەگریان فریشتە
وێنەی ھەوری بەھاران ، فرمێسکیان ھەڵدەباران
دەستم برد بۆ شانیان یەکاڵایان بکەمەوە
قیژاندیان ، ھاواریان کرد
جادووگەر بوون ، بوون بە دووکەڵ
ژۆرداچوون تاریک بوو
ژێرداگەڕان ، درەوشانەوە .. پییر بوون
بوون بە گریان ، بوون بە ڕۆح ، بە زەردەخەنە
بوون بە خان ، بە زیندانی ، بە کەڵەشێری سەرکەندە
بوون بە میوە ، بە گۆشتی میوە ،
بوون بە ھەناری سەربەستە ،
بە ئومێد ، بە یەئس
بوون بە ئەستێرەی نەحس ..
وەختێ دییان ئەستێرە
کاری بە منەوە نییە
دەبینم و حاشا دەکەم
تەماشای گەمەیان دەکەم
سەرسام و گێژ و وڕ نابم
بە جادووگەر بە بەرد نابم ..
یەکێ بوو بە گۆزەی شەراب
یەکێ بوو بە دەریای ئاو
یەکێکیش بوو بە کێوی برنگ
چەقیە ئاسمان ..
شەرابەکەم ھەڵقوڕاند
کەوشەکانم توند کردن
لە دەریام دا تەڕ بووم و پەڕیمەوە
ڕام کرد ، ڕام کرد
گەیشتمە سەر چیا
لەوبەری چیا ، ساز و ئاوازیان لێ دەدا :
( ترینگ ترینگ شاد بووین ..
لە دەست ستەم ئازاد بووین ..
خۆرەخان تاوی ھاوێت
فەردەی برنجی دە ئاوێ کرد )
خۆرەخاتۆن بفەرموو
لەو بەرزاییە وەرە خوارێ
ئێمە زوڵم و زۆرداریمان تێکشکاند
( ئازادی)مان کرد بە قیبلە ..
لەو دەمەی خڵکی ڕاپەڕین
ژیان بووەوە ھی خۆمان
لە شادی بێزار نابین
چیتر بەندە و دیل نابین
بەرز و نزم بووینەوە
لە حەوزی زیوین کەوتین
سێوی ئاڵتوونیمان ڕنی و
بە ماڵی خۆمان گەیشتین
سەرکەوتین دۆ بوو
چیرۆکی بێ ترس درۆ بوو
ژێرداگەڕاین ماست بوو
چیرۆکی ئێمە ڕاست بوو
چیرۆکمان گەیشتە سەر
مێردەزمە نەگەیشتەوە ماڵەکەی
ھەڵبەزین ، دابەزین
زنجیرمان ھەمووی پێچایەوە.
__________________________________________
ئاماژە و سەرچاوە:
(1) مامۆ زنجیران دەچنێ ، کەسییەتیەکی دژمنانەیە لە یارییەکی منداڵاندا.
(2) حەمامۆک مێروولەی ھەیە ، ئەوە لە یاری نا ، بەڵکو جۆرە ئاگادار کردنەوەیەکی سادەدڵە کە لە ناو ھاوتەمەناندا باو بووە ،ئەوان دەستیان لە نێو دەستی یەکتر دەنا و دەستیان تێک دەگرت و حەڵقەیەکیان دروست دەکرد و لە کاتی وەرچەرخاندا دەیانگوت: حەمامۆک مێروولەی ھەیە، ئەوانی دیش دەنگیان لە دەنگی دەدایەوە و دەیانگوت: ھەستن و دانیشن. بۆ دێری دووەمیش، ھەر بەو جۆرە کە ھەندێ دەیانگوت: سندوقۆکە و قفڵیان ھەیە.. ئەوانی دی لێیان دەگێڕانەوە: (ھەستن و دانیشن..) ئەوەش وەک وتمان ئاگادارکردنەوەیەکی پاکدڵانەیە.
(3) پەرییە خەتخەتیەکان: ڕاستیی ئەوە دەستەواژەیەک بوو، کوڕە بچووكهكهم لە کاتی نووسینی ئەم شیعرەمدا دووبارەی دەکردەوە منیش بە تەواوی پەسندم کردکە ئەو بە چەندخەتێک تەعبیری لێ دەکرد، دوایش بەکارم ھێنا.
* ئەم قەسیدەیە لە ئەسڵی فارسییەوە کراوە بە کوردی. بڕوانە: ( احمدی شاملو – ھوای تازە) کۆمەڵە شیعرێکی ھەڵبژاردە – بڵاوکردنەوەی (نیل) تاران چاپی پێنجەم، 1355ی ھەتاوی لاپەڕە 172 – 182. شاملو شیعرەکەی پێشکێشی(فاتی ئەلبەتحی) کردووە.