دەشتی جەمال:
٢٧ساڵ بەرلە ئەمڕۆ، لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦دا پارتی دیموکراتی کوردستان لە درێژەی کێشمەکێش و شەڕی دەسەڵاتیدا لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستی سوپا و تانك و زریپۆش و لەشکری خۆێنڕێژی ڕژێمی بەعسی گرت بۆسەر شاری هەولێر و شارەکانی کوردستانیان داگیرکرد و گەورەترین تاوانی جەرگبڕیان دەرهەق بە خەڵكی کوردستان ئەنجام دا. بەدەیان لە خەڵکی بێتاوان و ئۆپۆزیسیۆنی ڕژێمی بەعسیان دەستگیر و گولهباران و ئیعدام کران. بەدەیان هەزار ئینسان ئاوارە و دەربەدەر بوون و لەماڵ و حاڵی خۆیان هەڵکەنران و دۆخێکی کارەساتباریان بەسەرخەڵکی کوردستاندا داسەپاند.
٣١ ی ئاب وهك نهریت و سونەتی بۆرژوا ناسیونالیزمی کورد گۆشەیەکە لە مێژووی قێزەونی بزوتنەوەی کوردایەتی کە هەمیشە لە کێشمەکێشی نێوانیاندا پەنایان بۆ ڕژێم و دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەک بردوە لە پیناو قازانج و بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبی و بەدەستهێنانی چەند دەستکەوتێکدا. ئەم سیاسەتەو ستراتیژە چەوتەی ئەم حزبانە هەمیشە بەکارەسات و ماڵوێرانی دەربەدەری و ئاوارەی لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان شکاوەتەوە.
لەو رۆژە بەرەودا ئاڵوگۆڕ لە هاوسەنگی هێزی ئەحزاب لە کوردستان پێشهاتووە. کوردستان بە ناوچەی زەردو سەوزو دوو ئیدارەی دابەشکرا، بووتە گۆڕەپانێکی بەردەوامی دەستێوەردانی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و پاوانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و تاڵان و بڕۆیەکی ئاشکرایی میلیشیایی و لوشدانی سامان و داهاتی خەڵکی کوردستان و ڕاگرتنی ژیانیان لە هەژاری و بێکاری و مەینەتی و نەبوونی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی، تەندروستی و پەروەردەو سەرکوتی ئازادی و برەودان بە کۆنەپەرستی سیاسی و کوشتنی هەڵسوڕاوانی سیاسی و رۆژنامەنوسان و سەرکوتی هەردەنگێکی ئازدیخواز و نەیار بەدەسەڵاتی ئەم حزبانە، لە خۆین هەڵکێشانی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش بۆ داواکاری مافو ژیان و ئارامی و خۆشگوزەرانی.
٢٧ ساڵ بەسەر ئەم کارەساتە شەرمهێنەرەدا تێپەڕدەبێت کەچی هێشتا خۆگریدانەوە بە دەوڵەتانی ناوچەکە و چاوساغی و هاوکاری بۆ تیرۆرو کوشتنی نەیارانی سیاسی وئۆپۆزسیۆنی تورکیاو ئێران لەلایەن ئەم حزبانەوە درێژەی هەیە و لەئاست بۆمبارانکردنی بنکەو بارەگاکانیان وە تەنانەت شوێن ژیانی خەڵکی گوندنشینەکانی سەر سنورکانی کوردستان کە دەیان هاوڵاتی سڤیل تیا کوژران و ئاوارەو دەربەدەر بوون ژیانیان لێتێکچووە، ورتەیان لێوەنایەت. ئەمە جگە لە فەزایەکی نائارامی کە بۆ خەڵکیان دروستکردوە.
٣١ی ئاب زامێکی قوڵ و لە بیرنەکراوە لەبیرو فکری خەڵکی کوردستاندا. ئەزمونێك کە پێویستە لە ٣١ی ئاب وەربگیرێت ئەوەیە خواستی وەلانانی ئەم دەسەڵات و سیستەدژی خەڵکیە، کە بۆتە خواستێکی بەرفراوانی خەڵك و لە ناڕەزایەتیەکانی ڕۆژانەیاندا بەرەو ڕوویان دەبێتەوە، گەشە بکات و بەرەوپێش بچێت. دەسەڵاتێك کە شکستی خۆی لە ئاستی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و وەڵامدانەوە بە سەرەتاییترین داخوازیەکانی جەماوەری ناڕازی نیشان داوە. رۆژبەرۆژ بەرامبەر بە گوشارەکانی حکومەتی ناوەندی عێراق بێدەسەڵات و دەستەوەستانە، بەڵام دەستی بەسەر پاروی دەمی خەڵكی کوردستاندا گرتوەو بەهیچ جۆرێك ئامادە نیە کە لانیکەمی ژیان بۆ هاوڵاتیانی کوردستان دەستەبەر بکات! ئێستاش دەیەوێ لە رێگای هەڵمەتی هەڵبژاردن و ئیدعای چاکسازی دەسەڵاتەکەی لە زەبری خەڵك بپارێزێ!
ڕێگەی دووبارە نەبوونەوەی کارەساتی ٣١ ی ئاب و شەنگال و١٦ ئۆکتۆبەر… تەنهاو تەنها لە گرەوی بەدیهاتنی گۆڕانکاری ڕیشەیی و هەڵوەشانەوەی دەسەڵات و سیستەمێکە کە ئەم حزبانە دایانمەزراندوە، حوکمەت و پەرلەمان، دادگا و یاسا و هێزی میلیشایاو چەکدار و سیستەمی ئیداریان.. ئەویش لەڕێگای جوڵانەوەیەکی جەماوەری و شۆڕشگێڕانەوە کە بتوانێ ئیدارەی کۆمەڵگە بە ئیرادەی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش بسپێرێ.
٣١/٨/٢٠٢٣
٣١ی ئاب بەرهەمی شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی بوو!
30