Home بیروڕا ئەو دەمەی میدیا ڕۆڵی مزگەوت و میدیاکاریش ڕۆڵی مەلا دەگێڕێت

ئەو دەمەی میدیا ڕۆڵی مزگەوت و میدیاکاریش ڕۆڵی مەلا دەگێڕێت

by admin
0 کۆمێنتەکان 31 بینینەکان

“دیپلۆماتیک بە نموونە”
ئەو دەمەی میدیا ڕۆڵی مزگەوت و میدیاکاریش ڕۆڵی مەلا دەگێڕێت”
گۆران دوکانی:
ماوەیەکە میدیای کوردی بەتایبەت ئەو مدیایانەی کەسانی ئیسلامی و کۆنە ئیسلامی بەڕێوەی دەبەن یان پەیوەندیان لەگەڵ ڕەوتێکی ئیسلامی سیاسی هەیەو لێیانەوە نزیکن بەڕاست و چەپ هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری و حەقدو ڕق بڵاو دەکەنەوە لەسەر ووڵاتانی ڕۆژئاوا، لێرەدا ئەوەی جێگەی ئاماژە پێکردنە هیچ کۆمەڵگایەکی ئەمەریکی یان ئەوروپی بەدەر نییە لە کەموکوڕی بۆیە میدیا و میدیاکاری کورد مافی ئەوەیان هەیە و بگرە ئەرکێکی ئەخلاقی ڕۆژنامەوانییە بەم کارە هەستن بۆ ئەوەی هەم زانیاری بۆ بینەری کورد بگوازنەوە هەمیش ببنە پردێک بۆ گەیاندنی زانیاری بەو کوردانەی کە دەگەنە ووڵاتانی ئەمەریکاو ئەوروپا تاکو لانیکەم بەرچاو ڕوونیان هەبێت بەرامبەر ئەو ناشرینی و خراپیانەی کە لە ووڵاتانی ڕۆژئاوادا دەگوزەرێن، بەڵام لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی نەک وەک ئەم نموونەیەی ماڵپەڕی دیپلۆماتیک کە زانیاری ناڕاست دەرخواردی خوێنەرەکانیان دەدەن و ڕۆڵی بەشێک لەو مەلایانە دەگێڕن کە هیچ داتاو زانیاریەکیان پێ نیەو تەنها قسەی گیرفانی خۆیان دەرخواردی موسوڵمانان دەدەن لە مزگەوتەکاندا! بۆ نموونە ئەو مەلا کوردانەی کە بەبێ بەڵگە دەڵێن شیرازەی خێزان لە کۆمەڵگا ئەمەریکی و ئەوروپیەکاندا هەڵوەشاوە بەڵام ئامارەکانی وەزارەتی دادی هەرێم نابینن کە سێ ساڵ لەسەر یەک لە کوردستاندا ڕێژەی تەڵاق لە زەواج زیاتربوو!، یان ئەم مەلایانە ماوەیەکە فێربون بە موتڵەقی دەڵێن لە ئەمەریکاو ئەوروپادا خێزان نەماوەو هەموویان بونەتە هاوڕەگەزباز! لەکاتێکدا بەپێی تازەترین ئاماری ساڵی 2023 تەنها لە 07%ی هەموو ئەمەریکا LGBTیە واتا (Lesbian, Gay, Bisexual, Transgender) ئەمە لەکاتێکدا لەگەڵ ئەو هەموو ئازادی و ڕیکلامە ڕێکخراوەی بۆیان دەکرێت ئینجاش ئێڵ.جی.بی.تیەکان بە هەموو تایپەکانیانەوە لە 07%ی کۆمەڵگای ئەمەریکا پێک دەهێنن لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی هەموو وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نزیکەی 340 ملیۆن کەسە! کەچی لای زۆرینەی بانگخوازو مەلای کورد هەموو ئەمەریکا هاوڕەگەزبازە!
بەهەرحاڵ ئەمە تەنها بەرچاو ڕوونیەکی گشتی بوو بۆ خوێنەر، لێرەدا باسی بابەتێکی چەواشەکاری و نا دروستی میدیای دیپلۆماتیک دەکەم لەژێر ناونیشانی (دیاردەی مرۆڤی سەگ ئەمەریکای تەنیوە) کە لە کاتی خوێندنەوەی بابەتەکەدا خوێنەری ژیر هەست بەوە دەکات ئەم بابەتەی دیپلۆماتیک مەلایەک نوسیوێتی نەک میدیاکارێک!.
ببینن ئەم بابەتە چەند چەواشەکاری تێدایە:
یەکەم: ئەم بابەتە هیچ پەیوەندی بە ئەمەریکاوە نیەو کۆی گشتی هەواڵەکە لەسەر بەریتانیایە!
دووەم: ئەم بابەتە هی ساڵی 2016یە تازە دوای 7 ساڵ دیپلۆماتیک خەبەریان بۆتەوەو ئیشی لەسەر دەکەن!
سێهەم: میدیای دیپلۆماتیک تەواوی زانیاریەکانیان لە فیلمێکی دیکۆمێنتەری کەناڵی چواری بەریتانیا وەرگرتوە بەناوی Human Pups کە دەرهێنەر گای سیمندس کاری دەرهێنانی بۆ فیلمەکە کردوە (ئەی ئافەرین میدیا و میدیاکار زانیاری لە فیلمەوە وەربگریت!).
چوارەم: کاتێک دیپلۆماتیک ئەمە بە دیاردە ناودەبات و دەڵێت (مرۆڤی سەگی ئەمەریکاو ئەوروپای تەنیوە) لەکاتێکدا ئەمە نەک هەر دیاردە نییەو حاڵەتە بەڵکو حاڵەتەکانیش ئەوەندە کەمن تەنها 10,000 دەهەزار مرۆڤی سەگی هەن لە بەریتانیادا، هەڵبەت 10 هەزار کەس لەناو جیهانێکی 8 ملیار کەسیدا مەگەر تەنها لای دیپلۆماتیک دیاردەبێت دەنا بۆ مرۆڤی ژیر ئەمە تەنها حاڵەتەو، (حاڵەتێکی زۆر کەمیش) نەک وەک ئەوەی دیپلۆماتيک بە مانشێتێک بڵێت ئەم دیاردەیە ئەمەریکای (تەنیوە!).
پێنجەم: لەم خاڵەیاندا دیپلۆمتیک دوو چەواشەکاری زۆر گەورەیان کردوە ئەویش ئەوەیە مرۆڤی سەگی نە نرخی لەسەرەو نە کڕین و فرۆشیان پێوە دەکرێت چونکە ئەوە دەچێتە خانەی Human Trafficking بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە، کەچی دیپلۆماتيک زۆر بە موسەیتەری دەڵێت (نرخی یەک مرۆڤی سەگی لە ئەمەریکا 100 هەزار دۆلارە) لەکاتێکدا ئەمە ئەسڵی نییە چونکە کارێکی لەو جۆرە تەواو نایاساییە illegal بۆیە دەچێتە چوارچێوەی تاوانەوەو سزاکەشی زۆر گەورەیە، دەزگای دیپلۆماتیک تەنها بۆ چەواشەکاری ئەم قسە ناڕاستەیان بۆ بابەتەکەیان زیاد کردوە تاکو عاتیفەی خەڵکی عەوام بەکاربێنن بۆ ئەکتیڤی پەیجەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، ئەگەر وانیە لێرەوە بە دیپلۆماتیک دەڵێم بفەرموون شوێنی کڕین و فرۆشی ئەم مرۆڤە سەگانەمان پێ بڵێن لە ئەمەریکا با ئێمە UN و پۆلیسی فیدڕاڵی ئەمەریکا FBI لەو بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە ئاگادار بکەینەوە؟!
سەرچاوەکان:
– ماڵپەڕی The Guardian
– ماڵپەڕی NBC News
– ماڵپەڕی Newsweek
– ماڵپەڕی Christian News
– ماڵپەڕی PHMuseum
.

سەرچاوە: فەیسبووکی نوسەر

لێدوانێک بەجێ بهێلە