Home بیروڕا فەرهاد پیرباڵ پرۆژەیەک بۆ شکاندنی وێنەی رۆشنبیر

فەرهاد پیرباڵ پرۆژەیەک بۆ شکاندنی وێنەی رۆشنبیر

by admin
0 کۆمێنتەکان 30 بینینەکان

عەتا محەمەد:  

جارێکیتر فەرهاد پیرباڵ جووڵەی خستەوە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە نمایشە ساویلکە و بازاڕییەکانی، وەک هەر روداو و دیاردەیەک لە دنیای ئێمەدا، خەڵکیی دابەش کرد بەسەر بەرەی لایەنگر و دژدا. هەر لە راڤەکردنیییەوە وەک دەرون نەخۆشێک، کە پێویستی بە چارەسەرە، تا فەیلەسوف و کەسێکی یاخی، کە سەردەمەکەی لێی تێناگات.
من لێرەدا باس لە پیرباڵ ناکەم وەک دەرون نەخۆشێک، کە زۆر کەس لەوبارەیەوە قسەیان کردووە. بەڵکو زیاتر دەمەوێت لە دوو لایەنەوە سەبارەت بە فەرهاد پیرباڵ بدوێم، کە دەگەڕێتەوە بۆ کاتێکی زۆر لە پێش تێکچوونی باری دەرونی و دوور لە هیچ لایەنگری و رقێک. راستە ئەو ئێستا ماندوو و دەرون شێواو دیارە، بەڵام رەگی ئەو کێشەیەی قوڵترە لە ئێستا.
– بەرکەوتن و ناسینی خۆم بۆی.
– ئەو وەک رۆشنبیرێکی یاخیی و فەیلەسوفێکی بیرنەکەرەوە.
تێبینی:
من هیچ باس لە ئەزموونی ئەدەبیی ئەو ناکەم، چونکە چەشەی ئەدەبیی، پەیوەندیی بە خوێنەرەوە هەیە و دەکرێت کەسانێک کارەکانیان پێ جوان بێت، یاخود هەبن رەتی بکەنەوە.
ناسینی فەرهاد پیرباڵ:
دوای راپەڕین، وەک نووسەر فەرهاد پیرباڵ ناوێک بوو دەمانناسی، بەڵام ساڵی ١٩٩٣ هونەرمەندی وێنەکێش سامانە رەش (لەکۆتایی نەوەدەکانەوە لە هۆڵەندا دەژی)، لە رۆژنامەی هەرێم کاری دەکرد لە هەولێر. ئەو پیرباڵی رووبەڕوو دەناسی. ئەوەبوو لە رێگای ئەوەوە جارێک سامانە رەش و شوان عەتوف و من، عەسرە دانیشتنێکمان رێکخست لە رێگای بەکرەجۆ، تا رادەیەک شوێنەکە بەرانبەر های کریستی ئێستا بوو، کە ئەوکاتە ئەو ناوە هەمووی دەغڵ و گیا و چۆڵەوانی بوو. وەک ئیستاش باوە، لە قەراغ جادەکە دانیشتین. بەکورتی من دوای دانیشتنەکە رام وابوو، کە ئەم کابرایە ناوێکی زلە و هیچی تر نییە، جونکە لە شێوازی قسەکردن و ئەو شتانەی دەیوت، لە ئاستی ناوەکەیدا نەبوون، چونکە زۆر سادەگۆ و بێ زانیاریی بوو وەک رۆشنبیرێک. دووەمجار کە بینیمەوە، هات بۆ سلێمانی و کۆڕێکی چیرۆک خوێندنەوەی هەبوو، لە هۆڵی نووسەران، کە ئەوکاتە دەکەوتە پشت پەروەردە لە بەختیاری. کۆڕەکە کاک بەختیار عەلی دەیبردبەڕێوە. من و هاوڕێی شاعیرم ئاراس عەبدولکەریم پێکەوە دانیشتبووین. یەکێک لە چیرۆکەکانی خوێندییەوە، چیرۆکی مۆزەکەبوو. کاک ئاراس لە گفتوگۆدا هەستا و پێیوت ئەوە چیرۆک نییە و نوکتەیەکە ئێمەی خوێندکارانی زانکۆ زۆرجار گێڕاومانەتەوە و گوێ بیستی بووین. ئەوە بوو پیرباڵ وتی راستە نوکتەیەکە و من کارم لەسەر کردووە. کاک ئاراسیش پێی وت بە حەرف گۆڕانت تیادا نەکردووە و نوکتەکەت وەک خۆی نووسیوەتەوە. بەرکەوتنی فەرهاد و گوێگرتن لە قسەکانی، زیاتر دڵنیای دەکردم، کە ئەو تەنها ناوێکە و وەک رۆشنبیریی بێ ناوەڕۆکە. تا ئیستاش هەروایە و ئەو ناتوانێت لەسەر بابەتێک پێنج خولەک بە جدیی قسە بکات، ناچار دەبێت بیکات بە فشقیات و هەڵبەز و دابەز و قسەی هەلەق و مەلەق. نەک لەبەرئەوەی یاخییە، بەڵکو لەبەرئەوەی توانای نییە و لەو رێگایەوە دەیشارێتەوە. کارکردنیشی لەناو ئەرشیفی کورد لە کتێبخانەکانی ئەوروپادا، باشترین بوارە کە ئەم لایەنەی خۆی پێ بشارێتەوە، چونکە کارەکە دەبیتە دۆزینەوەی رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکردنەوەیان.
بەهەرحاڵ شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسا و ئەو هەواڵە بڵاوبوویەوە، کە پیرباڵ رایگەیاندووە ئەگەر دوو هێزەکە شەڕ رانەگرن، ئەوا خۆی دەسووتێنێت. ئەم رووداوە زۆرجار لە سۆسیال میدیا، ئەو رووداوە وەک دڵسۆزیی بۆ خەڵک و نەتەوە باس دەکرێت، بەتایبەت لای نەوەیەک، کە ئاگاداری ئەو رۆژگارە نین و تێڕوانینیان سادەیە، یاخود هەندێک لە دژی نەزانیی خەڵک و بێ وەفاییان دەیگێڕنەوە. بەڵام بەبروای من ئەوکاتە و ئێستاش، دەنگۆی خۆسووتاندن لە دژی شەڕی ناوخۆ، ئەگەرچی بەوشێوەیە نییە وەک باس دەکرێت و فەرهاد بۆ خۆی ئەفسانەیەکی لێ درووست کردووە، هەروەک ئەفسانەی تەوقەنەکردنی شێخ مەحمود لەگەڵ ئینگلیزدا، بەوەی کاتێک بەنزینی کردووە بەخۆیدا شقارتەی پێنەبووە و خەڵکیی شقارتەیان بۆ هەڵداوە، (لە کۆمێنت نووسینێکی کاک محەمەد ئیسماعیل دادەنێم، کە وێنەکێشێکی خەڵکی هەولێرە و لە هۆڵندا دەژی و لەو رووداوەدا بەشداربووە و نزیک بووە لە پیرباڵەوە). لەو رووداوەدا نە بەنزینی بەخۆیدا کردووە و نە کەسیش شقارتەی بۆ هەڵداوە). بەبروای من، بریاری خۆسووتاندن و درووستکردنی ئەفسانەی شقارتە بۆ هەڵدانی، یەکێکە لە ناشرینترین و نەفامترین بڕیاری رۆشنبیر لە دنیای ئێمەدا، چونکە ئەگەر مانایەک لەخۆیدا هەڵبگرێت، ئەوەیە کە ئەو کەسە هیچ شارەزای پارتە کوردییەکان و ململانێکانیان نییە، هیچ شارەزای پێکهاتەی لایەنە شەڕکەرەکان و مێژووی خوێناویی نێوانیان و بەرژەوەندی و پەیوەندییە دەرەکییەکانیان نییە. بڕیارێکە ئاستی سۆز تێناپەڕێنێت و هیچ خوێندنەوەیەکی نییە لە دنیای سیاسەتدا. هەربۆیە دەنگۆی خۆسووتاندن، هیچ نەبوو جگە لە راکێشانی سەرنجی ئەوانیتر و درووستکردنی قەرەباڵغی لە چواردەوری خۆی، کە ئیتر لەوێوە فەرهاد کەسایەتیی وردە وردە دەگۆڕێت و خۆی وەک پێشڕەوێکی قەرەباڵغی و کاری سەیر و بڕیاری سەیر دەبینێت، کە باشترین رێگاشە بۆ شاردنەوەی نارۆشنبیربوونەکەی (کاک محەمەد ئیسماعیل بە وردی باسی دەکات). هەرچۆن دواتر کۆمەڵێک خوێندکار دەبات بۆ ئیبراهیم خەلیل بە حساب لە دژی لەشکرکێشیی سوپای تورک خۆیان رووت بکەنەوە و نمایشێکی درووست کرد بەوەی میز دەکات بە ئەتاتورکدا (پەیوەندی فەرهاد بە میزەوە قسە هەڵدەگرێت، چونکە رستەیەکی گرنگە لەناو دنیای بیرکردنەوەی ئەودا، لەبەرئەوەی ناتوانێت دیدی رەخنەیی بەرهەمبهێنێت). پرسیار لەم رۆشنبیرە ئەوەیە: ئەی خۆ دەبینین سوپای تورک چۆن و بۆ، لایەک لە هەرێمی داگیرکردووە، کەچی ئەم پێناچێت ئاگاداری بێت. ئەو تەنها بۆ ساتێک نمایش و شۆ دەکات و ئیتر رووداو بەجێدەهێڵێت.
دیارە مرۆڤ دەتوانێت ئەو هەڵوێستانەی هەبێت و هەرکەس ئازادە، بەڵام رۆشنبیرێک و رۆشنبیرێکی یاخی لەو هەڵسوکەوتانەدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو لە نووسین و لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەکانیدایە، کە فەرهاد لەو لایەنەوە وەک رۆشنبیرێکی یاخی، کەم توانایە. بۆئەوەی ئەم بۆچوونە روونتر بێت، ئەم نمونەیە دەهێنمەوە: دەکرێت رۆشنبیرێک سەرسام بێت بە بیرمەند و رۆشنبیرێکی تر، کە ئەمە لە نووسین و بیرکردنەوەیدا رەنگ دەداتەوە، بەڵام سەرسامی پیرباڵ لەوەدا دەمێنێتەوە، کە پەلاماری پێڵاوی ئیسماعیل بێشکچی بدات و بیڕفێنێت و ماچی بکات. ئایا کەس بەمە دەبێت بە رۆشنبیری یاخی؟ کێ بینیویەتی ئەو وەک رۆشنبیرێک، دوو رستەی موفیدی لە بواری سیاسەت وەک فکر و وەک خوێندنەوەدا هەبێت؟ یاخود لەسەر بێشکچی؟ بەڵکو بۆ درووستکردنی نمایش و خۆ بە بابەتکردن، بە میزاج کەسێک دەکاتە پاشای وڵات و خۆشی دەکاتە سەگی بەرقاپی. کەی بەرژەوەندیی هەبوو، جنێو بە لایەن و کەسانێک دەدات، وەک نێچیرڤان بارزانی، گۆڕان، سلێمانی… کەی بەرژەوەندیش بەجۆرێکیتر بوو، قورئانێک هەڵدەگرێت و لەگەڵ مەلا عەلی کەڵەک نوێژ دەکات و بە قوربانی کەسانێک و شارانێک دەبێت. لەپاڵ ئەمانەشدا جگە لە جنیو، یەک رستەی موفید و هیج خوێندنەوەیەکی نییە. ئەمە دەریدەخات ئەو رۆشنبیرێکە بێ بیرکردنەوە و فەیلەسوفێکە لە دەرەوەی بیرکردنەوە.
خاڵێکیتر کە گرنگە باسکردنی: لە دەیەی نەوەدەکاندا گروپی ئازادی و دواتر رەهەند، کە نەوەی ئەون، لەگەشە و دەرکەوتنی زیاتردان بەهۆی لێکۆڵینەوە و رەخنەکانیانەوە لە بوارە جیاجیاکاندا، بەڵام فەرهاد نەیدەتوانی وابێت و تەنها دەیتوانی لەسەر تێکشکاندنی فۆرمی تێکستی ئەدەبی کار بکات، توانای خوێندنەوەی نەبوو بۆ دیاردە و رووداوەکان، بۆئەوەی قەرەبووی ئەمەش بکاتەوە، تا دەهات فەرهاد زیاتر رۆحێکی شەڕانگێزتر و تێکدەرانتری دەبوو بەناوی یاخی بوونەوە و لەجیاتی خوێندنەوە بۆ زانکۆ لەدنیای ئێمەدا، ئەم لە میزپیاکردنی زانکۆ هیچیتری نەبوو بیڵێت. بەمانایەکیتر؛ ئەم رۆشنبیرێکە، کە توانای بەرهەمهێنانی دەقی نییە و لەجیاتی ئەوە بەجنێو قەرەبووی دەکاتەوە. تەنانەت کاتێک قسە لەسەر ئەو نەوەیە دەکات، وەک لە چاوپێکەوتنەکانیدا هەیە، هەر بە رستەی بازاڕی و شکاندن دەدوێت و ناتوانێت دوو رستە وەک فکر، لەبارەیانەوە بڵێت. ئەمەش وادەکات فەرهاد ببێتە فەوزایەکی دەنگی، نەوەک وەک رۆشنبیر توانای خوێندنەوەی هەبێت. دەتوانن لەو کەسانە بپرسن، کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کردووە تا بزانن چەند کۆڵەوارە. سەیری بەرنامەکەی ئێن ئاڕ تی بکەن، تا بزانن چ رۆشنبیرێکی بۆش و داماوە، کە ناتوانێت پرسیاریش بکات و لەناو فەوزادا خۆی دەشارێتەوە.
ئەگەر لە دەیەی نەوەدەکاندا مۆبایل و سۆسیال میدیا هەبوایە، فەرهاد هەر ئەم کەسە بوو کە ئێستا هەیە، چونکە دەتوانیت بگەڕێیتەوە سەر زۆر فۆتۆ و هەڵسوکەوتی سەیری ئەوکاتەی ، کە هاوشێوەی ئێستایەتی، بەڵام لە رووبەرێکی بچوکتردا و توانای وێنەگرتن و بڵاوبوونەوەی کەمتر بوو، بەڵام لەگەڵ زۆربوونی دەرفەتی کامێرا و ئاسانبوونی بڵاوبوونەوەی دیمەنەکانی، ئەویش زیاتر کەوتە نمایش و شۆ، چونکە فەرهاد رۆشنبیری نمایش و شۆیە. ئەگینا ئەوساش یاخی بوونی بە لەپێکردنی نەعل لە زانکۆ و بۆنە گشتییەکان، بەردانەوەی نیوەی کراسەکەیو… ئەم شتانەدا کورت کردبوویەوە. نەوەک رۆشنبیرێکی یاخی بێت لەناو تێکستی رەخنەییدا. هەربۆیە دەکرێت قسە لە باری دەرونی ئەو بکرێت، بەڵام نەوەدەکانیش هەروا بوو، بەجیاوازیی دوو سەردەمەکە، کە ئەوکاتە کەمتر دیاربوو، چونکە ئەو بەردەوام کار لەسەر تێکشکاندنی وێنەی رۆشنبیر و نووسەر دەکات لە دنیای ئێمەدا و وێنەی گاڵتەجاڕێکی دەداتێ. هەربۆیە هەمیشە کەسێکی رووکەشییە و رووکەشیانەش دنیا دەبینێت، تا باشتر نمایشەکەی بگاتە زۆرترین کەس.
کەس لەسەر خاڵێکی دیاری کراو، دەزانێت ئەو رۆشنبیرە بیرکردنەوەی چییە؟ ئایا ئەو جگە لە بەرژەوەندیی خۆی، کێشەی لەگەڵ چ پارت و دەسەڵات و ناوەندێکی دەسەڵاتدا بووە لە کۆمەڵگای کوردیدا و توانیویەتی بە دیدێکی رەخنەیی کاری لەسەر بکات؟ رۆژێک کەسێک دەکاتە پاشا بۆ هەرێمی کوردستان، رۆژێک دەبێتە سەگی بەرقاپی و رۆژێک بەقوربانی منداڵەکانیان دەبێت و رۆژێک جنێو بە هەندێکیان دەدات. رۆژێک لەگەڵ مەلا عەلی کەڵەکدا نوێژدەکات، رۆژێک جنێو بە شارێک دەدات و رۆژێک بە قوربانی دەبێت… رۆژێک لیستی پەرلەمان درووست دەکات و… دەیان قسە فڕێدانی تر. واتا فەرهاد تەنها هەڵوێستە رووکەشییەکانیەتی، نەوەک رۆشنبیرێک بێت لەناو نووسین و بیرکردنەوەدا. ئەوساش هەروا بوو. هەر بوونەوەری ناو هەڵوێستی کاتی و نمایش بوو.
ئێمە میللەتێکی میزاجی و یادەوەریی کورتمان هەیە، قسەیەک چەند جارێک بوترێتەوە، ئیتر زۆرێک لایان دەبێت بە بەڵگەنەویست. هەروەک شقارتەی خۆسووتاندنەکەی، کە هیچ بنەمایەکی نییە. دوای ئەوە هات چەند جارێک بانگەشەی ئەوەی کرد فەیلەسوفە. ئیتر راگەیاندکاری جاهیل و کەسانی هاوسۆز بەدوایدا دەیڵێنەوە و بە فەیلەسوف بانگی دەکەن. ئیتر دەبێتە فەیلەسوفی ناو سۆسیال میدیا و ئەو جاهیلانە ناپرسن فەیلەسوف دەبێت توانای بیرکردنەوە، خوێندنەوە و دەرئەنجامی هەبێت. بەڵام وا خەریکە ئەمەش وەک شقارتەکە جێگیردەکات و لەشکرێک نەخوێندەوار بەدوایدا دەیڵێنەوە و پێیان وایە کۆمەڵگای کوردی دوای پەنجا ساڵی تر لێی تێدەگات. لە چی تێدەگات؟ ئەو چی هەیە تا ئیستا لێی تێنەگەین، کوا نووسینە فەلسەفی و فکرییەکانی کە لێی تێنەگەیشتووین؟
***
فەرهاد وەک پرۆژەیەک بۆ شکاندنی وێنەی رۆشنبیر
ناکرێت باسی فەرهاد بکەین و باس لەو وێنەیە نەکەین، کە فەرهاد خۆی، هەر لەسەرەتاوە دەستی هەیە لە درووستکردنیدا. ئەویش تێکشکاندنی وێنەی رۆشنبیرە لە دنیای ئێمەدا. کە بە بڕوای من یەکەمجار ئەم هەڵوێستە لە دژی نەوەکەی خۆیەتی، کە بە رەهەند دەناسرێن و ئەم دوادەکەوێت لێیان. ئەوان هەوڵی بنیاتنانی بیرکردنەوەی رەخنەیی و مانا دەدەن، فەرهاد هەوڵی تێکشکاندنی مانا و بیرکردنەوە دەدات. ئەوان بە هێمنی کاردەکەن و ئەم فەوزا دەخوڵقێنێت. ئەوان دەکەونە خوێندنەوە و رەخنەگرتن لە دنیای ئێمە، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ناو ئەرشیفەکان و بەدوای وێنەی کورددا دەگەڕێت.
هەرچەندە بەشێک لە خوێنەران، فەرهاد وەک رۆشنبیرێکی یاخی دەبینن و خۆشی بانگەشەی فەیلەسوفبوون دەکات، بەڵام بەبڕوای من، ئەو بە قوڵی کار لەسەر شتێکیتر دەکات، کە ئەویش بەردەوام تێکشکاندنی وێنەی رۆشنبیرە لە دنیای ئێمەدا و سووک کردنیەتی. دنیایەک کە دەزانین کایەی حزبایەتی و سیاسەت سوود لەم وێنە تێکشکاندنە دەبینن. ئەم کە نابێتە رۆشنبیرێک وەک ئەوانیتر، ئەوا خۆ دەتوانێت وێنەی رۆشنبیر تێکبشکێنێت. ئەگینا فەرهاد هیچ پەیوەندیی بە رۆشنبیری یاخییەوە نییە. چونکە لە چی یاخییە؟ ئەو بەدرێژایی ئەم سی ساڵە، هەمیشە لەناو فەزای بەرپرسانی کورد و پەیوەندییەکانیاندا ژیاوە و بەپێی بەرژەوەندییەکانی، یا جنێوی پێداون یاخود بۆتە سەگی بەرقاپییان، کە هەموومان دەزانین ئەم کارانە بە خۆڕایی ناکرێت و دەزانێت ئیدارەی بەرژەوەندییەکانی بدات.
بۆچی فەرهاد رۆشنبیرێکی یاخیی نییە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە سەرەتا دەبێت بزانین رۆشنبیرێکی یاخی، لە چی یاخییە و چۆن ئەو یاخی بوونەی بەرجەستە دەکات؟ کاتێک سەیری پیرباڵ دەکەین، یەکێک لە گرفتەکانی ئەوەیە، هیچ جۆرە بیرکردنەوە، دیدگا، تێڕوانین و دنیابینییەکی نییە سەبارەت بە کایە فکری، سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان… مایەی تێڕامان بێت و بزانین لە کوێدا یاخییە، چونکە ئەو لەنووسیندا کار لەسەر یاخیبوونی ناکات. لەسەر ئاستی سیاسەت و حیزبایەتی، دەیبینین چی دەڵێت و لەپێناو بەرژەوەندیی خۆی و کێشەی خۆیدایە، کە زیاتر پەیوەندیی بە دۆخی دارایی خۆیەوە هەیە، نەوەک وەک رۆشنبیرێک بۆ فەزای گشتی کار بکات. لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی، دیدی ئەو چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ کلتوری باوی کۆمەڵگادا، لە تێڕوانینیان بۆ ژن و ئەو سوکایەتییەی پێیان دەکات؟ ئەو تا ئێستاش کە جنێو دەدات، جنێو بە خوشک و دایکی بەرانبەرەکەی دەدات. ئەمە چ یاخیبوونێکی تیادایە لەگەڵ کلتوری کۆمەڵگادا؟ گرتنی پیاوێکی عەرەب لە بازاڕدا و جنێوپێدانی، چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ ئەخلاقی بەشێک لە کۆمەڵگای کوردی؟ بەراست فەرهاد هیچ تێگەیشتن و تێڕوانینێکی هەیە بۆ شتەکان یاخود مەکینەیەکە و میزاج هەڵیدەسوڕێنێت؟ بەراست فەرهاد لە چی یاخییە و ئێمە نایزانین؟ کە هەندێک دەڵێن پەنجا ساڵی دەوێت تا لێی تێبگەین. ئەوە باسی خورافەکانی وەک علمی ئەرقام و وەستانی لەبەردەم مەلا عەلیدا ناکەم تا بە کەراماتی خۆی هیدایەتی بدات. باسی نمایشەکانی دیاریکردنی رۆژی مردن و خورافاتی پێشبینییەکانی ناکەم وەک رەمل گرەوەیەک. باسی دانپێدانانی خۆی ناکەم کە بە نووسین هەیەتی و کاتێک ئاشکرایان کرد دیوانی ئیکسیلی لە شیعری فارسییەوە بردووە. باسی ماڵی شەرەفخان ناکەم، کە نەوەدەکان هێرۆخان لە هەولێر و لە باشترین شوێن بۆی دانا و چی بەسەر ئەو شوێنە هات و پارەکەی چی لێهات؟ باسی ئەوەش ناکەم ئێستا بەناوی کتێبخانەوە، شوێنێکی لەناو پارکێکی هەولێر پێدراوە و چی دەوێت؟ باسی وەهمی کتێب زۆری و فرۆشتنەوەی بە خەڵک ناکەم. باسی ئەو دۆزینەوە گرنگەشی ناکەم کە ئێستا خوێنەر نەماوە، (ئەم خاڵە پێمان دەڵێت ئەو کەسێکە لە دەرەوەی بیرکردنەوە، ئەگینا سادەترین کەس ئاگاداری ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەیە کە لەم سەردەمەدا روویداوە و خوێنەریش لەگەڵیدا گۆڕاوە و مەرج نییە هەموو خوێنەرێک ئەو بخوێنێتەوە و بوارەکان زۆر و فراوان بوون. ئەوە سەیرە چەند ساڵێک لەمەوبەر هەر نووسەرێکی خەڵکی شاری هەولێر بەیاننامەیەکی دەرکرد و رایگەیاند لەبەرئەوەی کورد گرنگی بە کتیب نادات و ناخوێنیتەوە، واز لە نووسین دەهێنێت. بەڵام دواتر بۆی دەرکەوت هیچ تێگەیشتنێک لە پشت ئەم بەیاننامەیەوە نییە و بریارێکی میزاجییە، بە پاساوی ترەوە دەستی کردەوە بە نووسین و کتێب بڵاوکردنەوە، وەک ئەوەی ئیستا خوێنەر باریبێت و کورد فیربووبێت رێز لە کتێب بگرێت).
کۆی ئەم شتانەی فەرهاد، پرۆژەیەکە بۆ تێکشکاندنی وێنەی رۆشنبیر و فەیلەسوف لە دنیای ئێمەدا. لەبەرئەوەی دەبینین ئەو وێنەیەی پیرباڵ درووستی دەکات، ئەوەیە کە رۆشنبیر: کەسێکی ئینتیهازی، جنێوفرۆش، بێ پڕنسیب، بێ روانین و بێ دیدگا، میزاجی، سواڵی پارە دەکات، دەپاڕێتەوە، سوک تا ئەوەی ئامادەیە ببێتە سەگی بەرقاپیی سەرۆکی حیزب و لە هیچ بوارێکدا رستەیەکی جدیی نییە، جگە لەوەی میزاج پێی دەکات و بە جنێو دەری دەبڕێت. ئەمانە دەکاتە وێنەی رۆشنبیر و فەیلەسوف. فەرهاد لەناونیشانی کتیبێک دەکات بەم شێوەیە: چۆن لە شەو و رۆژێکدا دەبیتە رۆشنبیری یاخی و فەیلەسوف بەبێ بیرکردنەوە.
ئایا جنێو و شۆ کەس دەکات بە رۆشنبیر و رۆشنبیری یاخی؟ ئەگەر وابێت لایەک لە فەیسبوکچیی کورد دەبنە رۆشنبیر و فەیلەسوف. دیارە ئەو دیاردەیەش هەیە، هەندێک پێیان وایە ئەگەر بێ فلتەر و بێ پەردە قسەیان کرد، ئیتر رۆشنبیرێکی یاخین. بەبێ ئەوەی هیچ دید و گوتارێک بەرهەم بهێنن.
بۆ من، فەرهاد پیرباڵ بۆ خۆی بەشدارە لەوەی بۆتە سیمبولی لێدان و شکاندنی وێنەی رۆشنبیر و بەجۆرێکیش نووسەر، لە دنیای ئێمەدا و کەسانێکیش لەسەر ئاستی تاک، راگەیاندکار و چالاکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی، بە نەزانیی یاخود بۆ گاڵتەجاڕیی، یاخود هەشن بە مەبەست، بەباشیی کاری لەسەر دەکەن، چونکە وێنەی رۆشنبیر تێکدەشکێنن و رۆشنبیر دەبێتە کەسێکی قەشمەر و قەشمەرجاڕ. هەربۆیە فەرهاد بەردەوام کار لەسەر تێکشکاندنی وێنەی نووسەر، رۆشنبیر و فەیلەسوف دەکات لە دنیای ئێمەدا. دیارە رۆشنبیر، (من ناچمە ئەو گاڵتەجاڕییەی راگەیاندکاری ئەحمەق پێی دەڵێت فەیلەسوف) دەبێت لێکۆڵینەوە و رستەی جدیی هەبێت لەسەر شتەکان، نەوەک کەی ویستی داوا بکات فڵان ببێت بە پاشای کوردستان، بە قوربانی فڵان بێت و ببێت بە سەگی بەرقاپی و… تا پەلاماری پێڵاوی ئیسماعیل بێشکچی بدات و ماچی بکات. لەکاتێکدا رۆشنبیرێک ئەگەر هەر سەرسامی بێشکچی بێت، ئەوا باشترین کار بیکات، ئەوەیە خوێندنەوە بۆ تێز و تێڕوانینەکانی بێشکچی بکات.
بەبڕوای من فەرهاد پیرباڵ یەکێکە لەو نووسەرانەی کورد، کە حیزب و بەرپرسانی حیزبیی، زۆرترین خزمەتیان کردووە و پارەیان پێداوە، دەستیان پێوەی بووە و هەمیشە دەرگایان کراوە بووە بۆی. ئەمەش تۆمەت نییە و هەمووان دەیزانن. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئەرێ بە راست ئەو لە چی یاخییە؟ لە چ شتێکی دنیای ئێمە یاخییە؟

سەرچاوە: فەیسبووکی نوسەر

لێدوانێک بەجێ بهێلە