Home بیروڕا شاعیرێک بە کوژراویی به‌ کۆڵانه‌کانی پاییزدا ڕا ده‌کا!

شاعیرێک بە کوژراویی به‌ کۆڵانه‌کانی پاییزدا ڕا ده‌کا!

by admin
0 کۆمێنتەکان 31 بینینەکان

لە‌ یادی به‌کر عه‌لی-دا
دلاوەر قەرداغی:
سپێدەی یەکەم ڕۆژی سێپتێمبه‌ری بیستونۆ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر؛ به‌کر عه‌لی شاعیر خه‌ونێک ده‌بینێ: خه‌ون به‌ کوژرانی خۆیەوە نا، به‌ڵکو خه‌ون به‌وه‌وه دەبینێ کە ڕا دەکا و بەدەم ڕاکردنەوە ورده‌ ورده‌ ڕه‌ق ده‌بێته‌وه‌. له‌ خه‌ونیدا‌ دەبینێ دونیا سەراپا بووەتە زوقم‌، کڕێوه‌ هه‌ڵی کردووه، باڕێزە ڕاوی دەنێ‌ و ئه‌میش به‌ هه‌موو هێزی خۆی به‌ کۆڵانه‌کاندا ڕا دەکا. هاوکاتیش بە لێشاو لەرزێکی سارد ڕۆ دەچێتە گیانییەوە و پەیتا پەیتا تەنیاییەکی چڕ و ئەستوور گەمارۆی دەدا. لە دەوروبەری خۆی دەنۆڕێ‌ و دەبینێ، وا درەخت‌ و هەوا و بارانیش ڕەق دەبنەوە و دەبنە سەهۆڵ، لە ئاسمان دەنۆڕێ‌ و ده‌بینێ پۆلێک باڵنده‌ی باڵ شووشه‌یی به‌ژوور سه‌رییه‌وه‌ ده‌فڕن، دڵ و ده‌نگیان به‌ستوویه‌تی و ناتوانن بچریکێنن‌، وردە وردە بە ئاسمانەوە هاڕە دەکەن و دەوەرن. بەکر عەلی دەنۆڕێ‌ و دەیەوێ شتێک بڵێ، بەڵام ئەمیش لە سه‌رما و تەنیاییدا ده‌نگی ده‌رنایه‌ت. بەدەم ڕاکردنەوە خەیاڵی سەمایەک دایدەگرێ، کە هەم گەرمی دابێنێ‌ و هەمیش وەسوەسەی کوژرانی پێ لە خۆی بتەکێنێ.
خەونی ئەو بەیانییە ئەیلوولییە بۆ به‌کر عه‌لی، به‌رله‌وه‌ی نوقڵانه‌ی کوژران بووبێ، خورپه‌ی ترس‌و زه‌نده‌قچوون بووە له‌ ڕه‌قبوونه‌وه‌. کوژران دوایین شتێک ده‌بێ که‌ ئه‌و شاعیره‌ لەو تافی گڕوگاڵی ڕاپەڕینەدا بیری لێ بکاته‌وه‌‌. ئه‌و ته‌نها دڵی ختووره‌ دەکا که‌ زستانێکی سه‌ختتر لە سێ زستانه‌که‌ی پێشووی دوای ڕاپه‌ڕین به‌ڕێوه‌یه‌. دەزانێ ده‌بێ ده‌ستوبردێک بکا… دەزانێ ده‌بێ هه‌رچۆنێک هه‌یه‌ کولیتێک بۆ دایک‌ و “کوێستان” ی خوشکی‌ و “ده‌ریا” ی خوشکه‌زای چێ بکا… لەخۆوەڕا ترسێک دایدەگرێ‌‌ له‌وه‌ی که‌ دونیا زستان دوای زستان ساردتر ده‌بێ‌ و نیشتمانیش ڕۆژ دوای ڕۆژ نامۆتر و دڵڕه‌قتر. هەموو ئەو کەسانەی ئەو شاعیرەیان لەو بەیانییەدا بینیوە، سوێند دەخۆن ئه‌و‌ کوڕە به‌رله‌وه‌ی تارمایی مه‌رگ دڵی داخورپاندبێ، زەندەقی لە نزیکبوونه‌وه‌ی ته‌په‌ی پێی زستان‌ چووە.
بەکر عەلی لەو سپێدە پاییزییەی خەونەکەیدا، ئەوەشی بۆ یەکلا دەبێتەوە، کە ئیدی لەدوای ڕاپەڕینەوە هێدی هێدی ڕوخسارێکی نوێی هەژاریی وەدیاردەکەوێ، هەژارییەکی غەریب‌ و هەمیشە بەدەرەوەو بێ ماڵ‌وحاڵ، کە سەری نیشتمانی بۆ کولیتێک خۆی تێدا حەشار بدا، نەک تیایدا بحەوێتەوە، لێ هاتووەتەوە یەک. هاوکاتیش مۆدێلێکی نوێی دەوڵەمەندیی باوی دێ، کە لاقێکی لە ناو سیاسەت‌ و میراتی شۆڕشگێڕیدایە و لاقێکی تریشی لەناو بازاڕ و بیرەنەوت و قومارخانە و وەکالەتی هێلکە و دووگ و برسیکردنی خەڵکدایە. لەو نێوانەدا ڕوخساری نوێی “شاعیر” ێکیش وەدیار دەکەوێ، کە جیاوازە لە ڕوخساری شاعیرانە و شکۆداری بۆ نموونە ڕەوانشادان عوسمان شەیدا و حه‌مه‌ی نێرگز و سەڵاح محەمەد و نەوزاد حارس و ئەوانی دی لە فۆتۆ ڕەش‌و سپییەکانیاندا، بەڵکو ڕوخسارێکی نوێی شادو شەنگوڵی “شاعیر” و “نووسەر” و “هونەرمەند” ێکی کەیفساز و زەوقلی و تەڕلان دێتە گۆڕێ کە بەهرەمەندە بە دەستکەوت‌ و سەخاوەتمه‌ندییەکانی ڕاپەڕین‌ و شوکرانەبژێرە بە بەخشیشەکانی نیشتمان.
دونیا تا دێت لەو خەونە پاییزانەیەی بەکر عەلی دا سارد و ساردتر دەکا و خۆیشی تا دێت تەنیاو تەنیاتر و دەوری چۆڵ‌ و چۆڵتر دەبێ، بەدەم ڕاکردن‌ و سەماوە ڕوانینی دەیبەستێ‌، پاشان دەنگی و ئینجا دەستەکانی لەگۆ دەکەون‌ و پەنجەکانی دەوەرن. کەس بە دەورییەوە نامێنێ، تەنیای تەنیا لە ڕیواقە ساردو چۆڵەکانی زستاندا وەک کەسێک کە دەمێک بێ بەڕێوە بێ، دەکەوێ. لەوساتەدا هێند تەنیا و سەرمازەدە دەنوێنێ، کە هەر هەموو ئەو قەرەباڵخیی‌ و هاتوهاوارانەی دواتر دەوری کوژرانەکەی دەدەن‌ و نوتقی بەدیارەوە دەدەن‌ و دەیانەوێ کوتێکی وەک موفەڕک بۆ خۆیان لێ بپچڕن‌، ناتوانن هێندەی دێڕێک شیعری جوان، ڕۆحی گەرم دابێنن‌ و بە ئەندازەی کوڵێک لایلایەی دایکە حەلیمە، بیلاوێننەوە و دڵی بدەنەوە و سەبوریی پێ ببەخشن.
ـــــــــــــــــــــــــــــــ
* چەند ساڵێک لەمەوبەر لە هەفتەنامەی “ئاوێنە” دا بڵاو بووەتەوە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە