Home پرسی ژن لە دادگای تاوانەکانی بەغدا، بکوژی ژنێک تەنها شەش مانگ زیندانیی دەکرێت

لە دادگای تاوانەکانی بەغدا، بکوژی ژنێک تەنها شەش مانگ زیندانیی دەکرێت

by admin
0 کۆمێنت 80 بینینەکان

ناوەندی هەواڵەکان: لە پاش تێپەڕبوونی نۆ مانگ بەسەر کوژرانی تەیبە عەلی، بە دەستی باوکی، دادگا سزای تەنها شەش مانگی بەسەر بکوژەکەی دا سەپاند.

ڕۆژی پێنجشەممە، دانیشتنی کۆتایی دادگاییکردنی تۆمەتباری کوشتنی تەیبە عەلی، کە باوکی بوو، لە دادگای تاوانەکانی بەغدا بەڕێوەچوو و تێیدا سزای تەنها شەش مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا.

تەیبە، یوتوبەرێکی عێراقی بوو، لە تورکیا دەژیا، دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بۆ سەردانیکردنی خێزانەکەی گەڕایەوە عێراق، لەلایەن باوکییەوە خنکێندرا.

لە پاش کوشتنی تەیبە و دەستگیرکردنی باوکی و شێوازی مامەڵەکردنی لایەنی پەیوەندیدار و دادگا لەگەڵ دۆسییەکەیدا، خۆپیشاندان و ناڕەزایی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی مافەکانی ژنانی لێکەوتەوە.

چوونکە دۆسییەکەی تەیبە، کە تاوانێکی (بە ئەنقەست و پلان بۆ داڕێژراوە) هەژمار نەکرا و هەر لە یەکەم ساتەوە هەوڵی بەلاڕێدا بردنی کەیسەکە دەدرا و بە مادەی ٤٠٩ لە یاسای سزادانی عێراقی کاری لەسەر کرا، بەوەش تەنها شەش مانگ سزای بکوژەکەی درا.

مادەی ٤٠٩ـی یاسای سزادانی عێراقی، تایبەتە بە تاوانی کوشتنی ژن، بە شێوەیەک ئەگەر پیاوێک ژنێکی نێو خێزانەکەی یان هاوسەرەکەی لە ژێر پاساوی “پاککردنەوەی شەرەف” بکوژێت، سزاکەی تەنها ٣ ساڵ دەبێت بەو مەرجەی تاوانبار پێشینەی تاوانی نەبێت.

ئەوەش یەکێکە لەو یاسایانەی عێراق، کە بکوژی ژنانی پێ دەرباز دەکەن لە سزای شایستەی خۆیان و چەندین ساڵە ڕێکخراوەکانی ژنان هەوڵی لابردنی دەدەن بەڵام تا ئێستا هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بووە، بەهۆی زاڵبوونی دەسەڵاتی پیاوسالاریی تا ئێستا هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بووە.

ش. ئـ

سەرچاوە: وێبسایتی ڕۆژ نیوز

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر