بەشدار عوسمان:
ماوە ماوە دەردەکەوێت و هەموومان نیگەراندەکات و خەتێکی تۆختر بەژێری هەموو ئەو مەترسییانە دەهێنێت لەسەر ژیان و ئازادی و چارەنووسی هەر تاکێک لەو کۆمەڵگایەی دەمێکە دەنگ و ڕەنگی ستەمکاری و نادادی، بەسەر هەموو لایەکەوە دێت و دەچێت .
هەروەکو چۆن چەند ساڵێک چەکهەڵگرتنی کۆمەڵیک کەس بەناوی (شۆرشەوە) زۆر گران لەسەر ئەو خەڵک و کۆمەڵگایە کەوتەوە، لەبڕی ئەو (شۆرشەیان) خاک و خۆڵ و ئاسمانەکانیشیان لەسەر خۆیان تاپۆکرد، بانکی دنیا نەماوە پڕی نەکەن لەپارەی ئەو خەڵکە،پایتەختی دنیا نەماوەتەوە ریزێک ڤێلا و ئاپارتمان بەناوی کوڕ و نەوەکانیان نەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا چاومان ئەوەش دەبینێت، بەشێکی زۆری نووسەران و رۆژنامەنووسان بوون بەبەشێک لەو سیستەمی دزی و فەرهوودییە بە وەرگرتنی خانوو و زەوی و وەرگرتنی مووچەیەکی زەبەلاح تەنانەت بەدەر لە یاسا و رێنماییە لاستیکیەکانی خۆشیان، بوون بەبەشێک لەو سیستەمە چەتەگەرییە، ئێستا ئاسانە تێبگەیت هەر یەک لە دێڕەکانی( زمانی حەیزەرانەوە بۆ ملازم تەحسین و شتی تریش،لەهۆتێلی ئەوروپا بۆ قەبری سیگۆشە و حەیوانات و چەندین دەستنووسی تر….) کەم لەسەر خەڵک نەکەوت .
پرسیارەکە ئەوەیە: شەڕی فەرهاد پیرباڵ لەسەر چیە و بۆچیە؟! بۆچی ئەو کۆمەڵگایەی رۆژانە گیرۆدەی دەیان هەواڵی ناخۆشە و لەگەڵ دەیان کەموکوڕی و ناخۆشی گیرۆدەیە، سەرقاڵ بکرێت بە شتێک هیچ پەیوەندی بە ژیان و گوزەران و چارەنوسیەوە نیە ؟!
ئایا شەڕی فەرهاد پیرباڵ لە ناعەدالەتیە لە دەسەڵاتی قەزائی ؟! بە ناڕەوا جەندجارێک لە زیندانیان ئاخنیوە ؟! چەند مەترێک نزیک لە شوێنی ژیانیدا، دەیان رۆژنامەنووس و چالاکوان بە چوار ساڵ بە حوکمی قەرەقوشی خرانە زیندانی تاکە کەسییەوە، ئەو( بیرمەندەی کورد )چوار ووشەی لەسەر نەگووتن.
لەکوێ بینیمان، ئەو پیاوە شەڕی فیکر و فەلسەفە و ئەتککردنی ئەدەب زانست و هونەر بکات ؟! دەیان گەنج لەسەر بیروڕای جیاواز گولـلە نرا بە دەم و سینگ و سەریان، دواکەوتووترین فەرهەنگ و ئەدەب لەم کۆمەڵگا دەرخواردی گەنجان و لاواندرا، زانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندن پڕکران لە کادیری نەخوێنەواری حزبی، هەزاران ژن و کچ خەڵتانی خوێنکران لەسەر دڵداری و نامەیەکی خۆشەویستی، ئەو( موفەکیرەی کورد)، لەکوێی ئەو هەڵوێستانە بینراوە و هەبووە ؟
هەرچی دەزگای مەدەنی و دیموکراسی و دامەزراوەی پاراستنی شکۆی مرۆڤ هەیە، بێ بەها کرا و کەچی ئەو شانازی دەکرد لە دیوەخانەکاندا سێڵفی لەگەڵ بەچکەکانیان دەگرت و بەشکۆی (نەتەوەیەک) وەسفی دەکردن .
ئەو (جوانناسەی کورد) رۆژانە سەرەی شۆفێران بۆ بەنزین، ئاهوناڵەی دایکان و ژنان بۆ تەنەکییەک ئاو، گیانلەدەستدان و بورانەوەی خانەنشینان لە وەرگرتنی مووچەکانیان، لەرزینی مناڵان لە سەرمای زستان،….هتد نابینێ ! تا ببێتە جیگای نووسین یان هەڵوێستی یان کارێکی ئەدەبی ؟!
لەهەموو بۆڵە بۆڵەکانی، لەهەڵوێست و نووسینەکانی، باش تێدەگەیت ئەو پیاوە خەمی وێرانی ئەو کۆمەڵگایەی نیە بەدەستی چەند خێزانێکی فیوداڵ. خەمی چاککردنی ئەو سیستەمەی نیە پڕە لە نایەکسانی و ناعەدالەتی و ستەم، بۆیە هەموو جارەکان لەکۆتاییدا بەتەنها دەمێنێتەوە و دەچێتەوە شوێنی ئەسڵی خۆی لە دیوەخانەکان و بارەگاکان .
سەرچاوە: فەیسبووکی نوسەر