Home بیروڕا ناپاکی “خیانەت” ، یان سەوداو مامەڵەی سیاسی

ناپاکی “خیانەت” ، یان سەوداو مامەڵەی سیاسی

by admin
0 کۆمێنتەکان 101 بینینەکان

بەختیار موستەفا:
لە۳۱ ئاب و چەند بۆنەیەکی تردا ، یەکێتییەکان و چەندەها لایەن و کەسایەتی سیاسی تر ، باس لە “ناپاکی” نەتەوەیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن . باس لەپێشێلکردنی پرنسیپ و بەها ئەخلاقییە نیشتمانییەکان دەکەن، باس لە ئابڵوقەدانی “حەرەمی” پەرلەمان و دەزگاو دامەزراوە ڕەسمییەکانی تری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، باس لە گرتن کوشتن،ڕاونانی سەرکردەو ئەندامانی هێزە ئۆژۆزیسیۆنە عێڕاقییەکان دەکەن.
لەلایەکی ترەوە پارتییەکان و زۆر لایەن و کەسایەتی سیاسی تر، ۱٦ ئۆکتۆبەر دەدەنەوە بە چاوی یەکێتییەکانداو بەناپاکیان لەقەڵەم دەدەن و ناویان دەبەن. باسی گروپێکی ناو یەکێی دەکەن کە ئەوان بون لەپشت سەری پارتییەوە لەگەڵ حکومەتی عەبادی و سەرکردەکانی جەیشی شەعبیدا ڕێککەوتن، کەرکوک و ناوچە کوردوستانییەکانی تریان ڕادەستی حکومەتی عێڕاق کرد . ئەوان بوون ڕێگایان بۆ ئێران وقاسم سلێمانی خۆش کرد ، دەست بخەنە ناو کایە سیاسییەکانەوە. هەر دوو لایەنە سیاسیەکەی کوردوستان، لەگەڵ هەموو لایەن و کەسەسیاسییەکانی تر ، لەڕوانگەی سیاسی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاکانی کوردەوە دەڕواننە ئەم مانۆرو ڕێکەوتنانە.
۱ – نە پارتی ونە یەکێتی بەدوای چارەسەری کێشەی نەتەوایەتییەوە نین ، ئەو دوو هێزە لەبنچینەدا لەسەر
هەڵاواردن و قڵیشی نەتەوایەتی دروست بوون و سیاسەت دەکەن ، هەر کاتێک کەوتبنە تەنگەژەی سیاسییەوە، پەنایان بۆ هێما، دروشم و خەباتە چەکدارە نەتەوایەتیەکانیان بردووە ، کێشەی کەرکوک ، شنگار، خانەقین،جێگا کوردستانییەکانی تر زیندو دەکەنەوە، فو بە ئاگری شەڕی نەتەوەییدا دەکەن ،ئەمیان دەڵێ کەرکوک دڵی کوردستانە ، ئەوەی تریان دەڵێ کەرکوک قودسی کوردستانە،ئەمیان نەخشەی ناوچەکە ڕادەخا لەبەر دەم ئەندامانی مەجلیسی حوکمی عێڕاقی، سنووری کوردستان دیاری دەکات ، ئەوی تریان ڕیفراندۆم و جیاکردنەوەی کوردستان ڕادەگەێنێت و جاڕی دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆ دەدات . ئەمیان بەجۆرێک یاری دەکات وئەوی تریان بەجۆرێکی ترخەڵک فری ودەدات .زۆر قسەبکەیت و لەسەری بڕۆیت قەرزار
باریشت دەکەن ، پێتدەڵێن : ئێمە سەرقاڵی دوژمن
دەرکردنین ، ئێمە جەنگاوەر و هێزیی نیشتیمانی، نەتەوەیی دیموکرات و پێشکەوتوخوازین ، ڕوبارێێک خوێنمان داوە ، چەندەها قوربانی وشەهیدمان لەم ڕێگایەدا بەم میللەتە بەخشیوە، ئەم نەتەوەیە توانای خوێن بەخشینی زیاتری هەیە ،پێویستی سەر شانی ئێمەیە خزمەتیان بکەین و قەرەبووی ئەو ئازارو قوربانییانەیان بۆ بکەینەوە، ئێوە کێن، چیتان کردووە، کەی وەختی گلەیی و بۆڵە بۆڵە، ئەوەتا پێشمەرگە سنگ بەگولەوە دەنێت و هیج ڕەخنەیەکیش ناگرێت.
۲- ئەم هێزانە ، هێزی سیاسی خەڵکی نین، بۆچارەسەرکردنی کێشەکۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی خەڵکی کوردستان دروست نەبون ،بۆ ئەوە تێناکۆشن. مێژوی ئەم ڕەوتە چەکدارە ناسیونالیستانە ، لە بازنەی شەڕ- دانوستان – شەڕدا خولاوەتەوە، بەدوای وەرگرتنی ئیمتیازاتی سیاسیەوە بوون . ساڵی۱۹۷۷ هێشتا یەکێتی وهێزە چەکدارییەکەی سەر پێنەکەوتبوو، علی عەسکەری و وەفدێکیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ ۆ ڕژێمی عێڕاقدا نارد . پارتیش لە ڕێگای خۆیەوە هەمیشە بەدوای بەدەستهێنانی، پاڵپشتی دەرەکیی بووە، بۆئەوەی بتوانێ لەسەر پێ ڕابووەستێ ، لەکاتی “پێویست”دا ڕویان لەبەغدای پایتەخت کردووە، دانوستان و ڕێکەوتنیان لەگەڵدا ئیمزا کردووە . نادروست و نازانستییانەیە بڵێین ،گەر ئەم هێزانە لەگەڵ حکومەتی ناوەندا ، یان لەگەڵ دەوڵەت و هێزێکی ئەقلیمیدا ، ڕێک بکەون خیانەت دەکەن،
وەگەر بجەنگن وشەڕبکەن ئەوا شۆڕشگێڕو عەدالەت خوازن. ئەوە بەرژەوەندی و پیویستی مانەوەو بەردەوامبونیانە کە ئەو جۆرە مانۆرە سیاسییانەیان پێئەنجام دەدا. گەر ئەوە لای خەڵکی بەشمەینەت و چەوساوە کارێکی شەرمنانەو خیانەت بێت، ئەوا لای ئەوان تاکتیکی سیاسی ژیرانەیە، ئەوەی گرنگە، بەچ شێوەیەک و بەچ پلانێک بتوانن هێز بگرن، جێیگای خۆیان لەهاوسەنگە سیاسیەکانی ناوچەکەدا قایم بکەن.

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە