عومەر محەمەد:
ئەو رۆژەی سەدام لەسێدارە درا، یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان ٣٠ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٦ بوو، بەو بۆنەیەوە نامەی دەیان دۆست و خۆشەویستم بۆ دەهاتن کە خۆشحاڵی و پیرۆزباییان دەکرد. هەندێک لەنامەکان کۆپی یەکتربوون ونوسیبویان : «ئەم سەرکەوتنە پیرۆزبێت لە گەلی کورد»! بەخەیاڵی ئەوان منیش بەم سیاسەت و دڵرەقییەی شیعەکان کەوتوومەتە هەڵپەڕکێ .. هەندێکیان بە وەڵامدانەوەم توشی شۆک دەبوون کە بۆم دەنوسین ” پیرۆزبایی چی و سەرکەوتنی چی ؟ ئەمە بەسوک تەماشاکردنی دادگاو خوێنی ئەوهەموو مرۆڤانەیە، کە لەهەڵەبجە بەکیمیایی کوژران و لە ئەنفالدا بێ سەروشوێنکران ! چونکە ئەو هاوڕێ و دۆستە ئازیزانەم تەنها دیوێکی چیرۆکەکەیان دەدی و دیوەکەی تریان بەلاوە گرنگ نەبوو.
ئەوان نەیاندەزانی ئامادەبوونی سەدام لە قەفەزی دادگادا لە دۆسێکانی هەڵەبجەو ئەنفالدا چەندە گرنگە، بەڵکو ئەوەی بەلایانەوە بەهای هەبوو تۆڵەکردنەوەو ئەو تۆزە خۆشییە کاتیە بوو، هەرچەندە دەشیانزانی خۆشییەکەیان هەروا چەند رۆژێکەو تێدەپەڕێ..! بەدڵنیایی خەڵکیش ناهەقی نەبوو، چونکە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی کوردیدا، ئەوەی فەرامۆشکرابوو مرۆڤسازی و کلتورسازی و بەها کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان بوو، بیرمە جارێک لەگەڵ سەرنوسەری رۆژنامەیەکی پڕفرۆشدا لەبارەی ئەنفال و دادگاکەیدا لە گفتوگۆدابووین، ئەوسا دەنگێکی نەشاز بە کلتوری کوردی داوای دەکرد عەلی حەسەن مەجید بهێنن بۆهەڵەبجە لە سێدارەی بدەن، منیش دژی ئەو دەنگانە بووم و دەربارەیانم دەنوسی، لە میانەی گفتوگۆکەماندا لێمپرسی :
– ئەگەر لە نێوان بەجێنۆساید ناساندنی ئەنفال و لە سێدارەدانی عەلی حەسەن مەجیدو سەدامدا یەکێکیان هەڵبژێری ؟ تۆ کامیان هەڵدەبژێری ..؟
– بێگومان لە سێدارەدانی ئەوان.
– بۆچی ؟
– با جارێ ئەو دکتاتۆرانەمان لەکۆڵ ببنەوە، سبەی نەوەی داهاتوو تاوانەکانیان بە جینۆساید دەناسێنێ !
بێگومان ئەگەر ئەمە ئاستی تێگەیشتنی ڕۆشنبیرێک بێت، ئەوا ئاستی شەقام و خەڵکی ئاسایی وێرانترە بۆیە، وای بۆ دەچم ئەگەر راپرسی بکرایە لەسەر بە جێنۆساید ناساندنی تاوانەکانی هەلەبجەو ئەنفال و سێدارەدانی تاوانبارەکانیاندا زۆرینە دەنگیان بە لە سێدارەدان دەدا.
ئەوەی نرخ و بەهای گران دەداتە هۆڵۆکۆست، ژمارەی قوربانیەکانی نین، بەڵکو جەختی جووەکانە لەسەر نرخ و واتای هۆڵۆکۆست کە ئامادەنیە، بەنرخی کەم بیخاتە سەودای سیاسیەوە، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نرخ و پێگەی جوو لە روی سیاسی ونێودەوڵەتییەوە کەم نەبێت.
هیچ سەرسوڕمانی ناوێ کەوا بە تێپەڕینی کات، واتای گەورەترونرخی زۆرتر دەدەن بە هۆڵۆکۆست و بەجوو، کەچی بەپێچەوانەوە بە تێپەرینی کات ئەنفال وهەڵەبجە زیاتر لەیاد دەچنەوەو تاوانەکە بچوکتردەکەنەوە. ئێستا لەدوای ئەم هەموو شکستە سیاسیەی دەسەڵاتدارانی باشور، کوردەکان دەبێت تێبگەن بەڕێ وشوێنی ئەواندا نەچنەوە، ئەوەی بە فریامان دەکەوێت چەک نییە، بەڵکو کلتورە، ئەوەی دەبێتە هۆی مانەوەمان تیڕامان و رەگەزە گرنگەکانی کولتورە زمان و هونەرو حیکمەتی مانەوەیە، نەک بە گورگان خواردکردنی میللەتێک بەناوی شۆرشەوەو شۆڕشیش نەبێ ..! شۆرش بەبێ فەرهەنگ و کلتور جگەلە یاخی بوونێکی وێرانکار هیچی تر نییە.
بۆیە هەمیشە دیدی بەناو شۆڕشگێڕی کورد وابووە، هەتا ڕوبەری گۆڕستانەکانمان فروانتربن سەربەرزترین ! لەکاتێکدا پێچەوانەکەی ڕاستە، هەتا ژیان دۆست بین و یەکتریمان خۆشتربوێ، لە ئازادی نزیکترین .
پێچەوانە
76