Home بیروڕا لە سەروبەندی هەڵبژاردن چی باسە؟

لە سەروبەندی هەڵبژاردن چی باسە؟

by admin
0 کۆمێنتەکان 35 بینینەکان

عوسمان محەمەد:
لە سەروبەندی خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو کە زۆر دڵنیا نین ئەم هەڵبژاردنە ئەکرێ یان ناکرێ، هەر لە ئێستاوە دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبە بورژواکان پەلەقاژەیانە بۆ پێشبڕکێ و لە دەست نەدانی فرسەت بۆ شوێنگرتنەوەی یەکێتی و پارتی و لەسەر ئاستی کوردستان، دەیان پەرلەمانتار و نووسەر و ڕۆژنامەنووس ئەهێنن گفتوگۆیان بۆ ساز ئەدەن. ئەم قسەکەرانەی بورژوازی هەر هەموویان چەند خاڵێکی هاوبەشیان هەیە و ئەڵێن.

داوا لە خەڵکی کوردستان ئەکەین بە لێشاو بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و یەکێتی و پارتی ڕسوا بکەن، چەند خەڵک زۆر بڕوات ئەوە گرنگە.

٢- ئەڵێن بۆ وەلاخستنی یەکێتی و پارتی لە هەڵبژاردن زیاتر شتێکی تر نییە، بتوانێ ئەم دەسەڵاتەیان لێ وەربگرێتەوە.

بەڵام ئەبێ هەوڵ بدەین لە هەموو لایەکەوە نەهێڵین تەزویری دەنگەکان بکرێت، هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێت.

٤- ئەڵێن دیزاینی ئەمجارەی هەڵبژاردن زۆر جیاواز ئەبێ، چوونکە ئەمریکا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێری تووندیان ئەبێ بەسەر هەڵبژاردنەوە.

٥- ئەڵێن ئەم میکانیزمەی کۆمسیۆنی عێراق لە سەدا 90 بۆ 95 بێ غەش و بێ تەزویر ئەبێت.

٦- ئەڵێن دەنگی هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات زۆر زیاد ئەکات، کاتێ کە ئەڵێن با خەڵک بە لێشاو بەرەو سندوقەکانی هەڵبژاردن بڕۆن، چوونکە خەڵک دەنگ بە یەکێتی و پارتی نادات، ئەوە دەنگەکان بۆ ئەوانەی دەرەوەی دەسەڵات ئەبن، چوونکە هیچ هێزێک لەوانە نفوزێکی وایان نییە کە بەهەقی خۆیان چەند کورسیەکی پەرلەمان بە دەست بێنن ناچار پەنا بۆ دەنگە ناڕازیەکانی یەکێتی و پارتی ئەبەن، یان بۆ ئەو خەڵکانەی کە لە هەڵبژاردنی پێشوو لە سەدا 70 مقاتەعەی هەڵبژاردنیان کرد. ئەڵێن بۆ وەلانانی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لە هەڵبژاردن زیاتر هیچ شتێکی ترمان نییە کە ئەم دەسەڵاتە وەلابنێن. نا هەڤاڵە بەڕێزەکان ئەوە بزووتنەوەکەی ئێوەیە کە هیچی تری نییە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی، چوونکە ئێوە ئەتانەوێ دەسەڵاتی سەرمایە بۆ چەوسانەوەی خەڵک هەر درێژەی هەبێ، بۆیە ئەتانەوێ لە ڕێگای هەڵبژاردنی پەرلەمانیەوە ئاڵوگۆری دەسەڵات بکەن و سیستەمی سەرمایە هەر بمێنێ، بەڵام بۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و ئازادیخواز ڕێگاچارەی شۆڕشگێڕانە هەیە بۆ وەلانانی دەسەڵاتی ئێستای کوردستان، ئەویش ڕێکخراوەیەکی جەماوەری سەراسەری خەڵکە، کە دنیای دەسەڵات و دام و دەزگا سەرکوتگەرەکانی ژێر و ژوور بکات. کاتێ کە ئەڵێن ئەبێ هەوڵ بدەین هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێ، من دڵنیام خۆشتان قەناعەتتان بەو قسەیە نییە، چوونکە لە دنیای سەرمایەداریدا لەسەرتاسەری گۆی زەوی لە هیچ وڵاتێک هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد و یەکسان نییە، ئەم سیستەمە لەسەر ئەساسی درۆ و فێڵ و کەڵەکەبازی درووست بووە لە ناو یەک حیزبیشدا پاشقول لە یەکتر ئەگرن قەیناکە ئێوە درۆ لەگەڵ خەڵکدا ئەکەن، بەڵام ئەوە هونەری تێدا نییە کە لە ناوخۆشتانە درۆ ئەکەن و چەواشەکاری لەگەڵ یەکتر ئەکەن، هەر ئەمە ئەتانگەیەنێ بۆ دەست بردن بۆ تیرۆری هەڤاڵەکانی خۆشتان. ئەڵێن مادام کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی سەرپەرشتی هەڵبژاردن ئەکەن لە سەدا 90 بۆ 95 بەبێ تەزویر لێی دەرئەچین. هەڤاڵان قەینا ئێوە ئەتانەوێ خەڵک فریو بدەن و بە درۆ و دەلەسە هەڵیان خڕێنن بە دوای سیاسەتەکانی خۆتاندا.

1- کۆمسیۆنی عێراق نە جیاوازی لەگەڵ کۆمسیۆنی کوردستان هەیە و نە لەوان شەریف ترن، هەر هاوبیرەکانی ئێوەن کە بە دوای پارە و قازانجی زیاترەوەن. ئاغاکانی دەسەڵاتیش پارەیەکی زۆریان هەیە و لەوە دڵنیا بن کە ئێستا چەند کەسێکیان لێ کڕیون، بۆیە خۆتان دڵخۆش مەکەن بەو بۆچوونەتان

. 2- هەڤاڵان ئەبێ ئێوە باش بزانن ئەوە پسپۆری و هونەرەی درۆی پێ ئەکەن ستۆک بووە، درۆکانتان لای خەڵکی کوردستان کەشفە ئەبێ هەوڵ بدەن پسپۆری و هونەری درۆ کردنی تازە بدۆزنەوە بۆ فریودانی خەڵک. ئەم شیوەنەی ئێوە ئەیکەن بۆ ئەوەیە ئەزانن کە خەڵکی کوردستان باوەڕی بە دەسەڵات و دام و دەزگای سەرمایەداری نەماوە، ئێوە ئەتانەوێ بە کۆمەڵێ دەموچاوی تازە دەسەڵات بگرن و هەمان سیستەم بپارێزن، بەڵام هەی نەهاتتانبێ بەدیلەکەتان ئەوەندە لاواز و بێهێزە شانسی گرتنە دەستی دەسەڵات بووەتە مەحاڵ بۆتان. خەڵک بە دوای بەدیلێکدا ئەگەڕێت کە لە برسێتی و بێکاری شەڕ و تیرۆر و تۆقاندن و بێ ئاوی و بێ کارەبایی و …. هتد ڕزگاریان بێت، ئەوەی ئێوە لەم 32 ساڵەدا کردتان هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی و کۆنەپەرست لە عێراق و کوردستان نەیکردووە. بۆیە ئەبێ خەڵک خۆی ڕێکخراو بکات و خۆی بەڕێوەبەری دەسەڵاتی خۆی بێت….

لێدوانێک بەجێ بهێلە