بۆ هاوڕێم عەتا محەمەد
فاروق هۆمەر:
(ئەمڕۆ نوسینێکی عەتا محەمەد، دەربارەی فەرهاد پیرباڵ سەرنجی راکێشام و گەلێک قووڵ بۆ رابردووی گەڕانمەوە. هەستمکرد لە گەلێک جێگەدا بە حوکمی ئەو رۆژگارە کە لەگەڵ ئیستادا جیاوازن، هەقیقەتی دی هەن من دەتوانم پەییان پێ ببەم و لەوێدا راگوزەر یاوەخوود هێشتا شەرمێک کە شەرمی عەتایە من دەیناسم، رێگەی پێنەداوە لەسەری بدوێ. من لێرەدا لێی دەدوێم)
کاتێک حاڵی شڕ و داماوی فەرهاد پیرباڵ دەبینین، کتوپڕ و خێرا بەخۆمان دەڵێین”بڕوانە چارەنوسی رۆشنبیر لە دونیای ئێمەدا چی لێ دێ”
بۆچی وێنای فەرهاد بە رۆشنبیرەوە لکێندراوە و کتوپڕ و خێرا بۆ چارەنوسی رۆشنبیر ئێمە هانا بۆ شڕۆڵەیی و ئاڵۆزی دەرون و جەسته و بیرکردنەوەی ئەو دەبەین؟
ئایا هەر لە هەقیقەت دا ئەوە وێنای رۆشنبیرە لە دونیای ئێمەدا و رۆشنبیر لە کۆتایی دا لە پێش و روانینی دەسەڵات و دواجار خەڵکانیش ئاوا زەلیل و داماو و هەشبەسەر دەبێ؟
ئایا فەرهاد رۆشنبیرە یاوەخوود دژە رۆشنبیر؟
هیچکەسێک لەم سی چل ساڵەی رابردودا هێندەی فەرهاد پیرباڵ وێنای رۆشنبیری ناشرین نەکردووە. هیچ کەس لەم قۆناخی پارتپارتێیانەدا کە دەکەوێتە پاشی راپەڕینەوە بەو جۆرەی فەرهاد پێوانە و پێگەی رۆشنبیری بۆ ناو تەنەکەی خۆڵ نزم و نەوی نەکردۆتەوە.
با زۆر سادە ئێمە وێنایێکی سادە و خێرای رۆشنبیر بۆ خۆمان بکێشین و بڵێین رۆشنبیر ئەو کەسەیە کە لە قۆناخی ژیانی خۆیدا پێگەی مرۆڤ و پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە دەسەڵات و ئایین و نەریتەکانەوە دیاری دەکات و چوارچێوەیێکی بۆ دەکێشێ و هەوڵدەدات مرۆڤ بەرز و خاوەن حورمەت نیشان بدات.
ئایا فەرهاد بەو پێوانە سادەیەی رۆشنبیریش بێ، لە کوێدا دەیبینینەوە و چۆن مامەڵەی مرۆڤی کردووە؟
کاتێک نەک مرۆڤ خوداش لە ئاینەکانی خۆیدا باسی مرۆڤ دەکات دەڵێ مرۆڤمان لەسەر جوانترین شێوە دروستکرد. تەنانەت هەر خوداش بۆ خۆی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە مرۆڤی لەسەر وێنای خودا دروستکردووە. لە کاتێکا فەرهاد پیرباڵ بەبێ ئەوەی کەس ناچاری کردبێ و زۆری لێکرا بێ دژ بە خوداش دەوەستێتەوە و مرۆڤ وەک سەگێک دەشوبهێنێ. لە هیچ شوێنێکی ئاین و کتێبە ئاسمانییەکان بەسەر جێگەیێک دا ناکەوین مرۆڤ کرابێته ئاژەڵ. بە ئاژەڵکردنی مرۆڤ خوداش بۆ خۆی سڵی لێکردۆتەوە و نەیویستووە مرۆڤ ئاژەڵ بێ. ئاخر هەر بە ئاژەڵنیشاندانێکی مرۆڤ بۆ خۆی بەئاژەڵکردنی خوداش کۆتایی دێ.
با بڕوانین فەرهاد چۆن لە مرۆڤ دەڕوانێ؟
بەرلەوەی لە روانگەی دەرونییەوە لە فەرهاد بڕوانین با ئەو پێگە گرنگانە دیاری بکەین کە فەرهاد هانایان بۆ دەبات، فەرهادێک کە دژە ئاینی و دژە خوداشە، زۆر سادە دەتوانێ وەک ئاینخواز و قورعاندۆستێک بە هەڵەماندا بەرێت. ئەو کاتێک بۆ سووک کردنی مرۆڤ سڵ لە ئاین و خوداش ناکاتەوە، ئیدی هەموو رێگەکان بۆ ئەو واڵا دەبن و خودا و ئاین دەبنە دوو جێگە بۆ یاریکردن. کاتێک خودا مرۆڤی پڕ بەها کردووە فەرهاد لە خوداش هەڵدەگەڕێتەوە. بۆچی فەرهاد ئەو یارییە دەکات، چونکە زۆر سادە دەتوانێ خودا کە لێرە نییە و ئاینخوازەکان هەر یێکەیان بە ئارەزووی خۆی شیدەکاتەوە، ئەویش شیکردنەوەی خۆی هەبێ. خودا فڕێبدا و لەژێر سێبەری خوداناسێک خۆی بشارێتەوە. خێزانی بارزانییەکان کە لێرەن و خاوەن دەسەڵاتن بۆچی پادشا و خودای سەر زەوی نەبن.
سەرەتا و بەر لە هەمووان فەرهاد خۆی دەکاتە سەگێک بۆ بارزانی و دواجار کۆی خێزانی بارزانییەکان. ئەم ئاماژە ترسناکەی کە فەرهاد دەیڕوێنێ، هەموومان دەباتە بەردەم ئەو شوێنەوە کە ئیدی لەبەردەم خێزانی پیرۆزی بارزانی دا
ئەو بێ لە سەگێک چی دی نییە. وەڕین و حەپاندنی فەرهاد بەو شێوە رۆشن و دیارە ترسناکترین دیمەنێکە کە تاوەکو ئەمڕۆ لە شوێنێک بەرچاومان کەوتبێ. لە مێژووی دوور و نزیکی رۆشنبیری جیهان دا بەسەر وێنای رۆشنبیرێک ناکەوین کە لە وێنەی مرۆڤێکەوە بووبێ بە سەگ.
با بپرسین بۆچی فەرهاد خۆی دەکات بە سەگ بۆ بارزانی؟
فەرهاد مرۆڤێکی سادەی سەر شەقام نییە، ئەو وێنایێکی بە خۆی داوە کە رۆشنبیر و مامۆستای زانکۆ و فەیلەسوفە. کاتێک رۆشنبیر و مامۆستای زانکۆ و فەیلەسوفێک ببێ بە سەگ و بەبەرچاوی هەمومانەوە بحەپێنێ و بوەڕێنێ، ئیدی دەکەوینە بەردەم ئەو ئاماژە دیار و ترسناکەوە کە فەرهاد داوامان لێ بکات هەموومان بەدوای ئەودا ببین بە گەلە سەگێک و لەبەردەم قاپییەکانی ماڵباتی بارزانیی دا بکەوینە حەپاندن.
ئەوەی تا ئیستا بەبیرکردنەوەی ئێمەدا نایەت ئەو پرسیارەیە کە ئایا هەر وا سادە و ساکار فەرهاد گەیشتۆتە بەردەم ئەو هەڵبژاردەیەوە کە خۆی بکات بە سەگ؟
با سەرەتا لەوە بڕوانین کە ئاڵوگۆڕیێکی سادە و ساکاری کارەکتەر و فرۆشتنی خودی رۆشبیر بە دەسەڵات لەبازاری دراودا نرخەکەی چەندە؟
ئێمە ئەمڕۆ لە نەوەدەکانی کوردستان تا ئەمڕۆ دەیان بەناو رۆشنبیرمان بینی خۆیان فرۆشت و بوونە پیاوی دەسەڵات و نرخیان بۆ دانرا و خەڵکیش زانیان نرخەکانیان چەندە. بەناو مرۆڤانێکمان بینین بەبەرچاوەکانی خۆمانەوە بەناوی سیاسەتەوە سەنگەریان لەم حیزب بۆ ئەوی دی گۆڕییەوە و نرخیان بۆ دانرا. بۆ یێکەمجار لە مێژووی کۆن و نزیکی کوردا ترازان و شۆڕبوونەوەیێک لە پەیوەندی دەسەڵات و رۆشنبیر لەسەر دەستی فەرهاد پیرباڵ روو دەدات. ئەو رۆشنبیرەی کە دەبێ بە سەگ. ئایا نرخی گۆڕینی گیانی مرۆڤ بۆ گیانی سەگ و فرۆشتنی بەها و گەورەیی کارەکتەری رۆشنبیر بە دەسەڵات لە وێنەی سەگێکی زەلیل دا دەبێ لەبازاری دراودا بەرانبەر بە چەند بووبێ؟
ئەمە ئەو هەقیقەتەیە کە دەبێ ئێمە پرسیاری بکەین؟
فەرهادی مرۆڤ چەندی لە ماڵی بارزانی پێدراوە بۆ ئەوەی ببێ بە سەگ؟
ئەوە بە خەیاڵی هیچمان دا نایەت چونکە تا ئیستا لەبازاری دراودا ئاڵوگۆڕێکی وا رووی نەداوە.
خاڵێکی دی تا ئیستا هیچ کەسێک تەنانەت هیچ سیاسییەک هێندەی فەرهاد پیرباڵ ماڵ و موڵکی لە دەسەڵاتی کوردی پێنەبڕاوە. لە رۆژگاری نەوەدەکانەوە فەرهاد وەکو پادشایێک لەلایێن دەسەڵاتی کوردییەوە مامەڵەی کراوە. نەک هەر بەتەنیا پارتی بەڵکو یێکێتی و ئیسڵامییەکان و گۆڕانیش.
شێخ یەزدین کە خاوەنی ئیمتیازی رامان بوو، هێرۆ خان، مامجەلال و کۆی بارزانییەکان.
فەرهاد بۆ ئەوەی ئەو نهێنییە بشارێتەوە کە بەختەوەرترین سوودمەندی دەسەڵات بووە، دەبێ وەکو شێتێک ڕۆڵ ببینێ. کارەکتەری شێت، کە فەرهاد دەیخوازێ بەرلەوەی ناشرینکردنی کارەکتەری رۆشنبیران بێ ناشرینکردنی وێنای مرۆڤانی شێت و شەیدایانە و سوکایێتی گەورەیان پێدەکات.
خێزانی بارزانی لەبەرانبەر ئەو نرخە گەورەیەی بە فەرهادیان داوە، بۆ خۆیان چییان خواستبێ ئەوەیان بە فەرهاد کردووە. فەرهادیش بۆ شاردنەوەی هەقیقەتی خۆی هانای بۆ ڕۆڵی پەتیارەیی شێتان بردووە.
هەموو ئەوەی فەرهاد لە رابردوو کردوێتی و لە ئیستا دەیکات و لە داهاتووشا پێی هەڵدەستێ گەر بە قووڵی شیکار بکرێ بێ لە سوکایتی بۆ کارەکتەری رۆشنبیر و مامۆستای زانکۆ و مرۆڤە بیرکەرەوەکانی کورد شتێکی دی لێوە نایێتە دەرەوە.
خێزانی بارزانی لەڕێی فەرهاد پیرباڵەوە وەک بووکەشووشەیێک هەموو ئەو وێنایانەمان نیشان دەدەن کە ئەوان چۆنیان دەوێ لەگەڵ ئێمەدا بیکەن و ئێمە چۆن لەگەڵ ئەوانی بکەین.
فەرهاد تەنیا یاری لە گێڕانی رۆڵی شێتێکا ناکات، بەڵکو وەک ئەکتەرێکیش دەتوانێ جوانترین رۆڵ یاری بکات. بۆ خوێندنەوەی ئەو هەقیقەتەش لە شیکاری دەروونیا پێگەی شێت و ئەکتەر، دوو پێگەن کە لەناو رواڵتەخوازییا شوێنیان دەبێتەوە. کاتێک نواندن لە مانا گەورەکانی خۆی دەترازێنرێ ئیدی شوێنێک بۆ هونەر نامێنێتەوە و زۆر سادە شێت و ئەکتەر لەشوێنێکا یێک وێنا وەردەگرن کە دژە هونەر و دژە مانایە. هەر ئەوەش وای کردووە زۆرینەی خەڵکی سادە دڵیان بۆ فەرهاد بسوتێ و وەک مرۆڤێکی دەردەداری تەماشا بکەن.
ئیدی شوێنی راستکردنەوەی ئەو هەقیقەتە هاتووە کاتێک گشتی خەڵک کوێرانە دەڵێن “بڕوانە رۆشنبیر لە دونیای ئێمەدا چۆن زەلیل دەکرێ!” بۆ ئەو هەقیقەتەی کە “چۆن پێگەی رۆشنیر لە دونیای ئێمەدا بۆ بەسەگبوونی مرۆڤ دەقۆزرێتەوە”
(بۆ نوسینەکەی عەتا محەمەد بڕوانە ئەم لینکە کە لە کۆمێنتی دادەنێم)
سەرچاوە: فەیسبووکی نوسەر